دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:بەشداری هەموو لایەنەكان لە حكومەتدا بنەمای یەك گوتاری و یەكڕیزیی هەمووانە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان

دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:بەشداری هەموو لایەنەكان لە حكومەتدا بنەمای یەك گوتاری و یەكڕیزیی هەمووانە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان
سەرەنجام دوای نەفەسێكی درێژ، لایەنە سیاسییەكان گەیشتنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم وەك حكومەتێكی بنكە فراوانی نیشتمانی و ئێستا پەرلەمانی كوردستان ئامادەباشە ئەگەر یەكێتیی نیشتمانیی كاندیدی خۆی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت یەكلایی بكاتەوە لە چوارچێوەی یاسا كۆنەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم، كاندیدی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی پێكەوە ناوبنێت، ئەگەر یەكێتیی نیشتمانیش دوا بكەوێت، ئەوا دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاسا هەمواركراوەكە ئیمزا دەكات، پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا تازەكە تەنیا نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی خۆی پێكبهێنێت، هەر لەم ساتەوەختەدا چاوەڕێی راگەیاندنی ئاكامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقین و وردە وردە له وتووێژەكانی نێوان پێكهاتە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەست پێدەكات و لە ئێستاشەوە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بۆ ئەوەی كورد بە گوتارێكی سیاسیی یەكگرتووەوە قسە لەگەڵ بەغدا بكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم ئەنجامدا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* هەموو كوردستانییەكان چاوەڕێی ئەوەن، پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی كاندیدی سەرۆكی كابینەی هەشتەم دیاری بكات، دیارە ئەم مەسەلەیە بەهۆی دواكەوتنی یەكێتیی نیشتمانییەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی جێگری سەرۆكی حكومەت دوا كەوت، ئێستا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار كراوەتەوە، ئایا تا چەند ئەم هەمواركردنە پرۆسەكە خێرا دەكات؟
- ئەگەر لە لایەنە یاساییەكەیەوە دەست پێبكەم، دیارە یاسا كۆنەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێكی رەنگدانەوەی واقیعی كۆنی سەردەمی پەنجا بە پەنجای نێوان پارتی و یەكێتییە، ئەو رێككەوتنه راستە كۆمەڵێك دەسكەوتی باشی هەبووە، بەڵام كۆمەڵێك لێكەوتەشی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، بۆیە ئاساییە بۆ ماوەیەك رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بكرێت، بەڵام مانەوەی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەناو یاساكاندا، ئەمە لە خۆیدا شتێكی لاسەنگە و رەنگدانەوەی نەرێنی بەسەر ئاییندەی هەرێمیشەوە دەبێت، بۆیە بەپێی ئەم هەمواركردنە ناونانی سەرۆكی حكومەت بە تەنیا دەبێت، هەروەها ماوەی نێوان ناونانی لەلایەن پەرلەمانەوە و راسپاردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە نابێت كراوەبێت و بە 30 رۆژ دیاری كراوە، بۆیە ئەگەر هەمواركردنی ئەم یاسایە وا سەیر بكرێت گوشارێكە بۆ سەر یەكێتی، نەخێر ئەمە گوشارە بۆسەر هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی لە ئێستاوە بۆ ئاییندە، دەرفەتی دواخستنی حكومەت بۆ هیچ لایەك كراوە نەبێت، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كێشەمان لەگەڵ هیچ كام لەو دوو یاسایە نییە، كە پشتگیریشمان لە هەمواركردنی ئەم یاسایە كردووە تەنیا لەبەر دوو مەبەست بووە، یەكەمیان بۆ ئەوەی لێكەوتەی پەنجا بە پەنجا نەمێنێ، دووەم ناكرێت ئەگەر لەمە زیاتر ناونانی جێگری سەرۆك وەزیران دوابكەوێت ئەم مەسەلەیە، هەروەها بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە. ئەمەش گوشار نییە لەسەر یەكێتی، بۆیە لە ئێستادا هەتا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئیمزا لەسەر یاسا تازەكە دەكات، ئەوا پەرلەمان و كوتلەكانی پەرلەمان كار لەسەر یاسا كۆنەكە دەكەن، واتە سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران پێكەوە ناودەنێت، بۆیە ئەگەر یەكێتی لەو ماوەیەدا كاندیدی خۆی دیاری بكات، ئەوا پێكەوە ناودەنرێن، بەڵام ئەگەر یاساكە ئیمزا كرا، ئەوا بەتەنیا سەرۆكی راسپێردراو بۆ حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە ناوزەد دەكرێت و رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دیسان ئەمەش رێگە لە یەكێتی ناگرێت، بە پێچەوانەوە ماوەیەكی زیاتریان لەبەردەم دەبێت بۆ ئەوەی لەماوەی ئەو 30 رۆژەی سەرۆكی حكومەت كابینە پێكدەهێنێت، كاندیدی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ئەوكات وەزیرەكان و جێگری سەرۆك وەزیران بەیەك لیست پێشكەشی پەرلەمان دەكرێن بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بدرێت.
