دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی بنەڕەتییەو ناكرێت دانوستاندنی لەسەر بكرێت
February 5, 2015
دیمانەی تایبەت
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 هاوكاری بەڕێزم د.عادل باخەوان ئاگاداری كردمەوە كە لەناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی 2015 لەگەڵ ئالان تۆرین بیرمەندی گەورەی فەرەنسا و جیهان، دیمانەیەكی تایبەت بۆ گوڵان ئەنجام دەدەین، وێڕای ئەوەی د.باخەوان چەندین دیمانەی دیكەی پێشتر بۆ گوڵان لەگەڵ بیرمەندانی گەورەی فەرەنسی وەك (رێجیس دۆبریە و مارسیل گۆشێ) و چەند بیرمەندێكی دیكەی فەرەنسی بۆ ئەنجام دابووین، بەڵام ئەم دیمانەیەی تۆرین بۆ ئێمە، وەك گوڵان و بۆ د.باخەوانیش تایبەتمەندیەكی زیاتری هەبوو، بۆ ئێمە وەك گوڵان زیاتر لەبەر ئەوەبوو هەندێك لە كتێبەكانی تۆرین بە تایبەتی كتێبی(دیموكراتی چییە؟) كراون بەكوردی و هەروەها كتێبەكانی دیكەشی بەشی زۆریان كراون بە عەرەبی و خوێنەری كوردستانی باشوور زیاتر پێیان ئاشنایە، دیارە بۆ د.باخەوانیش كە خۆی لەم بابەتە روونی كردۆتەوە، ئەوەی لەم چەند دێڕەدا گرنگە بە خوێنەرانی گوڵانی رابگەیەنم، ئەم دیمانە تایبەتانەی گوڵان لەگەڵ بیرمەندانی فەرەنسی پرۆژەیەكە د.باخەوان جێبەجێی دەكات و سەرەنجامیش كۆی ئەو دیمانانە دەكرێتە كتێبی گوڵان و پێشكەشی هەموو خوێنەرانی كوردستانی دەكەین، ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی گوڵانە لەگەڵ ئالان تۆرین.لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا ئالان تۆرین بیرمەندی گەورەی فەرەنساو جیهان:دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی بنەڕەتییەو ناكرێت دانوستاندنی لەسەر بكرێت
یەکێك لەو شتانەی کە پێمخۆشە پێش مردنم بیبینم دروست بوونی دەوڵەتی کوردستانه
قەسابخانەکەی شارلی ئیبدۆ فەرەنسای مێژوویی گێڕایەوە نێو ڕۆحمان، بێگومان مەبەستم فەرەنسای کۆلۆنیالیست نییە، بەڵکو فەرەنسای خاکی ئازادی و سەرچاوەی ڕۆشنگەری و شۆڕش لەپێناوی ئازادی ڕادەربڕیندایه
* 7 ی ژەنیوەری 2015، کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەمە، کاتژمێر 11 و چارەك، کە چرکەساتی قەسابخانەکەی پاریس بوو، بەڕێزتان لەکوێ بوون؟ چیتان دەکرد؟ بیرتان دێت؟
