من هیچ کاتێک وازم لە لە وڵاتەکەم نەهێناوە

من هیچ کاتێک وازم لە لە وڵاتەکەم نەهێناوە
خه‌سرۆ عه‌بدولحه‌مید یاریزانى پاسكیلسوارى یانه‌ى كرۆتۆنى ئیتالی
من هیچ کاتێک وازم لە لە وڵاتەکەم نەهێناوە
شارى هه‌ولێر له‌ مێژووى وه‌رزشى خۆی گرنگیه‌كى زۆرى به‌ یارى پاسكیلسوارى داوه‌ و چه‌ندین یاریزانى به‌تواناله‌م شاره‌ درووست بوونه‌ ئێستاش بوونه‌ته‌ جێگاى متمانه‌ى یانه‌ى تر كه‌ تواناى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌م یارییه‌، یه‌كێك له‌م یاریزانانه‌ش خه‌سرۆ عه‌بدول حه‌مید یاریزانى پێشووى شارى هه‌ولێرو ئێستاش یارى بۆ یانه‌ى كرۆتۆنى ئیتالی ده‌كات، كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌ ئیتالیه‌ چه‌ندین نازناوى خوله‌كانى ئه‌وروپاى به‌ده‌ستهێناوه‌، پێشووتریش له‌ هه‌رێمى كوردستان رۆلى به‌رچاوى گێراوه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌ بۆ شارى هه‌ولێر ناوبراو له‌دایك بووى شارى هه‌ولێره‌ و ئێستاش له‌ ووڵاتى ئیتالیا نیشته‌جێیه‌،گۆڤارى گوڵان له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌ .
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* چۆن بوو بڕیارى وازهێنانت له‌ وه‌رزشى كوردستان دا؟
-من هیچ کاتێک وازم لە لە وڵاتەکەم نەهێناوەو دەستبەرداری نەبووم، ئەوەی هەیە دوورکەوتنەوەیەکی کاتیی ناچاریی بوو. دوای ئەو چەندین ساڵەی لێرە بەڕێمکرد لە ڕاهێنان و یاریکردن بۆ یانە جیاوازەکان، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە نەمدەتوانی وەک پێویست گوزارشت لەو تواناو وزە شاراوانەم بکەم کە هەمەو پێویستم بە بوار و کەشێکی فراوانتر و جیاوازتر بوو. ئەوەش هانیدام بیر لە ئەزموونکردنی پێگەیەکی نوێ و جیاواز بکەمەوە، بەهیوای زیاتر خۆ پەروەردەکردن و بەرەوپێشچوون.
* له‌ نێو ئه‌و هه‌موو وڵاتانه‌ى ئه‌وروپا كه‌ گرنگى زۆر به‌ یارى پاسكیل ده‌درێ ، چۆن بوو ووڵاتى ئیتالیات هه‌ڵبژارد؟
-من هەر لە منداڵیمەوە سۆزێکی تایبەتم هەبوو بۆ هەڵبژاردە و یانە وەرزشییەکانی ئیتاڵیا (جا نازانم ئەوە پەیوەست بوونێکی خۆڕسکانە بووە یان پاڵنەرێکی دیاریکراوی هەبووە و من ئێستا بیرم نییە)، ئەم هۆکارە وای لێکردم لە هاندانەوە ڕووبکەمە چاودێریکردن و بەدواداچوونی زانیارییە گرنگەکانی تایبەت بە چالاکیی ورزشیی ئەو وڵاتە. بۆیە کاتێک بڕیاری ئەو سەرکێشییەم دا، ئیتاڵیا بووە یەکەمین و پەسەندترین ئامانجی گەشتەکەم، لەم بڕیارەشمدا هەستم بە سەرکەوتن کرد، لەبەرئەوەی بە گەیشتنم بەوێ، شتەکانی دەوروبەرم ئاشنا دەردەکەوتن و خۆم بە نامۆ نەدەبینی.
* چۆن له‌گه‌ڵ یانه‌ى كرۆتۆن رێكه‌وتى؟
- لە ئیتاڵیا بەڕێکەوت چاوم کەوت بە (د. میران جلال)، ئەو هاوڕێیەکی دێرینم بوو و پێشتر لەکوردستان لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە یەکترمان دەناسی، چەندجارێکیش چالاکییە وەرزشییەکانی منی لە ڕۆژنامەکاندا کردبووە هەواڵ و ڕیپۆرتاژ. لەڕێگەی (د. میران)ەوە چەند کەسایەتییەکی وەرزشیی و پاسکیلسواری یانەی (کرۆتۆن)م ناسی، وەک (ئۆمبێرتۆ کۆزا)ی پاسکیلسواری یانەی کرۆتۆن، (برونۆ پالێرمۆ)ی بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسی ئەو شارە و پەیامنێری (SKY Sport)ی ئیتاڵی، دوای چاند چاوپێکەوتن و زنجیرەیەک ڕاهێنان، دەستەی کارگێڕیی یانەی کرۆتۆن داوایان لێکردم پەیوەندییان پێوە بکەم و بەناوی ئەوانەوە بەشداریی پێشبڕکێکان بکەم.
