بێ بەشداریكردنی پێشمەرگەو هەماهەنگیی سەربازی ئەستەمە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ سەربگرێت

بێ بەشداریكردنی پێشمەرگەو هەماهەنگیی سەربازی ئەستەمە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ سەربگرێت
لەئێستادا گرتنەوەو ئازادكردنی شاری موسڵ لەسەر زاری سیاسەتوان و شرۆڤەكارانی شارەزایانی سەربازی بۆتە بابەتێكی رۆژانەو لێرەو لەوێ لێدوانی جیاجیا بڵاودەكرێتەوە لەسەر دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ گرتنەوەی شارەكە، گۆڤاری گوڵان بۆ زیاتر ئاشناكردنی خوێنەرانی بەم بابەتە هەستیارەو بەرچاوڕۆشنكردنیان، ئەم دیدارەی لەگەڵ تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و ستراتیژیی ئەمنیی عێراقی ئەنجام دا و لە میانی وەڵامدانەوەی پرسیارەكاندا زیاتر رۆشنایی خستە سەر ئەم پرسە گرنگە.
تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و ستراتیژیی ئەمنیی عێراقی بۆ گوڵان: بێ بەشداریكردنی پێشمەرگەو هەماهەنگیی سەربازی ئەستەمە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ سەربگرێت




*قسەو باسی گەرم لە ئێستادا لەسەر گرتنەوەی شاری موسڵ و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە بۆ دەركردن و راونانی داعش لەم شارەدا، تا چەند زانیاریت لەسەر ئەم بابەتە هەیە؟
- بەپێی زانیارییەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان گردبوونەوەیەكی كەمیی هێزی عێراقی هەیە، شان بە شانی هێزی پێشمەرگەو بەشێك لەو هێزانەی توركیا كە هاتوونەتە ناوچەی باشیك، هاوكات هەندێ زانیاری دزەیان كردووە كە داعش دەستی كردووە بە ئامادەباشیی و هێزەكانی بۆ بەرگریكردن لە شاری موسڵ بڵاوەپێكردووە، هەروەها چەندین سەنگەری خۆقایمكردنی لێداوە و رێكاری توندوتۆڵی گرتۆتەبەر، بۆیە داعش ترسی ئەوەی لێ نیشتووە كە مەسەلەی پەلاماردانی موسڵ نزیك بۆتەوە.
* پێتان وایە ئامادەكاریی چۆن كراوە بۆ شەڕی موسڵ و گرتنەوەی ئەم شارە؟
- راستە ئەم شەڕە زۆر قورس و سەخت دەبێت، بەڵام مەسەلەكە سەروەریی وڵاتە, موسڵیش دووەمین گەورە پارێزگای عێراقە، لە ئێستادا ئەم شارە لە دەرەوەی شەرعییەت و سەروەری و یاسای عێراقدایە، بۆیە شتێكی ئاساییە كە هەموو ئامادەسازی و تواناو تەقەڵڵایەك بخرێتەگەڕ بۆ گرتنەوەو ئازادكردنی ئەم شارە، لەبەر ئەوە لەئێستادا هەموو هەوڵی حكومەت ئامادەكردنی هێزو دانانی پلان و بەرنامەی سەربازی و ستراتیژییە بۆ دانانی كاتژمێری سفرو دەستكردن بە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ، دیارە ئەم هێرشەش هەر وا ئاسان نابێت، چونكە دەبێ پێشتر تۆپباران بكرێت و وەڵامدانەوەی چەكداریی داعش بێ دەنگ بكرێت، ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە موسڵ شارێكی قەرەباڵغەو ژمارەی دانیشتووانەكەی لە ملیۆنێك زیاترە، هاوكات هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر شارەكە بێ ئەوەی گورزی ئاسمانی لە بنكەو مۆڵگەكانی داعش بدرێت زیانێكی زۆر نەك هەر بە هێزەكانی عێراق دەگەیەنێت بەڵكو خەڵكە سڤیل و بێ دەسەڵاتەكەی ئەم شارەش لەناودەچن، دیارە داعشیش حیسابی خۆی دەكات و لەهەموو شوێنێك هێزەكانی خۆی دابەش دەكات كە زیانی زۆری بەدوادا دێت.
