سەرۆک بارزانی بۆ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و دەبێت ئاکامەکەشی جێبەجێ بکرێت

سەرۆک بارزانی بۆ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و دەبێت ئاکامەکەشی جێبەجێ بکرێت
سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری فورین پۆلیسی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانەو دەبێت ئاکامەکەشی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە وتووێژ لەگەڵ بەغدا دەست پێدەکرێت و ئومێد دەخوازێت کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە سەرکەوتوو بێت. لەبەشێکی دیکەدا و سەبارەت بە ھەڵوێستی وڵاتان، سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ھیچ دەوڵەتێک نەیگوتووە ئێمە دژی ریفراندۆمین، بەڵکو لەوانەیە بڵێن لەگەڵ کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە نین. ئەم دیمانە تێروتەسەلە کە رۆژی ١٤ی حوزەیران لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی بڵاوکراوەتەوە، بە گرنگمان زانی دەقەکەی بە زمانی کوردی بۆ خوێنەرانمان بڵاوبکەینەوە.
• رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم (بۆ سەربەخۆیی کوردستان) دیاری کرا، من ئەو راپۆرتانەم خوێندۆتەوە کە باس لەوە دەکەن، ئێوە لەو بارەیەوە قسەتان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق (حەیدەر عەببادی) کردبێت، ئایا لە بەرامبەر راگەیاندنەکەتاندا کاردانەوەی ئەو چی بوو؟
- ئەوە راستە، ھەروەھا ئێمە پێشتریش لەبارەی ئەم پرسەوە گفتوگۆمان کردووە. من لەبارەی ئەم پرسە دیاریکراوەوە پەیوەندیم بە جەنابی سەرۆک وەزیران عەببادی-یەوە کردو باسی ئەوەم بۆ کرد کە ئەم ریفراندۆمە مافێکی ئاسایی و یاسایی گەلی ئێمەیە و ئێمە دەمانەوێت دواتر بە شێوازێکی ئاشتییانەو لە رێی دیالۆگەوە گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامەکانی ریفراندۆمەکە بکەین. ئەو تێگەیشتنی ھەبوو بۆ ئەم بابەتە. ئێمە پێمان راگەیاند کە خوازیارین ئەم کێشەیە بە شێوازێکی ئاشتییانە نەک لە رێی توندوتیژییەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین. ئەو ئەمەی وەرگرت و تێگەیشتنی ھەبوو بۆی. ئەوەش شتێکی ئەرێنی بوو.
• باست لەوە کرد کە ھەر ھەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی بنرێت لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا دەبێت. ئایا لەو گفتوگۆیانەدا بە شتێکی کەمتر لە سەربەخۆیی تەواو رازی دەبن؟
- ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە. ئەو پرسیارە لە گەل دەکرێت و گەل بڕیاری لەبارەوە دەدات.

• ئەم ریفراندۆمە ئەنجام دەدرێت بە بێ ئەوەی چوارچێوەیەک لەئارادا بێت بۆ ئەنجامدانی، نە لە نێو سیستمی سیاسیی کوردستان و لە دەرەوەی ئەو سیستمەش، ئایا کاریگەریی ئەم ریفراندۆمە چی دەبێت؟
- ریفراندۆم پەیوەستە بە چارەنووسی تەواوی گەلەوە. ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئەم پرسە لە ھەر چوارچێوەیەکی دیکەی سیاسی، یان لە ھەر حزبێکی سیاسی، یان ھەر کێشەگەلێکی سیاسی نێو سیستمی حزبایەتی گەورەترە. من دڵنیام لەوەی زۆربەی گەلی کوردستان لەگەڵ ریفراندۆمدان. ھەروەھا زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی پارتە سیاسییەکان لەگەڵ ریفراندۆمدان. ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنیمان ھەبوو لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکاندا و ھەمووشیان پشتیوانییان لێکرد.