* بەڕێزت وەك ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، بەشداری هەموو كۆبوونەوەكان بوویت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئاشكرایە وتووێژەكانتان لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە چوارچێوەی ئیستیحقاقی ئینتخابی بووە، بەڵام لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی لەسەر ئیستحقاقی ئینتخابی و رێككەوتنی ستراتیژی نێوانتان بووە، ئایا تا چەند لەسەر ئەم پرسە پارتی نەرمی نواندووە بۆ ئەوەی حكومەتێكی بنكە فراوانی نیشتمانی پێكبهێنرێت؟
- پێش ئەوەی شاندی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دابمەزرێت، پارتی سیاسەتی خۆی بۆپێكهێنانی حكومەت لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەسەر داوە، بەوەی دەرگا لەبەردەم هێز و لایەنەكان واڵایە بۆ ئەوەی بەشداری لە كابینەی هەشتەم بكەن، ئەم بڕیارەش لە روانگەی ئەو قۆناخە هەستیارەی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت بڕیاردراوە، دوای ئەمە دەست بە كۆبوونەوە كراوە لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی یەكڕیزیی ماڵی كوردستان بپارێزین، لەم چوارچێوەیەدا هەر لەسەرەتاوە ئەفەزلییەتێك دراوە بە یەكێتی لەبەر ئەوەی ئێمە رێككەوتنێك لە نێوانماندا هەبووەو، و ماوەیەكی درێژ پێكەوە حكومڕانیمان كردووە، بۆیە یەكەمین لایەن كە پارتی كۆبوونەوەی لەگەڵ كرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بەڵام بەداخەوە هەندێك قسە لەناو دەزگاكانی راگەیاندن تەرویجی بۆكرا، بەوەی پارتی ویستوویەتی حكومەتی زۆرینە لەگەڵ یەكێتی بەتەنیا پێكبهێنێت، وەك ئەوەی پارتی كەسی بەدەست نەكەوێت حكومەتی لەگەڵ پێكبهێنێت، ئەمە وانەبووە، وەك وتم ئێمە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیارماندابوو حكومەتی بنكە فراوانی نیشتمانی پێكبهێنین، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە زۆر لە قسەكانی ناو كۆبوونەوەكە لەپێناوی گەیشتن بە رێككەوتن دەكران، كرانە كەرەستەی راگەیاندن دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، خۆ ئەگەر ئێمە بمانوویستایە قسەكانی سەرمێزی وتووێژ بكەینە كەرەستەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەوا زۆر زۆرمان لابوو، بەڵام ئەخلاقییەتی پارتی رێگەی ئەوەی پێنەداین، چونكە لای پارتی قسەكانی ناو كۆبوونەوەكان بۆ گەیشتنە بە ئەنجامێك، ئێمە قسە لەسەر دەرەنجامەكان دەكەین نەك وردەكاری ناو كۆبوونەوە، بۆیە ئەم چاوەڕوانییەی ئێستای پارتی كە چاوەڕوانی یەكێتی دەكات هەتا كاندیدی خۆی یەكلایی بكاتەوە، كە هەموو لایەك دەزانێت ئەمڕۆ یەك مانگ تێدەپەڕێت بەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە، هەروەها ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئەو لایەنانە ئیمزامان كردووە بەشی ئەوە زۆر زیاترە كە حكومەتی زۆرینەی پێ پێكبهێنین، بەڵام دوای مانگێكیش ئێستاش چاوەڕێی یەكێتی دەكەین، لەبەر ئەوەی ئێمە بڕوامان وابووە كە دەبێت حكومەتێكی