نیڤاڵ ساڵح سەلیم : مستەفا قەرەسوور كە سەركردەیەكی پەكەكەیە دەڵێت: كورد پێویستی بە ئایین و دروستكردنی خێزان نییە

نیڤاڵ ساڵح سەلیم : مستەفا قەرەسوور كە سەركردەیەكی پەكەكەیە دەڵێت: كورد پێویستی بە ئایین و دروستكردنی خێزان نییە
پەكەكە بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكات و بەدەست لەپشتدانی دوژمنانی كورد هەوڵی لەدەستدانی ئەو دەرفەتە مێژووییە دەدات كە 100 ساڵە بۆ كورد نەهاتۆتەپێش، لەمەش خراپتر ئێستا پەكەكە هاوكاریی گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی دەكات بۆ جێگیربوونیان لەناوچەی شنگال، بەمەش زیانی گەورە بە كوردانی ئێزیدی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان دەگەیەنێت. رەفتارەكانی پەكەكەو نامۆ بوونی بە هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی و چەند پرسێكی دیكە تەوەرەی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان پێكدەهێنن لەگەڵ خاتوو نیڤاڵ ساڵح سەلیم سەرپەرشتیاری رێكخستنەكانی ئافرەتانی پەكەكە لە ئەوروپا؛ كە دەرچووی كۆلێژی ئادابی زانكۆی ئەنكەرایە و لە ساڵی 1992 چووەتە چیاو لەناو ریزەكانی پەكەكە چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، تا ساڵی 2004 لە پەكەكە جیابووەتەوەو هاتۆتە باشووری كوردستان و درێژە بەكاری سیاسی دەدات.
* لە وێستگەی یەكەمی خەباتی خۆتدا چوویتە ریزەكانی پەكەكە، بەڵام دواتر ئەم حزبەت بەجێهێشت، بەگشتی چۆن سەیری سیاسەت و رەوتی پەكەكە دەكەیت؟
- من لەخێزانێكی كوردپەروەری ئامەد لەدایكبووم؛ ئەو كاتەی قوتابی زانكۆ بووم وەكو پۆلێك لە هاوڕێكانم خولیای كاری سیاسی بووم، هەر ئەو كاتیش كە لە زانكۆی ئەنقەرە بووم چەندین هاوڕێم خرانە زیندانەوەو رێگایان نەدەدا تەنانەت بە زمانی كوردیش قسە بكەین، هەر بۆیە منیش زانكۆم بەجێهێشت و هاتمە چیاو ماوەیەكی زۆر لە چیای خواكورك بوومە گەریلا بۆ ئەوەی بەرگری لەنەتەوەكەم بكەم. ئەو كات پەكەكە دروشمی سەربەخۆیی كوردستانی هەڵگرتبوو، بۆیە پشتگیرییەكی باشی كوردی باكووری كوردستانی هەبوو، پاڵپشتی كوردی باكوور بۆ پەكەكە بۆ دوو هۆكار دەگەڕایەوە لەلایەك میللەتی كورد دوچاری زوڵم و زۆردارییەكی لە رادەبەدەر ببوونەوە لەلایەن سوپای توركیاوە، لەلایەكی ترەوە پەكەكە رێگەی نەدەدا هیچ حزبێكی سیاسی دیكە لەكوردستانی باكوور خەبات بكات، هەر بۆیە ئەوانەی رۆحی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییان هەبوو، بەناچاری روویان لە ریزەكانی پەكەك دەكرد، چونكە پێیانوابوو سەربەخۆیی و ئازادی گەلی كورد لەسەر دەستی پەكەكە دەستەبەر دەكرێت. بەڵام سەركردەكانی قەندیل هەر زوو دەستبەرداری دروشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بوون و خوێنی ئەو هەموو شەهیدەیان لەبیر كردو ئاراستەی خەباتیان گۆڕی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراتی بۆ توركیا، ئەو كات ئێمە لەناو پەكەكە پێمان سەیر بوو وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو هەموو بەڵێن و دروشمە بین، هەربۆیە لە ساڵی 2004 خەڵكێكی زۆر لە پەكەكە جیابوونەوە و گەیشتینە ئەو باوەڕەی كە ماندووبوون و خوێنبەخشینمان لەناو پەكەكە بەفیڕۆ دەڕوات.


