ئەیاد جەمالەدین بۆ گوڵان:نەخشەی سیاسیی عیراق تەنیا بە هەڵبژاردنی یەك بازنەیی گۆڕانكاریی بەسەردادێت
October 30, 2013
دیمانەی تایبەت
ئەیاد جەمالەدین سیاسەتمدارێكی ناوداری عیراقییە و خاوەن چەندین بڕوانامەیە لە زانستە ئایینیەكان و فەلسەفەو سۆفیگەری، دیدو بۆچوونی تایبەتی لەسەر پێكهێنانی دەوڵەت هەیەو پێی وایە پێویستە دەوڵەتێكی عيلمانی لە عیراق لەسەر بنەمای دووركەوتنەوە لە دەستێوەردانی مەرجەعییەكان و تێكەڵكردنی ئایین بە سیاسەت دابمەزرێت كە رەچاوی فرەنەتەوەیی و ئازادییە سەرەكییەكان بكات،لەم دیدارە تایبەتییەدا لەگەڵ گوڵان وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە پەیوەست بە بارودۆخی عیراق و حوكمڕانی و سیاسەتی ئێستای دەوڵەت و نەبوونی سەروەریی یاساو ئەو قەیرانەی كە رووبەڕووی حكومەت بووەتەوە.* حكومەتی عیراق پێی وایە كە هێز لە بوونی سوپا و دەست كەوتنی چەك و ساروخدایەو بیر لە مەسەلەی شەراكەت ناكاتەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، چۆن دەكرێت ئەم لایەنە راست بكرێتەوە؟
- بەر لە هەموو شتێك ناكرێ هەنگاو بۆ ئێستا بهاوێژرێت بێ گەڕانەوە بۆ رابردووی نزیك لە عیراقدا،ئەو رابردووەش بریتییە لەوەی كە رژێمی صەدام و بەعس كۆمەڵگەی عیراقییان پارچەپارچە كرد، كاتێ دروشمی ناسێۆنالیستی عەرەبی بەرزكردەوەو سەرسەختانە پەیڕەوی كرد،ئەم دروشمە زیان بە عیراق و یەكێتیی كۆمەڵگەكەی دەگەیەنێت،ئەم رژێمە كاتێ باس لە نەتەوەی عەرەبی دەكرد بەم شێوەیە عیراقی ناشیرین كرد ، چونكە هەموومان دەزانین كە لە عیراقدا چەندین نەتەوە هەن،كە بێجگە لە عەرەب كورد و توركمان و زۆر نەتەوەی دیكە دەژین، بۆیە بە درێژایی 35 ساڵی حوكمی بەعس گیانی نیشتمانی عیراقی پێشێلكرا،یەكێتیی گەل هەڵوەشایەوە بەزەبری پیادەكردنی سیاسەتێكی چەوت كە مایەی ناڕەزایی زۆرینەی گەلی عیراق بوو، ئەمە وێڕای ئەو هەموو شەڕوشۆڕەی كە رژێم لە عیراق هەڵیگیرساند، بۆیە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە و دوای لەناوچوونی خودی رژێمیش كێشەو مەینەتییەكان هێشتا بە عیراق و عیراقییەكانەوە دیارەو بەردەوام قەیران و ململانێ سەرهەڵدەدەن، لەوانە گوتاری تایفی شیعی یان سوننی كە كاریگەریی زۆری بۆ سەر رەوتی یەكگرتوویی توێژو چینەكانی كۆمەڵگەی عیراقی بەجێهێشتووە،كە هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین بە درێژایی ئەو 10 ساڵەی دوای رووخانی رژێمی پێشوو ئەو وڵاتە نەیتوانی جارێكی دیكە ناسنامەی نیشتمانی خۆی دەست كەوێتەوەو دامودەزگاكانی خۆی بە شێوەیەك بنیادبنێتەوە كە لە خزمەتی میللەتی عیراقدا بێت،هۆكارەكەشی ئەوەیە كە هێزێك نییە بتوانێت یاسا لە عیراق سەروەربكات واتا بواری ئەمنی و دادپەروەری بنیاد بنێتەوە.