- لە ماڵەوەبووم، هێشتا نەگەیشتبومە قوتابخانەی خوێندنی باڵا. سەرگەرمی پیاداچوونەوەی دواکتێبم بووم. کاتژمێر 12 و شتێك، کریستێل(کە سکرتێری تایبەتی ئالان تورێنە) تەلەفۆنی بۆکردم و ئاگاداری کردمەوە لەوەی کە چی لە شارلی ئیبدۆ ڕوویداوە. لە ڕۆژی چوارشەمەوە تا ڕۆژی یەکشەمە، ئەوەی لە فەرەنسادا ڕوویدا، شتێکە نزیك لە وەحی ئیلاهیەوە بۆ کۆمەڵگاو نەتەوەی فەرەنسی بەگشتی و بۆ جمهوریەت بەتایبەتی. زیاتر لە چەند ساڵێکە، فەرەنسا لە بێئومێدیەکی بێسنووردا دەژی و پەردەیەك لە رەشبینی بەسەر کۆی کۆمەڵگای فەرەنسیدا دراوە. زیاتر لە چەند ساڵێکە، هەموو شتێك لەم کۆمەڵگایەدا هەڵدەوەشێتەوە، هەر لە چینە کۆمەڵایەتیەکانەوە تا دەگاتە خێزان و بوونیەکانی تریش، بەڕادەیەك کە هەستمان بەوە دەکرد کە چیدی هیچ شتێك به یەکەوەمان نابەستێتەوەو وەك چەند ئەتۆمێك بەرەڵای نێو کۆمەڵگا کراوین. زیاتر لە چەند ساڵێکە کە فەرەنسییەکان وێنەیەکی تەواو ناشیرینی خودی کۆمەڵگای خۆیان هەیە، متمانە بە یەکتری ناکەن، هەموو شتێك بەخراپی دەبینن و تەنیا بۆ ساتەوەختێکیش لە ڕەخنەگرتنی سەلبی ناوەستن. هەموو لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژیەکان دەمانبەنەوە سەر ئەم واقیعە. لە هەلومەرجێکی ئاوادایە کە قەسابخانەکەی شارلی ئیبدۆ دێت و تەواوی وجودی ئەم کۆمەڵگایە ڕادەوەشێنێت و سەرلەنوێ لە گۆڕ دەریدەهێنێت و زیندووی دەکاتەوە.
لە هەمان ئێوارەی ئەم قەسابخانەیەدا، هەزاران هەزار فەرەنسی، لە لیۆن، لە مارسیلیا، لە تولوز، لە ستراسبورگ، لە پاریس و لە تەواوی شارەکانی دیکەی فەرەنسادا، بەبێ ئەوەی هیچ بانگەوازێکی فەرمی لە ئارادابێت، لە ماڵەکانیان هاتنەدەرەوەو پۆل پۆل ڕێگای مەیدانە گشتیەکانی شاریان گرتەبەرو بەهەزارن هەزار مۆم داگیرساوە، شەپۆلێکی مرۆیانەی وایان دروستکرد کە دنیای تووشی سەرسوڕمان کرد. من یەکێکم لەو کەسانەی کە لە قووڵاییەکانمدا، ئەم شەپۆڵە مرۆییە بەر هەستەکانم کەوت و رایچڵەکاندم. ئەو هەزاران هەزار مرۆڤەی کە لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە و پۆل پۆل و پێکەوە هاواریان دەکرد«ئێمە نیشتمانی ئازادی ڕادەربڕینین، ئێمە نیشتمانی ئازادیین» هاواریان دەکرد«تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس یەکسانە بە تیرۆرکردنی ڤۆلتێر»، پێیان وتین: ئەمە چرکەساتی خود کەشکردنە؛ خۆ دۆزینەوەیە، زیندووبونەوەیە. لەم چرکەساتەدا ئێمە سەرلەنوێ تێگەیشتینەوە لەوەی کە فەرەنسا، یەکەم نیشتمانی سەرهەڵدانی فیکری ئازادییە، فیکرێك کە لە کۆتاییدا شۆڕشی فەرەنسی دروستکردو بانگی ئازادی بۆ هەموو جیهان دا. لێرەوە ئەم چرکەساتە، دەبێت بە سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی فەرەنسا.
* سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە! واتە ئێوە ئەم چرکەساتە بەراورد دەکەن بە ساتەوەختی شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789 و ساتەوەختی ئازادکردنی فەرەنسا لە ساڵی 1945 دا؟ پێموایە، لە مێژووی سیاسی فەرەنسادا، دوو ساتەوەختی دیکەی گرنگتر لەم دووانە ئاماده نین. مناڵەکانی کواشی چ ڕووداوێکیان دروستکرد؟
- لەڕاستیدا من گوزارشتی نەك هەر سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە بەڵکو سەرلەنوێ زیندووبوونەوەشی بۆ بەکاردەهێنم. چوار ڕۆژ پاش ڕووداوەکە، ئیتر ئەوە هەزاران هەزار کەس نین لەسەر جادەکان، بەڵکو ملیۆنان کەسن کە دێن و هاواردەکەن«ئێمە نیشتمانی مافی مرۆڤ و ئازادین» لە ڕۆژی یەکشەمەدا، ئیدی ئەوە هەموو فەرەنسا بوو، بە گەورەو بچوکەوە، بە ژن و پیاوەوە، بە ڕەش و سپییەوە، بە موسوڵمان و مەسیحیەوە، بە باوەڕدارو بێ باوەڕەوە، هاواریان دەکرد: ئێمە لێرەین، ئێمە پێکەوە شتێکین.
هەموو ئەو فەرەنسیانەی کە تا دوێنێ هەستیان بەوە دەکرد کە بەکەڵکی هیچ نایەن و مانایەك لە ژیانیاندا نییە، لەم ساتەوەختەدا خۆیان وەك فەرەنی کەشفکەرەوە و تێگەشتن لەوەی؛ فەرەنسیبوون بەهایەکی یونیڤێرسالی گەورەیەو نابێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تێگەیشتن لەوەی کە فەرەنسای مێژوو گەڕاوەتەوە نێو ڕۆحیان؛ تێگەیشتن لەوەی کە ئەوان یەکەم هەڵگری سەردەمی ڕۆشنگەری بوون و یەکەم نەوەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤی یونیڤێرسالبوون. کاتێك دەڵێم فەرەنسای مێژوویی گەڕایەوە نێو ڕۆحیان، بێگومان مەبەستم فەرەنسای کۆلۆنیالیست نییە، فەرەنسای جەزائیر نییە، بەڵکو فەرەنسای خاکی ئازادی و فەرەنسای سەرچاوەی ڕۆشنگەری و فەرەنسا شۆڕش لەپێناوی ئازادی ڕادەربڕیندایە.
لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، من چاودێربووم بەسەر گەڕانەوەی ترادیسیۆنێکی بەهێز لە مێژووی فەرەنسادا؛ کە دەکرێت بە میکانیزمی ململانێی نێوان جمهوریەت و دەزگای ئایینی ناوی بەرم. مێژووی فەرەنسا لێوانلێوە لەم ململانێیەو فەرەنسیەکان زۆر هەستیارن بەهەر شتێك کە بۆنی ئایین و ئاینیی لێبێت. هەرچەند من گومانم هەیە لە بەشداریی ئایین لەم ڕووداوەدا، بەڵام تێگەیشتم لەوەی کە ئەم میکانیزمە سەرلەنوێ زیندووکراوەتەوە بۆ دوورخستنەوەی هەر شتێك کە بۆنی ئاین و ئاینیی لێبێت.
