ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:بودجەی ئەمساڵی عێراق زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار كورت دەهێنێت

ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:بودجەی ئەمساڵی عێراق زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار كورت دەهێنێت
دوای رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و پێشمەرگە، پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2015 جیاواز لە ساڵەكانی دیكە بە رێككەوتن لە ناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند و رەوانەی پەرلەمان كرا، ئەوجا لەبەر ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بە رێككەوتن بووە، ئەوا چاوەڕێ دەكرێت كە ئەمساڵ زووتر تێبپەرێندرێت. بۆ قسەكردن لەسەر وردەكاریی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پەرلەمانتار ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رێكخست و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
بۆ 2015 پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق زیاتر لە 15 ترلیۆن دینارە


* خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە چ شێوەیەك بووەو چ زانیارییەكتان لەو بارەیەوە هەیە؟
- خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كراوە و لە پڕۆژەكەدا پۆلێنكردنەكەی بەم شێوەیە بوو: خەرجییە گشتییەكان 123 ترلیۆن دینار و كەسرێكە، لەم بڕە پارەیە ئەوەی داهات بێت بریتییە لە 99 ترلیۆن و 800 ملیار دینار، كەواتە لە ئەنجامی لێدەركردنی داهاتەكان لە خەرجییەكان، ئەوەی تری كە دەمێنێتەوە پێی دەوترێت كورتهێنان، واتە 23 ترلیۆن و 200 ملیار دینار كورتهێنانمان هەیە، ئەو داهاتانەی تری كە باسمان كرد واتە 99 ترلیۆن و 800ملیارەكە بریتییە لە داهاتە نەوتییەكان كە بڕی هەشتاو چوار ترلیۆن داهاتی نەوتیمان هەیە، واتە بە رێژەی 90%ی بەرەو ژوور داهاتەكانی عێراق داهاتی نەوتین، دواتر داهاتی ترمان هەیە كە بریتین لە باجی داهات و گومرگ و داهاتی رسووماتی مامەڵەكردنەكان و داهاتی پێدانی موڵك و فرۆشتنی موڵك و داهاتی هەمەجۆری دیكە.
* پڕۆژەیاسای بودجەكە چەند بەشی دیكەی لەگەڵە؟
- ئەم پڕۆژە یاسایە سێ بەشە، بەشێكیان پێی دەگوترێت سەروەریی كە هەر لە ناو ئەم 123 ترلیۆنەدایە، بودجەی سەروەری 25 بڕگە لە خۆی دەگرێت، گرنگترین بڕگەیان بریتییە لە بەرگری كە نزیكەی 14 ترلیۆن دیناری پێویستە، كە بەرزترین رێژەیە و دەشكرێت هەموو بودجەیەك ناوزەد بكرێت واتە بەچیدا دەناسرێتەوە بەوەی كە زۆرتیرن پارە بۆ چ سێكتەرێك خەرج بكرێت پێی دەوترێت بودجەی ئەو شتە بە ناوی سێكتەرەكەوە، كەواتە دەتوانین لەم رووەوە بە بودجەی عێراق بڵێین بودجەیەكی(دیفاعیە)، بەرگریكردنە كە بودجەیەكە لە كاتێكدایە كە عێراق رووبەڕووی هێرشێكی زۆر ناڕەوای تیرۆریستی بۆتەوە، لەبەرئەوە زۆرترین پارە لە بودجەكەدا بۆ بوارەكانی بەرگری تەرخان كراوە، پاش ئەم سێكتەرە وزە دێت كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دووەمین گرفت