دیارە هۆكاری بنەڕەتیی ئەمەش ئەوەیە كە هێزو دەسەڵات لە دەستی چەند حزبێكدایە،بۆ نموونە دادگاو دادوەری لە دەستی حزبێكی دیاریكراودایە بە حەزو ئارەزووی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیكات لە بڕیارو راسپاردە بێ ئەوەی یاسا رۆڵی تەواوی خۆی بگێڕێت،بۆیە لەنێو هیچ توێژێكی كۆمەڵگادا متمانە بە دادگاو دەسەڵاتی دادوەری نەماوە،وێڕای بڵاوبوونەوەی بەرتیل و گەندەڵی لەنێو زۆربەی جومگەو دامودەزگاكانی دەوڵەت،بە كورتی ئەو هێزە سیاسییەی كە دوای رووخانی رژێم هاتەسەر حوكم لە عیراقدا تا ئێستا شكستی هێناوە لە گەڵاڵەكردنی دیدگایەكی روونی سیاسیی یەكگرتووی نیشتمانی،بۆیە دەبینین لە رووی ئابووریشەوە ئەم حكومەتەی دوای رژێمی پێشوو جڵەوی حوكمی گرتەدەست بەو بودجەیە زەبەلاح و زۆرو زەبەندەوە هیچی بۆ عیراقییەكان نەكرد نە توانی شەقامێك یان قوتابخانەیەك یان نەخۆشخانەیەك دروست بكات، نە توانی گوزەرانی خەڵكەكە چاك بكات،یان خزمەتگوزاریی ئاو و كارەباو شارەوانی و شتی دیكە فەراهەم بكات،بەڵام بۆ ئەوەندە ئازان كە دروشمی تایفی بەرزبكەنەوە چ لەلایەن هەندێ حزب و لایەنی شیعەوە یان سوننەوە،بۆیە گێشەو گرفتەكان لە عێراق زۆر لەوە قووڵترن و پێویستیان بە چارەسەری ریشەیی هەیە.
* باشە كوا مافی هاووڵاتیبوون، كە لەم بەینەدا ون بووەو لەبەرچاو ناگیرێت؟
- هاووڵاتی لە سەرو ماڵی خۆی دەترسێت، چونكە كە ئاساییش نەما بیركردنەوەش نامێنێت،بۆیە لەدەستدانی ئەمن و ئاسایش ناهێڵێت مرۆڤ بیروبۆچوونی خۆی بە تەواوی بخاتەڕوو،چونكە خەڵكەكە نازانێت روو لە كێ و لە كوێ بكات، لە حكومەتێك كە تایفییەت پەیڕەو دەكات ،بۆیە دەبینین روو لە تایەفە و هۆزەكانی خۆیان دەكەن،یاخود پەنا بۆ ئەو لایەنە دەبەن كە توانای پارێزگاریكردنی سەر وماڵیانیان هەیە،هەر بۆیە پێموایە گیانی نیشتمانی لای عیراقییەكان لە ناوچووەو نەماوە بەڵام نەك رەگ و بناغەكەی، چونكە لەو باوەڕەدام كە خەڵكی عیراق رەسەنەو پارێزگاریی لە رەسەنایەتیی خۆی دەكات،بۆیە ئەم خەڵكە چاوەڕێی ئەو حكومەتە دەكات كە توانای هەبێ ئەمن و ئاسایشی بۆ دابین بكات ئەو كاتە هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە هەست بە لێپرسراوێتی دەكات و روو دەكاتە ئاوەدانكردنەوە بنیادنانی نیشتمان،لە ئێستادا ترس باڵی بەسەر هەموو گەلی عیراقدا كێشاوە، ترس لە كوشتن و تیرۆرو تۆقاندن، ترس لە گەندەڵی، لە راوەدوونان و دەستگیركردنی هەڕەمەكی.
