دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكان كردووە بۆ ئەوەی هەرچی كۆمەك و پێداویستی هەیە بۆ پەنابەرەكان دەستەبەر
November 20, 2014
دیمانەی تایبەت
هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان كە هاوكاتە لەگەڵ شەڕی داعش و ئابڵوقەی ئابووری كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان دروستكردووە، تەنانەت لێرەو لەوێ چەندین قەیرانی جۆراوجۆر كەوتۆتەوە، حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەر پێویستی بە میكانیزم و پلانی تایبەتمەند هەیە، تاوەكو بتوانرێت كۆمەك و یارمەتی ئەو ژمارە زۆرەی لێقەوماوان بكرێت و هاوكات شوێنەواری نێگەتیڤیشی لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت. دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵاندا وەڵامی چەند تەوەرەیەكی تایبەت بە دۆخی ئاوارەكان و چۆنیەتی دابینكردنی كۆمەك و هاوكارییەكان و چەند پرسێكی دیكە دەداتەوە.یاسای بودجەی ساڵی 2014 لە عێراق نییە و حكومەتی ناوەند بەبێ یاسا لە خەرجكردنی پارەدا بەردەوامە و هەرێمیشی لێ بێبەش كردووە
* بارودۆخی ئێستای كوردستان نائاساییە و لە شەڕێكی گەورەداین دژی تیرۆر و ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارەش لە دەرەوەی سنوورەكانی هەرێم و لەناوخۆی عێراقەوە روویان لە كوردستان كردووە، ئەمەش پێویستی بەوەیە كە پلان و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی ئەم بارودۆخە لەبەرچاو بگرێت، ئایا وەزارەتی پلاندانان چ بەرنامە و پلانێكی بۆ ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە؟
- پلانی وەزارەتی پلاندانان لەم بارودۆخەی ئێستادا زیاتر خۆی لە چەند خاڵێكی سەرەكی دەبینێتەوە كە گرنگترینیان دروستكردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان ئاوارەكان (ئەوانەی لە كەمپەكان و ئەوانەی لە دەرەوەی كەمپیش نیشتەجێن) وئەو لایەنە دەرەكییانەی كە دەیانەوێت بە جددی هاوكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن لە بواری مرۆییەوە، هەروەها دانانی میكانیزم و پلانی چۆنیەتی یارمەتیدانی ئەم خەڵكە لەم قەیرانەدا. خاڵێكی دی ئەوەیە كە ئێمە لە وەزارەتی پلاندانان لە پەیوەندی و هەوڵی بەردەوامداین بۆ دابینكردنی بودجەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تۆماركردن و ژماردنی ئەو خەڵكانەی كە لە زۆر شوێنەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، كەچی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە كارێكی گشتگیری هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكانە كە دەبێت هاوكار بن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتوویی بە ئەنجامێكی راستەقینە بگات. ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ژمارە و ئاماری تەواومان دەخاتە بەردەست كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیاتر رێكخستنی كارەكان و گەیاندنی هاوكارییەكان.
* ساڵی 2014 خەریكە تەواو دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییەی حكومەتی بەغدا خستبوویە سەر هەرێمی كوردستان، وەك دیارە نەتوانرا بودجەی كوردستان پەسند بكرێت، ئایا بۆ ساڵی 2015 بەرنامەتان بۆ بودجەی كوردستان چۆن دەبێت؟ ئایا هەر چاوەڕێی بەغدا دەكەن، یان ئەمساڵ دەتوانن بە پشت بەستن بە داهاتی نەوتی كوردستان بودجەی پێویست دابین بكەن؟
- سەبارەت بەم پرسیارە، لە راستیدا دوو كێشە هەیە، یەكەمیان بریتییە لە بودجەی عێراق كە هێشتا پەسند نەكراوە واتا یاسای بودجەی ساڵی 2014 لە عێراق نییە و حكومەتی ناوەند بەبێ یاسا لە خەرجكردنی پارەدا بەردەوامەو حكومەتی هەرێمیشی لێ بێبەش كردووە. دووەم كێشە بریتییە لەوەی كە حكومەتی ناوەند بڕیاریداوە كە پشكی هەرێم نەنێرێت كە ئەویش بووەتە كێشەیەكی سەرەكی بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان. لە كاتی پەسندنەكردنی بودجە پێویست بوو حكومەتی عێراق مانگانە 2%ی بودجەی ساڵی رابردوو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە تێكڕای هەموو ئەو بڕە پارەیەش نزیكەی 1 ملیار دۆلاری ئەمریكی دەبوو. ئێمە هیوادارین كە حكومەتی نوێی بەغدا بتوانێت بودجەی 2014 بنرێت، بەڵام ئەویش تاوەكو پەسند نەكرێت ناتوانێت پشكی هەرێمی كوردستان بنێرێت.. بەهەمان شێوە بۆ ساڵی 2015 . ئەگەر كێشەكان لە بەغدا چارەسەرنەكرێن ئەوا ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەردەوام كێشەمان دەبێت لەسەر بودجە لەبەر ئەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و داهاتی نەوت بەشی هەرێمی كوردستان ناكات لەم كاتەدا.
