بەیان سامی عەبدولڕەحمان : كاندیدەكانی وەزارەتی دەرەوەو ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەی نوێ قسەی باشیان دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان كردووە

بەیان سامی عەبدولڕەحمان : كاندیدەكانی وەزارەتی دەرەوەو ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەی نوێ قسەی باشیان دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان كردووە
هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپی بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەستنیشان كرد، كە بڕیارە لە 20ی كانوونی دووەمی 2017 وەك 45 ـەمین سەرۆكی ئەو وڵاتە دەست بەكاربێت، دیارە ئەم ماوەیە وەك قۆناخی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لەئەمریكا سەیردەكرێت، هەر لەئێستاشەوە ناوی كاندیدەكانی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا خەریكە دەردەكەوێت، بۆ قسەكردن لەسەر پێوەندی نێوان كوردستان و ئەمریكاو سیاسەتی ئیدارەی داهاتوو بەرامبەر كوردستان و پێشمەرگە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن كردو بەم نووسینە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی داوەتەوە.
سەرۆكی نوێ
ئێمە سەركەوتنمان لەسەرۆكی نوێی ئەمریكا پیرۆزكرد. ئەگەرچی وەك نوێنەرایەتیی حكومەت، پشتگیری هیچ كاندیدێك ناكەین و دەستێوەردان ناكەین لەكاری لەوجۆرە، بەڵام بە گەرمیی پیرۆزبایی لەگەلی ئەمریكاو سەرۆكی نوێ دەكەین، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی وەك ئەركی دیپلۆماسیی خۆیان پیرۆزباییان لەترەمپ كردووە. دیارە لەكاتێكدا سوپاسی ئیدارەی ئۆباما دەكەین بۆ هاوكارییان بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگەو هاوكاری ئاوارەكان، هیوادارین ئیدارەی نوێی ترەمپ درێژە بەو كارو هاوكاری و هەماهەنگییانە بدات. هەندێك لە كاندیدە نوێیەكان بۆ ئیدارەی نوێ، بۆ بوارەكانی وەزارەتی دەرەوەو ئاسایشی نیشتمانی وتەو لێدوانی باشیان داوە سەبارەت بە سەربەخۆیی كوردستان و پشتگیریی پێشمەرگە، بەڵام هێشتا زووە كە بڵێین ئیدارەكە بە كام ئاڕاستە دەڕوات، بێگومان وەزیرە سەرەكییەكان و بەرپرسە گەورەكانی ئیدارەكە رۆڵی گرنگیان لە نەخشەكێشانی سیاسەتەكان هەیە.

ژەنەڕاڵ فلین و شەڕی دژی داعش
ژەنەڕاڵ مایكل فلین وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دیاری كراوە. فلین زۆر بە توندی قسەی كردووە لەدژی داعش و تیرۆریزم و هەڵوێستی توندی نواندووە، ئەمەش ئاماژەیەكی گەورەیە بۆ نیازی ترەمپ. ترەمپ خۆیشی قسەی وای كردووە، بۆ نموونە وتوویەتی دەبێت بۆمب و ئاگر ببارێنین بەسەر داعشدا و راستییەكەی زۆر قسەی لەوە توندتریشی كردووە كە ئاماژەن بە نیازی ئەو لە چۆنیەتی شەڕكردن دژی تیرۆریزم و داعش. بەم شێوەیە و بە گوێرەی ئەو لێدوانانەی كە تا ئێستا داویانە، بۆمان دەردەكەوێت كە ئیدارەی داهاتوو، لای كەم، وەك ئیدارەی ئۆباما توندو پتەو دەوەستێت لەشەڕی دژی داعش و ڕەنگە توندتریش. ڕەنگە بەگشتی گۆڕانكاریی گەورە ڕوونەدات لە سیاسەتیان لە هەمبەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست،

