ئەم یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییەی لایەنەكانی كوردستان خاڵی سەرەكیی سەركەوتن و جێگەی ئومێدی خەڵكە
February 5, 2015
دیمانەی تایبەت
چۆن سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی تیرۆریستان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەدەستهات، بە هەمان شێوە پاراستنی ئەم دەستكەوتە و هەنگاو هەڵگرتن بەروە ئایندەیەكی گەش هەر بە هەمان شێوە دەستەبەر دەكرێت. ئەم شەڕەی دێوەزمەی تیرۆریستان كە یەخەی كوردستانی گرتووە، دووڕیانی مان و نەمانی كوردستان و گەلەكەیەتی بە بێ جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، بۆیە ئەم شەڕە شەڕی تاك بە تاكی خەڵكی كوردستانە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم شەڕە و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە، دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:ئەم یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییەی لایەنەكانی كوردستان خاڵی سەرەكیی سەركەوتن و جێگەی ئومێدی خەڵكە
* چی بە زامنی ئەو سەركەوتنانە دەزانی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەم دواییە بەدەستی هێناوە؟
- زامنی سەرەكی سەركەوتنەكان و پاراستنی كوردستان و دەربازبوون لەم قۆناخە هەستیارەی چەندین مانگە بەهۆی تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی كوردستان بۆتەوە، لە پاراستنی ئەو تەبایی و یەكڕیزییەوە دەست پێدەكات كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەستی پێدەكرێت، ئەم هاودەنگی و یەكڕیزییە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی وەك هەرێمی كوردستان كە تیلیدا دیاردەی فرەحزبی و بیروبۆچوونی جیاواز بوونی هەیە، خاڵی سەرەكیی سەركەوتن و جێگەی ئومێدی هەموو خەڵكی كوردستانیشە، هەروەها ئەم یەكڕیزی و یەك هەڵوێستییە جێگەی تێڕوانین و سەرنجی دۆستانی ئێمەیە و بەشێوەیەك لە شێوەكان مەرجێكی سەرەكیشە بۆ بەردەوامی ئەو پشتگیرییە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.
* دیارە ئێستا كوردستان بە قۆناخی شەڕدا تێدەپەرێت، ئایا تاچەند لەسەر ئاستی ناوخۆ گرنگە خەڵكی كوردستان بە تێكڕا ئەم قۆناخە لەبەرچاو بگرێت؟
- زۆر گرنگە لەسەر ئاستی میللی هەموو تاكێكی كوردستان هەست بەوە بكات كە وڵاتەكەی لە شەڕدایە، راستە بە گیانفیدایی پێشمەرگە و بەشداری و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی توانرا بەرگری لە كوردستان بكرێت و باری سەقامگیری شارەكان رابگیرێت، بەڵام گرنگە هەموو لایەك هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناخە بكەین كە ئێستا لە شەڕداین و شەڕێكی ئەوتۆشە كە هەموو جیهان لەم شەڕە دەترسێت و مەترسییە بۆ سەر هەموو لایەك، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە سەلمێندراوە كە تەنها هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە و تێكیان بشكێنێت، ئەم سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش، پێویستی بە بەشداری هەموو لایەك هەیە و هۆشیارییەكی هەمەلایەنەی دەوێت، هاوكاری و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی پێویستە، هەندێك حاڵەت بەهۆی ئەم شەڕەوە دروست بووە و پێویستی بە خۆڕاگری و هێمنی هەیە، راستە خەڵكی كوردستان پێویستی بە مووچە و خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام ئێمە لە حاڵەتی شەڕداین، ئەگەر هەندێك كەموكوڕیش هەبێت، دەبێت ئەم حاڵەتە لەبەر چاوبگیرێت كە وڵات شەڕی بەسەردا سەپاوە و لە هەموو روویەكەوە قوربانی دەوێت.