* بێگومان ڕاستە کە مێژووی فەرەنسا، تا ئاستێکی بەرز خۆی لەسەر ململانێی نێوان ئەم دوو بەرامبەرە بیناکردووە. جمهوریەت چەند هەوڵیداوە ئایینەکان دووربخاتەوە، ئەوەندەش خۆی لەسەر وێنەی ئایینەکان دروست کردوە، چەند هەوڵی داوە کە پیاوانی ئایین لە دەسەڵات دووربخاتەوە، هێندەش ڕەهەندی ئاینیی بە پیاوەکانی دەسەڵات بەخشیوە. بەڵام من دەمەوێت گفتوگۆکە بەرمە ڕووبەرێکی دیکە. ئەم فەرەنسایەی کە باسمان کرد، چیدی ئەو گوندە گولوایە نییە (ڕەگوڕیشەی فەرەنسیەکان دەچێتەوە سەر گۆلواکان) کە خۆی بۆخۆی و بەتەنها بژی. فەرەنسا بەشێکە لە جیهانێکی گلۆبالیزەکراو. لەنێو ئەم جیهانەدا، تیرۆریزمی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، هەروەك چۆن پەلاماری هەولێر دەدات، ئاواش پەلاماری پاریس دەدات. ئەوەی لە موسڵ ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ پێوەندی بە مارسیلیاوە هەیە. ئەو داعشەی کە لە دەشتی کەرکوکدا جەنگ لەگەڵ پێشمەرگەدا دەکات، چەند عەرەب یان چیچانیە، هێندەش فەرەنسی یان ئەڵمانیە؟
- من بەتەواوی لەم بۆچوونەی ئێوە تێدەگەم و دەزانم باسی چیدەکەن. دڵنیام لەوەی کە ئەم بۆچوونەی ئێوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیەو دەکرێت به وردی قسەی لەسەر بکەین. بەڵام لەئێستادا ئەوەی بۆ منێك کە سۆسیۆلۆگێکی فەرەنسیم گرنگە، چۆنیەتی زیندووبوونەوەی نەتەوەیەکە کە تا دوێنێ هەستی بەوە دەکرد لە دەرەوەی مێژوودایەو لە چاوەڕوانیی مردنداو لەنێو پەراوێزەکاندا دەژی. ئەمە هەستێکە کە چەندین ساڵە هاوڕێیەتیم دەکات و دەمگوشێت. ڕەگوڕیشەکانی ئەم هەستە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو چرکەساتەی کە ماریشال پێتا هات و فەرەنسای تەسلیم بە هیتلەر کرد. سپاردنی فەرەنسا بە هیتلەر، ڕۆحێکی تێکشکاوی لای فەرەنسیەکان دروست کرد، ڕۆحێك کە تا قەسابخانەکەی شارلی ئیبدۆ لەلایەن مناڵەکانی کواشیوە بەردەوام بوو. بایەخی ئەم قەسابخانەیە لەوەدایە کە چیدی ئەم رۆحە تێکشکاوە لای ئێمە نامێنێت و ئێمە، نەوەی شۆڕش و نەوەی ڕێنیسانس، سەرلەنوێ زیندوو دەبینەوەو دەگەڕێینەوە نێو ژیان و مێژووی بەشەریەت. مناڵەکانی کواشی ئێمەیان زیندووکردەوە!
* ئەمە هەموو ئەو هەستانەن کە لە 7ی مانگ، چوارشەمەوە تا 11 مانگ، یەکشەمەی ژەنیوەری 2015، داتاندەپۆشن. بەڵام وەك دەزانن ڕووداوەکان لێرەدا کۆتاییان پێنایەت و دواتر شتەکان ئاڵۆزدەبن، بەتایبەتی کاتێك کە لە قوتابخانەکانی جمهوریەتدا چەندین خوێندکار ڕێز لەو خولەکە ناگرن کە بۆ ماتەمینی و بێدەنگی دەستنیشان کرابوو. بەپێچەوانەوە، چەندین خوێندکار گوتاری جیاواز بەرهەم دەهێنن و ئەو کۆدەنگیە نیشتمانیەی کە باسمان دەکرد، وەك لاپەرەیەکی پڕکراوە دەدڕێنن؟
- من وەك هەموو فەرەنسیەك ڕۆژی یەکشەمە، 11 ی ژەنیوەری، بە تەمەنی نەوەد ساڵیەوە، لە نێو ئاپۆرەی جەماوەردابووم و جۆرێك لە مەستبوون بە ململانێی لەپێناو ئازادیدا گرتبوومی. بەڵام کاتێك ڕۆژێك دواتر دەبیستم کە چەندین خوێندکاری فەرەنسی ڕێزیان لەو خولەکە نەگرتووە و تەنانەت ڕەخنەشیان لێگرتووە، یەکەم گورز دیسانەوە بەر هەستم دەکەوێت و یەکەم لێکدژی و یەکەم کۆسپ دێتەوە سەر ڕێگای جمهوریەت.