* باستان لە خەڵكی شارەكە كرد، ئایا هیچ پلان یان بەرنامەیەك لەئارادایە بۆ پارێزگاریكردن لە گیانی ئەو هاووڵاتییانە، هیچ میكانیزمێك هەیە تاكو كارەساتی مرۆیی روونەدات؟
- ئەمە شتێكی زەحمەت دەبێت، چونكە لەو حاڵەتەدا داعش هێزەكانی خۆی دابەش دەكات، دەروازەی هاتنە ناوو دەرچوونی شارەكە كۆنتڕۆڵ دەكات و بازگە دادەنێت و خەڵكەكەش ناتوانن لەلایەن هێزەكانی عێراقییەوە بواری رزگاربوونیان بۆ دابین بكرێت، لێرەدا كارەساتی مرۆیی دێتە ئاراوەو قوربانی گیانیی لێدەكەوێتەوە. دەكرێ هەندێ هێز بە فڕۆكە لە دەوروبەرو گەڕەكەكانی شارەكە دابەزێنرێن تاكو رێگە بۆ خەڵكە مەدەنییەكە بكەنەوە، بەڵام ئەوەش سەركێشییەو توانا و پلانی پێویستە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێموایە دەكرێ لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی نێوان هێزەكانی عێراقی و داعشدا خەڵكانێك بتوانن دەرچەیەك یان دەروازەیەك بدۆزنەوەو خۆیان رزگاربكەن و لە شارەكە بێنە دەرەوە.
* لە شەڕی گرتنەوەی رەمادیدا سوپاو میلیشیاكان بەشدارییان كرد، ئایا دەكرێت سوود لەو هەڵانە وەربگیرێت كە لە گرتنەوەی موسڵ دووبارە نەبنەوە؟
- بە دڵنیاییەوە، شتێكی ئاساییە كە فەرماندە سەربازییەكان لە دوای هەموو هێرش و شەڕێك پلان و بەرنامەی دیكە بۆ شەڕی دواتر دادەنێت، چونكە دوژمنەكە هەمان دوژمنە، سەربازو جەنگاوەری عێراقی هەر خۆیانن، ئەو چەكانەی لای هەردوو لاش هەر هەمان چەكن، هێزی ئاسمانی عێراقیش هەر خۆیەتی، بەڵام رەنگە سروشتی جوگرافیی ناوچەكە جیاوازیی هەبێت، ئەوەی نەینەوا چیاو گردۆلكەو دۆڵ و شتی دیكەی جیاوازە لەگەڵ ئەنبار، ئەوێ دەشتاییەو بیابانەو سروشتی شەڕكردن دەگۆڕێت، هاوكات رەنگە سروشتی ئەم هێرشانە لە رووی توانای تەكنیكی و ئامێرو پێداویستیی سەربازی جیاوازتر بێت و توانای زیاتری بوێت تاكو پلانەكە سەربكەوێت.
* ئای لەو باوەڕەدان كە پڕۆسەی گرتەنوەی موسڵ نزیك بووبێتەوە؟
- لە زۆر سەرچاوەو زاری بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی عێراقی باس ئەوە دەكرێت كە نزیك بۆتەوە، بەڵام دیار نییە دوای مانگێكە، دووانە، سێ مانگە، كۆتایی ئەم ساڵە، دیار نییە، بەڵام وەك راوبۆچوونی تاكە كەسیی خۆم، من هیچ بەڵگەو ئاماژەو دەستپێشخەرییەك بەدی ناكەم، كە بیسەلمێنن ئەو هێرشە بەم زوانە دەكرێت، چونكە هەروەكو پێشتر گوتم مەسەلەی گرتنەوەی موسڵ زۆر زەحمەت و ئاڵۆزە.
