هنری باركی بۆ گوڵان:سەردانی بارزانی بۆ ئامەد پەیامێكە بۆ ئەوەی رۆژگاری دوژمنایەتی كورد و تورك بەسەرچوو
November 21, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر هنری باركی لەگەڵ گراهام فۆلەری بەڕێوەبەری پێشووی CIA ئەمریكا نووسەری كتێبی كێشەی كورد لە توركیا، هەروەها تایبەتمەندە لەسەر پرسی كورد و رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئێستاش پرۆفیسۆر باركی تایبەت لەسەر هەرێمی كوردستان لە ئامۆژگای كارنجی تۆژەرە، ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی لیهی، بۆ قسەكردن لەسەر سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە داوەتی فەرمی حكومەتی توركیا بۆ شاری ئامەد لە توركیا، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ پرۆفیسۆر باركی ئەنجامدا و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* سەردانی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەداوەتی فەرمی حكومەتی توركیا بۆ شاری ئامەدە لەتوركیا، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆچی حكومەتی توركیا بەفەرمی داوەتی بارزانی بۆ ئامەد دەكات؟
- پێموایە ئەمە ڕێگایەكە بۆ ئەوەی بارزانی پیشانی بدات كە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەكات لە توركیا، ئەمە ڕێگایەكە بۆ ئەوەی حكومەتی توركیا بە ئاشكرا پشتیوانی بارزانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بخاتەڕوو، كەواتە لەو رووەوە-سەردانێكی- گرنگ و بێ وێنەیە. هەروەها سیمبولیە لەبەر ئەوەی داننانە بەوەی كێشەی كورد تەنها كێشەیەك نییە لە عێراقدا، بەڵكو لە توركیاشدا ئەم كێشەیە هەیە. لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانین بڵێین ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگ و دراماتیكی بوو لەلایەن ئەردۆگانەوە. خاڵی سێیەم ئەوەیە ئەمە ڕێگایەكە بۆ ناردنی پەیامێك بۆ ڕای گشتی توركیا كە بڕوانن ڕۆژگاری دوژمنایەتی تورك و كورد بەسەرچووە و دەبێت تورك و كورد ڕێگایەك بۆ پێكەوە هەڵكردن بدۆزنەوە.
* بێگومان سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوكاری پرۆسەی ئاشتی یە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا، بڕیاری ئاشتی لە ئەنقەرەیە، ئایا تاچەند ئەم سەردانە دەبێتە هۆكارێك بۆ خێراكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا؟
- ئەوە ڕاستیە ئەوانەی بڕیار لەبارەی ئاشتیەوە دەدەن لە توركیا، سەركردایەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو ئەوە حكومەتی توركیا و كوردەكانی توركیان، بۆیە مەسەلەكە ئەوەیە تا چەند پەكەكە دەیەوێت ئەم كارە بكات، بەڵام سەردانەكەی بارزانی لە بنەڕەتدا دەبێتە هۆی متمانەبەخشین بە خەڵكی ناوچەكە كە كوردەكانی عێراق پشتیوانی ئەم هەنگاوە دەكەن. ئەمە مەسەلە گەورەكەیە لێرەدا. هەروەها گرنگە لەوە تێبگەین كە ئەوە بارزانی نییە ئاشتی بەرپا دەكات، بەڵكو دەبێت كوردەكانی توركیا ئەم كارە بكەن، هەموو ئەوەی بارزانی دەیكات ئەوەیە پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەكە پیشان دەدات.