• باس لە خەونەکانی گەلی کورد دەکەیت بۆ سەربەخۆیی، ئایا مەترسیی ئەوە نییە کە بە ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە بە بێ بوونی پرۆسەیەکی فەرمی بۆ ھێنانەئارای سەربەخۆیی، ئێوە ئاستی ئەو چاوەڕوانییانە بەرزبکەنەوە؟
- کاتێک ئێمە ئەم ریفراندۆمە ئەنجام دەدەین، ئەوا بۆ ئەوەیە کە ئەو پشتوانییەی گەلمان ھەبێت، بۆ ئەوەی بۆ گەمەکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بخەینەڕوو کە خەڵکی کورد خوازیاری چییە. ھەر کاتێک خەڵک بڕیاری دا و دەنگی دا، ئەو کاتە ھەروەک وتم، یەکەم شوێن کە لەگەڵیدا دەست دەکەین بە گفتوگۆ و دیالۆگێکی جددی و ئاشتییانە بریتی دەبێت لە بەغدا، ئەوەش بۆ ھێنانەدی و جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکە. ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە، من دەمەوێت ئەوانی دیکەش لەمە تێبگەن، ھەر کاتێک ریفراندۆممان ئەنجام دا و دەستمان بە دیالۆگ کرد، ئەوا مانای ئەوە نییە کە ئێمە دەست لە خواستەکانی گەل ھەڵدەگرین. کەواتە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و دەبێت ئەنجامەکەی جێبەجێ بکرێت.
• لە ساڵی ٢٠٠٥دا ریفراندۆمێک ئەنجام درا کە تێیدا زۆرینەیەکی زۆر، رێژەیەکی ھاوشێوەی لە سەدا ٩٨، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. ئەو دەنگدانە سەربەخۆیی بۆ کوردستان لێنەکەوتەوە، پێم خۆشە ئەوە روون بکەیتەوە کە بۆچی ریفراندۆمی ئەمجارە جیاواز دەبێت؟
- ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە رێکخرا و ھەڵمەتی بۆ ئەنجام درا. ئەمەی ئەمجارە فەرمییە و لەلایەن حکومەت و پارتە سیاسییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەیان پابەندکارە و ئەوەی دیکە وا نەبوو.
• ئایا لەلایەن شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتییەوە ھاوکاری کراون لەبارەی چۆنیەتی داڕشتنی ئەم ریفراندۆمە، بۆ ئەوەی ئەمجارە کاریگەرییەکی گەورەتری لێبکەوێتەوە؟
- ئێمە بۆ چەندین ساڵە لەگەڵ ھەندێ لە شارەزا نێودەوڵەتییەکان، شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، شارەزا سیاسییەکاندا کاردەکەین، بۆ ئەوەی ھاوکارمان بن لە داڕشتنی ئەمەیاندا. بە دڵنیاییەوە ئەوان پشتیوانمان بوون و ھاوکارییەکی زۆریان کردین.
• ئەگەر بۆ چەندین ساڵە قسەیان لەگەڵدا دەکەن، بۆچی ریفراندۆمەکە لە ئێستادا ئەنجام دەدەن؟
- من ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە پێویستە ریفراندۆمێک ئەنجام بدرێت و لێگەڕێین گەل بڕیار بدات و، بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو باوەڕم لا دروست بووە کە بەغدا رازی نابێت بە ھاوبەشییەکی راستەقینە و مانادار لەگەڵ ئێمەدا، ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئێمە خوازیاری ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمەین، بۆ ئەوەی پرسیار لە گەلی خۆمان بکەین کە خوازیاری چین. ئەمە ھاوکارمان دەبێت تاوەکو لە داھاتوودا بەر بە ھەر ناسەقامگیرییەک، یان لە شەڕێکی خوێناوی بگرین کە ئەگەری ئەوەی ھەیە رووبدەن، ئەگەر بێتو رەوشەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت. ئێوە دەزانن کە رەوشی ئەمنی لەم ناوچەیەدا چۆنە. کاتێک خەڵکی لەم ریفراندۆمەدا بڕیار دەدات، ئێمە پێشبینی دەکەین کە سەرجەم لایەنەکان رێز لە خواست و بڕیاری ئاشتییانە و دیموکراتییانەی خەڵکی کوردستان بگرن. بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە کە بۆچی ئێستا ریفراندۆم ئەنجام دەدەین، ئەوا پێشتریش و لە چەندین قۆناغدا ویستمان ئەنجامی بدەین. بەڵام بەھۆی بارودۆخە گشتییەکە و ئەو رەوشەی لە ناوچەکەدا لەئارادا بوو، ھەروەەھا بەھۆی پەرەسەندنەکانی دیکەوە، دوامان دەخستن. بەڵام ئەگەر لەمە زیاتر دوای بخەین، ئەوا لە سوودی گەلی ئێمە تەواو نابێت و، کاریگەری نەرێنی لەسەر چارەنووسی خەڵکەکەمان دەبێت. کەواتە لەبەر ئەوەیە کە ساتەوەختی ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە.


• رەنگە رەخنەگران بڵێن حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە دۆخی زۆر خراپی ئابووریدا گوزەر دەکات. بۆ نموونە حکومەت دەتوانێت ھەندێ لە مووچە بدات و ئەوەش ھەموو تواناکەیەتی، ھەروەھا لە رووی وەبەرھێنانەوە متمانەیەکی کەم لەئارادایە، لە ناوخۆدا رەخنەی ئەوە ھەیە کە ریفراندۆم پێش کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و، ماوەی سەرۆکایەتیت دوو ساڵ پێش ئێستا بەسەرچووە، کەواتە بۆچی ریفراندۆم ئەولەوییەتێکی باڵاترە لە ھەموو ئەم پرسانە؟

- ئەگەر ئێمە چاوەڕوانی دۆخێکی نموونەیی بکەین بۆ ئەوەی چارەسەرمان بۆ یەکە بە یەکەی کێشەکان ھەبێت، ئەوا ئەمە روونادات. ئێمە خوازیارین ئەم ریفراندۆمە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی سەربەخۆییمان ھەبێت، ئەمەش ھاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر بکەین. ئەگەر لە حاڵەتی وڵاتانی دیکە بڕوانیت ( کە رێگای سەربەخۆییان گرتۆتەبەر)، ئەوانیش رووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی خۆیان بوونەتەوە. ئەوان چاوەڕێی چارەسەری سەرجەم ئەو کێشە و جیاوازییە ناوخۆییانەی نەکردووە کە ھەیانبووە. بۆ ئێمەش وایە و پرسی ریفراندۆم لەو کێشانە و لەو پرسانە گەورەترە، بۆیە ئەنجامی دەدەین و دواتر کێشەکانی دیکە چارەسەر دەکەین.
• ئەگەر بتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی ریفراندۆم وەم ئامرازێک چی بە کورد دەبەخشێت، بەلای کەمەوە بە ئاشکرا، ژمارەیەک لە ھێزەکان لە ئێستادا دەستیان کردووە بە لە شەرعییەت داماڵینی ئەم ریفراندۆمە، پێش ئەوەی رووبدات. ئەمریکییەکان رایگەیاندووە کە ئەوان دژین، تورکیا بە دەنگێکی بڵندتر- بەلای کەمەوە بە ئاشکرا- بە "نابەرپرسیارانە" و بە "ھەڵەیەکی گەورە" ناوزەدی کرد. کەواتە ئایا ئەم ریفراندۆمە چ دەستڕۆیشتووییەکتان پێدەدات کە ئێستا نیتانە؟