بنكە فراوان بەبەشداری هەموو لایەنەكان پێكبهێنین، تەنانەت ئەو هەڵوێستەی چەند رۆژی رابردووی پەرلەمان، گوشارێك بووە لەسەر پارتیش بەوەی بۆ نایەن كاندیدی خۆتان بۆ سەرۆكی حكومەت پێشكەش بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر كاندید بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت نەبوو، خۆ پرۆسەی سیاسی لەناو پەرلەمان پەكناخرێت، ئەمە وەڵامێكە بۆ هەمووان بەوەی پارتی بەو گیانە وتووێژی بۆ پێكهێنانی حكومەت كردووە بۆ ئەوەی دەرفەتێكی كراوە لەبەردەم هەموو لایەنەكان هەبێت و هەموویان بەشدار بن، لەلایەكی دیكەوە پارتی نەرمییەكی زۆری بۆ پێكهێنانی ئەم حكومەتە بەرامبەر لایەنەكان پیشانداوە و ئەوەی بەپێی ئەم رێككەوتنە لەسەری رێككەوتووین بۆ هەموو لایەنەكان لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن زیاترە، بۆیە ئەگەر بەپێی كورسییەكانی هەڵبژاردن سەیر بكەین، هەست دەكەین ئیستحقاقی هەڵبژاردن تەنیا پێوەر نەبووە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە رێز لە ئاكامی دەنگدان نەگیراوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر وابێت پرسیارێك دێتە ئاراوە بۆچی هەڵبژاردن لەم وڵاتە بكرێت؟، بۆیە لەگەڵ برادەرانی یەكێتیش دەقاو دەق لەسەر رێككەوتنی ستراتیژی نەبووە، بەڵام حسابیش بۆ ئەو رێككەوتنە كراوە، هەروەها حسابی پێكەوە كاركردنی ئێمە و یەكێتیش كراوە، بەڵام لەسەروو هەموویانەوە حساب بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كراوە بەوەی وادەخوازێت، هەموو لایەنەكان لەناویاندا یەكێتیی نیشتمانیش لەم حكومەتەدا بەشدار بێت.
* تا چەند گەیشتن بە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، هەنگاوێكی مژدەبەخشە بۆ یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد، بۆ ئەوەی كورد بە یەكدەنگی لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا یەك هەڵوێست بێت، ئایا تاچەند یەك هەڵوێستیی كورد بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە؟
- بێگومان وەك پێشریش ئاماژەم پێكرد یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم ئەوە نییە لایەنە سیاسییەكان شكستیان هێنابێت بۆ رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵكو هۆكاری سەرەكی ئەوەبووە ئێمە ئامانجمان بووە هەموو لایەنەكان بەشداربن و یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردستان پارێزراو بێت، بۆیە بەركردەیی ئامانج ئەوه بووە بە یەكڕیزی مامەڵە لەگەڵ پرسە چارەنووسسازەكانی كوردستان بكەین، كه دیارە یەكێك لەو پرسە سەرەكییانە چۆنیەتی قسەكردنە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانمان، ئەمەش لەلایەن پارتییەوە وەك ئامانج سەیركراوە، بۆیە ئێمە گەشبینین سەركەوتنمان لە پێكهێنانی كابینەی هەشتەم بە بەشداریی هەموو لایەنەكان، دەبێتە هەنگاوێكی كاریگەری ئەرێنی، بۆ ئەوەی دەرفەتی هاوهەڵوێیستی و یەكڕیزی لەنێو لایەنەكان زیاتر بێت و بۆ ئەوەی پێكەوە رووبەڕووی هەموو پرسەكان ببینەوە.