* چی وای لە پەكەكە كرد دەستبەرداری هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و واز لەخوێنی ئەو هەموو شەهیدو قوربانیدانەی گەلی كوردستانی باكوور بهێنێت، تەنانەت ئێستا بەئاشكرا دژی سەربەخۆیی كوردستانی باشووریش راوەستاوەتەوە و پێشڕەویی دوژمنانی كورد دەكات بۆ سەرخاكی كوردستان هەر وەكو چۆن لە شنگال بۆ هاتنی حەشدی شەعبی بینیمان؟
- پەكەكە بە قسە و گوتار دروشمی نەتەوەیی بەرزكردۆتەوە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە كاری سیاسی بۆ كیانی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستان نەكردووە، پەكەكە بەتایبەتی دژی ئەو پارت و لایەنە سیاسی و سەركردانە وەستاوەتەوە كە كاریان بۆ نەتەوەی خۆیان كردووە، لەم پێناوەشدا بەتوندی دژی رێبازی مەلا مستەفا بارزانی وەستاوەتەوە و بە هەڕەشەی زانیوە، چونكە ئەو رێبازە كاری بۆ هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی كردووە، ئەمەش پێچەوانەی ویست و بۆچوونەكانی پەكەكە و ئەو وڵاتانەیە كە كاریان بۆ دەكات، وەك ئێران، بۆ نموونە پەكەكە نایەوێت كەس بخوێنێت و بۆ وەرگرتنی بڕوانامە روو لە وڵاتانی دەرەوە بكات، لەكاتێكدا مەلا مستەفا بارزانی پاڵپشتی ئەوە بووەو هانی گەنجەكانی دەدا بۆ خوێندن بڕۆن و بڕوانامە بهێننەوە، كاتێكیش لێی دەپرسن، ئێمە پێویستیمان بە پێشمەرگە هەیە، بۆچی ئەو لاوانە دەنێرنە دەرەوە بۆ خوێندن، لەوەڵامدا رایگەیاندووە كە میللەتی كورد لە دواڕۆژدا پێویستی بەو كەسانە دەبێت، ئەم بیركردنەوەیە بۆ بیری نەتەوەیی و هێڵی نیشتمانی دەگەڕێتەوە، بەپێچەوانەی پەكەكەوە كە ستراتیژییەتیان نییە و تەنیا بیر لە ئێستا دەكەنەوەو تەواوی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد رەتدەكەنەوە. پەكەكە جگە لە خۆی باوەڕی بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەتێكی دیكە نەبووە و نییە، بەپێچەوانەی پارتە كوردستانییەكانی باشووری كوردستانەوە، لێرە پارتی دیموكراتی كوردستان كار بۆ سەربەخۆیی دەكات، ئەوەتا جەنابی بارزانی داوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات و ناهێڵێت خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ بڕوات.

* بەرای تۆ لە پێناوی چی پەكەكە دژی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان رەفتار دەكات؟
- پەكەكە لەمێژە بووە بە كرێگیراوی وڵاتانی ئێران و سووریا؛ بۆیە كار بۆ ئەوە دەكات جگە لەخۆی هیچ حزب و ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونێكی دیكە نەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا هیچ حزبێكی قبووڵ نییە و هەمووی بە دوژمنی خۆی دەزانێت. پەكەكە پێشتریش زیاتر باوەڕی بە چینایەتی و ماركسی بووە نەك هێڵی نەتەوەیی، ئێستاش چووەتە بەرەی ئێران و سووریا، پێشتر كە لە چیا بووین ئێران ئازووقە و چەكی دەدا بە پەكەكە، بەڵام ئەگەر جموجووڵی سەربازیمان لەنزیك ئێران هەبووایە، یاخود بەقسەی ئێرانمان نەكردایە راستەوخۆ حكومەتی ئێران تۆپبارانی دەكردین، بەمەش پەكەكە ناچاری ئەو عەمالەتە بووە و رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر كەوتە ژێر باری ئەو بەكرێگیراوییە و كارو بەرنامەی خۆی دوور لە ستراتیژییەتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە لەگەڵ ئێران بەستۆتەوە و هەموو ئەجیندە و كاری ئێران لەدەرەوەی سنوورەكانی، پەكەكە جێبەجێی دەكات، هەر كەسێكیش لەناو پەكەكە رەخنە بگرێت، بە خائینی دادەنێن و رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە، ئەمڕۆ ئێران لەگەڵ پەكەكە و هێزەكانی حەشدی شەعبی دژی هەموو ئەو كەس و سەركردە و هەوڵانەن كە باشووری كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبەن، لەبەرامبەردا ئێران چەك و پارە و یارمەتی سەربازی پێشكەش بە پەكەكە دەكات.