- ئێمە کار و کۆششی زۆرمان کرد بۆ پاراستنی یەکێتی عێراق. من دەتوانم پەیوەندی ئێمە لەگەڵ بەغدا بۆ دوو قۆناخ دابەش بکەم. یەکەمیان بە دروستکردنی عێراق لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم دەستی پێکرد و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ درێژەی کێشا. قۆناخی دووەمی پەیوەندی بەغدا و ھەولێر لەو کاتەوە دەستی پێکرد و درێژەی کێشاوە تاوەکو ئێستا. لە قۆناخی یەکەمدا، لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣، ئایا پشکی کورد لە حوکمڕانی عێراق چی بوو؟ ھەڵمەتەکانی ئەنفال، بۆردمانی کیمیایی، وێرانکردنی گوندەکانمان، گۆڕی بە کۆمەڵ، جینۆساید- ئەمە بەشی کورد بوو لەو کاتەوە و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدادا. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، ئایا پشکی کورد چی بوو؟ ئەوان بودجەی کوردستانیان بڕی و پابەندنەبوون بە دەستووری عێراقییەوە. کەواتە پرسیاری ئێمە بۆ گەمەکارە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و ئەوانی دیکە، ئەوەیە: ئایا پێویستە ئێمە چی دیکە بکەین؟ ئێمە کۆششی سەختمان کرد بۆ ئەوەی دەستوورێک لە عێراقدا ھەبێت کە دەستەبەری مافەکانی ھەموومان بکات. ئێمە دەنگمان بەو دەستوورە دا. بەڵام لە دیباجەی دەستوردا ئەوە بە مەرج دانراوە کە یەکپارچەیی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەکەوە. کەواتە پرسیارەکەی من بۆ ئەوان ئەمەیە: ئایا دەستوری عێراق جێبەجێ کراوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، کەواتە ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئەگەر لە گۆشەنیگا و کاردانەوەی گەمەکارە نێودەوڵەتییەکان بڕوانین، ئەوا ھیچیان نەیانوتووە کە ئەوان دژی ریفراندۆمن. ئەوان دەڵێن رەنگە ئەمە کاتێکی باش نەبێت، یاخود رەنگە کێشەی لێ بکەوێتەوە، منیش لە دوو خاڵدا بۆچوونی جیاوازم ھەیە لەگەڵ ئەواندا. ئەمە کێشەکان زیاتر ناکات. ئەگەر ئەم ریفراندۆمە نەکرێت، ئەوا سەردەکێشێت بۆ ناسەقامگیریی زیاتر لە پەیوەندییەکاندا، سەردەکێشێت بۆ ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا. ئێمە دەمانەوێت ئەم ریفراندۆمە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی رێگری لە ناسەقامگیری بکەین. ئەگەر ئەو گەمەکارە نێودەوڵەتییانە دژی ئەم ریفراندۆمە بن، ئەوا ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەوان دژی بەھا و پرەنسیپەکانی خۆیانن کە مافی ئاشتییانە و دیموکراتییانەی خەڵکە بۆ گوزارشتکردن لە بڕیارەکانیان لەبارەی چارەنووسی خۆیانەوە. ئەگەر ئەوان دژی ریفراندۆمەکە بوەستنەوە، ئەوا مانای وایە ئەوان دژی دیموکراسین.

