لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقدا ناوهێنانی توركمان وەك كوفر وابوو، لە دەستووری كوردستاندا وەك نەتەوە مافەكانی دیاریكراوە
April 14, 2015
دیمانەی تایبەت
دەستوور بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە بە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی و نەتەوە و ئایینەوە، هەر بۆیە چۆن ئەم پرسە پەیوەندی راستەوخۆی بە نەتەوەی كوردەوە لە كوردستان هەیە، بە هەمان شێوە پەیوەندی راستەوخۆی بە چارەنووسی نەتەوە و ئایینەكانی دیكەشەوە هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی دەستوور و گرنگیی ئەم دەستوورە بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێمی كوردستان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كەرخی نەجمەدین ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمانی لە كوردستان و نوێنەری توركمان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخاوتن.كەرخی ئاڵتی بەرماخنوێنەری توركمان لە پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا بۆ گوڵان: لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقدا ناوهێنانی توركمان وەك كوفر وابوو، لە دەستووری كوردستاندا وەك نەتەوە مافەكانی دیاریكراوە
* ئێوە نوێنەری نەتەوەی توركمان بوون لە نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا، ئایا تا چەند گرنگە لەم قۆناخە هەستیارەدا كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت؟
- نەبوونی دەستوورێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات، بۆیە نەك هەر كاتی ئەوە هاتووە كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت، بەڵكو كاتەكەشی درەنگ بووە و دەبوو زۆر زووتر راپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوورەكە بكرایە و ئێستا ئەم دەستوورە كاری پێبكرایە، بۆیە لەم راستەوە گرنگە لە بایەخ و گرنگی دەستوور تێبگەین، لەبەر ئەوەی دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە لە نێوان دەسەڵات و خەڵك و لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەدا پەیوەندی نێوان خەڵك و دامەزراوە شەرعییەكانی وڵات رێكدەخرێت، هەربۆیە ئەگەر دەستوورمان نەبوو، واتە ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەمان نییە، راستە ئێستا حكومەت و دامەزراوە شەرعییەكان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانە كاردەكەن كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردوون، بەڵام بەشێك لەو یاسایانە یاسای كۆنی سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقن، لە رووی سیاسیشەوە ئێستا هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی فیدڕاڵی لەگەڵ عێراق دەخولێتەوە، بەڵام ئەگەر دەستوورمان هەبوایە دەمانتوانی لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە هەنگاوی زیاتر بۆ ئایندە هەڵبگرین، هەر بۆ نموونە هەنگاومان هەڵدەگرت بۆ كۆنفیدڕاڵی، یان راپرسی و سەربەخۆیی كوردستان. بۆیە زۆر گرنگە پرسی دەستوور یەكلایی بكرێتەوە و بە زووترین كات بخرێتە راپرسییەوە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان پەسەندی بكات و كاری پێبكرێت.
* دەستوور چەند زوو یەكلایی بكرێتەوە بۆ ئایندەی كوردستان گرنگە، بەڵام هەندێك جار وەك هەموو لایەك دەیبینین كە ئەم پرسە دەبێتە جێگەی مشتومڕی موزایەداتی سیاسی لەلایەن حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ئایا تاچەند موزایەداتی سیاسی لەسەر دەستوور زیان بە كوردستان دەگەیەنێت؟
- پێش هەموو شت، دەستوور نە بۆ نەتەوەیەكە نە بۆ حزبێكی سیاسییە لە كوردستان، دەستوور بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەكان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بۆیە پرسی دەستوور نە دەكرێت موزایەداتی سیاسی لەسەر بكرێت، نە دەكرێت سازشیشی لەسەر بكرێت، بەداخەوە لەم ماوەیە جارێكی دیكە لە میدیاكانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین پرسی دەستوور هەندێك مەسەلەی لەگەڵ تێكەڵ دەكرێت، یان پێوەی گرێدەدرێتەوە كە بە راستی شیاو نییە و لە جێگەی خۆیدا نییە، بۆیە لەم قۆناخە گرنگە هەموو لایەكمان بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و بیر و بۆچوونی سیاسیمان، بەرژوەندی حزبی خۆمان وەلا بنێین و بیر لە بەرژەوەندی باڵای كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە هەستیار و ناسك و مەترسیدارە تێپەڕێنین، ئەگەر نەتوانین ئەم هەنگاوە هەڵبگرێن، ئەوە ناشتوانین چاوەڕێی ئایندەیەكی گەش بكەین.