* بەڕێز سەرۆك بارزانی دەستی كردووە بە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ئەوەی زەمینەیەك خۆشبكرێت، لیژنەیەك پێكبێت بۆ پرۆژەی دانوستاندنی هەولێر لەگەڵ بەغدا، ئایا وردەكاریی دروستكردنی ئەم لیژنەیە چۆنە؟
- كۆبوونەوەكانی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كە تا ئێستا كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان و سەركردەكانی یەكێتیی نیشتمانی كراوە، لە ئاییندەیەكی نزیكدا لەگەڵ ئەمیر و ئەمیندار و سكرتێری لایەنەكانی دیكەش دەكرێت، هەموو ئەم هەنگاوانە بۆ ئەوەن كە لەم قۆناخە یەكهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەكان زەرورەتە و جەماوەری كوردستانیش لە بایەخی ئەم زەرورەتە تێدەگات و داوای دەكات، سەبارەت بە زەمینە رەخساندنیش بۆ ئەوەی لیژنەیەك پێكبهێنرێت لە هەموو لایەنە سیاسییەكان، من پێموایە هەتا ئێستا لەوانەیە هێڵە گشتییەكانی ئەم پرسە تەواو روون نەبن، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە ئامانجی سەرەكیی ئەوەیە هەموومان یەك هەڵوێست و یەكڕیز بین، هەموو پێكەوە یەك گوتاری سیاسیمان بەرامبەر بەغدا هەبێت و بەیەك ئاراستە مامەڵە بكەین، بۆیە لە تێڕوانینی سەرۆك بارزانییەوە پرسەكە بەو جۆرە سەیر دەكرێت هەر درزێك بكەوێتە نێو یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان، كاریگەریەكی گەورەی نەرێنی لەسەر پرسە نیشتمانییەكەمان دەبێت، بۆیە ئامانجە گەورە و سەرەكییەكە ئەوەیە، هەموومان یەكڕیز و یەك هەڵوێست بین بۆ پاراستن و داكۆكیی كردن لەسەر مافە رەواو دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان. لەگەڵ دەستەبەركردنی گەرەنتییەكی گەورە بۆ بەشداریی راستەقینەی لایەنی كوردستانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. هەروەها گەرەنتی چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگە و مافە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
* دیارە هەموو لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بە لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیشەوە، لە هەوڵی ئەوەدان كە لەگەڵ كورد هاوپەیمانی بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە مالیكی نامەیەكی ناردووە بۆ سەرۆك بارزانی، ئایا بەرای بەڕێزت چۆن وەڵامی ئەم نامەیە دەدەنەوە؟ ئایا مالیكی كەڵكی ئەوەی پێوە ماوە كورد هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات؟
- پێش هەموو شت كێشەی ئێمە وەك كێشەی كورد لە عێراقدا شەخسی نییەو پێوەندی بەهیچ شەخسێكەوە نییە، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم بەداخەوە ئێمە وەك خەڵكی كوردستان ئەزموونێكی تاڵمان لەو رێككەوتننانە هەیە كە لەگەڵ بەغدا لەچەند ساڵی دوای رووخانی رژێمی پێشوو كردوومانن، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری خاڵەكانی نێو ئەو رێككەوتنانە جێەبەجێ نەكراون، بۆیە ئێمە لە ئێستادا دەبێت بۆ رێگەیەك بگەڕێین كە گەرەنتی یاسایی زۆرترو دڵنیاییەكی زیاتری پرۆتۆكۆلی هەبێت بۆ ئەوەی مافەكانمان لەبەغدا پارێزراو بن، لەمەش زیاتر ئەم پرسە بۆ هەموو لایەنە كوردستانییەكان وەك یەكە، بۆیە پارتی بەتەنیا بڕیار لەسەر ئەم پرسە نادات و هەوڵدەدرێت هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كۆدەنگیەك لەسەر ئەم هەڵوێستە بدرێت ئەوجا بەرامبەر مالیكی بێت یان هەر لایەنێكی دیكە، بەڵام بۆچوونی من بەو جۆرەیە، كە داواكاریی ئێمە ئەوە نییە بەس مالیكی نەبێتەوە به سەرۆك وەزیران، ئەمەش وەك ئەوەی تەنیا ئامانجی ئێمە ئەوە بێت مالیكی نەبێتەوە بەسەرۆك وەزیران، نەخێر ئامانجی ئێمە مافەكانی گەلی كوردستان و گەرەنتی ئەو مافانە و شەراكەتی راستەقینەیە لە عێراقدا، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە مافەكانی ئێمە نەكەونە بەر هەڕەشە وەك ئێستا كەوتوونەتە بەر هەڕەشە.