• ئەوە راستە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بۆچوونی خۆیان ھەیە و باری ئابووریی ئێوەش بە چەشنێکە کە پشت بە دراوسێکانتان دەبەستن. ئایا پلانتان ھەیە بۆ رازیکردنی دراوسێکانتان، وەک تورکیا، بەتایبەت کە ئێمە بەم دواییە بینیمان چی لە قەتەر رووی دا، کاتێک دراوسێکانی گۆشەگیریان کرد، کە١٠ رۆژ دواتر ئێران لە رێی ئاسمانەوە خواردنی بۆ رەوانەکرد. ئایا پلانتان ھەیە لەبارەی چۆنیەتی رازیکردنی ھاوپەیمانەکانتان، یاخود چۆن بەردەوام دەبن ئەگەر گۆشەگیر کران؟
- بە داخەوە لە ئێستادا و لەم پەیوەندییانەدا بەرژەوەندییەکان باڵادەستن بەسەر بەھا و مۆراڵ و مرۆڤدۆستیدا. بۆ نموونە، پرسی قەتەر کە تۆ ئاماژەت پێکرد، ئەوان تۆمەتباریان دەکردن بە پشتیوانیکردنی تیرۆر، ئێستا دەبینیت چۆن پشتیوانی بەدەست دەھێنن. مەسەلەکە جیاوازە. یەکێک لە پاساوەکانی گۆشەگیرکردنی قەتەر ئەوەیە کە ئەوان پشتیوانیی تیرۆر دەکەن، بەڵام لای ئێمە مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەفسانەی تیرۆرمان تێکشکاندووە. ئێمە خوێنمان بەخشی بۆ تێکشکاندنی ئەفسانەی تیرۆر و شکستھێنان بە تیرۆریستان. ئەمە دەرفەتێکی گرنگە کە ئەم لێدوانە بە ئێوە و بە جیھانیش رابگەیەنم: ئێمە پێمان باشترە لە برسا بمرین، نەک لە سایەی سەرکوتکاری و داگیرکاریدا بژین. ئەگەر ئەم بڕیارە بە ھۆی ریفراندۆمەوە دراو کاردانەوەکەش ئەوە بوو کە گۆشەگیر بکرێین، یان گەلی ئێمە لە برسان لەناو بچێت، ئایا ئەوە دەبێتە "شکۆیەک" بۆ جیھان کە خەڵکی ئەمەیان لە برسا کوشتووە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکە ویستوویەتی بە شێوازێکی دیموکراتییانە گوزارشت لە چارەنووسی خۆی بکات؟

• ئایا پێتوایە جارێکی دیکە خەڵک گۆشەگیری قبووڵ بکات، چونکە لە ساڵانی نەوەتەکانەوە (١٩٩٠) تا ئێستا کۆمەڵگە زۆر گۆڕاوە: ئێوە کوردتان بە جیھانەوە گرێداوە، ئێوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیتان بنیادناوە، ئێوە ئاستی بژێوی ژیانتان بەرز کردۆتەوە، ئێوە مۆڵی بازاڕکردنتان بۆ دروستکردوون، ئایا پێتوایە ئەوان ئامادە دەبن ھەمان ئەو ئێش و ئازارە بچێژن کە لە سایەی ئەو ھەل و مەرجی ساڵانی نەوەتەکاندا (١٩٩٠) چەشتیان؟
- ئێمە ھەموو شتێکمان لەبەرچاو گرتووە. ئەمە پەیوەستە بە ویستی گەلەوە، بە دەنگدانی خەڵکەوە. گەل زۆر باش تێدەگات کە بڕیار لە چی دەدات. رەنگە گەل بڕیار بدات دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدات، ئەو کاتە ئەوە نابێتە بەرپرسارێتی مێژووییمان، بەڵام کاتێک گەل بە (بەڵێ) بڕیار دەدات، ئەوا بە مانای ئەوەیە کە خەڵک ئامادەیە ھەنگاو بەو ئاراستەیە بنێت و ھەموو مەترسییەکیش قبووڵ بکات. تۆ ئاماژەت بە فڕۆکەخانە کرد، بەڵام تەنانەت تا ئێستاش دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی، بەھۆی ئەوەی باوەڕیان بە فیدراڵیزم، یان دابەشکردنی بواری ئاسمانی نییە، دەتوانێت رێگە لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەک بگرێت کە لە ئەوروپا، یان ھەر وڵاتێکی دیکەوە ھاتبێت، ئەمە چ جۆرە دەوڵەتێک و چ جۆرە دەسەڵاتێکە کە ئەو جۆرە ھێزەی ھەبێت؟

• ئەگەر بە راست و دروستی تێگەیشتبم، ئەوا ئەم ریفراندۆمە ئەنجام دەدرێت و ئێوەش ئەمە وەک پاڵپشتییەک دەیبەنە بەغدا بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆی پەیوەست بە جیابوونەوە بکەن. ئایا چەند واقیعییە کە بیر لەوە بکرێتەوە پەرلەمانی بەغدا واژوو لەسەر رێککەوتنێک بکات کە رازی بێت بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا؟
- ئێمە دەست بە گفتوگۆ دەکەین لەگەڵیاندا، بەڵام ئەوە کێشەی خۆیانە ئایا دەگەنە رێککەوتن، یان نا.. ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لەم رووەوە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاریی بەغدا دەکەین. ئێمە ئاستی ھاوکاریی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر دەکەین. ھەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆک وەزیران عەببادی بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا وەک سەرۆک وەزیران سەرکەوتوو بێت.
• ئایا رێگاچارەی ئێوە چی دەبێت ئەگەر ھاتوو نەتانتوانی قەناعەت بە عەببادی بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی سەربەخۆییەوە؟
- ھێشتا زۆر زووە بۆ ئەوە. ئێمە ھێشتا ریفراندۆممان نەکردووە، ھێشتا دەستمان بە گفتوگۆکردن نەکردووە. ئەوە بڕیاری شەخسی و تاکەکەسی من نییە. ئێمە گەلی خۆمان ھەیە، پارتی سیاسی و سەرکردەی دیکە ھەن کە دەبێت راوێژیان لەگەڵدا بکەین. ئەمە بە تەنیا بڕیاری من نییە.

