هونەرمەند(رەزوان قادر نانەكەلی) 14هەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی كردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی 18/8/2026هونەرمەندی شێوەكار(رەزوان قادر نانەكەلی) لە گەلەری میدیا لە شاری هەولێر,14هەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی لەژێر ناونیشانی(سەمای فڵچەكان لە سرووشتدا) كردەوە,كە ئەم پێشانگەیە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
پێشانگەكە لەلایەن (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و سەلیم قادر جێگری بەڕیوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان كرایەوە.
پێشانگەی (سەمای فڵچەكان لە سرووشتدا) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕێكخرا،هونەرمەند ڕەزوان قادر نانەكەلی 25 تابلۆی خۆی نمایش كرد كە 50 بە 70 قەبارەی تابلۆكان بوون و سەرجەم كارەكان ڕەنگدانەوەی سرووشت و ژینگەی جوانی كوردستانن,بڕیارە پێشانگەكە تاوەکو ڕێکەوتی 20/8/2026 بەردەوام دەبێت.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