* دیارە لە دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دواتریش لەدوای داگیركردنی شنگال و هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكانی موسڵ روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ژمارەیەكی زۆریش لە برایانی ئێزیدی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و هاتوونەتە ناوچەكانی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەمە بێجگە لە ئاوارە عەرەبەكان و ئاوارەكانی سووریا كە ژمارەیان زیاتر بە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە مەزەندە دەكرێت، ئایا چۆن بەرنامەتان بۆ ئەم حاڵەتە نائاساییە داڕشتووە و چۆن رووبەڕووی ئەم حاڵەتە بوونەتەوە؟
- ئێمە وەك وەزارەتی پلاندانان هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بارودۆخی ئەم دواییە كە بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە لە ناوچەكەوە دروست بوو، رۆژانە لەگەڵ دەزگا و رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان لە كۆبوونەوە و هەماهەنگی بەردەوامداین بۆ ئەوەی چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان لەسەر ئاستی دەرەوە بتوانین پەیوەندی زیاتر و تۆكمەتر دروست بكەین بە مەبەستی زووتر و زیاتر گەیاندنی هەرچی خزمەتگوزاری پێویست و دروست و بەپەلە هەیە بۆ خوشك و برایانی ئاوارە، چ لە نێو كەمپەكان بن، یاخود ئەوانەی كە دابەشبوون بەسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاند. ئەم هەوڵو كاركردنەی ئێمەو هەموو لایەك بووەتە هۆی ئەوەی كە ئێستا چەندین وڵات دەستی كردووە بە یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت تا رادەیەك لەم بارە نائاساییەدا بە ئەنجامێكی باش دەربچێت و خوشك برا ئاوارەكانمان تا رادەیەك ئاسوودەییان بۆ بگەڕێتەوە، هەرچەندە ئەمە كارێكی زۆر زەحمەتە، بەڵام دەبێت هەموو لایەك كاری لەسەر بكەین.
* بەڵام ئێدارەدانی زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە بۆ ولاتێكی وەك كوردستان، كارێكی سەختە و لەرووی داراییەوە پارەیەكی زۆری دەوێت،كە لەسەرووی توانا داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئایا تاچەند هاریكارییە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چارەسەری ئەم كێشیەیە هاوكاربوون؟
- بێگومان هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لە لایەك رووبەڕووی بڕینی بودجە بووەتەوە و لەلایەكی دیكەوە بەدرێژایی زیاتر لە 1050 كیلۆمەتر لە شەڕێكی دژ بە تیرۆریستانی داعشدایە كێشەیەكی زۆر گەورەیە و حكومەتی هەرێم ئەو توانا داراییەی نەبووە كە بتوانێت بەپێی پێویست خزمەتی ئاوارەكان بكات. ئەوەی كە تا ئێستا بۆ ئاوارەكان كراوە زیاتر لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بەشێوەی جیاواز هاوكاریكراون كە جێگەی رێز و سوپاسێكی زۆرن و بەڕاستی سەلماندیان كە خەڵكێكی خۆڕاگرن و دڵسۆزن بۆ لێقەوماوان. هەرچی ئاژانسەكانی UN و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانن، ئەوا بەردەوامن لە پێشكەشكردنی هاوكاری، بەڵام بەداخەوە ئەوان نەیانتوانیوە چارەسەری تەواوی كێشەكان بكەن چ لەبەر نەبوونی توانای دارایی یاخود لە توانایان نییە كە پێداویستی تەواو بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان دابین بكەن. خۆ ئەگەر حكومەتی بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستان بناردایە، ئەوا ئێمە وەك حكومەتی هەرێم زۆر بە ئاسانی دەمانتوانی بە باشترین شێوە خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان دابین بكەین، بەڵگەش بۆ ئەم راستییە ئەوەیە كاتێك كە ئاوارەكانی سووریا هاتنە هەرێمی كوردستان ئێمە لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم زۆر خزمەتگوزاریمان بۆ دابینكردن و هیچ كێشەیەكی سەرەكیمان نەبوو، بەڵام بە هاتنی ئاوارە عەرەبەكانی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە قەبارەی پێویستی و پێداویستییەكان زۆر لە رادەی پێشبینیكراو گەورەتر بوو. بۆیە دابینكردنی پێداویستییەكان لە توانای حكومەتی هەرێم دەرچوو.