* ئەی كەواتە پەكەكە چۆن ئەو خەڵكەی بۆ پاشكۆیەتی ئێران و وڵاتانی دیكە فریو داوە؟
- پەكەكە بزووتنەوەیەكی كوردییە، بەڵام خەباتەكەی بۆ كورد نییە، ئەوان هەڵگری پەیامێكی نەتەوەیی نین و لەسەر ئایدیۆلۆژی چەپ كاردەكەن، هەموومان بینیمان لە رۆژئاوا پەكەكە و لقەكانی حزبی ئەوان چی لەو كەسانە دەكەن كە ئاڵای كوردستان هەڵدەكەن، ئەوان پێیانوایە ئاڵای كوردستان ئاڵای پارتییە، لە ساڵی 2004 لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرە لە شاخ چەند برادەرێكی ئێمە كە لە كۆمیسیۆنی كۆنگرەدا بوون، هەڵسان بە راخستنی ئاڵای كوردستان لەسەر مێزی كۆنگرە بەڵام لەلایەن جەمیل بایك رەتكرایەوە و تووڕە بوو، ئەوانەشی ئاڵای كوردستانیان دانابوو بە خائینی دانان و تۆمەتباری كردن بە ئەنجامدانی كودەتا، ئەمە لەكاتێكدا ئاڵاكەی پەكەكە ئاڵایەكی حزبییە و هیچ پەیوەندی بە كوردستانەوە نییە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە پەكەكە ناخوازێت دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت، بەمەش دژی هەموو ئاڵا و سیمبول و دروشمێك دەوەستنەوە كە بۆنی كاری نەتەوەیی و نیشتمانی لێ بێت، هەرچی داهات و پارەش هەیە لە رۆژئاوا كۆدەكرێتەوە، یاخود لە ئێران و حەشدی وەریدەگرن، بەشێكی زۆری دەچێتە قەندیل. هەر لەبەر ئەمەشە پەكەكە ناخوازێت شەڕ كۆتایی بێت، چونكە كۆتاییهاتنی شەڕ كۆتاییهاتنی پەكەكەشە.
* لەشەڕی داعش پێشمەرگە بووە سیمبولی پارێزەری هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان و وڵاتانی هاوپەیمانان رێز و تەقدیرێكی زۆریان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە، كەچی پەكەكە دژی پێشمەرگەیە و خۆی بەدۆستی حەشدی شیعە دەزانێت، خوێندنەوەتان بۆ ئەوە چییە؟
- پەكەكە نایەوێت و چاوی بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەش هەڵنایەت، كە توانی زۆر قارەمانانە داعش تێكبشكێنێت و ناوی كورد بەرز بكاتەوەو هەلێكی مێژوویی بۆ كورد بەدەستبهێنێت، پەكەكە باش دەزانێت ئەو دەستكەوتەی پێشمەرگەو گەلی كوردستانی باشوور بەدەستی هێناوە بۆ جەنابی بارزانی وەكو سەرۆكی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەگەڕێتەوە، هەربۆیە دژایەتی خۆی بەرامبەری سەختتر كردۆتەوە، لەكاتێكدا بارزانی بۆ نەتەوەكەی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی چڕتر كردۆتەوە و بە ئاشكرا داوای دەوڵەتی سەربەخۆیی بۆ كوردستان دەكات، لەناو حزبە كوردستانییەكان یەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە بۆ بونیادنانی ئەم دەوڵەتە، بەڵام ئەمانە هیچی بەدڵی پەكەكە و ئەو وڵاتانەی دوژمنی كوردن نین. پەكەكە ئەمەی پێ هەزم ناكرێت كە پێشمەرگە تەواوی خاكی باشووری كوردستانی ئازاد كردووە و خۆی گوندێكی لە باكووری كوردستان بۆ ئازاد نەكراوە، هەر بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات وەكو كارتێكی سەر ئاوكەوتوو وایە پاش چەند ساڵێكی تر بزردەبێت.
* ئێستا پەكەكە لە شنگال گێچەڵ بە پێشمەرگە و خەڵكی ئەو ناوچەیە و ئێزیدییەكان دەگێڕێت، دەیەوێت شەڕێكی نەخوازراو دروست بكات، ئایا چۆن ئەو شەڕەی پەكەكە لە شنگال دووردەخرپتەوە؟
- بوونی پەكەكە لەشنگال و هاتنی حەشدی شەعبی مەترسییەكی گەورەیە لەسەر باشووری كوردستان، بەڵام پەكەكە تەنیا لە شنگال دژایەتی ئەزموونی كوردستان ناكات، بەڵكو ئەو نایەوێت شنگال ئاوەدان ببێتەوە و خەڵكی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێرانیش ئەمەی دەوێت. ئێران نایەوێت باشووری كوردستان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بە هاوكاری ئەمریكا تا سەر دەریای سپیی ناوەڕاست درێژ ببێتەوە، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێران و شیعە و ئەو رێڕەوە سەربازییەی شیعە نییە كە بە هاوكاری پەكەكە دەمێكە سەرقاڵی جێبەجێكردنین، هەر بۆیە من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەمریكاو هاوپەیمانەكان یارمەتی پێشمەرگە نەدەن و پەكەكە و حەشد لەم ناوچەیە دوور نەخەنەوە، لەداهاتوویەكی نزیكدا پەكەكە و حەشدی شیعی پەلاماری كوردستان دەدەن و شنگال و باشووری كوردستان لێكتر دادەبڕن و ماڵوێرانی بۆ گەلی كوردستانی باشوور دەهێنن بە هاوشێوەی كوردستانی باكوور.
