ئامانجی زۆربەی شۆڕشەكان بۆ سەربەخۆییە، سەربەخۆیی كوردستانیش پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە
June 11, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر جیرالد هۆرن سەرۆكی بەشی مێژوو و بەڕێوەبەری دیراساتی ئەمریكی و ئەفریقییە لە زانكۆی هۆستن. بۆ قسەكردن لەسەر چەمكی شۆڕش لە مێژووی مرۆڤایەتی و ئامانجی شۆڕش بۆ سەربەخۆیی نەتەوەكان، هەروەها شۆڕشە جیهانییەكان وەك شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا و شۆڕشی تەكنەلۆژیا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.پڕۆفیسۆر جیرالد هۆرن سەرۆكی بەشی مێژوو لە زانكۆی هۆستن بۆ گوڵان:ئامانجی زۆربەی شۆڕشەكان بۆ سەربەخۆییە، سەربەخۆیی كوردستانیش پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە
* تا چەند لەگەڵ ئەوەدا هاوڕایت كە مانای شۆڕش زەمینەسازییە بۆ گۆڕانكاری و دیاریكردنی خواستەكانی نەتەوە؟
- ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە لەسەر شۆڕش بكەین، ئەوا شۆڕش پێكدادانی چینەكان لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شۆڕشی هایتییەكان لە نێوان ساڵانی 1791 بۆ 1804 (شۆڕشی هایتییە كۆیلەكان لە موستەعمەرەی فەڕەنسی لە سان دۆمینگۆ) كە بریتی بوو لە شۆڕشی كۆیلە ئەفریقییەكان دژی خاوەن كۆیلەكان- كە كۆڵۆنیاڵییە فەڕەنسیەكان بوون-، لە ئەنجامی ئەم شۆڕشەشدا حوكمڕانی وڵاتەكە گۆڕا. واتە ئەوانەی پێشتر كۆیلە بوون، بوونە حوكمڕان و ئەوانەی خاوەن كۆیلە بوون، یان دەبوو واقیعە نوێیەكە قبووڵ بكەن، یاخود وڵات جێبهێڵن، كە زۆربەیان ئەم كارەیان كرد و بەرەو فەڕەنسا و ئەمریكا و كوبا و. تاد هەڵاتن. ئاماژەم بە كوبا كرد و ئەگەر باسی شۆڕشی ئەم وڵاتەش بكەین لە ساڵی 1959، ئەوا شۆڕشێك بوو پێكدادانی لە خۆگرت لە نێوان حوكمڕانە كۆڵۆنیاڵییە نوێیەكان و خەڵكەوە كە لەلایەن واشنتۆنەوە (ئەمریكا) پشتیوانییان لێدەكرا. ئەگەر باس لە شۆڕشی ڕووسی بكەین لە ساڵی 1917، ئەوا پێكدادان بوو لە نێوان نوخبەی حوكمڕانی گەندەڵكاری ڕووسیا و چینی كرێكار و جووتیاراندا. كەواتە ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە بكەین ئەوا شۆڕش پێكدادانی توند لەخۆ دەگرێت بە زۆری لە نێوان چینەكاندا كە گۆڕانكاری لە سیستمی سیاسی، هەروەها زۆرجار لە سیستمی ئابووریشی لێدەكەوێتەوە.