* نوێنەری نەتەوەی توركمان بوویت لە نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا، ئایا تاچەند ئەم دەستوورە مافەكانی نەتەوەی توركمانی لە كوردستان دەستەبەر كردووە؟
- توركمان نەتەوەیەكە لە دێرزمانەوە هاوشێوەی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بە ئاشتی لەگەڵ كورد لەسەر ئەم خاكە ژیاوە، هەربۆیە ئەم دەستوورە بۆ كورد و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیشە، بۆ هەموومان گرنگە دەستوورێكمان هەبێت و لەناو ئەم دەستوورەدا كیانی نەتەوەییمان پارێزراو بێت. ئەگەر لە روانگەی توركمانەوە سەیری بایەخی ئەم دەستوورەی كوردستان بكەین، دیارە لە سەردەمی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقدا لە هیچ دیكۆمێنتێكدا ناوی توركمان بوونی نەبووە، بەڵام ئێستا لەم دەستوورەی كوردستاندا توركمان وەك نەتەوە بوونی بەرجەستە كراوە، بۆیە ئێمە وەك نەتەوەی توركمان ئەم دەستوورە بە گرنگ دەزانین و هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە كار بۆ ئەوەی ئەم دستوورە بخرێتە دەنگدان و گەلی كوردستان پەسەندی بكات و كاری پێبكرێت.
* وەك ئەندامی لیژنەوەی نووسینەوەی دەستوور ئاگاداری وردەكاری ئەم پرۆسەیەت و دەشزانی ئەم پڕۆژەیە هەموو رێكارە یاساییەكانی خۆی تەواو كردووە و ئامادەبووە بۆ ئەوەی بخرێتە راپرسییەوە، ئەگەر ئەم پڕۆژە دەستوورە بخرایەتە راپرسییەوە، ئایا دواتر نەدەتوانرا ئەگەر پێویست بوایە هەندێك بڕگەی هەموار بكەنەوە؟
- ئێمە وەك لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان ماوەی دووساڵ زیاتر لەسەر ئەم پڕۆژەی دەستوورە كارمان كردووە، ئەم پڕۆژەیە هەموو قۆناخە یاساییەكانی خۆی تەواو كردووە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە بۆ ئەوەی بخرێتە راپرسییەوە، ئەوەی لای من جێگەی پرسیارە ئەوەیە، نازانم چۆن ئێستا باس لە گەڕانەوەی ئەم دەستوورە دەكرێت و داوادەكرێت پێش پەسەندكردنی هەموار بكرێتەوە؟ ئەم پرسە پێویستە بە یاسا بكرێت، دەبێت یاساناسان بە رێگەی گرێدانی كۆڕ و كۆنفرانس ئەم پرسە بۆ خەڵكی كوردستان روون بكەنەوە، پرسیارێكی دیكە ئەوەیە: ئایا كێ ئەو دەسەڵاتەی هەیە كە ئەو دەستوورە دووبارە هەموار بكاتەوە؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو لیژنەیەی بۆ نووسینەوەی دەستوور كاتی خۆی پێكهات، لەلایەن پەرلەمانەوە بە هەڵبژاردن پێكهاتووە و من وەك نوێنەری توركمان تیا بەشداربووم و نوێنەرانی هەموو پێكهاتەكانی دیكەشی تێدا بووە، ئەو لیژنەیە كارەكانی خۆی تەواو كردووە و كۆتایی هاتووە، جارێكی دیكە ئەو لیژنەیە ناتوانێت پێداچوونەوەی بۆ بكات، یان دەستوورەكە هەموار بكاتەوە، بۆیە گرنگە یاساناسان ئەم پرسە بۆ خەڵكی كوردستان یەكلایی بكەنەوە و روونی بكەنەوە چۆن ئەو كارە دەكەن، بۆیە ئەگەر دەستوور بگەڕێتەوە، دەبێت پەرلەمان یاسایەكی نوێ دەربكات و سەرلەنوێ لیژنەی نووسینەوەی دەستوور هەڵبژێرێتەوە، من بەش بەحاڵی خۆم رێگەیەكی یاسایی ئەوتۆ شك نابەم بە ئاسانی بتواندرێت ئەو دەستوورە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و سەرلەنوێ هەموار بكرێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە ئەم پڕۆژە دەستوورەی ئێستا وەك خۆی بخرایەتە دەنگدانەوە، پاش ئەوەی گەل پەسەندی دەكرد و دەكەوتە واری جێبەجێكردن، ئەگەر لەهەر بڕگە و ماددەیەكدا رووبەڕووی ئاستەنگ بووینایە، یان ئەو بڕگە و ماددەیە لەگەڵ ئێستا نەگونجابان، دەكرا هەموار بكرایەتەوە و چارەسەر بكرایە.
