گرفتەکانمان نەبوونی بودجەی تەواو و تەرخان نەکراوە

گرفتەکانمان نەبوونی بودجەی تەواو و تەرخان نەکراوە

ژیا ئازاد حەمە ڕاهێنەری یاری گۆڵبۆڵی نابیانیان

گرفتەکانمان نەبوونی بودجەی تەواو و تەرخان نەکراوە
تیپی گۆڵبۆڵی نابینایان لە شاری سلێمانی لەلایەن یانەی وەرزشیی ڕۆژ بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دروست كراوە بە ئامانجی خزمەتكردنی چین و توێژە جیاوازەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت كە ئەوان بەشێكی گرینگی كۆمەڵگەن. یانەی ڕۆژ تاكە یانەی وەرزشییە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە یارییە جیاوازەكان كە كاریان تەنیا ئەنجامدانی وەرزشە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی لە ناو یارییەكانیش تیپی گۆڵبۆڵی یانەكە ئاستێكی بەرزیان هەیە لە چەندین پاڵەوانێتی جیاواز بەشدارییان كردووە ئەنجامەكانیان دڵخۆشكەرە، یەكێك لە ئافرەتە وەرزشوانەكانی شارەكەش كە ئێستا وەكو ڕاهێنەرێك ئامانجی خزمەتكردنی وەرزشی خاوەنپێداویستی تایبەتە لە یانەكە ئەویش مامۆستا ژیا ئازاد حەمە-یە ناوبراو وەكو مامۆستایەكی سەركەوتوو ڕاهێنەرایەتی تیپی گۆڵبۆڵی نابینایانی یانەی ڕۆژ دەكات، ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 2003ی پارێزگای سلێمانییە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی لێ كرد ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
*چۆن بوو بواری ڕاهێنەری یاری گۆڵبۆڵی خاوەن پێداویستی تایبەتت هەڵبژارد؟
- لەبەرەوەی جگە لە ڕاهێنەری بە ئەرکێکی پیرۆزی دەزانم.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە زیاتر كاتەكانت لەگەڵ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتە كە ئامادەكاری زیاتریان پێویستە؟
- قورسی کارەکەم وای کردوە زیاتر خۆشم بووێت، چونکە دەزانم قوتابیەکانم جیاوازن و منیش ئەبێ جیاواز بم لە فێر کردنیان.
*چۆن یاریزان بۆ ئەم یارییە دەست نیشان دەكەی؟
- لە ڕێگای دڵنییا بوونەوە لە پلەی بینینی یاریزانەکان دەست نیشانیان دەکەین بۆ یارییەکە.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە لە شارەكان بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە؟
- وەرزش بە شێوەیەکی گشتی لە کوردستان زۆر گرنگی پێ نەدراوە، جا ئەگەر بێتوو یارییەکەش خۆی تازە هاتبێتە کوردستان ئەوا هەر کەمتر ئەناسرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە یانەی وەرزشی ڕۆژ ماندوو نەناسانە هەوڵ بۆ ناساندنی یارییەکە دەدات.
*ئاستی یاری گۆڵبۆڵی نابیانیان چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- سوپاس بۆ پەروەردگار گرنگی پێ ئەدرێت و کەم تا زۆر خەریکە دەناسرێت ئەوەش سوپاس گوزاری دەوێت.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كەسانی تری وەرزشكار بۆ نێو ئەم وەرزشە؟
- ڕێگە پێدانی خێزانەکان و پشتگیری کردنی هەم کوڕان هەم کچان بۆ یارییەکە شتێکی خۆشی بەخشە بە ئێمەی وەرزشکار، چونکه خێزانی وەرزشیمان گەورە دەبێت و هەمیشە لە گەشەدا دەبین.
*بەرنامەی چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو ئافرەتێكی وەرزشكار لەم یارییە؟
- لە پلانمدایە هەمیشە لەم بوارەدا بمێنمەوە خوا یار بێت هەمیشە لە کۆ کردنەوەی زانیاری و زانین و فێر بوونی شتی تازەدا ده بم.
*بۆچی پاڵەوانێتی زیاترتان بۆ ناكرێتەوە؟
- هەبوونی پاڵەوانێتیەکان بۆ ئێمە زۆر وامان لێ دەکات بەردەوام بین و زیاتر هانی یاریزانان دەدات، هیوامان وایە لە داهاتوا پاڵەوانێتیمان هەبێت.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
- گرفتەکانمان نەبوونی بودجەی تەواو و تەرخان نەکراوە هەر وەکوو هەموو یانە وەرزشیەکانی تر.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو ئافرەتێكی وەرزشكار؟
- خەون و خولیا و ئاوات ویستم ئەوەیە دوای نەمانی منیش یاریزانەکانم لە بەرزترین و باشترین پلەدا ببینم.
*خەڵك زیاتر بۆ چ مەبەستێك ڕوو لەم وەرزشە دەكات؟
- خاوەن پێداویستیەکان کەسانی بە ئیرادە و بە کەڵکی کۆمەڵگان نابێ وا بزانن کە ئەوان کەسانی بێ سوودن ئیتر ئەوان ئێستا لە توانایاندایە ببنە باشترین یاریزان و کەسانی باش و دروستکەر، هۆکاری بەشداری کردنی کەسان لەم وەرزشە ئەوەیە.
*وەكو ڕاهێنەرێك بەنیازی ئەوە نیت تیپێكی بەهێز لە سەر ئاستی كوردستان دروست بكەی؟
- تیپ دروست کردن بە تایبەتیش بۆ یارییەکی شێوەی ئێمە کارێکی ئاسان نییە ، ئەم کارە دەبێ لە ژێر چاودێری و چەن ڕێ و شوێنێکدا بکرێت، بۆیە هەر بەتەمام لەگەڵ ئەواندا بەردەوام بم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
- سوپاس بۆ گوڵان بۆ ئەو هەموو خەمخۆرییەی لە كوردستان هەیەتی بۆ خزمەتی سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكان لە كوردستان.

 

Top