ئەگەر كورد بتوانێت سەركەوتنەكەی شنگال بچەسپێنێت زیاتر لە بەدەستهێنانی دەوڵەت نزیك دەبێتەوە
December 3, 2015
دیمانەی تایبەت
مایكڵ درێزن پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی جۆن كابۆت لە رۆما -ی ئیتاڵیا كە تێیدا وانەبێژی ئایین و سیاسەتە. بڕوانامەی دكتۆراشی لە بواری زانستە سیاسییەكاندا لە زانكۆی نۆتردام بەدەست هێناوە. بۆ هەڵوەستەكردن و شیكردنەوەی پەرەسەندنە نوێیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ئەگەر و ئایندەیەی چاوەڕێی ئەم ناوچەیە دەكات، گوڵان دیدارێكی لەگەڵدا سازكرد، ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.پڕۆفیسۆر مایكڵ درێزن لە زانكۆی رۆما بۆ گوڵان:ئەگەر كورد بتوانێت سەركەوتنەكەی شنگال بچەسپێنێت زیاتر لە بەدەستهێنانی دەوڵەت نزیك دەبێتەوە
* پاش تێوەگلانی رووسیا لە هاوكێشە هەرێمایەتییەكان و ویستی ئەو وڵاتە بۆ هەبوونی پێگەیەك لە سەرلەنوێ دانانەوەی سیاسەتی هەرێمایەتی و بوونی بە یاریزانێكی سەرەكی تیایدا، دەبینین ئەم تێوەگلانە بارودۆخی ناوچەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە، بەتایبەتی لە ئێستادا پاش رووداوەكانی پاریس و خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی رووسی لەلایەن توركیاوە، ئایا پێشبینی هیچ پێكدادانێك لە ناوچەكەدا دەكەیت؟
- پەلامارەكانی داعش بۆ سەر پاریس و -رووداوی خستنەخوارەوەی- فڕۆكەكەی رووسیا قۆناغێكی نوێی درووست كردووە، بۆیەكەم جار لەماوەی دووساڵدا رێكەوتنێكی نێودەوڵەتی لە دژی داعش درووست بووە، ئەمەش ئەوەم بیردەهێنێتەوە كە لە ساڵی 1991 سەدام حوسێن كوەیتی داگیركرد، هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لە دژی سەدام حوسێن درووست كرا، بۆیە ئێستاش ئەگەری سەرهەڵدانی شتێكی ئاوا لەئارادایە، رووسیا، وڵاتە یەكگرتووەكان، فەڕەنسا، سعودیە، ئێران و هەمووان پێیانوایە داعش دەبێت نەمێنێت، بۆیە ئەگەری درووستبوونی هاوپەیمانییەكی یەكگرتوو هەیە بۆ هێرشكردنە سەر داعش، ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە بزووتنەوەیەك بێنێتەئاراوە بۆ تێكشكان و لەناوبردنی داعش، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دوای ئەوە چی دەبێت؟ لەبەر ئەوەی پاشەگەردانییەكمان لە ئێستادا لێرە هەیە و روون نییە، رووسیاش بارودۆخەكەی زۆر ئاڵۆزتر كردووە و زۆر قورس بووە ئەسەد بڕووخێ و بەرژەوەندییەكانی رووسیا وای لە ولایەتە یەكگرتووەكان و فەڕەنسا كردووە گومانیان هەبێت لەوەی كە رووسیا دەیكات، هەروەها پێوەندی ئێران لەگەڵ رووسیا و وڵاتە یەكگرتووەكاندا وای كردووە قورس بێت عێراق و سووریایەكی سەقامگیر پاش داعش دروست بێت، بەتایبەتی لە پاش خستنەخوارەوەی فڕۆكە رووسییەكە لەلایەن توركیاوە.
* سەرهەڵدانی داعش و درووستكردنی خەلافەتێك لە ناوچەكەدا سنوورەكانی لە ناوچەكەدا گۆڕیوە و كۆتایی بە رێكەوتنی سایكس پیكۆ هێناوە، ئایا پێشبینی گۆڕانی سنوورەكان و دامەزراندنی دەوڵەتێكی نوێ لەناوچەكەدا دەكەیت؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر بەجێیە. پێموایە كورد لە ئێستادا پێگەیەكی سیاسیی زۆرباشیان لە رۆژئاوادا هەیە و پێشموایە شتی زۆر نوێ لەلایەن رۆژئاواوە بۆیان دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر كورد سەركەوتووبن لە چەسپاندنی سەركەوتنیان لە شنگال و رزگاركردنی مووسڵ، ئەمە ئەگەری درووستبوونی دەوڵەتی كوردستانیان دەداتێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە كاتێك دێتە سەر ئەوە، توركیا مەسەلەیەكی گرنگە، بەڵام ئەگەر هەیە جۆرێك لە سازانی مێژوویی لەسەر ئەمە درووست بێت. هەروەها ئەگەری درووستبوونی هەرێمی دیكە لەناوچەكەدا هەیە، وەك ئەگەری درووستبوونی هەرێمێكی سوننی لە سووریا، لەبەر ئەوەی كاتێك باس دێتە سەر دیمەشق و بەغدا، كەس پلانێكی باشی نییە بۆ دابەشكردنی بەغدا و دیمەشق بەسەر سوننە و شیعە، یان سوننە و عەلەوییەكان و مەسیحییەكان، بۆیە هەندێك بەش لە سووریا لەوانەیە واباش بێت چارەسەری جیاكردنەوەی سوننەكان بكرێت لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئێستای سووریا و عێراق پاشەگەردانییەكی گەورەیان درووست كردووە، بۆیە ئەم ئەگەرانە لەئارادان.