• بەڵام ئایا نیگەرانیت لەوەی بەغدا ھەوڵبدات دووبارە فشارەکانتان لەسەر چڕبکاتەوە، بە چەشنی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەنجامیدا کاتێک پرسی ھەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ورووژێندرا؟
- ئایا تا ئێستا چییان نەکردووە؟ ئەوان ھەموو شتێکیان کردووە. ئەوان بودجەیان بڕی، واتە خەڵکی ئێمەیان نانبڕاو کرد. ئەمە ھیچ شتێکمان لە بەغداوە بەدەست نەگەیشتووە. رەنگە تاکە شتێک کە بتوانن بیکەن داخستنی بواری ئاسمانییە. ئەگەر ئەوان ئەو جۆرە کارانە بکەن، ئەوا کاردانەوەیان بەدوادا دێت. ئێمە دەستەوەستان دانانیشین. ئێمە بە راستی خوازیاری ئەوەین رێگایەکی ئاشتییانە و گفتوگۆکردن و تێگەیشتن بگرینەبەر. ئێمە دەمانەوێت خۆمان لە خوێنڕێژی و توندوتیژی لابدەین. دواتر ئێمە لە دۆخەکە دەڕوانین، ئەگەر ئەوان کاری دیکە ئەنجام بدەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێمەش کاردانەوەی خۆمان دەبێت.
• چ جۆرە کاردانەوەیەک؟
- پێموایە ئەوەی وتم بەسە لەو بارەیەوە.
• ئایا پێتوایە ئەم ریفراندۆمە دەبێتە پێشینەیەک بۆ ئەوەی کەمینەکانی دیکەی عێراقیش بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن؟
- ئێمە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەی عێراقداین بۆ ھەر رێگایەک کە ھەڵیدەبژێرن بۆ گرتنەبەری چارەنووسی خۆیان. ھەر چۆنیان دەوێت با وابێت، ئایا دەیانەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بن، ئایا دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا ھەبێت، ئایا دەیانەوێت رێگاچارەیەکی دیکە بگرنەبەر.

• ئێستا ئێوە توانای ئەوەتان ھەیە کە ماددەی ١٤٠ لەو ناوچانەدا جێبەجێ بکەن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵتاندایە، واتە دەرفەتدان بە خەڵکی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بۆ ئەوەی دەنگ بەوە بدەن، ئایا دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان، یان عێراقی فیدراڵ؟ ئایا خەڵکی ناوچەناکۆکی لە سەرەکان پرسیان پێدەکرێت بەوەی کە سەرباری ئەوەی پێویستە کوردستان سەربەخۆ بێت، ئایا دەیانەوێت ببنە بەشێک لە کوردستان؟
- بە دڵنیاییەوە، ھەمان ئەو پرسیارە لەم ناوچانەدا دەکرێت.
• کەواتە کاتێک ریفراندۆمەکە ئەنجام دەدرێت، خەڵکی ناوچەناکۆکی لەسەرەکان دەتوانن ئەوە یەکلابکەنەوە ئایا دەیانەوێت ببنە بەشێک لە کوردستان؟
- نەخێر، ئەو پرسیارەکە نابێت. ئەوان بژارەی ئەوەیان دەبێت دەنگ نەدەن. ئەگەر پێویستیان بە ریفراندۆمێکی دیکە ھەیە، ئەوا رەنگە دواتر بۆیان ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە، ئەگەر ھەندێ لە عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان نەیانەوێت ببنە بەشێک لێی، ئەوا دەبێت لە ریفراندۆمێکی دیکەدا خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
• بەڵام بۆچی پرسیان پێنەکرێت ئایا خوازیارن ببنە (بەشێک لە کوردستان)؟
- ئەمە پرسیارێکی تەکنیکییە. ئێمە کۆمیتەی ریفراندۆم و کۆمیسۆنی ھەڵبژاردنمان ھەیە، ئەوە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە. ریفراندۆمەکە یەک پرسیار لەخۆ دەگرێت.
• ئایا دەتوانم لەبارەی یەکەکانی حەشدی شەعبییەوە پرسیارت لێبکەم لە ئێستادا باس لە راڕەوێکی گریمانەکراوی شیعە دەکرێت کە بە عێراق و سووریادا تێپەڕدەبێت، بەتایبەتی کە ئێمە بینیمان یەکەکانی حەشدی شەعبی پانتاییەکی گەورەی نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری شنگالیان خستووەتە ژێر دەستی خۆیانەوە، چۆن لەمە دەڕوانیت و چۆن لە نیازەکانی یەکەکانی حەشدی شەعبیی دەڕوانیت ئەم پەرەسەندنانە چۆن کاریگەرییان لەسەر کورد دەبێت؟
- ئێمە وەک یەک پاکێچ سەیری ھەموویان ناکەین. دوو جۆر لە یەکەکانی حەشدی شەعبی ھەن. بەشێکیان ئەوانەن کە بە راستی قوربانی گەورەیان داوە لە شەڕی دژ بە داعشدا. ئەوانە خوێنی خۆیان بەختکرد و ئێمە قوربانییەکانی ئەو یەکانەی حەشدی شەعبی بەرز دەنرخێنین کە شەڕیان لە دژی داعش کرد. ھەروەھا کەسانێکیش ھەن کە یەکەکانی حەشدی شەعبییان کردۆتە پەردەیەک بۆ ئەنجامدانی چەندین کاری ناڕەوا. ئەرکی سوپای عێراق و پۆلیسی عێراقە کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان دەستەبەر بکەن. ئەگەر یەکەکانی حەشدی شەعبی پێداگیری بکەن لەسەر مانەوە لەو ناوچەیەدا و مومارەسەی حوکمڕانی بکەن، ئەوا بێگومان چەندین کێشە دەخوڵقێت.
• بۆچونتان چییە لەسەر بوونی یەکەکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شنگال؟