* ئێستا وەرزی خوێندن دەستی پێكردووە و وەك دەزانن بەسەدان قوتابخانە ئاوارەی تێدایە، گواستنەوەی ئاوارەش لە قوتابخانەكان پێویستی بە كەمپ دەبێت، ئایا پلانتان بۆ دروستكردنی كەمپ و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ و خوێندنی ئاوارەكان چۆنە؟
- هەروەك باسمان كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەكی لەبەردەست نییە بۆ خزمەتكردنی ئاوارەكان، بە تایبەتی دروستكردنی كەمپ، بەڵام ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆداین لەگەڵ رێكخراوی UNHCR و فشاریان دەخەینەسەر بۆ دروستكردنی كەمپ و لە هەمان كاتدا داوامان لە وڵاتانی كۆمەكبەخشیش كردووە كە هاوكاریمان بكەن، لەوانە حكومەتی توركیایە كە دەستیان كردووە بە دروستكردنی كەمپ. هەروەها لە هەوڵدا بووین تا كۆتایی مانگی 10 هەموو ئاوارەكان كە لە قوتابخانەكانن بگوازرێنەوە بۆ چەند كەمپێك كە هیوادارین لە ماوەیەكی كەمدا بەخێرایی دروست بكرێن.
* پێدەچێت ئەم بارودۆخە درێژە بكێشێت، ئێستاش لە وەرزی زستانداین، ئەمەش هێندەی دیكە بارودۆخەكە بۆ ئاوارەكان ئاڵۆزتر دەكات و هەروەها رێكخستنی كەمپەكانیش پێداویستی زیاتری دەوێ، بە تایبەتی بۆ رێگرتن لە نەخۆشی و مردنی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵی، ئایا چۆن رووبەڕووی ئەم كێشەیە دەبنەوە و بەرنامەتان بۆ ئەم حاڵەتە چۆن دەبێت؟
- ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەبەر ئەو قەیرانە داراییەی كە بەسەرماندا سەپێندراوە لەلایەن حكومەتی مەركەزییەوە رووبەڕووی چەندین كێشە و ئاریشەی ئابووری هاتووینەتەوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی كە بارودۆخی چاوەڕواننەكراوی شەڕی دژی تیرۆریش هاتە پێشمان كە وایكرد ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر قورس بكات، بەتایبەتی لە پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری پێویست بۆ خوشك و برا پەنابەرەكان كە وەك خۆتان ئاماژەتان بۆ كرد ژمارەیان پتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەسە و تەنانەت تاكو ئێستاش بەردەوامی هەیە، بەڵام ئێمە بەپێی توانا و ئیمكانیاتی خۆمان توانیومانە تـــــــــا رادەیەك یـــــــــــــــارمەتی بـــــــــــــــگەیەنینە ئەوان، ئەویش لە رێگەی دابینــــــــــكردنی ئەو هـــاوكارییانەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمەوە بۆ چەندین جار پێشكەش كراوە، هەروەها پەیوەندی راستەوخۆی ئێمە لەگەڵ رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و بانكی نێودەوڵەتی و كونسولگەرییەكان و ئەوانەی تریش كە بوونیان هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانیشەوە هەرچی كۆمەك و پێداویستی هەیە بۆ پەنابەرەكان دەستەبەر بكرێت.