لە عێراقدا هەمانبێت بریتیە لە گرفتی وزەو بە تایبەتیش كارەبا، لە پاش ئەمانیش سێكتەرەكانی دیكەن كە هەر یەكەیان بە رێژەیەكی تایبەت هاتوون، ئەو بودجەی كە 25 سێكتەرەكە لە خۆی دەگرێت، چەند بەرز ببێتەوە بە زیانی كورد تەواو دەبێت، چونكە لە بودجە گشتیەكە ئەم رێژەی 25 سێكتەرەی لێ دەردەكرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەگوترێت بودجەی حاكیمە، ئەویشش چەند بڕگەیەك لەخۆ دەگرێت كە یەكەمیان كۆبوونی خۆراكە، لەم بوارەیاندا 17%ی پیتاكی خۆراك بۆ كوردستان خەرج دەكرێت، دوای ئەوەیش دەرمان ئینجا وزەی كارەبا ئینجا دەستەی ململانێی موڵكایەتییە، دواتریش دەستەی حەج و عەمرەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە پترۆدۆلاری لێ دەردەكەن كە لە ساڵانی پێشوودا پێنج دۆلار دانرابوو بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بۆ هەر پارێزگایەك كە نەوتی لێ دەردەهێنرێت، یان تێیدا پاڵاوتە دەكرێت یان بۆ هەر 150مەتر سێ جایەك غاز كە لە هەر شوێنێك هەناردە دەكرێت، ئەمساڵ لە بڕیاری یەكەمدا ئەم پترۆدۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بووە بە یەك دۆلار، دیارە نوێنەرانی پارێزگای بەسرە گلەییان هەبوو لەو رێژەی یەك دۆلارەكە، چونكە زۆرترین نەوت كە لە عێراقەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت، لە بەسرە دەردەهێندرێت و هەناردە دەكرێت، لەبەرئەوە یەك دۆلارەكەیان بۆ كردن بە دوو دۆلار، جگە لەوەش چەند نەوت دەردەهێنن، لەبری ئەوەش خزمەتگوزاری بۆ ئەو شارە دابین بكەن، پاش ئەوەش پەرەپێدانی پترۆدۆلاری لێ دەردەچێت، پاشتر پەرەپێدانی هەرێمەكان دێت كە پێی دەگوترێت پەرەپێدانی پارێزگاكان كە بڕی 3.5 ترلیۆنی بۆ تەرخان كراوە، ئەم بڕە بە پێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دابەش دەكرێت بەسەر دانیشتوواندا، بۆ نموونە هەرێمیان بە نزیكەی چوار ملیۆن و ئەوەندە كەس حیساب كردووە، كەواتە بڕی نزیكەی 440 ملیار دیناریان بۆ دابین كردووە، پارێزگای سلێمانی بڕی 176 ملیار و پارێزگای هەولێر بڕی 159 ملیارو پارێزگای دهۆك 108 ملیاریان بۆ دابین كردووە.
* ئەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە چەند تەرخانكراوە؟
- پارێزگای هەڵەبجە پشكی تایبەتی بۆ دانەنراوە، چونكە ئەو بڕیارەی كە دراوە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بڕیارەكە لە پەرلەمانی كوردستان دراوە و تا ئێستا ئەو بڕیارە لە پەرلەمانی عێراقدا نییە، بۆیە پێویستە پەرلەمانی كوردستان كاتێ لێرە ئەم بودجەیەی خۆی مەزەندە دەكاتەوەو تەسدیقی دەكاتەوە تەنیا بێت پشكی پارێزگاكان لە سێ پارێزگاوە بكاتە چوار پارێزگا و پشكەكەی جیا بكاتەوە، تا بە شێوەیەكی سروشتی ئەو چاوەڕوانییەی خەڵكی هەڵەبجە لە حكومەتی هەرێمیان هەیە، جێبەجێ دەبێت، ئەو بڕەی كە لە خەرجییەكان دەمێنێتەوە پاش ئەوەی سەروەری و حاكیمەوە و پەرەپێدانی هەرێمەكان و پترۆدۆلارمان لێ دەركرد، ئەوەی كە دەمێنێتەوە لە 17%ی بودجەكە بەر كورد دەكەوێت كە بریتییە لە بڕی15 ترلیۆن و 440 ملیار دینار.