* باسی كوردستانی باكوورت كرد، ئایا دوای تێكدانی پرۆسەی ئاشتی و شەڕی خەندەقەكان كە پەكەكە دروستی كرد، گەلی كوردستانی باكوور چ زیانێكیان بەركەوت؟
- پەكەكە بەسەر گەلی كورد بەگشتی و گەلی كوردستانی باكوورەوە بەتایبەتی بووەتە بەڵایەكی زۆر كوشندەو ناخۆش، چونكە گەلی كورد لە پرۆسەی ئاشتی زۆر چووبووە پێش، ئەمەش بە ویستی پەكەكە نەبوو، چونكە ئەو نەك هەدەپە، هیچ هێزێكی تری جگە لە خۆی قبووڵ نییە، كەم ئەزموونی هەدەپەش وایكرد شەڕی سوپای توركیا و پەكەكە زیانی گەورە بەر خەڵكی بكەوێت گوندو شارۆچكەكانی باكووری كوردستان بەشی هەرە زۆری خاپوور كران و شارەوانیەكانمان لەدەست دا و ئەندامانی هەدەپە زۆربەیان دەستگیر كران و كورد باری بژێوی ژیانی تێكچوو، كە بەناچاری زۆربەیان كۆچیان كرد، لەشەرناخ ماڵباتێك دەناسم كە زۆر هاوكاری و یارمەتی پەكەكەیان دابوو، بەتایبەتی لە رووی ئازووقە و پارەپێدانەوە، كەچی پەكەكە بێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی لە ماڵەكەدا زارۆك هەیە، لەبەردەمی خانووەكەیان خەندەقیان لێدابوو، پڕی مین و تەقەمەنییان كردبوو، خاوەنی ماڵەكە پێی وتبوون بۆ ناچنە بەردەمی ماڵی ئاغا و دوژمنەكان، كەچی پەكەكە ناچاریان كردبوو ماڵەكەی چۆڵ بكات، پەكەكە دۆست و دوژمن نازانێت و تووشی غروور بووە و دۆست و دوژمن لێك جیاناكاتەوە، پەكەكە دەیەوێت هەمان حاڵەت لە كوردستانی باشووریش دروست بكات.
* پەكەكە ئێستا بانگەشە بۆ دروشمی سەیردەكات وەك نەمانی خێزان، هەروەها گەنج و مێرمنداڵ بە زۆر چەكدار دەكات، ئایا ئەمە لەگەڵ دابونەریتی كوردەوای یەكدەگرێتەوە؟
- پەكەكە گەنج و زارۆكی كورد لەپێناو كارێكی دوور لە نەتەوەو نیشتمانپەروەرییەوە بە كوشت دەدا، بڕوای بەخێزان و ئایین نییە، ئەوەی پێ قبووڵ نییە تەنانەت كوردەكان نزا بكەن. چەكداركردنی زارۆك و مێرمنداڵان دوور لە عورف و دابونەریتی كورد و یاسای نێودەوڵەتییە، كەچی هەر گەنج و منداڵێك لە پەكەكە جیابێتەوە بە خائینی وەسف دەكەن و دەیكوژن. ئەو كاتەی لە قەندیل بووین زارۆكێكی تەمەن 9 ساڵ لەناو پەكەكە شەهید بوو، تەنیا لەساڵانی شەڕی پەكەكە لەگەڵ كوردستانی باشوور لەماوەی تەنیا 5 ساڵدا لەلای ئێمە سێ كچیان بەتاوانی سیخوڕی كوشت، ئەوەی پێم سەیر بوو، لەناو پەكەكە جێبەجێیان دەكرد، جیاكردنەوە و دوورخستنەوەی كوڕ و كچ بوو لە ماڵباتی خۆیان، ئەوان پێیان قبوڵ نییە ژن و پیاو پێكەوە خۆشەویستی بكەن و خێزان پێكبهێنن، لەكاتێكدا سەركردەكانیان لە ژێر پەردەوە دەیان كاری نەشیاویان ئەنجام دەدا، باشە ئەگەر خێزان نەبێت، نەوەی داهاتوو چۆن لەدایك دەبن. مستەفا قەرەسور كە كوردێكی عەلەوییە و 40 ساڵە یەك رۆژ بە زمانی كوردی ئاخاوتنی نەكردووە، دەیگوت: «مرۆڤی كورد ئایین و خێزانی پێویست نییە»، باشە میللەتی كورد چۆن زیاد ببێت و نەتەوە و نیشتمانەكەی خۆش بوێت، ئەگەر نەتوانێت خێزان دروست بكات؟
Top