* بەڕێزتان ئاگادارن ئەوە ماوەی زیاتر لە 5 مانگە حكومەتی بەغدا مووچەی فەرمانبەران و بودجەی كوردستانی بڕیوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی خۆی بڕیاریداوە نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات، ئایا لە كاتێكدا حكومەتی عێراق دژی ئەم مافە دەستوورییەی كوردستان بێت، چۆن لەم بارودۆخەدا كورد وتووێژ لەگەڵ بەغدا دەكات؟
- ئەگەر گەرەنتی مافەكانمان لەلایەن ئەو كەسانەی لەبەغدا حكومڕانی دەكەن بكرایە، ئێمە ئێستا هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ بەغدادا نەدەبوو، چونكە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوویەكی نزیك، ئێمە خۆمان بڕیارمانداوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدرالی و فرەیی و ئارەزوومەنددا لە چوارچێوەی عێراق پێكەوە بژین، بۆ ئەمەش جەنابی سەرۆك بارزانی و جەنابی مام جەلال ماندوبوونێكی زۆریان بۆ بونیادنانەوەی عێراقی نوێیەوە كێشاوە، بەڵام بەداخەوە عێراقی تازە تەنیا بە كورد بونیاد نانرێتەوە، بۆیە ئەوە ئەوانن هۆكاری ئەوەن كە كورد بیر لە چارەسەری دیكە بكاتەوە، ئێستاش كە باس لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان دەكەین، مەسەلەكە ئەوە نییە ئەو داهاتە بەتەنیا بۆ هەرێمی كوردستان بێت، بەڵكو ئەمە لە پێناوی ئەوەیە گەرەنتیەك هەبێت ئەو ئیستحقاقەی لەدەستووردا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، هیچ كەس مافی ئەوەی نەبێت هەڕەشەی لێبكات و به كەیفی خۆی یاریی پێبكات. بۆیە ئەگەر رێگەیەك هەبێت بۆ زامنی ئەم مافانە، ئەوا ئێمە كێشەمان نییە، بەڵام ئەگەر ئەم رێگە چارەیە گەیشتە بن بەست، ئەوا كورد ناچارە بیر لە رێگەچارەی دیكە بكاتەوە. بەتایبەتی كە كار گەیشتە ئەوەی بەغدا بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ئەوا ئەمە وایكرد متمانەی خەڵكی كوردستان بە حكومەتی بەغدا تەواو لاواز بێت.
* هەندێك دەڵێن لەگەڵ دەسپێكی وتووێژەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەم كێشەیەش چارەسەر دەبێت، ئایا تۆ لەمبارەیەوە چی دەڵێیت؟
- پێش هەموو شت مالیكی كە پێدەچیت بە رێنمایی خەڵكی دیكەش ئەم كارتەی بەكار هێناوە، ئامانج لێی ئەوە بووە كە فشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی خەڵكی بێزار بێت و شكست بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بهێنێت، بەڵام خەڵكی كوردستان بەگشتی و فەرمانبەرانی كوردستان ئەمجارەش سەلماندیانەوە پشتگیری لە نیشتمان و حكومەتی خۆیان دەكەن، بۆیە ئەم كارتەی مالیكی بەرامبەر بە كوردستان بەكاریهێنا، فەشەلی هێنا. لایەنێكی دیكە بۆ پەنابردن بۆ ئەم كارتە مەسەلەی هەڵبژاردن بوو، ئەوە هەڵبژاردنیش كۆتایی هات، بۆیە منیش پێموایە چارەسەر دەبێت و هەنگاوەكانی دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن جیاواز دەبن لەگەڵ پێش ئێستادا.
* ئاشكرایە وەك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چەندین جار ئاماژەی پێكردووە كورد ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە هەڵدەگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە چ لە بواری وەبەرهێنانی كەرتی هایدرۆكاربۆن، هەروەها چ لە بواری جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گێڕانەوەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان جێگەی سازش نابن، ئایا ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەتانتوانی لەسەر ئەم پرسە گەوهەریانە بگەنە چارەسەر، تاچەند ئومێدی ئەوەیە سەرۆك بارزانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات و ئیدی كوردستان بەشێك نەبێت لە عێراق؟