* جیاوازی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ لە گەڵ ساڵەكانی پێشوو چییە؟
- لە بودجەی ئەمساڵدا، پرسی پێشمەرگەمان هەیە كە یەكێكە لەو خاڵانەی كە زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بێگومان بودجەكانی پێشوو كۆمەڵێك سزای تێدا بوو بەرانبەر هەرێمی كوردستان، پاش ئەوەی لەم دواییەدا كۆمەڵێك دانوستاندنی لەسەر كراوە، نەماون، یەكێك لەو دانوستاندنانەی كە كراوە ئەوەیە چەندێك نەوت هەناردە بكرێت، رێككەوتنەكە بەو شێوەیە بووە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە بۆڕییەكانی كوردستانەوە رۆژانە هەناردە بكرێت، پارەكەشی دەچێتە سەر حیسابی دی ئێف ئای، ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی كە هەرێمی كوردستان خۆی بەم رێژەوە پێوەی پابەند كردووە. بەپێی ئەم رێككەوتنە حكومەتی ناوەند بڕی ئەو پازدە ترلیۆن و چوار سەد ملیار دینارە دەبێت بنێرێت بۆ حكومەتی هەرێم، ئینجا مانگانە دەینێرێت و پارەكە دابەشدەكرێت سەر دوازدە مانگ و هەر مانگێك ترلیۆنێك و دوو سەدو پەنجا ملیارێكی بەردەكەوێت، هەر كاتێك حكومەتی ناوەند پارەكەی نەنارد، هەرێمی كوردستانیش نەوتەكەی نانێرێت و داهاتەكەی بەیان ناكات، خۆ ئەگەر هەرێمیش نەوتەكەی نەنارد حكومەتی ناوەند پارەكەی هەرێم رادەگرێت، ئەمە یەكێكە لەو بڕگانەی هەردوولا بە تەوافوق گەیشتونەتە ئەم دەرئەنجامە.
* هەموو جار باسی بوونی برگەی سزادان دەكەن لە بودجەكانی پێشوودا، ئایا چی لاچووە و چی جێگەی گرتۆتەوە؟
- لە پڕۆژەیاساكانی پێشوودا لە مادەی نۆ بڕگەی چوار و پێنج هەروەها لە مادەی دە بڕگەی یەك و دوو هەروەها لە مادەی یازدە بە تەواوی بڕگەكانی هەروەها لە مادەی بیست و سێش بێگومان هندێك لەو ماددانە لابراون، یان چاككراو،ن وەك بابەتی پێشمەرگە، هەندێكیشیان ماوەكەیان گۆڕدراوە، یەكێك لەو گرفتانەی كە ئێستا وەك بەندێكی سزایی لادەدرێت، ئەوەیە لە ساڵی 2007بە دواوە پارەی پێشمەرگە نەنێردراوە، بەڵام ئێستا چارەسەرێكی گونجاویان بۆ دۆزیوەتەوە ئەویش لە پارەی وەزارەتی بەرگری كە سیادییە لە بەشی هێزە پیادەكان هەرچەندی بۆ تەرخان كرابێت، بە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پارە تەرخان دەكرێت بۆ هێزی پێشمەرگە و مانگانەش دەبێ بنێردرێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو بە هۆی ئەو رێككەوتنە تەوافوقیە سیاسی و ئابوورییەی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا رەنگدەداتەوە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش، چونكە هەر ئەو وەزیرانە نوێنەرانی ئەو حزبانەن كە لە ناو پەرلەماندان، بۆ نموونە وەزیرەكەی من كە رازی بووە واتە كۆمەڵی ئیسلامی هیچ سەرنج و تێبینییەكی نەبووە، بە هەمان شێوە وەزیرانی دیكەی كورد و شیعەكان و نوێنەرانی سوننەكانیش ئەگەر سەرنجێكی سادەش هەبووبێت، وەزیرە بەڕێزەكان بە ئێمەیان وت دەتوانن پێشكەشمانی بكەن.
* لە قسەكانت وادەردەكەوێت لە ئێستادا هیچ سەرنجێكتان نەبێت، یان هەتانە و بە فەرمی بە وەزیرەكانی دەدەن؟
- بێگومان ئێمە دوو سەرنجمان هەیە، یەكەمیان بە فەرمی، یان بە شێوەیەكی ئاشكرا بۆ پرسی مادەی 140 لە پڕۆژەیاساكەدا پارە تەرخان نەكراوە، خاڵی دووەم لە پڕۆژە یاساكانی ساڵانی رابردوو نووسراوە لە كۆی خەرجییەكان، هەرێمی كوردستان 17%ی بەردەكەوێت، ئەمساڵ نووسراوە لە كۆی خەرجییە فیعلییەكان، ئەم وشەی فیعلیەكان وەك كۆت و بەندێكە و لەوانەیە بەوجۆرەش بخوێندرێتەوە عێراق چەند خەرجی هەبێت، لێی دەربكرێت و ئەوجا رێژەی 17%مان بەردەكەوێت، ئێمە تیبینمان لەسەر ئەمە هەیە لەبەر ئەوەی دەزگای جێبەجێكاری حكومەتی عێراق رێك نییە و هەروەها بابەتی ئەمنییەتی شارەكانی ناوەند و باشووری عێراق تەواو نییە و ئەمە وا دەكات بێنە و بەردە بكەن بە پڕۆژەیاساكانەوە لە كاتێكدا ئەمە گرفتی ئێمە نییە، ئەوان ناتوانن پڕۆژە جێبەجێ بكەن، ئەمڕۆ چەند ئەندامێكی فراكسیۆنەكان دەیانگوت لەوێدا زەرەریان لێداوین كە پێویستە بە تەوافوقی سیاسی لەو خاڵانەدا چارەسەر بدۆزینەوە كە بە هەماهەنگی هەموومانەوە دەكرێت تا بتوانین جێبەجێیان بكەین، ئەگەر پێمان كرا باشە، ئەگەر نا ئیتر كۆتایی دنیا نایەت، چونكە سیاسەتكردن بۆ خۆی هونەری گریمانە و ئەگەرەكانە.