- بوونی یەکەکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شنگال پێشێلکردنێکی گەورەی رێککەوتنێک بوو کە ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان و عێراقییەکاندا ھەمان بوو. ئێمە رێککەوتبووین کە یەکەکەیەکی ھێزی پێشمەرگە، لەگەڵ یەکەیەکی سوپای عێراقی، لەو ناوچانەدا جێگیر بن کە حاڵی حازر یەکەکانی حەشدی شەعبی لەوێن. ماوەیەکی زۆر بوو ئەو ناوچەیە پاک کرابووەوە، کە پێویستی بەوە ھەبوو ھێزێکی تێدا جێگیر بێت، بەڵام پاساوی سوپای عێراق ئەوە بوو کە ئەوان زۆر سەرقاڵ بوون بە ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵەوە، لەبەر ئەوەش بوو کە یەکەکانی حەشدی شەعبی پابەند نەبوون بەو رێککەوتنەوە و بوونی خۆیان لەو ناوچەیەدا جێگیر کرد. من دووپاتی دەکەمەوە، ئەگەر یەکەکانی حەشدی شەعبی پێداگیری بکەن لەسەر مانەوە لەو ناوچەیەدا و مومارەسەی حوکمڕانی بکەن، ئەوا چەندین کێشە دەخوڵقێنن. ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی داعشەوە ھەبێت، ئەوا ھەر کەسێک شەڕی داعش بکات، ھاوپەیمانی ئێمەیە. بەڵام، لە داھاتوودا، دەبێت خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و دەبێت ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوی پارێزگاکان، قەزا و ناحییەکان مومارەسەی حوکمڕانی بکەن، لە دەڤەری شنگال پێویستە پۆلیسی مەحەلیی خۆیان ھەبێت بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێبکات. نابێت بوار بۆ مانەوەی نە یەکەکانی حەشدی شەعبی و نە ھیچ ھێزێکی دیکە بدرێت بۆ ئەوەی لەو ناوچەیەدا بمێننەوە.
• ئایا پێویستە خەڵکی ئێزیدی ناوچەی شنگال بتوانن بڕیار بدەن لەبارەی پەیوەندییەکانیانەوە لەگەڵ ئەم کاراکتەرانەدا؟

- پێویستە ئێزیدییەکان سەربەست بن لە بڕیاردان لەبارەی ئەوەی چۆن دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کاراکتەرانەدا بکەن. ئێمە خوێنی پێشمەرگەی خۆمان بەخشی لە پێناوی ئەوەی ئازادی ئەوەیان ھەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. نەک تەنیا ئێزیدییەکان، بەڵکو دەبێت سەرجەم خەڵکی ئەم ناوچانە ئازاد بن لە ھەڵبژاردنی ئەوەی چییان دەوێت و پشتیوانی لە کێ دەکەن.
• ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارکردن لەبارەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. باست لەوە کرد ئەمانە بەشێکی جیاواز نابن لە ھەر ریفراندۆمێک کە لەو ناوچانە بکرێن، ئایا چ میکانیزمێک ھەیە بۆ ئەوەی بیگرنەبەر تاوەکو مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بکەن؟
- ئەگەر ئەوان خوازیاری ئەوە نەبوون ببنە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان، ئەوا مانای وایە دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا بن، ئەوەش میکانیزمەکەیە. لەم ناوچانەدا، ئەگەر ئەوان بە (نەخێر دەنگیان)دا لە ریفراندۆمەکەدا، واتە ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا بمێننەوە و ئێمەش ھیچ گرفتێکمان نییە لەگەڵ ئەوەدا.
• کەواتە ئێوە دژی ئەوە نابن ئەگەر ھەندێ لەم گرووپانە ریفراندۆمی تایبەت بە خۆیان رێکبخەن و بڵێن ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لە کوردستان؟
- بە دڵنیاییەوە، ئەگەر خەڵکی ئەم ناوچەیە ویستیان ئەو کارە رێکبخەن و زۆرینە وتیان ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لە کوردستان، ئەوا ئەو پەڕی رێزمان دەبێت بۆ بڕیاری خەڵکی ئەو ناوچەیە.
• ئێوە بڕیارتان داوە دوای ریفراندۆمەکەوە لە ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن، ھەڵوێستن چی دەبێت و ئایا دەست لەکار دەکێشیتەوە؟
- من خۆم ناپاڵیوم بۆ ھەڵبژاردنەکان.
• ئایا سەربەخۆیی کوردستان چەند گرنگە بۆ مێژووی تۆ؟
- من لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا لە دایک بووم. کاتێک لە دایک بووم، باوکم و خانەوادەکەم ناوچەی بارزانیان جێھێشتبوو، روویان لە ناوچەی مەھاباد کردبوو لە کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە یەکەم کۆماری کوردستان. من لەوێ لەدایک بووم. لە تەمەنی ١٦ ساڵی چەکم ھەڵگرت. وێنای ئەوە بکە، ئەمە چ مانایەکی دەبێت بۆ مێژووی من، ھەموو ژیانم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بووە. کۆماری کوردستان لە مھاباد، یەکەم کۆماری کوردە لە مێژووی کوردستاندا، کاتێک لەو کۆمارەدا ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە، من لە سایەی ئەو ئاڵایەدا لەدایک بووم، دەمەوێت لە سایەی ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆشدا بمرم.
• کەواتە مێژووی ژیانت بە چەشنێک بە بەدەستھێنانی سەربەخۆییەوە گرێدراوە کە قابیلی لێک جیاکردنەوە نەبێت؟
- ھەرچییەکم کردبێت، لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا کردوومە.