* بەڵام دووەم کۆسپ لە 14 ی مانگدا کە چوارشەمە دەکات دروست دەبێت؛ کاتێك کە هەفتەنامەی شارلی ئیبدۆ دەردەچێت و لەبەرگی یەکەمدا کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام دادەنرێت و بەدەم گریانەوە دەڵێت: من شارلیم! ئێوە بۆچوونی من لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەسەر ئایین و سامبۆلەکانی دەزانن، بەڵام پێمخۆشە بزانم ئێوە لەسەر ئەم کاریکاتێرە چی دەڵێن. چۆن پێوەندی نێوان ئازادی ڕادەربڕین و گاڵتەکردن بە سامبۆلە ئاینیەکان دەبینن؟ لە فیکری ئێوەدا، تا کوێ ئازادی ڕادەربڕین دەتوانێت بێ مەرج و بێسنوور بێت؟ بێگومان وروژاندنی ئەم باسانەش، به هیچ شێوەیەك و لە هیچ هەلومەرجێکداو بەهیچ بیانویەك شەرعیەت بە خوێنڕشتن و کوشتنی مرۆڤ نادات. گەر بڕیاربێت، هیچ شتێك لە مرۆڤ موقەدەس تر نەبێت، ئیدی هیچ بیانوویەك ناتوانێت شەرعیەت بە کوشتنی بدات. بەڵام له دەرەوەی ئەم بنەما یونیڤێرسالە، ئێوە ڕووبەری نێوان ئازادی ڕادەربڕین و یاریکردن بە ئاگری سامبۆلە ئاینیەکان چۆن دەبینن؟
* لە ڕاستیدا ئەو بەرگەی شارلی ئیبدۆ مەسەلەیەکی زۆر ئاڵۆزە. موحەمەد دەگری و دەڵێت: من شارلیم. لەڕاستیدا من یەکێکم لەو کەسانەی کە پێشتر شارلیم نەدەخوێندەوەو تا ئێستاش یەکێكم لەوانەی کە لایەنگری سوکایەتی کردن بە سامبۆلە ئاینیەکان نیم. مەرج نییە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، یەکسان بێت بە پشتیوانیکردن لە سوکایەتیکردن بە سامبۆلە ئاینیەکان. شتە جددیەکانی وەك ئایین، نەتەوە، چین، هەزاران کەس ئامادەن کە خۆیان لەپێناویاندا بکەن بەقوربانی و ناکرێت ئێمە ڕێگا بەخۆمان بدەین بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. ئایین پرسێکی جددی و هەستیارە، ئێمە نابێت بە ئاسانی دەستی بۆبەرین و کاریکاتێری لەسەر دروستبکەین. هونەرمەندێك نابێت هەر وەك قسە لەسەر شەوە سوورەکانی کەسێك دەکات ئاواش قسە لەسەر پرسێکی جددی وەك ئایین بکات. بەڵام لەهەمانکاتدا هەموو ئەو تێزانەش رەد دەکەمەوە کە دێن و وەك ئەنتی شارلی خۆیان دەخەنە سەر شانۆکان و جەنگ دژی شارلی ڕادەگەیەنن.
موسوڵمانان مافی خۆیانە کە باسی ئەوه بکەن شارلی ئیبدۆ سوکایەتی بە پێغەمبەر کردووە. ئەمە تا ئێرە ڕاستە و مافێکی سەرەتاییه. بەڵام ئەمە مافی ئەوەیان پێنادات کە بێن و لە بارەگای شارلی ئیبدۆدا قەسابخانەیەکی لەو جۆرە کە بینیمان دروستبکەن. من پێموایە ئەم دوو شتە لەیەك جیاواز نین. واتە ئێمە دەبێت بە توندی پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین بکەین، بەڵام ئەمە یەکسان نییە بەوەی کە هەموو قسەیەکی بێ ماناو بێ ئەسڵ و فەسڵ بەناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە بکەین.
