لە کوردستان یاریزانی زۆر باش ھەیە

لە کوردستان یاریزانی زۆر باش ھەیە
نوشین نەسراللە راھێنەری فێرگەی کچانی سلێمانی
لە کوردستان یاریزانی زۆر باش ھەیە
یانەی وەرزشی سلێمانی لە ئێستادا گرنگیەکی زۆر بە تیپەکانی فێرگە و ئاستەکانی تەمەن دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو سوودی زیاتر لە کوڕان و کچانی شارەکە ببینێ، دوای ھێنانی ستافێکی راھێنەری لە ووڵاتی ئێران بۆ دروست کردنی یاریزانان ئێستا رۆژانە مەشقەکان لە یانەکە بەردەوامە، نوشین نەسراللە راھێنەری فێرگەی کچان و کوڕان سلێمانی یەکێکە لەو راھێنەرانەی کە ئامانجی درووست کردنی یاریزانی زیاترە بۆ شارەکە ناوبراولە دایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە خاوەنی بڕوانامەی سی ئاسیاییە پێشووتریش بۆ چەندین یانە یاری کردووە ، گۆڤاری گوڵانیش چەند پرسیارێکی ئاراستە کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- لە کوردستان یاریزانی زۆر باش ھەیە، بەڵام کێشەیان ئەوەیە نایەن بۆ یاری کردن پێویستە لەسەر راھێنەرەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن بەردەوامبن لە مەشقدانیان ، یاریزانمان ھەیە لە ھەلەی مامۆستاکانی ناتوانێ یاری بکات ، بە گشتی وەرزشی کوردستان زۆر باشە و کاری باشتریش لەلایەن راھێنەرانەوە بکرێت باشە.
* پێت باشە چی بکرێت وەکو راھێنەرێک بۆ بەرەووپێشچوونی تۆپی پێی کوردستان؟
-ئێمە کە کاتی خۆی لە وڵاتی ئێرانەوە ھاتین بۆ شاری ھەولێرو سلێمانی ئەوەی بینیمان ئەوەبوو یاریزانان لە نێوان یەک ھەفتە بۆ دوو ھەفتە یەک رۆژ مەشقیان دەکرد و ھۆڵیش نەبوو، مەشقکردن نەبوون و کاتی ئەوەیان نەبووە کارەکانیان رێکخەر نەبوو، راھێنەری بە ئەزموون زۆر کەمە لێرە.
* ماوەیەکە لەگەڵ تیپی یانەی سلێمانی رێکەوتوونە ، ئامانجتان چیە لەم رێکەوتنە؟
-دەمانەوێ تەنیا یاریزانی درووست بکەین، کۆمەلێک یاریزانی زۆر ئاست بەرزمان لە کوچە و کۆڵانەکان ھێناوە، ئێمە دەمانەوێ زیاتر ئیش بکەین لەسەر ئەو یاریزانانە و گەورەیان بکەین و کاریان لەسەر بکەین بۆ دوارۆژ.
* بۆچی ھەوڵ نادەن کچانی ئەو شارە زیاتر لە تیپەکەتان کۆ بکەیتەوە کە رێژەیان کەمە؟
-یانەی سلێمانی پێشووتریش لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە کاری بۆ ئەوە کردبوو کە دامەزراندنی ئەو تیپە ئاستەکانی تەمەن بۆ کوڕان و کچانە، سەرۆکی یانەش ئەوەی بە ئێمە گوتوە کە تیپی کوڕان وکچان درووست بکەن، بەڵام ھاتنی یاریزانانی کچ زۆر کەمە ئێمە تیپ دروست دەکەین بۆ کچانیش.
* بەرنامەتان چییە بۆ داھاتووی خۆتان وەکو راھێنەر؟
-تا لە شاری سلێمانی و یانەکە بم یان ھەر یانەیەکی تربم ھەوڵدەدەم تۆپی پێی فوتساڵ و تۆپی پێی گەوران خزمەت بکەین زۆرترین یاریزان ھەڵبژێرین، یاریزانەکان ئاستیان باشە و دەتوانین سوود لە تواناکانیان ببینین، ئێمەش ئامانجمان درووست کردنی یاریزانە بۆ چەندین ساڵ، منیش کە لە کوردستانم ئامانجم درووست کردنی یاریزانە
* ھیچ تیپێک داوای کارکردنی لێ کردوون لە خولی فوتساڵی کوردستان؟
-وەکو راھێنەر تاکو ئێستا نەخێر، بەڵام وەکو یاریزان یاریم کردووە بۆ یانەکانی پیرەمەگرون و یانەی تریش ھەبووە لە ھەولێر یارییان بۆبکەم، من داوام کردووە وەکو راھێنەر کاربکەم بەڵام باری دارایی باش نەبووە بۆ ئەو کارە.
* بە بەراورد ئاستی وەرزشی لە ھەرێمی کوردستان و ووڵاتی ئێران چۆن دەبینی؟
-ئێران وولاتێکی زۆر گەورەیە لە ھەموو خولەکان بەشداربووە و لە مۆندیال بەشداربووە کچانیان پاڵەوانی ئاسیان ، نابێ بەرواردی ئێرە و ووڵاتی ئێران بکەم، تیپی باش ھەیە لە ووڵاتی ئێرانیش ، وەرزشیشی کوردستانیش باشە، لە ووڵاتی ئێران تیپی باش ھەیە و درێژەخایەنە کارەکانیان، لێرە پێچەوانەیە باری دارایی نەبێ تیپ لێرە درووست نابێ تیپ تەنیا بۆ خولەکان درووست دەکرێ.
* گرفتی وەرزشی کوردستان لە چی دەبینی؟
-کەسی شیاو لە شوێنی شیاو نییە، لێرە ئەوەم بینیوە تیپی زۆر باش ھەیە بەڵام راھێنەری بەتوانای نییە جگە لەوەش دەبێ راھێنەر خۆی ماندووبکات لەگەڵ یاریزانان، لێرە ھۆڵی تایبەت بە وەرزش زۆر کەمە بۆ کچان، تیپ بە راھێنەران نادرێ و مەشقەکان رێک وپێک نییە ، ھەرکاتێک بیانەوێ تیپ درووست دەکەن و دەلێن ئەمڕۆ مەشقە ، مەشقەکان چڕو پڕنین پێویستە ئەوانە چاک بکرێ.
* چی بکەین بۆ ئەوەی ئافرەت زیاتر روو لە وەرزش و یاریگاکان بکات؟
-کار بۆ ئاستی کچان بکرێ و زیاتر ھانیان بدرێ بۆ خزمەت کردن و مەشقیان رێکبخرێ، ئەگەر یاریگاکان باشبن و شوێنی مەشق ھەبێ زیاتر کچ روو لە وەرزش دەکەن.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی کە ئەنجامی دەدات لە شارەکانی کوردستان بۆ وەرزشکاران.



Top