ئیسرائیل لە هەوڵی چەسپاندنی هاوپەیمانییەكی ستراتیژییە لەگەڵ میسر و درووستكردنی پێوەندی نهێنی لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی كەنداودا
February 25, 2016
دیمانەی تایبەت
گۆڕانكارییەكان هەموو هێزە ئیقلیمییەكانی خستۆتە جووڵە، هەریەك لەو هێزانە لە هەوڵی ئەوەدایە هەژموونی خۆی بە سەر رووداوەكاندا بسەپێنێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو كێشەگەلێكی ئاڵۆز و بێ چارەسەردا بەرەو داهاتوویەكی نادیار هەنگاو هەڵدەگرێت، لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا كورد بۆتە یەكێك لە توخمەكانی ئەم هاوكێشەیە. بۆ قەسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر جۆزیف ئۆلمەرت ئوستادی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و تایبەتمەند لەسەر دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكا لە واشنتۆن ئەنجامدا و بەمجۆرە رایەكانی خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.جۆزێف ئۆلمێرت بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكا لە واشنتۆن بۆ گوڵان:ئیسرائیل لە هەوڵی چەسپاندنی هاوپەیمانییەكی ستراتیژییە لەگەڵ میسر و درووستكردنی پێوەندی نهێنی لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی كەنداودا
* رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە توندوتیژی و پشێوی تەواو و داڕووخان دەناسرێتەوە بە ڕادەیەك كە تەنانەت هەندێك پێیانوایە باری ئێستایەك نییە بپارێزرێت، كەواتە چۆن رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێكدەدەیتەوە؟
- نیزامی هەرێمایەتی پاش قۆناغی سەربەخۆیی، بەڕاستی كۆتایی هاتووە، ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، داڕووخانی بەشە سەرەكییەكانە. گەورە كۆچكردوو فوئاد عەجەمی بارودۆخی نالەباری عەرەبی لە دەیەكانی پێشوودا باسكردووە، بەڵام ئەمەی ئێستا بارودۆخێكی زۆر نالەبارترە و لێكەوتەی جیهانیشی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێستا كێشەی پەنابەرانیش هەیە. چوار دەوڵەت لێرەدا وەك یەمەن و لیبیا و عێراق و سووریا دەوڵەتی شكستخواردوون و ئەوانی تریشی لە سەر لێواری ئەوەن بەهەمان شێوەیان لێ بێت. كێشەی سەرەكی مەسەلە تایفەییەكان و بێتواناییە لە چارەسەركردنیدا بە شێوەیەكی دیموكراتییانە، هەروەها گرنگی میراتییەكانی مێژوویەكی درێژ لە رق و كینە و ناكۆكییە. هەموو ئەو ئایدیۆلۆژییانەی تاقیكراونەتەوە شكستیان هێناوە، جا چ سۆشیالیزمی عەرەبی، یان پان عەرەبیزم بێت. لە بارودۆخێكی ئاوادا خەڵك هەوڵدەدات پەنابەرێتە بەر ئاستە سەرەتاییەكانی هاوكاری كۆمەڵایەتی و ئایین. تەیاری ئیسلامی وەك چارەسەرێك بۆ ماوەیەكی كەم لە میسر تاقیكرایەوە لە ژێر دەستی محەمەد مورسی و ئەویش بەخراپی شكستی هێنا. ئەو بیرۆكەیەی كە سەقامگیریی سیاسی مەرجی سەرەكی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە تێكدراوە، لەبەر ئەوەی سەقامگیریی بەبێ رەوایەتی بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام نابێت، هەرچەندە بۆ ماوەیەكی درێژیش سەركەوتوو بێت.