* ئەوەی زانراوە كە جیاوازیی هەیە لە نێوان بیركردنەوەی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نێوان بیركردنەوەی مرۆڤی ئەوروپی، بەو ناوەی كە ماوەیەكی زۆر لە هەندەران ژیاون،بۆچی ناكرێ ئێمەش وەك ئەوان بیر بكەینەوە لە بواری پیادەكردنی سیاسەتێكی نەرم و نیانی حوكم و بەڕێوەبردنی ئیش و كارەكانمان لە باتی ئەوەی تەنیا بیر لە هێزو توانای سەربازی و توندو تیژی بكەینەوە؟
- هەموو كەسێك بیر لەبەكارهێنانی هێز دەكاتەوە و بەكاری دێنێت، بەڵام وەك دەوڵەت نەك وەك حزب و مێلیشیاو تایفەو عەشیرەت،هەموو سیستەمێكی حوكم لە دنیادا هێزی هەیە،هێزی یاسا ئەوەی سەرپێچی بكات بە یاسا سزا دەدرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت،هەموو دەوڵەتێك سوپاو پۆلیس و ئەمن و هەواڵگریی هەیە، بۆ نموونە لە ئەمریكا سوپاو 16 دەزگای موخابەراتی و هەواڵگریی هەیە بێجگە لە پۆلیسی فیدرالی و ولایەت و هێزی دیكە، بەڵام هەموویان بەدەست حكومەتەوەن نەك بەدەستی مێلیشاو تایفەو حزبەكان، من پێشتریش ئاماژەم بەوەدا كە دادگاو سیستەمی دادوەری رێكخەرو پارێزەری ژیانی هاووڵاتیانە، لای خۆمان دادگا سەربەخۆ نییەو دادوەر لە ژیان و رۆحی خۆی دەترسێ كە ئەگەر حوكم بە یاسا بكات رەنگە بكوژرێت یان لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە،لە عیراق هێزی یاسا لە دەست مافیاو چەتەو پیاوكوژاندایە كە كۆنترۆڵی زۆربەی جومگەكانی سیاسی و ئابووریی و حوكمڕانیی وڵاتیان كردووە،من زۆر جار گوتوومە بە تایبەتیش دوای رووخانی رژێمی بەعس كە خەڵكەكە رزگاربوو و هەوای ئازادی هەڵمژی ئەوەیە كە مەرج نییە سیستەمی دیموكراتییەت لە هەروڵاتێكدا وەك ئەوەی سوید و سویسرای لێ بكەوێتەوە، بۆیە ئەو دیموكراتییەتە لە عیراق ئەو كاتە سەر دەگرێت و سەركەوتن بەدەست دێنێت كاتێ بكەوێتە دەست حكومەت و دەوڵەت نەك تاقم و مافیاو حزب و بازرگان و سیاسەتمەداری گەندەڵ كە گاڵتە بە چارەنووسی ئەم میللەتە دەكەن و بەم رۆژەیان گەیاندووە كە هەموو ئەو خەڵكە لە دڵەڕاوكێ و ترس و تۆقیندا ژیان بەسەردەبات،كە ئەمەش كارەساتێكی گەورەیە بۆ سەرجەم گەلی عیراق.
*لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو چەندین زاراوەی نوێ هاتنە ئاراوە، وەكو دیموكراتییەت و شەراكەت و سازانی نیشتمانی، بەڵام بینیمان كە هیچ كامێكیان شوێنی خۆی لە حوكمڕانیی سیاسیی ئەو وڵاتە نەگرت، بە رای ئێوە چارەسەرەكە لەكوێدایە، ئایا بگەڕێینەوە بۆ سیستەمی یەك سەركردەیی و یەك حوكمڕانی؟
- لە راستیدا زاراوەی شەراكەت و سازانی نیشتمانی هەمووی پەردەیەكە بۆ داپۆشینی كاری مافیاو شەراكەتی تایفی و سازانی تایبەت لە نێوان حزبە دەستڕۆیشتووەكان،چارەسەری ئەم كێشەیە لەدەست خودی گەلی عیراقە كە توانای گۆڕینی هەیە ئەگەر یەك بگرن، چونكە ئەو خەڵكە زۆر ناخۆشيیان چەشت بەدەست نەبوونی دادپەروەری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و جیاوازیی،بۆیە هیچ كەسێك نەیتوانیوە مافی تەواوی خۆی بەدەست بێنێت،لە دامەزراندن و وەرگرتن لە زانكۆو پەیمانگاكان كە بە ئارەزووی قوتابیان و حەزو توانای زانستییان نییە، ئەو هەموو دیاردە دزێوانەش تەنیا بە یەكگرتنی عیراقییەكان دێتەدی ئەویش لە ڕێی پێكهێنانی هێزێكی تازە كە بتوانێت بارودۆخەكە بگۆڕێت و گوزەرانیان چاك بكات و شكۆمەندییان بۆ بگێڕێتەوە، دیارە هەر پارێزگایەكیش لەگەڵ ئەوەی دیكە جودایە، بەڵام گەندەڵی و نادادپەروەری هەموو شوێنێكی ئەو عیراقەی گرتۆتەوە بە هۆی هەژموون و دەسەڵاتی مێلیشیاو حزبە دەسەڵاتدارەكان،بۆیە لە بەرژەونديی ئەو مێلیشیاو مافیانەدایە كە تیرۆر بمێنێت و بەردەوام بێت، چونكە لە سایەی ئەو بارودۆخە ناجێگیرو پشێوییەی ئێستا ئەوان زیاتر خۆیان دەوڵەمەند دەكەن و درێژە بە حوكمەكەیان دەدەن.
* كەواتە ئێوە لەو بڕوایەدان بە بوونی شەراكەتێكی راستەقینەی نیشتمانی دەتوانرێت حوكمێكی نیشتمانی دادپەروەر بێتە ئاراوە؟
- باشە شەراكەتی راستەقینە لە نێوان كێ؟ پێویستە هێزی نیشتمانیی راستەقینە هەبن كە خاوەن دیدگای نیشتمانی تەواو بن،بەڵام بە بوونی مافیاو چەتەكان ئەمە نایەتەدی ،بۆ نموونە سەرۆكی دادگا لادەبرێت دواتر بە فەرمانێكی دیكە دەگەڕێنرێتەوە ئا بەو شێوەیە،بۆیە پێویستە شەراكەت لە عیراق لە نێوان هێزو لایەنی باوەڕێكراو و راستەقینەدا بێت و حوكمیش لە دەست هەموو حزبەكاندا بێت نەك تاكە حزبێك خۆی بەسەر وڵاتدا بسەپێنێت،تەنانەت ئەو حزبانە هەموویان لە پەرلەمان ئەندام و نوێنەریان هەیە، بەڵام پەرلەمان توانای دامەزراندنی وەزیرێكی نییە،ئەوە چەند ساڵە عیراق ناتوانێت وەزیرێك بۆ بەرگری دابنێت، هەروەها بۆ ناوخۆ و بۆ ئەمن و بۆ موخابەرات، لە كاتێكدا كە عیراق رووبەڕووی شەڕی تیرۆر دەبێتەوە،هەموو ئەو پۆستانە لە دەستی سەرۆكی ئێستای حكومەتدایە كە بە وەكالەت بەڕێوە دەچن.
*دوای چەند مانگێكی دیكە لە عیراق هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئایا نەخشەی سیاسیی عیراق- بە ڕای ئێوە – دوای ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبێت؟
- ئەگەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن وەك خۆی مایەوە، ئەوا هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت، بەڵام ئەگەر یاساكە هەمواركرایەوەو بوو بە یەك بازنەی هەڵبژاردن ئەوا رەنگە نەخشەی سیاسیی وڵات گۆڕانكاریی بەسەردابێت،ئەویش بەهاتنە پێشەوەی هێزی تازەی سیاسی كە توانای گۆڕینی نەخشەی بەڕێوەبردنی عیراقی هەبێت،من لەگەڵ یەك بازنەیی هەڵبژاردندام كە بتوانێت لە هێزو دەسەڵاتی ئەو مافیایانەی حوكمڕان و كاربەدەستان كەم بكاتەوە.