* ئایا تاچەند هەستدەكرێت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ هەماهەنگی لەنێوان لیستەكانی ناو پەرلەمان هەبێت و ئەم پرسە دوانەكەوێت؟
- سەبارەت بەوەی لیستی شیعیەكان و سوننەكان بە هەردوولایانەوە و ئێمەش وەك لایەنی كوردستانی، هەروەها لە لیژنەی داراییش هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە دەبێ ئەم پڕۆژەیە بە كەمترین ماوە تێپەڕێندرێت، چونكە خەڵكی عێراق لە چاوەڕوانیدان و ساڵێك و چەند مانگێكە كە ماوەیەكی زەمەنییە پڕۆژەیاسا نییە، لەبەرئەوە هەموو عێراقییەكان چاویان لە هەوڵ و هیمەتی ئێمەی پەرلەمانتارانە، كە پێویستە بە كەمترین ماوە و كەمترین كەموكوڕییەوە بودجەكە تێیپەڕێنین.
* باشە ئێوە وەك پەرلەمانتاران لە كاتی گفتوگۆكان چۆن چارەسەر بۆ كورتهێنانی بودجە دەدۆزنەوە؟
-دەبێت سەرچاوەی دابینكردنی داهاتی دیكە دابین بكەین، بۆ نموونە دانانی باج لەسەر كارتی مۆبایل، رەنگە ئەمە فشارێكە و دەكەوێتە سەر هاووڵاتیان، بەڵام عێراق سەرچاوەی تری داهاتی نییە، بۆیە لێرەوە دەستی پێكردووە، نامەوێ ببمە پارێزەری حكومەت و بڵێم 100% كارەكەی باشە و ناشمەوێ وەك ركابەری حكومەت مامەڵە بكەم، ئێمە دوو گرووپین كاری یەكتر تەواو دەكەین، بۆیە من كاتی خۆی پێشنیازی ئەوەم كرد كە ئەم باجە بكەوێتە سەر كۆمپانیاكان، بەڵام پێویستی بە تەشریعی یاسای نوێیە كە لە حاڵەتی ئێستا زەحمەتە بكرێت، لەبەرئەوە ئەم باجدانە كاریگەری لەسەر هاووڵاتیان دەبێت، بەڵام رێژەكەی رێژەییە بۆ نموونە ئەگەر دوو كارت لە مانگێكدا بەكار بهێنی، باجەكەی چوار هەزار دینار دەكات، بەڵام كەسێك كە زیاتر لە پێنج كارت بەكار بهێنێ زیاتر لە دەهەزار دینار دەكات، زیاتر خەڵكانی دەوڵەمەند و خاوەن بزنس زیاتر كارت بەكار دەهێنن، لەبەر ئەوە كاریگەری لەسەر خەڵكی داهاتدار زیاترە وەك لەسەر خەڵكانی داهات كەم، چونكە هەندێ باج و فەرزكردنی لەم كاتەدا بەسەر هاووڵاتیان لەگەڵ بژێوییاندا ناگونجێت، هەندێ باج زیادكراوە رەنگە ببنە هۆی نیگەرانیی خەڵكی، بەڵام لە دنیادا باجەكان بەشێكە لە سیاسەتی دارایی وڵات بۆ رێكخستنی زۆر كاروباری تری ژیانی خەڵكی.
Top