• یەكێك لە خەسڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمانی نیزامە، ئەوەی مەسەلەكانی خراپتر كردووە، ئەوەیە هەوڵێكی جددی نییە بۆ گەڕانەوەی ئەم نیزامە بۆ شوێنی خۆی، ئایا ئەم لێكدانەوەیە دروستە؟
- ئەمریكا لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆك ئۆباما-دا لەیەكترازاوە، بەڵام رەنگە شتەكان لە ماوەی ساڵێكدا بگۆڕێت. راستییەكە ئەوەیە ئەمریكا زۆر بە خراپی لە داگیركردنی عێراقدا لە ٢٠٠٣دا شكستی هێنا و ئەم شكستە بووە هۆی هێنانە كایەی گۆڕانكاری لە تێگەیشتنی رای گشتی ئەمریكا سەبارەت بە رۆڵی ئەمریكا لە سیاسەتی جیهانیدا. هەرچەندە لە رووی نەریتییەوە بە پێویست دەرنەبڕاوە، بەڵام سیاسەتی گۆشەگیری هاتەوە ریزی پێشەوەی گوتاری سیاسی و گشتی لە ئەمریكادا. با راستگۆ بین سەبارەت بەمە، ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی كە لە شكستی ئەمریكا لە عێراق هاتەئاراوە، رەگی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان. ئایا هێزێكی بیانی چەند بەهێز بێت، دەتوانێت سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی باش دامەزراو ناچار بە گۆڕان بكات لە ناوەوە؟ ئەمە پرسیارێكی گەورەیە و من پێموایە گۆڕانی راستەقینە تەنیا لەناو كۆمەڵگەكان خۆیاندا روو دەدات و كاریگەری دەخەنە سەرخۆیان، بەڵام وڵاتانی عەرەبی زۆر لاوازترن لەوەی ئەمە بكەن، بۆیە من گەشبین نیم، لەوانەیە میسر لە ژێر دەسەڵاتی سیسی-دا بتوانێت ئەمە بكات، بەڵام چاوەڕێ دەكەین بزانین چی دەكات.
• لەم دواییانەدا ناكۆكی لە نێوان سعودیە و ئێراندا سەریهەڵداوە، بەڵام ئەم ناكۆكییە رەهەندێكی تایفەیی هەیە و سەرتاپای ناوچەكەیان كردووەتە مەیدانی جیۆپۆلیتیكی خۆیان بۆ شەڕ، ئایا ئەنجامە مەترسیدارەكانی ئەم جەنگە تایفەییە لە ناوچەكەدا چییە؟
- سعودیە و ئێران لەپێكداداندان، لەبەر ئەوەی ئەم دوو سیستەمە نوێنەرایەتی دوو كۆڵەكەی سەرەكی جیهانی ئیسلامی دەكەن، كە ئەویش سوننە و شیعەیە. لەلایەكی ترەوە وادەردەكەوێت. ئەو جەختكردنەوەی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریكا زیاتر بووبێت و ئەمەش وایكردووە سعودیە واهەست بكات لەلایەن ئەمریكاوە دەستخەڕۆكراوە، هەروەها گرنگە بزانین كە سعودیە كەمینەیەكی شیعە هەیە و دەترسێت لە دروستبوونی هیلالی شیعە هێشتا سعودیە و ئێران سامانی نەوتیان هەیە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام نابێت، لەبەر دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی لەسەرخۆی ئیعتمادی جیهان بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. من خۆزگە دەخوازم سعودیە بگاتە ئاستی ئێران، بەڵام زۆر بە هێزی سەربازی سعودیە سەرسامم و لە هەڕەشەكانی دەستێوەردانیان لە سووریادا خۆشحاڵ نیم. هەرچەندە زۆر سەرسام نیم بە دەسەڵاتی سەربازی ئێران، بەڵام لە هی سعودیە باشترن.