* جیا لە ئیشكالیەتی گەڕانەوەی دەستوور، وەك دەبینین ئەم پرسە گرێدراوەتەوە بە پرسی هەڵبژاردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، ئایا ئەم دوو پرسە بۆچی تێكەڵ دەكرێن؟
- وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئەم دوو پرسە نابێت بۆ بەرژەوەندی و موزایەداتی حزبی تێكەڵی یەكتری بكرێن، مەسەلەی دەستوور پرسێكە و رێوشوێنی یاسایی خۆی هەیە، مەسەلەی هەڵبژاردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش یاسای خۆی هەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێمە تائێستا دەستوورەكەمان نەخراوەتە راپرسی و پەسەند نەكراوە، گرنگە جەخت لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی چ بەڕێزێك ئەو پۆستە بەرێوە دەبات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە لە نەبوونی دەستوور دروست دەبێت، بۆیە گرێدانی ئەو دوو پرسە پێكەوە شتێكی راست نییە و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی دیموكراتی لە كوردستان دروست دەكات، سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، ئێمە وەك توركمان بە گشتی و بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان قسەی خۆمان هەیە.
* قسەی ئێوە لە سەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چییە؟
- قسەی ئێمە لەسەر كەسایەتی سەرۆك (مسعود بارزانی)یە كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، دیارە بۆ هەموو كەسێك ئەو راستییە روون بۆتەوە كە كەسایەتی سەرۆك بارزانی ئێستا جیهانییە و سنوورەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی تێپەڕاندووە، لە سایەی دیپلۆماتییەتی بەڕێزیانەوە جارێكی دیكە كوردستان بە جیهان ناسێندرایەوە، لەم شەڕە نەخوازراوەی تیرۆریستانی داعش كە بە سەر كوردستانیان سەپاند، كەسایەتی بارزانی بوو وایكرد هەموو جیهان بێنە سەرخەت و هاوكاری كوردستان بكەن، پێشمەرگە بووەتە وێردی سەر زاری هەموو جیهان و هەموو بە رێز و تەقدیرەوە باسی قارەمانیەتی پێشمەرگە دەكەن، لەمەش گرنگتر بوونی جەنابی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ ورەیەكی بەرزە بۆ پێشمەرگە، بەخشینی متمانە و دڵنیاییە بۆ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، ئەو دڵنیایی و متمانەیە لە مێژووی (بارزانی نەمر و خەباتی سەرۆك بارزانی)یەوە سەرچاوەی گرتووە، شكۆی ئەم مێژووە بەو جۆرە تۆمار كراوە، كە نابێت زوڵم لە كەس بكرێت و ناشبێت زۆڵم و زۆرداری لە كەس قبووڵ بكرێت، دیارە بە درێژایی ئەم مێژووەش سەرۆك بارزانی چۆكی بۆ هیچ زوڵم و زۆرێك دانەداوە، هەتا ئەویش سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت، كوردستان لە دەستێكی ئەمیندا دەبێت. بۆ ئێستاش بۆ ئەوەی هەموومان دڵنیا بین كوردستان بەرەو كۆی هەنگاو هەڵدەگرێت و لە ئایندە چیمان بەسەر دێت، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە دڵنیاییەوە بگەنە كەناری ئارامی، بێگومان دەبێت سەركردەیەكی كاریزمای گەورەمان هەبێت، ئەو سەركردە كاریزماییە گەورەیەش لە كوردستاندا تەنها خۆی لە جەنابی سەرۆك (مسعود بارزانی)دا دەبینێتەوە.