* زۆربەی شارەزایان پێیانوایە بۆ تێكشكانی داعش دەبێت هێزی زەمینی هەبێت، بۆ ئەمەش وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناتوانن و نایانەوێت ئەمە بكەن، لەلایەكی دیكەیشەوە شیعەكان لە عێراق بە حەشدی شەعبی شەڕەكەیان بۆ شەڕی تائیفی گۆڕیوە، ئەمەش بارودۆخەكەی خراپتر كردووە. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەتایبەتی پاش رزگاركردنی شنگال سەلماندیان دەتوانن تیرۆریزم تێكبشكێنن، بۆیە تاچەند دەبێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكانی داعش لەسەر زەمین یارمەتی و پاڵپشتی پێشمەرگە بكەن؟
- ولایەتە یەكگرتووەكان و سەرۆك ئۆباما زۆر دوودڵن لە هێنانی هێزی زەمینی، بۆیە سیاسەتەكە ئەوەیە پاڵپشتی هێزە ناوخۆییەكان بكەن لەسەرزەمین، وەك كوردەكان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هەروەها رێگەدان بە سعودیە و توركیا كە پابەندبن بە ئەم شەڕەوە، مەسەلەكە دەگۆڕێت بە شەڕی هەرێمایەتی و ئێرانیش زیاتر دەستێوەردان دەكات، بەڵام ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتووی ئەمریكادا كۆمارییەكان بیبەنەوە، ستراتیژی ئەمریكا بەخێرایی دەگۆڕێت.
* لەم بەشەی جیهاندا لە پاكستانەوە تا نایجیریا دەوڵەتان شكستخواردوون و تیرۆریستان ئەم بۆشاییەیان پڕكردوەتەوە، بۆیە ئەگەر داعشیش تێكبشكێت، پێشبینی دەكرێت میلیشیا و رێكخراوی تیرۆریستی دیكە لەناوچەكەدا دەربكەون، بۆیە بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەر بكرێت، پێویستە یەكەمجار ئەم دەوڵەتە شكستخواردووانە چارەسەر بكرێن، چۆن ئەمە روودەدات؟
- ئەمریكا لە ئەفغانستان بۆ چەندین ساڵ هەزاران سەربازی بڵاوكردەوە، بەڵام ئێستا توانای ئەوەی نییە خۆی بپارێزێت، بۆیە دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت كاتێك بیر لە داعش دەكەینەوە لە سووریا، سەبارەت بە عێراق ئەمریكا دەبێت هەوڵبدات ستراتیژێك پەیڕەو بكات كە ببێتە هۆی درووستبوونی دەوڵەتێكی نەتەوەیی، چارەسەری كێشەكان بەوە دەبێت كە دەوڵەتێكی نەتەوەیی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ دابمەزرێت لەناوچەكەدا، بەڵام ئەمەش پرۆسەیەكی زۆر قورسە.
* مەسەلەی پەنابەران بووەتە بارێك بەسەر ئەوروپاوە و هۆكارە سەرەكییەكەشی سەرهەڵدانی تیرۆریزم و توندوتیژی و ناسەقامگیرییە لە سووریا، رۆژئاوا بەگشتی بەرپرسیارن لەم بارەیەوە، لەبەر ئەوەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بارودۆخەوە لە سووریا بەخێرایی كاریان نەكرد بۆ چارەسەری كێشەكانی سووریا تا لە دەست دەرچوو، لەئێستاشدا رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. لە سەرهەڵدانی ئەم كێشەیەوە هەندێك لەپارتە سیاسییەكان لە ئەوروپا پێشوازی لە پەنابەران دەكەن و هەندێكیش لە دژیان وەستاونەتەوە. تا چەند پێشبینی پێكدادانی شارستانیەتەكان دەكەیت، بەتایبەتی پاش هێرشەكانی فەرەنسا؟
- ئەمە كێشەیەكی مەترسیدارە بۆ ئەوروپا، بۆیە پێویستمان بە دەنگی زۆر بەهێزی سیاسی هەیە كە مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بكات و دیالۆگ درووست بكات. پێكدادانی شارستانیەتەكان گوتارێكە كە بەڕاستی داعش دەیەوێت جێبەجێی بكات، بەڵام لە ئەوروپادا زۆربەی خەڵك لەگەڵ ئەمە نییە، جگە لە راستڕەوە توندڕەوەكان و سیاسەتی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر نەژادپەرستی و ترس و جۆرێك لە پۆلێنكردنی ئایینەكان بنیاد نەنراوە، بۆیە ئەمە بەڕاستی زۆر مەترسیدارە و پێویستە لە ئێستادا هەموو جیهان لە دژی بوەستنەوە.