* لە چوارچێوەی مێژووی توركیاو مێژووی پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا سەركردەیەكی كورد بانگهێشت بكرێت بۆ سەردانكردنی شارێكی كوردی لە توركیا، ئەمەش ئاماژەیە بە گۆڕانی سیاسەتی توركیا لە ئاست هەرێمی كوردستاندا، ئایا تا چەند بارزانی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لەوەی كێشەی كورد بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێت لە توركیا و تا چەند ئەردۆگان ئامادەیە بۆ گوێگرتن لە بارزانی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی كوردی وڵاتەكەیەوە؟
- من پێشتر وەڵامی ئەمەم دایە، پێموایە ئەمە سەردانێكی زۆر گرنگە، ئەمە ڕێگایەكە- كە بارزانی سەردانی ئامەد دەكات كە بە پایتەختی كوردستانی توركیا دادەنرێت- بۆ ئەوەی پشتیوانی تەواوی خۆی پیشان بدات بۆ پرۆسەی ئاشتی. بەڵام لە كۆتاییدا لەبەر ئەوەی پەكەكە بنكەی لە كوردستان هەیە- لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان-، ئەوا ئەوەی بارزانی دەیڵێت و ئەوەی ئەنجامی دەدات لەبارەی پرۆسەی ئاشتیەوە گرنگە، چونكە ئەگەر بارزانی پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی نەكردایە، ئەوا شتەكان تەواو جیاواز دەبوون، بەڵام ڕوونە لەبەر پەیوەندیە ئابوریەكان، لەبەر پشتبەستنی هەرێمی كوردستان بە توركیا، هەروەها بە گشتی لەبەر ئەوەی حكومەتی ئێستای توركیا- دەبێت ئەوەی بۆ بنووسرێت- كاری زۆر گەورەی كردوە بۆ چارەسەركردنی هەندێ لە كێشەكانی ڕابردووی نێوان توركیا و كوردستان، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت. ڕەنگە هەندێ كەس توڕە بن، ناسیۆنالیستە توركەكان توڕە دەبن و ڕەنگە هەندێ لە پشتیوانەكانی پەكەكەش توڕەبن، چونكە ڕەنگە وادەربكەوێت بارزانی پشتیوانی ئەردۆگان دەكات. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەمە پەرەسەندنێكی ئیجابیە. دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت كە هەر پەرەسەندنێكی ئیجابی لەم چەشنە، وەك دروستكردنی باڵەخانەیەك وایە، واتە تۆ بە شێوەیەكی لەسەرخۆ خشت بە خشت بنیاتی دەنێیت و بناغەیەك دروست دەكەیت، ئەمەش مەسەلەیەكی گرنگە لێرەدا، كە ئەوان بناغە بۆ ئایندە دادەنێن، ڕەنگە هەمیشە ڕاستەوخۆ دەرئەنجامەكان نەبینین و ئاشكرا نەبن، بەڵام لە كۆتاییدا بناغەیەكی پتەو دادەنێن كە بتوانن بینای لەسەر بكەن.
* بێگومان لە وتوێژەكانی نێوان بارزانی و ئەردۆگان كۆمەڵێك پرس دەكرێن، یەكێك لەو پرسە گرنگانە بێگومان مەسەلەی سوریایە، ئایا تاچەند ئەم پرسە بۆ هەرێمی كوردستان و توركیا گرنگن و بۆچوونی هاوبەشی لەسەر دروست دەبێت؟
- مەرج نییە من دڵنیابم لەوەی بارزانی و ئەردۆگان سەد دەر سەد هاوڕان لەسەر ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات، ڕەنگە هەندێ جیاوازی هەبێت، لەبەر ئەوەی بارزانی ڕەنگە زۆر نیگەران بێت لەبارەی بەری ئەلنوسرەوە، و. . . هتد، پێدەچێت بە جۆرێك لە جۆرەكان هاوڕابن لەبارەی ڕۆژئاڤا و پەیەدە و هەردوولا حەز بە پەیەدە ناكەن. بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو پرسانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی دوورو درێژیان لەبارەوە بكەن، كەواتە بەڵێ هەموو ئەو پرسانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
* بەڵام هەردوو لەسەر ئەو مەسەلەیە هاوڕان كە كێشەی سوریا بە رووخانی رژێمی ئەسەد، دەرگای چارەسەری بۆ وەڵا دەبێت، لەم دۆخەدا تاچەند دەتوانن بەرەو ئەم ئامانجە هەنگاو هەڵبگرن؟
- كێشەی سوریا كێشەیەك نییە بارزانی و ئەرۆدگان بتوانن بەهەردووكیان چارەسەری بكەن، ئەمە كێشەیەكی زۆر ئاڵۆزەو ئەوان گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن، بەڵام ناتوانن چارەسەری بكەن. لەبەر ئەوە من بەو شێوەیە سەیری ناكەم كە ئەوە مەسەلەیەك بێت ئەوان بگەنە دەرئەنجامێك لەبارەیەوە. ئەوان بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەكەن و باس لەوە دەكەن كە چییان پێدەكرێت، بەڵام ناتوانن چارەسەری بكەن، چونكە ئەمە كێشەیەكی زۆر زۆر قورسترە لەوەی دوولایەن بتوانن چارەسەری بكەن.