* بۆچی شۆڕشی فەڕەنسی لە شۆڕشەكانی دیكە دیارتر و بەرچاوترە و تا چ ڕاددەیەك لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانكاری بووە؟
- لە بەشێكیدا گرنگییەكەی لەوەدا بوو كە بووە هۆی بەرپابوونی شۆڕشی هایتییەكان، (هایتییەكان، یان ئەوانەی دواتر بوونە نەتەوەی هایتی كە موستەعمەرەیەكی فەڕەنسی بوون)، كاتێك شۆڕشی فەڕەنسی لە ساڵی 1789دا ڕوویدا، ئەمە نائارامی لە هایتی دروست كرد و سەری كێشا بۆ شۆڕشی هایتییەكان لە ئابی ساڵی 1791دا. كەواتە یەكەمجار شۆڕشی فەڕەنسی لەبەر ئەوە گرنگ بوو كە بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی هایتییەكان، دووەمیان لەبەر ئەوە بوو كە شۆڕشێك بوو دژ بە فیوداڵییەت، هەروەها شۆڕشێك بوو دژ بە پاشایەتی، هەروەها گرنگ بوو لەبەر ئەوەی لە شۆڕشی ئەمریكای باكوور زیاتر دەستكەوتی لێكەوتەوە، چونكە لە كاتێكدا شۆڕشی ئەمریكا بە سەركردایەتی جۆرج واشنتۆن دژ بە پاشایەتی بوو، بەڵام لەگەڵ كۆیلایەتیدا بوو، لە كاتێكدا شۆڕشی فەڕەنسی بووە هۆی شۆڕشی دژ بە كۆیلایەتی لە هایتی، واتە لە شۆڕشی ئەمریكیدا دژ بە كۆیلایەتی كار نەكرا، بەڵكو لە پێناوی كۆیلایەتیدا كار كرا و دوای شۆڕشەكە ڕێژەی كۆیلەكان زیادی كرد. كەواتە گرنگی شۆڕشی فەڕەنسی لەوەدا بوو كە بووە هۆی بەرپابوونی شۆڕشی دژ بە كۆیلایەتی لە هایتی، هەروەها لە شۆڕشی ئەمریكیش زیاتر دەرئەنجامی هەبوو.
* هەموو شۆڕشێك دەبێت رۆشنبیران پشتیوانی لێبكەن و هەروەها دەبێت ئاستێك لە هۆشیاری هەبێت لەلایەن خەڵكەوە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك گرنگە بۆ ئەنجامدانی شۆڕش و بۆ ئامانجەكانی ژێرخانێكی هۆشیاری هەبێت؟
- بە دڵنیاییەوە نەك هەر ژێرخانی مەعریفی، بەڵكو پێویستە لەسەر ئاستێكی بەربڵاو خوێنەواریش هەبێت وەك پێشمەرجی شۆڕش. كاتێك باس لە ژێرخانی مەعریفە دەكەین ئەوا دەبێت باس لە هۆكارەكانی پێوەندیكردن بكەین، نەك هەر تەلەفۆن و ئەنتەرنێت، بەڵكو ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بڵاوكردنەوەی كتێب و پەروەردەی گشتی، هەموو ئەمانە سوودبەخشن، ئەگەر نەڵێم پێشمەرجی پێویستن بۆ شۆڕش.
* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە شۆڕش بۆ بەدەستهێنانەوەی ناسنامەی نەتەوەیەكە و لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادی و دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەییدایە، بۆ نموونە گاندی بۆ ئازادی هیندستان تێكۆشا و جۆرج واشنتۆن بۆ سەربەخۆیی ئەمریكا، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕادەیەك ئەو شۆڕشانەی لە پێناوی دروستكردنی دەوڵەتدا بەرپا دەكرێن، دووچاری دژواری زیاتر دەبنەوە؟
- لەبەر ئەوەی بە زۆری شۆڕشەكان پێكدادانی نێوان چینەكان لەخۆ دەگرێت، ئەگەر لە كوبا بڕوانیت، ئەوا نزیكەی هەموو چینەكان لەلایەن ڕژێمە كۆڵۆنیاڵییە نوێیەكەوە كە لەلایەن هێزە دەرەكییەكانی ئەمریكا پاڵپشتی دەكرا، سەركوت دەكران. ئەگەر لە شۆڕشی هایتییەكان بڕوانیت، ئەوا كۆیلە ئەفریقییەكان سەركوت دەكران لەلایەن خاوەن كۆیلەكانەوە كە فەڕەنسییەكان پشتیوانییان دەكردن. كەواتە بە دڵنیاییەوە شۆڕش نەك هەر زۆرجار تەنها نابێتە هۆی ئەوەی چینێك جێی چینێكی دیكە بگرێتەوە، بەڵكو سەربەخۆییش لەخۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەی چیتر ئەو نەتەوەییە نایەوێت لەلایەن نەتەوەیەكی دیكەوە حوكمڕانی بكرێت، هیندستان لە ساڵی 1947دا چیتر نەیویست لەلایەن لەندەنەوە حوكمڕانی بكرێت. لە ڕاستیدا زۆرێك لە شۆڕشەكان كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ڕوویاندا، لە دوای ساڵی 1945ـەوە سەربەخۆییان بە ئامانج دەگرت. ماوتسی تۆنگ لە ساڵی 1949دا لەبەردەم خەڵكەكەدا ڕایگەیاند: «the Chinese people have stood up» ئەوە لە بەشێكیدا مەبەستی ئەوە بوو كە چین ڕازی نابێت لەلایەن هێزێكەوە كە پێكهاتبێت لە ئەوروپی و ئەمریكی و یابانی حوكمڕانی بكرێت، بەڵكو لەلایەن چینیەكانەوە حوكمڕانی دەكرێت، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆرجار شۆڕشەكان سەربەخۆیی بە ئامانج دەگرن.
* ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانكاری و ئاڵ و گۆڕدا تێدەپەڕن، كوردەكانیش پێیانوایە ئەمە ساتەوەختێكی لەبارە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەتایبەتی كە دەوڵەتی ئیسلامی هەوڵی سڕینەوەی سنوورەكانی ئەم ناوچەیە دەدات. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كورد سوود لەم ئاڵ و گۆڕ و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و خەونی لە مێژینەی خۆی بێنێتەدی؟
- من لە خەباتی كورد تێدەگەم و هاوسۆزم لەگەڵیاندا، بەتایبەتی بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و لە كۆبانێ بەدەستیان هێنا. هەروەها هاوسۆزم لەگەڵ ئەو كوردانەی دووچاری نائومێدی هاتن لە ئیدارەدانی كورد لە توركیادا، لەسایەی ئەم كەشە هاوكارییەدا باش تێدەگەین كە بۆچی كورد – بەتایبەتی لەو بەشەی جیهاندا - هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەدەن. من هیوادارم كورد لە هەوڵیاندا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بتوانن پشتیوانی ڕووسیا، چین، بەڕازیل و ئەفریقیای باشوور و كوبا و حكومەتی هیندستان بەدەست بهێنن، چونكە ئەگەر ئەو پشتیوانییە دەستەبەر بوو، ئەوا ئاسانترە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن.
* زۆرجار باس لە شۆڕشی زانستی دەكرێت، وەك شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا و ئێستاش باس لە شۆڕشی تەكنەلۆجی دەكرێت، ئایا پێشبینی دەكرێت ئەم شۆڕشە لە ڕووی بەرەوپێشچوونەوە هەمان كاریگەری شۆڕشی پیشەسازی لێبكەوێتەوە؟
- ئەو ئەگەرە هەیە، پێموایە شۆڕشی تەكنەلۆجیای ئەم ڕۆژگارە پێوەندی بەستنی ئاسان كردووە و ئێوە لە هەولێر و من لە ئەمریكا پێكەوە قسە دەكەین. چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەمە مومكین نەبوو. ئاشكرایە شۆڕشی تەكنەلۆجی كاریگەریی گرنگی لێدەكەوێتەوە و لە ڕووی دروستكردنی پێوەندی و بڕینی سنوورە نەتەوەییەكان و گواستنەوەی ئایدیاكان بەو سنوورانەدا. خاڵی دووەم ئەوەیە شۆڕشی تەكنەلۆجیا بەتایبەتی هاتنەئارای رۆبۆت و كاریگەرییەكەی لەسەر بێكاركردن، ئەگەری ئەوەی هەیە كاریگەری ڕیشەیی هەبێت لەسەر چینی كرێكاران لە زۆرێك لە وڵاتاندا، لەبەر ئەوەی چینی كرێكاران دەبینین ڕۆبۆت كارەكانی ئەوان ئەنجام دەدات و ئەوانیش ناچار دەكات لە كاركردن ڕابوەستن، بەڵام زۆرجار خەڵكی لە بری ڕاوەستان لە كاركردن شەڕ دەكەن و لە سایەی شۆڕشدا ئەو كارە دەكەن، كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە شۆڕشی تەكنەلۆجی خۆی سەربكێشێت بۆ شۆڕش. بەڵام دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت، كە نوخبەی حوكمڕانی گەندەڵكاریش دەستیان بەم تەكنەلۆجیایەدا ڕادەگات. لە ئەمریكا لەسەر دروستكردنی سوپای ڕۆبۆت كار دەكرێت، هەروەك چۆن شەڕی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەكرێت، لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوەش هەیە كە شۆڕشی تەكنەلۆجیا هۆكارێك بێت بۆ دژەشۆڕش، هێندەی ئەوەی هۆكارێك بێت بۆ بەرپابوونی شۆڕش.