• ھەروەک وتتان، لە کۆماری کوردستاندا لەدایک بوویت، ژیانی خۆت بۆ شەڕکردن بۆ کوردستانی سەربەخۆ تەرخان کردووە، ئایا چەند لەو باوەڕەدان ئێستا ئەو کاتەیە کە لە کۆمارێکی کوردیدا بمریت؟
- من خۆشحاڵ دەبم کاتێک دەمرم، کە لە کوردستانێکی سەربەخۆدا بمرم.
• ئایا پێتوایە ئەمە رووبدات؟
- ئێمە باشترین ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەم کوردستانە سەربەخۆیە، ھەموو ئەم ھەنگاوانە لە پێناوی کوردستانێکی سەربەخۆدایە، بەڵام ئەمە گرنگە، ئێمە دژی شێوازی توندوتیژانەین. ئێمە دەمانەوێت ئەم کارە لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگی ئاشتییانەوە ئەنجام بدەین، بە تێگەیشتنی ھاوبەش و سوودی ھاوبەش. ئێمە بەردەوام دەبین و ئێمە ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر دەکەین لەگەڵ عەببادی و لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دژی تیرۆریزم. ئێمە ھاوکاری زیاتر دەکەین لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا. بانگەشەی من بۆ جیھانی ئازاد ئەوەیە کە بە وەستانەوەیان لە دژی بڕیاردانی چارەنووس و مافە دیموکراتییە ئاشتییانەکانی نەتەوەکەمان، دژی بەھا و پرەنسیپەکانی خۆیان نەوەستنەوە، بۆ ئەوانەش کە دەڵێن ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات، دەڵێم: بە پێچەوانەوە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت رێگریکردنە لە ناسەقامگیری و خوێنڕێژی زیاتر لە ناوچەکەدا.
- سپۆت:
- کۆماری کوردستان لە مھاباد، یەکەم کۆماری کوردە لە مێژووی کوردستاندا، کاتێک لەو کۆمارەدا ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە، من لە سایەی ئەو ئاڵایەدا لەدایک بووم، دەمەوێت لە سایەی ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆشدا بمرم

- بانگەشەی من بۆ جیھانی ئازاد ئەوەیە کە بە وەستانەوەیان لە دژی بڕیاردانی چارەنووس و مافە دیموکراتییە ئاشتییانەکانی نەتەوەکەمان، دژی بەھا و پرەنسیپەکانی خۆیان نەوەستنەوە
- ئێمە پێشبینی دەکەین کە سەرجەم لایەنەکان رێز لە خواست و بڕیاری ئاشتییانە و دیموکراتییانەی خەڵکی کوردستان بگرن
- ریفراندۆم پەیوەستە بە چارەنووسی تەواوی گەلەوە. ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئەم پرسە لە ھەر چوارچێوەیەکی دیکەی سیاسی، یان لە ھەر حزبێکی سیاسی، یان ھەر کێشەگەلێکی سیاسی نێو سیستمی حزبایەتی گەورەترە
- پێویستە ئێزیدییەکان سەربەست بن لە بڕیاردان لەبارەی ئەوەی چۆن دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کاراکتەرانەدا بکەن. ئێمە خوێنی پێشمەرگەی خۆمان بەخشی لە پێناوی ئەوەی ئازادی ئەوەیان ھەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. نەک تەنیا ئێزیدییەکان، بەڵکو دەبێت سەرجەم خەڵکی ئەم ناوچانە ئازاد بن لە ھەڵبژاردنی ئەوەی چییان دەوێت و پشتیوانی لە کێ دەکەن
- دەبێت ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوی پارێزگاکان، قەزا و ناحییەکان مومارەسەی حوکمڕانی بکەن، لە دەڤەری شنگال پێویستە پۆلیسی مەحەلیی خۆیان ھەبێت بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێبکات. نابێت بوار بۆ مانەوەی نە یەکەکانی حەشدی شەعبی و نە ھیچ ھێزێکی دیکە بدرێت بۆ ئەوەی لەو ناوچەیەدا بمێننەوە
- بوونی یەکەکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شنگال پێشێلکردنێکی گەورەی رێککەوتنێک بوو کە ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان و عێراقییەکاندا ھەمان بوو
- ئەرکی سوپای عێراق و پۆلیسی عێراقە کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان دەستەبەر بکەن. ئەگەر یەکەکانی حەشدی شەعبی پێداگیری بکەن لەسەر مانەوە لەو ناوچەیەدا و مومارەسەی حوکمڕانی بکەن، ئەوا بێگومان چەندین کێشە دەخوڵقێت.