- لە هەموو بۆنەكاندا جەنابی سەرۆك بارزانی ئەوەی نەشاردۆتەوە كە مافی كورد بۆ بڕیاردانی چارەنووس مافی خۆیەتی، بۆیە من دەمەوێت راشكاوانە بدوێم؛ مافی چارەنووس پێوەندی نییە بە بوون یان نەبوونی مووچەوە، هەروەها پێوەندی نییە بە فرۆشتنی نەوت و پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو ئەمە مافی نەتەوەیەكە و سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەكات، ئەمە مانای ئەوە نییە مالیكی یان غەیری مالیكی یان حكومەتی بەغدا، ئەگەر مووچە بدەن بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئیدی كوردستانییەكان بیر لەهەبوونی كیانێكی سەربەخۆ ناكانەوە، یان ئەگەر كێشەی فرۆشتنی نەوتمان لەگەڵ بەغدا نەبێت، ئیتر ئێمە بیر لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی كوردستان ناكەینەوە، نەخێر مافی چارەنووس كوردستانێكی سەربەخۆ ئەمە مافێكی نەتەوەیی ئێمەیە، ئەوجا كەی ئەو بارودۆخە گونجاو دەبێت لەرووی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە، ئەمە مەسەلەیەكی دیكەیە، چونكە دەبێت ئێمە بەو جۆرە هەنگاو هەڵبگرین نە كێشە بۆ میللەتی خۆمان و نە بۆ ناوچەكەش دروست بكەین، بۆیە ئەوەی جەنابی سەرۆك و زۆربەی لایەنەكان لەسەری كۆكن، ئەوەیە ئەم مافە به رێگەیەكی ئاشتیانە دەستەبەر بكرێت. راشكاوانە دەڵێم پرسی بڕیاردانی مافی چارەنووس ئەوە نییە لەدوای مەسەلەی بڕینی بودجە، یان كێشەی نەوت، یان كێشەی پۆستی سەرۆك كۆمار یان وەزیرێك هاتبێتە ئاراوە، نەخێر ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی مێژووییە و مافی نەتەوەی كوردە بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات و دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی هەبێت. بەڵام بێگومان ئەو فشارەی كە ئێستا دەیخاتە سەر كوردستان وا دەكات هەنگاوەكان بۆ بڕیاردان له چارەنووس خێراتر بكات و زووتر بیری لێبكرێتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەتی عێراق بە هەنگاوەكانی خۆیدا نەچێتەوە، ئەوا بیر لەوه دەكەینەوە هەنگاوی خێراتر هەڵبگرین.
* ئایا تاچەند گەشبینی بە یەك هەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو لایەنە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی پێكەوە لەم قۆناخە كێشەكان چارەسەر بكەین؟ ئایا بەو ئاستە یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی مژدەبەخشە كوردستانییەكان دڵنیا بكەیت؟
- من پێموایە لەماوەی وتووێژەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دوو مەسەلە بەتەواوەتی روون بۆتەوە، یەكەمیان ئەوەی جێگەی رێز و تەقدیرە، نەفەس درێژیی خەڵكی كوردستانە لەگەڵ تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەكان شانازی بەو میللەتەی خۆمان دەكەین بەوەی پابەندن بە بڕیاری لایەنە سیاسییەكان لە پرسە چارەنووسسازەكاندا، دووەم: هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو ئومێدە دەبەخشێت، سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییەی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەبووە، هەر بۆ نموونە ئەگەر سەیری هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكەین، دەبینین هەڵچوونێكی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەبوو، بەڵام كاتێك دەستمان به وتووێژەكان كرد، تەنیا یەك مانگ بەسەر ئەوە تێپەڕیبوو، كەچی كەشوهەوای كۆبوونەوەكان زۆر جیاواز بوو، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت وێڕای جیاوازییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەڵام لایەنەكان ئەو توانایەیان هەیە كە ئومێدبەخشە بەوەی ناكۆكییە سیاسییە حزبییەكان بەلاوە بنێن لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی و راوەستان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێگەیشتوویەكی سیاسی لە كوردستان هاتۆتە ئاراوە، كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن بتوانن هەڵبچن و لەكاتی دانوستاندن هێمن بن، خاڵێكی دیكە كە مافی خۆمانە وەك پارتی ئاماژەی پێبكەین، ئەویش ئەوەیە باڵادەستی پارتی دڵنیایەكی گەورەی بە خەڵكی كوردستان داوە، بۆیە ئەو نەفەس درێژییەی پارتی وەك هێزی یەكەم لەم پرۆسەیە نواندی زۆر لە هەموو لایەنەكان زیاتر بووە، ئەمەش ئەگەر خوێندنەوەیەكی ویژدانی بۆ بكرێت، مانای ئەوەیە كاتێك پارتی باڵادەست بێت لە پرۆسەی سیاسیدا جۆرە دڵنیاییەك و ئەمانەتێك لە پرۆسەكەدا بوونی دەبێت. ئێستاش كە ئاكامی فەرمی هەڵبژاردنەكان رانەگەیەنراوە، لە ئاكامە سەرەتاییەكان وا دەركەوتووە كە پارتی لەناو هێزە كوردستانییەكان بە جیاوازییەكی بەرچاوی ژمارەی كورسی لەریزی یەكەمە، ئەمەش دیسان جۆرە دڵنیاییەك بە یەكهەڵوێستی بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكات.
Top