* كەواتە بەڵگەو ئاماژەكانی ئەو هێرشە چین؟
- ئاساییە، بەر لە هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی، پێویستە گردبوونەوەی هێز لەئارادابێت، واتا گردبوونەوەی سەربازی یان ئیداری هەبێت، هاوكات پێداویستییەكانی سەرجەم ئەو یەكە سەربازییانەی كە هێرشیان پێ دەكرێت، ئەمە وێڕای پلان و بەرنامەی سەربازی كە دەبێ زۆر نهێنی بن، بۆیە ناكرێ وردەكاریی تەواوی ئەو پلانە سەربازییانە ئاشكرابكرێن، ئەوە پێویستی بەوە هەیە چۆن هێزەكان دابەش دەكرێن و لە كام بەرە یان شوێنەوە دەست پێدەكرێت، هەماهەنگیی نێوان فەرماندە سەربازییەكان و هاوكاریكردن بۆ هێرش كردنە سەر فڵانە خاڵ و فڵانە تەوەرە چۆن دەبێت، ئەم شتانە هەموویان پێویستییان بە پلان و رێككەوتن هەیە. دیارە ئەو هەموو هێماو ئاماژانە، دەكرێ لە خەڵكی ئاساییەوە بزانرێت چونكە ئاكارو شێوازی نیازی هەرش كردن پێشتر لای خەڵكەكە روون دەبێتەوە، تەنانەت لای رەتڵی پێنجەم دەزانرێ ئەو خۆئامادەكردنە بۆچییەو خەریكە پلانەكە تەواودەكرێت بۆ هێرش كردنە سەر شاری موسڵ.
* پێشبینی چی دەكەن بەوەی كە كام هێزو كێ بەشداریی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەكات، ئایا پێتانوایە سەركەوتن بەدەست دێنێت؟
- ئەمە پشت بە سروشت و چۆنێتیی پلانەكەو هاوكاریی دەبەستێت، من پێموایە بێ بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت شان بەشانی هێزی سەربازی و هێزە ئەمنییەكانی عێراق ناتوانرێت ئەم پلانە سەربگرێت و موسڵ رزگاربكرێت، وا بزانم ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆن دامەزراوە، كە لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی پلانە بۆ دەستپێكردنی ئەم هێرشە، بۆیە پێویستە هەوڵی هاوبەش هەبێت، هەروەها گردبوونەوەی تەواوی هێزەكان ئامادەبكرێت، تەنانەت بە بەشداریی چەكدارانی خەڵكی نەینەوا كە لە ئێستادا مەشق و راهێنان دەكەن، كە پێویستە ئەوانیش بەشداریی پێ بكرێن چونكە خۆیان خەڵكی پارێزگاكەن و بەلایانەوە زۆر گرنگە، كە پێموایە مەشقەكانیان زۆری نەماوەو هەموویان پڕچەك دەكرێن و ئامادە دەكرێن بۆ بەشداریكردن لەم ئۆپەراسیۆنە گرنگەدا، هەرچەندە زیان لە هەردوو لا دەكەوێتەوە، بەڵام ئەگەر ئیدارەیەكی سەركەوتوو هەبێت دەتوانرێت ئەو شارە رزگاربكرێت.
* ئایا دانانی ئەو هێزانەی كە بە نیازی گرتنەوەی موسڵن، چ جۆرێكن، ئایا پەیوەستە بە شارەزایی یان هۆكاری دیكەوە؟
- ئەوانەی بەشداری دەكەن لە ئەستێرەیەكی دیكەوە نەهاتوون، شارەزای كەشوهەواو بەرزونزمیی و سروشتی ناوچەكەن، هاوكات دوژمن ناسراوە بە هەموو توانای سەربازی و میكانیزم و پلانەكانییەوە، پێشتر زانراوە پلان وبەرنامەی شەڕیان چۆن بووە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە هەموومان زانیاریمان دەربارەی چەك و تەقەمەنی و پێكهاتەكانی هەیە، هەروەها خەڵكی ناوچەكە كە بەشداری دەكەن ئەوان بەر لە هەموو كەسێك بە سروشت و كەشوهەواو خاكی دەڤەرەكە ئاشنان، بۆ زانیاریشتان دوژمن( داعش) چەكی ئاسمانی و فڕۆكەی نییە، بۆیە هێزی ئاسمانیی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەركەوتن لەو شەڕەدا، لەكۆتاییدا ئەوە دووبارە دەكەمەوە كە ئەگەر هەماهەنگی و هاوكارییەكی پتەو هەبێت، شان بە شانی هێزی ئاسمانی و بەشداریكردنی هەموو هێزەكان و دابینكردنی چەك و تەقەمەنیی پێویست دەتوانرێت ئەم ئۆپەراسیۆنە سەركەوتن بەدەست بهێنێت و شاری موسڵ رزگاربكرێت.
Top