پڕۆفیسۆر هنری فارێل لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ گوڵان:زەحمەتە شەڕی سارد دووبارە دەست پێبكاتەوە بەڵام كێشە و ناكۆكیی ئیقلیمی زیاتر دەبینین
February 19, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر هنری فارێڵ ئوستادی زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن و تایبەتمەندە لە بواری ئەو هەڕەشانەی لە ئێستادا رووبەڕووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو تەحەددییانەی لە ساڵی 2015 رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، هەروەها ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕی سارد لە فۆرمێكی جیاوازدا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* شارەزایان پێیانوایە لە دوای كەوتنی دیواری (بەرلین)ـەوە هیچ كاتێك هێندەی ساڵی 2014 پشێوی باڵی بەسەر جیهاندا نەكێشاوە، ئەمەش درێژ بۆتەوە بۆ ساڵی 2015ـەش، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا جیهان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پشێویە سیاسییانەدا دەكات؟
- ئێمە لە یەكێتیی ئەوروپا رووبەڕووی كۆمەڵە كێشەیەك بووینەتەوە لە بواری ئابووریدا، وەك مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی یۆناندا. ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەوا ناسەقامگیرییەكی بەردەوام هەیە و پێموایە ئەو ناسەقامگیرییە درێژە دەكێشێت، بەڵام نازانم ئایا دۆخەكە خراپتر دەبێت، یان نا. ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندی نێوان رووسیا و ئەوروپاوە ئەوا گرژی و ناسەقامگیری زیاتر دەبینین، بەڵام مەزەندەی ئەوە دەكەم بتواندرێت ئیدارەی ئەم دۆخە بكرێت، كەواتە ئەمانە كێشەی راستەقینەن، بەڵام پێموا نییە ببنەهۆی روودانی كارەساتی گەورە.
* بارودۆخەكە ئاڵۆزە و ئەم گۆڕانكارییانە كاریگەرییان هەبووە لەسەر سنوورەكان و و ئەمەش گۆڕانكاریی ئیقلیمی بەدوای خۆیدا هێناوە، كە ئاشتی و ئاسایشی جیهانیش بەدەر نابن لە كاریگەرییەكانی، بۆ نموونە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی، ئایا جیهان چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییە جیوپۆلەتیكییەكان دەكات، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامییەوە؟
- پێموایە دەوڵەتی ئیسلامی رووبەڕووی دوو تەحەددی دەبێتەوە، یەكەمیان سیاسییە و خۆی لە دەست بەسەردا گرتنی خاكدا دەبینێتەوە، ئەوی دیكەیان كۆمەڵایەتییە و خۆی لە بەدەستهێنانی عەقڵ و دڵی خەڵكدا بەرجەستە دەكات و بەدەستهێنانی باوەڕی خەڵك بەوەی چی هەڵەیە و چی راستە. لە رووی دەست بەسەرداگرتنی خاكەوە رووبەڕووی تەحەددی بۆتەوە، چونكە لە سەرەتادا بە رەوتێكی زۆر خێرا بەرفراوان بوو، بەڵام ئێستا دووچاری دژواری بۆتەوە لەوەی پتر بەرفراوان بێت، هەروەها رووبەڕووی زەحمەتی بۆتەوە لە پاراستنی هەندێ لەو خاكانەی دەستی بەسەردا گرتوون. لە پەیوەندی بە بەدەستهێنانی پشتیوانی جیهانی ئیسلامییەوە ئەوا دڵڕەقییەكەی كارێكی كردووە- بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییە- زەحمەت بێت. ئەمە لەو شەڕەدا بەرجەستە بووە كە لە نێوان گروپە توندڕەوەكاندا هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا هەوڵبدەن دڵ و عەقڵی خەڵك بەدەست بهێنن، یاخود رووبكەنە ئەو كەسانەی كە تووڕە و نائومێد بوون، ئێمە ئەو شەڕە گەورەیەمان بینی لە نێوان ئەلقاعیدە و گروپە جیاوازەكانی دیكە لە عێراقدا، بەڵام تاوانەكانیان نەگەیشتنە دڕندەیی داعش. كاتێك دەوڵەتی ئیسلامی بڕیاری سووتاندنی فڕۆكەوانە ئەردەنییەكە دەدات، ئەم كارەی نابێتەهۆی ئەوەی لە جیهانی ئیسلامیدا دۆست بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، چونكە ئەو دڵڕەقی و دڕندەیەتییە دەبینن، بۆیە پێموا نییە زیاتر لەو سنوورەی ئێستا بەرفراوان بن.