بەزمانێکی دیکە، من لەڕێگای شارلیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین دەکەم، بەڵام له هەمان کاتدا هاوڕانیم لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کاریکاتێرە لەسەر پێغەمبەری ئیسلام. پێموایە ئەو ملیۆنەها فەرەنسیەی کە لە 11 ی ژەنیوەریدا ڕژانە سەرجادەکان، هەمان پەیامیان پێبوو. ڕاستە ئەوان پشتیوانیان لە ئازادی ڕادەربڕین دەکرد، بەڵام ئەمە یەکسان نییە بەوەی کە ئەوان لەگەڵ سوکایەتیکردن بە سامبۆلە ئاینیەکاندا.
* بەپێی تازەترین لێکۆڵینەوە کە ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە، 40% فەرەنسیەکان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە هەفتەنامەی شارلی ئیبدۆ کاریکاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بڵاوبکاتەوە. ئەمە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە بۆ کۆمەڵگای فەرەنسی کە به درێژایی مێژوو لە ململانێدا بووە لەگەڵ ئایین و دەسەڵاتی پیاوانی ئاینیدا؟
- زۆر ڕاستە. ئەمە تەواو ڕاستە. لێرەوە دەڵێم: بکوژەکانی شارلی پێش ئەوەی هەر شتێک بن، پێشئەوەی بە جێبەجێکردنی فەرمانێکی ئاینی هەستن، کردەیەکی سیاسییان ئەنجامداوە. واتە ئەوەی لە پشت ئەم هێڕشەوەیە، لۆژیکێکی سیاسیە نەك ئاینی. مناڵەکانی کواشی ئەو ئەکتەرانەن کە بۆ سەلماندنی خۆیان، بۆ دروستکردنی شوناسێك کە مانا بە بوونیان بدات، بۆ چوونه دەرەوە لە زۆنەکانی بێ مانایی، بێ بەهایی، پەنایان بردە بەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە باوەشی بۆ کردنەوەو چەند کەرەسەیەکیان دەداتە دەست بۆ ئەوەی له ڕێگایانەوە خۆیانی پێ بەدی بێنن. ئەمانە بریتین لەو ئەکتەرە کۆمەڵایەتیانەی کە کار لەسەر ڕووخاندن و هەڵوەشانەوە دەکەن نەك کار لەسەر بیناکردن و دروستکردن. من ئەمانە ناودەنێم دژە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە کات و شوێنی دیکەدا بە درێژی باسم کردووە.
* بەڵام لە کۆتاییدا ئەم لۆژیکە هەر شتێك بێت کارەسات بۆ مرۆڤایەتی دروستدەکات. ئێوە دەبینن، بۆنمونە لە ڕووبەرێکی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێزەکانی پێشمەرگە، چ لە عێراق و چ لە سوریادا تاکە ئەکتەری جددین کە بەتوندی ڕووبەڕووی هێزێکی گڵۆباڵی تیرۆریستی وەك داعش دەبنەوە و لەپێناوی پاراستنی نەك هەر هەولێرو سلێمانیدا، بەڵکو لەپێناوی پاراستنی پاریس و بەرلینیشدا، گیانی خۆیان دەبەخشن، بەڵام فەرەنسا بە دوو فڕۆکەی ڕەفالەوە بەشداریدەکات و ئەڵمانیاش بە چەند ڕاوێژکارێکەوە! پاش قەسابخانەکەی پاریس، پێتان وا نییە کە ئیتر کاتی ئەوه هاتووە، فەرەنسا بەهێزترو بە جددیتر لە کوردستان بێتە پێشەوەو لەم جەنگە گڵۆباڵەدا فراوانتر هاوکاری بکات؟ پێتان وانییە ئیتر بە دوو ڕەفالەوە کێشەکە چارەسەر ناکرێت؟
- لەسەرەتادا دەمەوێت بڵێم، تۆ لە نزیکەوە ئاگات لێیە کە من بەهەموو توانامەوە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەم و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدام و پێموایە ئەمە یەکێکە لەو مافە بنەڕەتیانەی کە ناکرێت دانوستانی لەسەر بکرێت. بەڵام له دەرەوەی ئەم هەڵوێستە بناغەییە، فەرەنسا لەهەلومەرجێکدا نییە کە بتوانێت بە سوپایەکی فراوانەوە بگاتە کوردستان و جەنگ دژی داعش ڕابگەیەنێت.