• ئەوەی هەموو لایەك لە ناوچەكەدا لێی دەترسێت، بڵاوبونەوەی ئەم رەوشەیە و هیچ وڵاتێك لە ناوچەكەدا ناتوانێت خۆی لێ بەدوور بگرێت، كەواتە دەتوانین پێشبینی رۆڵی ئیسرائیل بكەین بۆ گەڕانەوەی نیزام بۆ ناوچەكە؟
- ئیسرائیل ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە بەهۆی رووداوەكانی ئەم دواییە لە وڵاتانی عەرەبی دروست بووە. ئیسرائیل بە چەسپاندنی هاوپەیمانی ستراتیژیی رانەگەیەنراو لەگەڵ میسر پێوەندییە هەرێمایەتییەكانی فراوان دەكات و ئاشتی لەگەڵ ئەردەن-دا دەپارێزێت و پێوەندی نەرێنی و گرنگ لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی تری كەنداو دروست دەكات، تەنیا هۆكاری هاوبەش هەڕەشەی هاوبەشی ئێرانە. لە هەمان كاتدا ئیسرائیلییەكان هێڵی سووری رانەگەیەندراویان لە سووریا و لوبنان درووست كردووە، بە مەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی شەڕەكە بۆ ناوچەكانی خۆی. بۆیە بارودۆخەكە زۆر نائارامە. ئیسرائیلییەكان دۆزینەوە نوێیەكانیان لە بواری وزەدا بەكاردێنن بۆ فراوانكردن و زیادكردنی پێوەندییەكانیان لە دەریای ناوەڕاستدا، بەم زووانەش پێوەندییەكانیان لەگەڵ توركیادا دەگەڕێننەوە، ئەمەش لە پێگەی لاوازییەوە ناكەن. رژێمی ئەردۆگان لە ئێستادا پێوەندییەكی لاوازە، بۆیە هێشتا ئیسرائیل پێویستە زیاتر هەوڵ بدات، بەتایبەتی بە پاڵپشتی كوردەكان بێ گوێدانە ناڕەزاییەكانی سوڵتانە بچووكەكە لە ئەنقەرە.
• وەك دەزانی تیرۆریزم كاریگەری خستووەتە سەر هەموو لایەك لە ناوچەكەدا و داعش بووەتە هەڕەشە بۆ هەمووان، بەڵام یەكێك لەو هێزانەی كە توانیویەتی بەرپەرچی ئەمە بداتەوە، بە شێوەیەكی باش هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بەڵام لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بەدەست قەیرانێكی دارایی ترسناكەوە دەناڵێنێت و رەنگە ئەمە كاربكاتە سەر شەڕكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە دژی داعش، پێتوا نییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركێكی ئەخلاقی و سیاسی لە سەرشانە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە لەم بارودۆخە ناخۆشەدا؟
- ئەوە ئاشكرایە من پاڵپشتیكارێكی گەورەی بزووتنەوەی رزگاڕیخوازی كوردم و سەرسامم بە پێشمەرگە. بەڵام پێموایە تەناقوزێكی زۆر هەیە لە نێوان لێدوانە فەرمییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە پێویستی یارمەتی برا كوردەكان و ئەو پاڵپشتییە راستەقینەیەی كە كراوە. جێگەی سەرسوڕمان نییە گەر بگەڕێینەوە بۆ خۆشحاڵی ئۆباما لەگەڵ توركیادا وەك هۆكاری سەرەكی ئەو تەناقوزە. هەندێك لە كۆمارییەكان بە توندی دژی ئەو سیاسەتەن، بەڵام تەنیا قسە بەس نییە بۆ هاوڕێ كوردەكانم، ئەگەر هیچ شتێك نەگۆڕێت، كاتێك كۆمارییەكان جێی ئۆباما دەگرنەوە، ئەمەش ئەگەرێكی گەورەیە. هەروەها ئامۆژگاری كوردەكان دەكەم كە زۆر متمانە بە رووسەكان نەكەن، چونكە ئەمە خەباتێكی دوور و درێژە بۆ بەدیهێنانی ئاواتە رەواكانی كورد، دەبێت زیاتر پشت بە یەكڕیزی خۆیان ببەستن. من تەنیا دەتوانم هیوا بخوازم ئەو رۆژە دێت كە دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆی یەكگرتوو ببینین.