* دوای 25 ساڵ لە رووخانی دیواری بەرلین ئێستا رووسیا هەوڵدەدات جێ پێی خۆی لە سەر شانۆی جیهان جێگیر بكات، ئێستا ململانێیەك لە نێوان رووسیا و چین لەلایەك و رۆژئاوا بەگشتی لەلایەكی دیكەوە دروست بووە، ئایا پێشبینی هاتنەئارای دووبارەی شەڕی سارد دەكەن؟
- شەڕی سارد ناكۆكییەكی جیهانی بوو، پێموایە لە ئێستادا مەترسی زیاتری ناكۆكی ئیقلیمی لە ئارادایە، رووسیا دیكتاتۆرێكە و پتر بەرەو دژایەتی رۆژئاوا دەڕوات و دەیەوێت خۆی پیشانبداتەوە بەوەی كە هێزی هەیە، ئەگەرنا لەو باوەڕەدانیم رووسیا تموحی ئەوەی هەبێت بە چەشنی 25 ساڵ بەر لە ئێستا جیهان بگۆڕێت، بەڵكو پتر كار لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی دراوسێكانی دەكات. هەروەها تا راددەیەكی زۆر خەونەكانی چینیش سنووری ئیقلیمی تێناپەڕێنێت و خوازیارە وەك هێزێكی سەرەكی بناسرێت لە ئاسیا و چەند شوێنكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، بەڵام لەوێش لەبەر هۆكاری ئابووری ئەو رۆڵەی نییە، بەهەرحاڵ پشێوی و ناكۆكی زیاتر بەدی دەكەین.
* مەترسیی دەوڵەتی ئیسلامی گومان لەسەر ئایندەی هێزی سەربازی لە ناوچەكەدا دروستدەكات، لەبەر ئەوەی شەڕكردن لە دژی داعش و لەگەڵ تیرۆریستان لە پاكستانەوە بۆ نەیجیریا شەڕێكی تەقلیدی لە نێوان دوو دەوڵەت نییە، بەڵكو شەڕێكی بەرفراوان و فرەڕەهەندە، ئایا تا چەند هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بڕیاری سەربازی دژ بە داعش دەردەكات؟
- ئەمە دەوەستێتەسەر ئەوەی ئایا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی باوەڕی وایە هێزی سەربازی دەتوانێت چی بكات؟، لەلایەكی سنوورداریی هێزی سەربازی بەدی دەكەین، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە بڕیار بدەن داگیركاری بكەن، ئەوەش بارگرانییەكی گەورە دەبێت، زۆر زەحمەت دەبێت كە بتوانن سیاسەتی ئەوانە بگۆڕن، بەڵام ئەوەی دەتوانن ئەنجامی بدەن ئەوەیە كە هێزەكانیان لە ناو ببەن، دەتوانرێت تا راددەیەك ئەم كارە بە ئاسانی، هەروەها بە شێوەیەكی كارا ئەنجام بدرێت. وەك دەبینین كە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی راستیەكانی سەر ئەرزی واقیع ناگۆڕێت، بەڵام كاریگەرە لەوەی بوار نەدات پتر بەرفراوان بێت.
* لەسەر رۆشنایی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ئارادایە پێشبینییەكانتان بۆ ئایندە چییە؟
- پێموایە گرفتی زیاتر دەبینین لە نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل، باوەڕم وا نییە وەرچەرخانی گەورە رووبدات، بەڵام ئاڵوگۆڕێكی هەنگاو بە هەنگاو لە سیاسەتدا لە نێوان ئەمریكا و ئیسرائیلدا روودەدات. باوەڕم وایە گرفتی زیاتر دەبینین، بەڵام بە چەشنی سەردەمی شەڕی سارد نا.
