یانەی شەقلاوە خۆی نوێ دەکاتەوە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی شەقلاوە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، دەستەی کارگێڕی یانەکەش چاوی لەوەیە ئەم وەرزە بە ھەر نرخێک بێت یانەکەی شەقلاوە بگاتە خولی پلە یەکی یانەکانی کوردستان، بۆیە یانەکە گرێبەستی لەگەڵ مستەفا بابازادەی ئێرانی مۆرکردووە بۆ ئەوەی دۆخی تیپەکە بەرەوو باشتر بڕوات، لەم بارەشەوە فەرھاد خەیات سەرۆکی یانەی وەرزشی شەقلاوە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" بەفەرمی گرێبەستمان لەگەڵ مستەفا بابازادەی راھێنەری ئێرانی مۆرکردووە و دەمانەوێ ئەمساڵ تیپەکە سەربخەینەوە بۆ خولی پلە یەکی یانەکانی کوردستان، گوتیشی " ماوەی دوو مانگە دەستمان بە ئامادەکاری کردووە و لەگەڵ ئەوەش رەسول بزرگی ئێرانی و چوار یاریزانی تری دەرەوەی قەزای شەقلاوەمان ھێناوە بۆ ئەوەی بتوانین تیپێکی تۆکمە و بەھێز درووست بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئامانجەکەمان بپێکین، لەبارەی کێشەوگرفتەکانیان لە تیپی شەقلاوە گوتی" نەبوونی بوودجە گەورەترین کێشەیە بۆ یانەکەمان جگە لەوەش بەرپرسان و دەوڵەمەندانی شارکەمان ھاوکاریمان ناکەن، لای ھەمووانیش ئاشکرایەوەرزش تەنیا پارە سەرف کردنە، وەکو کارگێڕی یانەکەش بەردەوام دەبین لە خزمەت کردن بە یانەکەمان و پێکانی ئامانجەکەمان لە خولی پلە دووی یانەکانی کوردستان، ھەمووکارێک دەکەین بۆ ئەوەی دۆخی تیپەکەمان چاک بکەین و بتوانین دڵی ھاندەرانی شاری شەقلاوە خۆش بکەین و یانەکەیان سەربخەیەنەوە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان، لە تواناشمان ھەیە ئەنجامی باش بەدەست بھێنین.
کارزان کانەبی