* لایەنێكی جیاوازی ئەم شەڕە جیهانییەی یەخەی كوردستانی گرتووە، شێوازی دڕندەیی تیرۆریستانی داعشە، ئایا چۆن لەم بارودۆخەدا هەموو پێكەوە بەرپەرچی ئەم شەڕە بدەینەوە؟
- ئەم شەڕە شەڕێك نیە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، یان لایەنێكی سیاسی، بەڵكو ئەمە شەڕە لەگەڵ تێكڕای هاووڵاتیانی كوردستان بە بێ جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە، بە بێ جیاوازی بیروبۆچوون و تەمەن و لایەندار و بێلایەنەوە، ئەمە شەڕە دژی بیروبۆچوونی عیلمانی و ئیسلامی، ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەشی بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بۆیە ئەگەر تیرۆریستانی داعش بۆیان بچێتە سەر و خوانەخواستە پێشڕەوی بكەن، ئەوا لە كوردستان كۆمەڵكوژی دەكەن، سەرنج بدەن لەو شوێنانەی نزیكن بەشێوەیەكی هەرەمەكی بە تۆپ و هاوەن هەموو ناوچەكە بۆمباران دەكەن، ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو دەنێرن و دەیتەقێننەوە، بێ ئەوەی حیساب بۆ ئەوە بكەن ئەوە كوردە، یان توركمانە، یانكریستیانە، یان موسڵمانە، یان ئیزیدییە، لەم قۆناخەدا هاووڵاتیان هەستیان كردووە ئەوان خۆیان بەشێكن لە شەڕەكە و لەلایەن دوژمنانەوە وەك ئامانج سەیر دەكرێن، بۆیە ئەم شەڕە بە مانای وشە شەڕی مان و نەمانە، هیچ مرۆڤێك لەگەڵ بوونی ئەم تیرۆریستانە نییە، گەلی كوردستان بە بێ جیاوازی ئایین و نەتەوەوە تەنها یەك رێگەی لەبەردەمە ئەویش شەڕكردنە، ئەوەی چەكی بەدەستە و ئەوی چەكی بەدەست نییە دەبێت بەشداری لە بەرە جیاوازەكانی ئەم شەڕەدا بكات.
* یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هەموو لایەنەكان لە ئێستادا تەنها رێگەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان، ئەوە تا چەند گەشبینمان دەكات بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنین؟
- ئەوەی جێگەی گەشبینی و خۆشحاڵییە هەنگاوەكان بۆ بەڕێوەبردن و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە هەتا ئێستا بەرپرسیارانە بووە هەموو لایەنەكان وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆی هەبووە، جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتای ئەم شەڕەوە دووربینانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسە كردووە و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی هەمەلایەنە لەسەر ئەم شەڕە دروست بكات، لەسەرەتادا و پێش هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان، هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و هەموو لایەنە سیاسییەكان بەوشێوەیە بوو خۆمان لەم شەڕە تێوەنەگلێنین، ئەگەر تەعدامان لێنكەن، ئێمە تەنها لە حاڵەتی بەرگریكردن دەبین، راستە سنوورێكی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتریمان لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستی داعش بۆ دروست ببوو، بەڵام هەموو لایەك ئەوەیان بە بەرژەوەندی كوردستان دەزانی ئێمە لە حاڵەتی بەرگری بین، بەڵام لەپڕ ئەم شەڕە نەخوازراوە یەخەی گرتین و هێرشمان كرایە سەر و تەعەدامان لێكرا، ئەوا بە ناچاری سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی سەرتاسەری و مان و نەمانی دا، ئەوەی جێگەی دەستخۆشی و تەقدیرە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چ پێنج لایەنە سەرەكییەكەی كە لە حكومەت بەشدارن و چ ئەوانەشی لە حكومەت بەشدار نین، هەموو لایەك بەرپرسیارانە پاڵپشتیی بڕیارەكەی (سەرۆك بارزانی)یان كرد، سەبارەت بە پارتی و یەكێتی كە بەشی زۆری هێزی پێشمەرگە هی ئەو دوولایەنەیە، ئەوا لە سەرەتای ئەم شەڕەوە پێكەوە لە بەرگری قارەمانانەدان، لایەنەكانی دیكە كە بەشدارن لە حكومەت پشتگیریان لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كردووە، بزووتنەوەی گۆران بەشداری فیعلیان هەیە لە حكومەت و وەك لایەنێكی سیاسیش هەڵوێستی سیاسییان پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بووە، لەمەش زیاتر سەردانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ بەرەكانی شەڕ بۆ لای سەرۆك بارزانی، هەروەها سەردانی هەردوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشمانی كوردستان، جێگەی تەقدیر و ئومێدی یەكڕیزی و یەكهەڵوێیستی پتەوتر دەكات، هەروەها لایەنەكانی دیكەش وەك حزبی سۆشیالیستی كوردستان هەر لەسەرەتای شەڕەكەوە بەشداری فعلییان هەبووە، حزبەكانی دیكەش هەر یەكەیان بە قەدەر قەوارەی خۆی رۆڵی گێڕاوە، بۆیە هەموو ئەمانە قۆناخێكی نوێی هێناوەتە ئاراوە، پێویستییەكی دروستكردووە بەوەی دەبێت لەم قۆناخە پێكەوە بین و لە یەكتری بێمنەت نەبین، بۆیە ئەم یەكهەڵوێستییە ئاسۆیەكی گەشی دروستكردووە، بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی ئەم قۆناخە تێپەڕێنین.