كۆنفیدڕاڵیزم و سەربەخۆیی و رۆڵی ئەمریكا

بە شەخسی، بڕوام وایە ئێمە لەسەر رێگەی بەرەو سەربەخۆیین، زوو دەیبینین و درەنگ ناكەوێت. پرسیارەكە ئەوە نییە كە ئاخۆ كوردستان سەربەخۆ دەبێت، یان نا، پرسیارەكە ئەوەیە كەی و چۆن؟ ئێمە بێگومان سەربەخۆ دەبین و ئەمە بابەتی ئەگەر و ئاخۆ نییە. دیارە یەكێك لە پایەكانی ئەم بابەتە، پێوەندیی ئێمەیە لەگەڵ بەغدا. جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی لە دەروازەی دایەلۆگی سەربەخۆییان داوە لەگەڵ بەغدا، ئەمەش بابەتێكی زێدەپڕبایەخەو زۆر لایەن لە ئەمریكا و ئەوروپا پێشوازییان لەم هەنگاوە كردووە، وەك رێگەیەك بۆ بەرەوپێشچوون بەرەو سەربەخۆیی. بێگومان بابەتی دیكەی پێوەندیداریش هەیە، وەك ئەوەی ئاخۆ لە دوای ڕزگاركردنی موسڵ، چی ڕوودەدات؟ ئاخۆ ئەو نیازپاكییەی ئێستا لەئارادایە لەنێوان هەولێرو بەغدا، بەردەوام دەبێت؟ ئیدارەو كۆنگرێسی نوێی ئەمریكا پلانیان چییە بۆ عێراق، ژمارەیەكی زۆر هاوكێشەی نەزانراو هەیە، بەشێكی پەیوەستە بە شەڕی موسڵ و بەشێكی بەوەی كە ئیدارەیەكی نوێ لەئەمریكا وا دەست بەكار دەبێت، بەڵام بێگومان گەلی كوردستان هەر بە ئاواتەكانی خۆی دەگات لە سەربەخۆیی. سەبارەت فیدڕاڵیزم و كۆنفیدڕاڵیزم و سەربەخۆیی تەواو، ئەمانە هەمووی لەسەر مێزەكەن، بەڵام پشت بە چەند فاكتەرێك دەبەستن، ئەوەی جێی گومان نییە ئەوەیە كە ئێمە بەڵێ لەسەر رێگەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین.

ئایندەی پێوەندییەكانی ئەمریكا و كوردستان

وەك پێشتر بەڕوونی كارمان لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما كردووە، دیسان دەبێت ڕوون بین لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و پێیان ڕابگەیەنین كە كوردستان و گەلەكەی دۆستێكی جێی متمانەی ئەمریكان. ویلایەتە یەیكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دۆستی جێی متمانە دەگەڕێت، كە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت، ئێمەش دەتوانین یەكێك بین لەو دۆستانەی ئەمریكا. ئیدارەی ئۆباما و كۆنگرێس دڵنیابوون لەوەی كە كوردستان پەناگەیەكی ئارامە بۆ كەمینەكانی عێراق و ئێمە پارێزەری كریستیانەكان و ئێزیدی و پێكهاتەكانی دیكەشین، دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە كە ئیدارەی داهاتووش بەم شتانە ئاشنا بن، ڕاستە بە خۆیان ئەم شتانە دەزانن، ڕاوێژكارەكانیان دەزانن و ئاگادارن، بەڵام دەبێت ئێمە هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی كارمان لەگەڵ بكەن لەم بوارانەدا. ئامانجی ئێمە بریتییە لەجەختكردنەوە لەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشدارییەكی بەردەوام و پێوەندییەكی بەردەوامی هەبێت لەگەڵ كوردستان. نەوەك پێوەندییەكی ئینتقالی كە هەر پەیوەست بێت بە موسڵەوە، ئێمە دەڕوانینە دروستكردنی پردی پێوەندیی بەردەوام، پێوەندییەكی درێژخایەنی نێوان كوردستان و ئەمریكا. ڕاستە ئێمە بەردی بناغەمان بۆ ئەم كارە داڕشتووە، بەڵام دەبێت بەردەوام كاری بۆ بكەین و پتەوی بكەین و درێژەی پێبدەین.
Top