- ئێمە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەی عێراقداین بۆ ھەر رێگایەک کە ھەڵیدەبژێرن بۆ گرتنەبەری چارەنووسی خۆیان. ھەر چۆنیان دەوێت با وابێت، ئایا دەیانەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بن، ئایا دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا ھەبێت، ئایا دەیانەوێت رێگاچارەیەکی دیکە بگرنەبەر
- ئەوان بودجەیان بڕی، واتە خەڵکی ئێمەیان نانبڕاو کرد. ئەمە ھیچ شتێکمان لە بەغداوە بەدەست نەگەیشتووە. رەنگە تاکە شتێک کە بتوانن بیکەن داخستنی بواری ئاسمانییە. ئەگەر ئەوان ئەو جۆرە کارانە بکەن، ئەوا کاردانەوەیان بەدوادا دێت. ئێمە دەستەوەستان دانانیشین. ئێمە بە راستی خوازیاری ئەوەین رێگایەکی ئاشتییانە و گفتوگۆکردن و تێگەیشتن بگرینەبەر. ئێمە دەمانەوێت خۆمان لە خوێنڕێژی و توندوتیژی لابدەین. دواتر ئێمە لە دۆخەکە دەڕوانین، ئەگەر ئەوان کاری دیکە ئەنجام بدەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێمەش کاردانەوەی خۆمان دەبێت
- ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لەم رووەوە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاریی بەغدا دەکەین. ئێمە ئاستی ھاوکاریی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر دەکەین. ھەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆک وەزیران عەببادی بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا وەک سەرۆک وەزیران سەرکەوتوو بێت
- تا ئێستاش دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی، بەھۆی ئەوەی باوەڕیان بە فیدراڵیزم، یان دابەشکردنی بواری ئاسمانی نییە، دەتوانێت رێگە لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەک بگرێت کە لە ئەوروپا، یان ھەر وڵاتێکی دیکەوە ھاتبێت، ئەمە چ جۆرە دەوڵەتێک و چ جۆرە دەسەڵاتێکە کە ئەو جۆرە ھێزەی ھەبێت؟
- گەل زۆر باش تێدەگات کە بڕیار لە چی دەدات. رەنگە گەل بڕیار بدات دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدات، ئەو کاتە ئەوە نابێتە بەرپرسارێتی مێژووییمان، بەڵام کاتێک گەل بە (بەڵێ) بڕیار دەدات، ئەوا بە مانای ئەوەیە کە خەڵک ئامادەیە ھەنگاو بەو ئاراستەیە بنێت و ھەموو مەترسییەکیش قبووڵ بکات
- ئێمە پێمان باشترە لە برسا بمرین، نەک لە سایەی سەرکوتکاری و داگیرکاریدا بژین. ئەگەر ئەم بڕیارە بە ھۆی ریفراندۆمەوە دراو کاردانەوەکەش ئەوە بوو کە گۆشەگیر بکرێین، یان گەلی ئێمە لە برسان لەناو بچێت، ئایا ئەوە دەبێتە "شکۆیەک" بۆ جیھان کە خەڵکی ئەمەیان لە برسا کوشتووە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکە ویستوویەتی بە شێوازێکی دیموکراتییانە گوزارشت لە چارەنووسی خۆی بکات؟
- یەکێک لە پاساوەکانی گۆشەگیرکردنی قەتەر ئەوەیە کە ئەوان پشتیوانیی تیرۆر دەکەن، بەڵام لای ئێمە مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەفسانەی تیرۆرمان تێکشکاندووە. ئێمە خوێنمان بەخشی بۆ تێکشکاندنی ئەفسانەی تیرۆر و شکستھێنان بە تیرۆریستان
- ئەگەر ئەو گەمەکارە نێودەوڵەتییانە دژی ئەم ریفراندۆمە بن، ئەوا ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەوان دژی بەھا و پرەنسیپەکانی خۆیانن کە مافی ئاشتییانە و دیموکراتییانەی خەڵکە بۆ گوزارشتکردن لە بڕیارەکانیان لەبارەی چارەنووسی خۆیانەوە
- ئێمە کۆششی سەختمان کرد بۆ ئەوەی دەستوورێک لە عێراقدا ھەبێت کە دەستەبەری مافەکانی ھەموومان بکات. ئێمە دەنگمان بەو دەستوورە دا. بەڵام لە دیباجەی دەستوردا ئەوە بە مەرج دانراوە کە یەکپارچەیی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەکەوە. کەواتە پرسیارەکەی من بۆ ئەوان ئەمەیە: ئایا دەستوری عێراق جێبەجێ کراوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، کەواتە ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئەگەر لە گۆشەنیگا و کاردانەوەی گەمەکارە نێودەوڵەتییەکان بڕوانین، ئەوا ھیچیان نەیانوتووە کە ئەوان دژی ریفراندۆمن
- ئێمە خوازیارین ئەم ریفراندۆمە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی سەربەخۆییمان ھەبێت، ئەمەش ھاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر بکەین. ئەگەر لە حاڵەتی وڵاتانی دیکە بڕوانیت ( کە رێگای سەربەخۆییان گرتۆتەبەر)، ئەوانیش رووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی خۆیان بوونەتەوە. ئەوان چاوەڕێی چارەسەری سەرجەم ئەو کێشە و جیاوازییە ناوخۆییانەی نەکردووە کە ھەیانبووە. بۆ ئێمەش وایە و پرسی ریفراندۆم لەو کێشانە و لەو پرسانە گەورەترە، بۆیە ئەنجامی دەدەین و دواتر کێشەکانی دیکە چارەسەر دەکەین
Top