* ئێوە وەك نەتەوەی توركمان تاچەند لە ژێرسایەی حوكمڕانی سەرۆك بارزانی بە مافەكانی خۆتان شادبوون؟
- ئێمە بە تەجرەبە قسە دەكەین، بۆیە كاتێك دەڵێین بوونی سەرۆك مسعود بارزانی جێگەی دڵنیاییە بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان، هەروا لە خۆڕا وا ناڵێن، هەر بۆ نموونە ئێمەی توركمان تا رادەیەكی زۆر لە ژێر سایەی سەرۆك بارزانی بە هەموو مافەكانی خۆمان شادبووین، راستە 100% نییە، لەبەر ئەوەی كوردیش 100% بە مافەكانی خۆی نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو ئازادییە بكەین كە ئێستا توركمان بە ئاشكرا چالاكی سیاسی و نەتەوەیی خۆی ئەنجامدەدا و لەناو پایتەختی كوردستاندا حزبە توركمانییەكان بارەگای خۆیان هەیە، ئەمە لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عێراقدا كوفر و تاوان بووە، بۆیە ئێمە ئێستا زۆر ئازادانە و بە شێوەیەكی دیموكراتی داوای مافی خۆمان لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكەین، ئەمانەش هەمووی لە ژێر چەتری سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی بووە، لایەنێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە سایەی سەركردایەتی لۆژیكییانەی بەڕێزیاندا گەیشتۆتە ئاستێك مەزندە ناكرێت، هەر بۆ نموونە شاندی یەكێك لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە شاندی وەزارەتی پێشمەرگەیە لەو ماوەیەدا سەردانی فەڕەنسای كرد، ئەم شاندە لەلایەن فرانسۆ هۆلاندی سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆشكی ئەلێزی پێشوازییان لێكراوە، ئەمە لە كاتێكدا فەڕەنسا یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمە ئەگەر پێشتریش روویدابێت، زۆر دەگمەنە، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و هەرێمێكی فیدڕاڵییە و شاندێكی ئەم حكومەتە چۆتە فەڕەنسا و لەو ئاستە پێشوازی دەكرێت، دیارە ئەمە هەروا لە خۆڕا دروست نەبووە و بەرهەمی دیپلۆماتییەت و شكۆی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی جیهان دەردەخات، هەروەها ئەو هەموو كونسوڵخانە جیهانییە لە هەولێر كراونەتەوە و كوردستانی كردووە بە رووگەی نوێنەرایەتی هەموو دەوڵەتانی ئازادیخواز و دیموكراتی لە جیهاندا، ئەمانە هەمووی لە سایەی سەركردایەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی هاتوونە ئاراوە. هەر بۆیەش چۆن لە رابردوو پێویستمان بە كەسایەتی و شكۆی سەرۆك مسعود بارزانی بووە، بۆ ئێستا و بۆ ئایندەش پێویستمان پێیەتی.
* بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە، ئایا پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان هەست بە چ بەرپرسیاریەتییەك بكەن؟
- دیارە ئەو قۆناخەی ئێستا كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، قۆناخێكی هەستیار و پڕ هەڕەشە و مەترسییە، هەڕەشە و مەترسییەكانیش لەسەر تاك بە تاكی كوردستانە و وەك ئەوەیە هەموومان لەناو یەك كەشتیدا بین، بۆیە ئامانجی هەموو لایەكمان لە ئێستا دەبێت ئەوە بێت ئەم كەشتییە بە ئارامی و سەلامەتی بگاتە كەناری دڵنیایی، بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە من زۆر جار ئەوەم گوتووە، كە لە ئێستا كوردستان وەك یەك مرۆڤ وایە، سەرۆك بارزانی سەری ئەم مرۆڤەیە، بۆیە ئەگەر لەم قۆناخەدا سەرۆك بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبێت، كوردستان وەك لاشەیەكی بێ سەر دەبێت، مێژووی هەموو نەتەوەكانی جیهانیش ئەوەیان سەلماندووە لە قۆناخە هەستیارەكاندا نەبوونی سەرێك كە هەمووان پێكەوە كۆبكاتەوە، چ ئاژاوە و پاشاگەردانییەك دروست دەبێت، لە ئێستا ناحەزانی كوردستان دەیانەوێت كە ئەو بارودۆخەی كوردستان تێكبچێت و پێیان خۆشە كە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبێت، بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسیش بۆ بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی لەسەر ئەو نەزمە كار دەكەن بۆ ئەوەی هەندێك دەسكەوتی سیاسی بە دەست بهێنن، بەڵام ئەو لایەنە پێش هەموو لایەكی دیكە دەزانێت، نەبوونی سەرێك كە بتوانێت هەمووان كۆبكاتەوە، ئاكامەكەی چی دەبێت.