* پێموانییە کوردەکانیش چاوەڕوانی شتێکی لەم جۆرە بکەن. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، ئامادەیی بەهێزی فەرەنسایە لە ئاستی دیکەدا، ئاستی سیاسی، ئاستی پشتیوانیی سەربازیی. بۆنمونە ڕێجیس دوبرێ کە هاوڕێی نزیکی ئێوەو منیشە، دەڵێت با فەرەنسا ڕەفالەکانی بەهێزی پێشمەرگە بفرۆشێت. ئاستی ئابووری، ئاستی کولتوری و دەیان ئاستی دیکە. ئێوە دەزانن داعش تەنیا بە هێزی ئاگر لەناو ناچێت، ئەم جەنگە زۆر فراوانترە لە كڵاشینکۆفەکانی دوو کوڕەکەی کواشی؟
- من دڵنیات دەکەمەوە لەوەی کە هەموو ئەو شتانەی باست کردن لای منیش بایەخی تایبەتیان هەیە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە بۆنەیەکی تایبەتدا کە نوخبەی دەسەڵاتداری فەرەنسی لەوێبو، هەر لە کۆشکی ئێلیزێ وە تا دەگاتە وەزارەتی دەرەوە، کە بەشێکی زۆریان خوێندکاری خۆم بوون؛ ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ پێم وتن کە ئێمە لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەکی مێژووییداین و پێویستە جمهوریەتی فەرەنسا لەهەموو ئاستەکانداو بێ هیچ سڵەمینەوەیەك پشتیوانی لە گەلی کورد بکات و گەر دەوڵەتی کوردیش دامەزرا، یەکەم کەسبین دانی پیادابنێین. تۆ خۆت ئاگات لێ بوو کە من لەبەردەم زیاتر لە 200 کەسدا؛ کە هەر یەکێکیان لە جومگەیەکی دەسەڵاتدایە، هەر لە وەزیرەوە تا سەفیر، کاتێك بەشداری مەدالیای زێڕینی منیان کرد، پێم وتن من سەردانی کوردستانی باشوور دەکەم. لەوەش دوورتر. من تەمەنم 90 ساڵە، یەکێك لەو شتانەی کە پێمخۆشە پێش مردنم بیبینم دروست بوونی دەوڵەتی کوردیە.
* ئومێد دەکەم ساڵی 2015، ساڵی سەردانی کوردستان بێت و ئەو سەفەرەت کە چەند ساڵێکە ئامادەیی بۆدەکەین، ڕێکبکەوێت.
- منیش بەڕاستی ئومێد دەکەم. بەداخەوە لە 2014 دا حکومەتی فەرەنسی ڤیتۆی خستە سەر سەردانەکەم و هەڵیوەشاندەوە. بەڵام هەڵوەشانەوە مانای کۆتایی نییە، چونکە خواستی من بۆ سەردانی کوردستان تائێستاش هەر لێرەیە.
سیانزە ساڵ لەمەوبەر، لە قۆناغی لیسانسی سۆسیۆلۆژیادابووم، لە زانکۆی لیۆن. یەکێك لە مامۆستاکانم داوای لێکردم کە کتێبێك هەڵبژێرم بۆئەوەی وەك هەر خوێندکارێکی دیکە موحازەرەیەکی لەسەر پێشکەش بکەم. پاش سەردانی کتێبخانە گەورەکەی زانکۆو گەڕان و گەڕان بەدوای کتێبێکدا، ناونیشانێك سەرنجی ڕاکێشام:«گەڕانەوەی ئەکتەر»! ئەو سەردەمە وەك پێویست ئالان تورێنم نەدەناسی. پاش خوێندنەوەی کتێبەکە، سەرلەنوێ گەڕامەوە سەری، زیاتر لە چوار جار خوێندمەوەو هەر جارێك ئارەزوویەکی بەهێزتری لادروست دەکردم بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بیخوێنمەوە. چەند ساڵێك دواتر تێگەیشتم، لەوەیە کە چەند پیەر بۆردیۆ، لەسەر ئاستی جیهان، بەکتێبی«جیاکاریی»ناسراوە، هێندەش ئالان تورێن بەکتێبی «گەڕانەوەی ئەکتەر» ناسراوە. هەروەها تێگەیشتم لەوەی کە، ململانێی نێوان بۆردیۆ و تورێن بۆ داخڵبوون بە کۆلێژ دو فرانس، کە گەورەترین و مەزنترین دەزگای ئەکادیمیە لە ئەوروپاداو تەنیا پەنجاو دوو پرۆفیسۆری تێدایە، لە ڕێگای ئەم دوو کتێبەوە بوو. واتە بۆردیۆ بە((جیاکاری)) و تورێن بە ((گەڕانەوەی ئەکتەر))ەوە دەیانویست ببن بە پرۆفیسۆر لە کۆلێژ دو فرانس.
لەو چرکەساتەوە تا ئەمڕۆ، تورێن هاوڕێیەتیم دەکات. کاتێك کە لە 2005 دا لیۆن بەجێدەهێڵم و دێمە پاریس و دەبم بە خوێندکاری ماستەر لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتیەکانی پاریس، یەکەم سیمینار کە هەڵیدەبژێرم و بەشداری تیادا دەکەم، سیمینارە هەفتانەکەی تورێن بوو. تائێستاش بەبیرم دێت، لە یەکەم ڕۆژدا تورێن ڕووی کردە بەشداربووان و داوای لێکردین ئێمە لە کوێوە دێین : ئەرجەنتین، بەرزیل، ئەمەریکا، مەغریب، میسر، شیللی، بۆلیڤیا، ئەڵمانیا، ....، منیش وتم:کوردستان. تورێن وەستاو بەخەندەیەکی میهرەبانەوە لێپرسیم : کام کوردستان؟ وتم: باشووری کوردستان کە بە کوردستانی عێراق بەناوبانگە.
لە 2005 وە تا 2010 کە ساڵی تەواوبوونی دکتۆراکەم بوو، ئالان تورێن وەك باوکێکی سۆسیۆلۆژی هەمیشە لەگەڵمابووە. پاش دکتۆراو تا ئەمڕۆش پێوەندی نێوان ئەو و من بەهێزتربووە. ڕاستە ڕەهەندی تەمەن، چەندین نەوە ئێمە لەیەك جیادەکاتەوە، من باوکم لەدایک نەبووبوو کە ئالان تورێن لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بوو! من لە هیچ شوێنێکی وجووددا بوونم نەبوو کە ئەو وەك گەنجێكی پانزە ساڵانە لەڕیزەکانی موقاوەمەی فەرەنسی دژ بە هیتلەردابوو. ڕاستە کاتێك ئەو لە لووتکەی ململانێدابوو لەگەڵ فوکۆ و دێریدا و دۆلوز و لیوتار و بۆردیۆدا، من تازە بە تازە لە گوندێکی دوورە دەستی کوردستانی داگیرکراودا، برا گەورەکەم پێی دەگوتم: دارە دارە، هەستە پێبگرە بەهارە. بەڵام ئەوەش ڕاستە، کە 80 ساڵ پاش لەدایکبوونی تورێن و 34 ساڵ پاش لەدایکبوونی من، ئێمە لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتیەکانی پاریس یەکتری دەناسین و ئێستاش کە ئەو تەمەنی گەیشتوەتە 90 ساڵ و منیش 44، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دڵخۆشین بە یەکتر بینین. بەڵام نایشارمەوە، کەمن ئەو ڕۆژانەی کە لە خەو هەڵدەستم و چاوەڕوانی ئەوه ناکەم کە کرستێل، سکرتێرەکەی تورێن، تەلەفۆنم بۆبکات و بڵێت: تەواو، تورێن بەجێی هێشتین.