*جیاوازی وه‌رزشی پاسكیل سوارى له‌ نێوان كوردستان و ئه‌وروپا له‌ چى ده‌بینى؟
- جیاوازی زۆر لەنێوان ئاستی وەرزشی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهاندا هەیە، ئەم جیاوازییەشیان بەراورد بە ئێمە چەندین جارە. لەوێ گرنگییەکی تەواو دەدرێت بە وەرزش و وەرزشکاران، ئەگەر بەهرەیەک لە کەسێکدا بەدیبکەن خۆیان بەرەوڕووی دەڕۆن، بەهەموو توانایانەوە پشتیوانییان دەکەن، پێویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن، هانیان دەدەن و ڕێنوێنییان دەکەن، واتا وەرش یەکێکە لەو بوارانەی وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت و جێگەی گرنگی پێدانێکی تایبەتە. لەبەرامبەردا لەکوردستان، وەرزشکاران بەگشتیی لەچەندین لاوە بە گرفت و بەربەستی جۆراوجۆر ئابڵوقە دراوە، وەک کەمیی ئەزموون و پسپۆڕ لەم بوارانەدا، نەبوونی پاڵپشتی دارایی، کەمیی ئامێر و کەرەستەی پێویست و لەهەمووی گرانتر بارودۆخی گشتیی سیاسی وڵاتەکەمانە. لەبەر ئەم هۆکارانە دەتوانم بڵێم بەراوردکردنی ئاستی خۆمان لەگەڵ وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئیتاڵیا بەراوردێکی نادادپەروەرانە دەبێت.
* بۆ ئه‌وه‌ى وه‌رزشیى پاسكیل سوارى له‌ كوردستان پێش بخه‌ین چى بكه‌ین باشه‌؟
- بۆ پرۆژەیەکی لەم شێوەیە مەرج نییە خۆمان بە داهێنانەوە ماندوو بکەین، بەڵکو دەتوانین شوێن پێی ئەزموونی وڵاتێکی وەک (ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا . . تد) هەڵبگرین و لاساییان بکەینەوە، پاشان لە قۆناغی دواتردا کار بکەین بۆ دروستکردنی ناسنامەی تایبەت بە خۆمان.
* بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ت نه‌داوه‌ بۆ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تى پاسیكلسوارى بكه‌ى؟
- لەم قۆناغەدا من پێویستم بە خود بونیادنان و فێربوونی زیاترە، هەموو هەوڵ و تواناکانیشم لەم پێناوەدا تەرخان کردووە، بەڵام بۆ داهاتووم ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێت و پاڵپشتییم بکرێت، بەدڵنیاییەوە دەگەڕێمەوە و ئەوەی فێری بووم لە ئەزموون و دنیابینی، بێ دوودڵیی لەگەڵ هاونیشتیمانییە وەرزشکارەکانمدا بەشداریی پێدەکەم، ڕێگاکانیش هەرچییەک و هەرچۆنێک بن، ڕێگە نادەم ببنە بەربەست لەبەردەم ئەو ئامانجەدا.
* به‌ نیازى چى بۆ داهاتووى خۆت؟
- وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەرکی من لەئێستادا فێربوون و بەرەوپێشچوونە، لەبەرئەوەشە لەم قۆناغەدا هەموو هەوڵەکانم تەرخان کردووە بۆ زیاتر پەرەدان بە تواناکانم و بچووککردنەوەی ئەو مەودایەی لەنێوان من و پاسکیلسوارێکی کامڵدایە.
* به‌رنامه‌ت چییه‌ بۆ داهاتووى خۆت؟
-دەتوانم بڵێم من ئێستا لە داهاتووی خۆمدا دەژیم، چونکە توانیومە بەشێک لەو پلانانەم بەرجەستە بکەم کە ڕۆژانێک وەک خەونێک دەهاتنە پێش چاوم، بەڵام هیچ بیانوو یان هۆکارێک نابینم بۆ ساردبوونەوە و هێواشکردنەوەی هەنگاوەکانم، لەبەرئەوەی گەشتەکەم بەرەو لوتکە تەواو نەبووەو پێویستیی بە ماندوێتیی و بەردەوامیی هەیە.
*هه‌وڵ ناده‌ى له‌ رێگه‌ى په‌یوه‌ندى خۆت له‌ ئیتالیا تیپێكى كوردستان یان هه‌ڵبژارده‌ى پاسكیلسوارى كوردستان ببیته‌ ئیتالیا بۆ به‌شدارى كردن له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كى نێوده‌وڵه‌تى؟
- بەدڵنیاییەوە هەوڵمداوە و لەمیانی گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکانمدا کارم کردووە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەستەی کارگێڕیی یانەکەم و هەروەها کەسایەتییە وەرزشییەکانی ناوچەکە، بۆ دروستکردنی ڕایەڵەیەکی پەیوەندی لەنێوان یانەکانی ئیتاڵیا و وەرزشکارانی کوردستان، تا لە داهاتوودا سوودی لێ ببینین بۆ ناردنی بانگێشتنامە و بەشداریکردنی پاسکیلسوارەکانمان لە پێشبڕکێ دەرەکیی و ئاست بەرزەکاندا. بەڵام ئەوەی ئەرکی منی گران کردووە، نەناسراویی ناسنامەی وەرزشیی ئێمەیە لە دەرەوە و کاتێک باس لە کوردستان دەکەیت، بەرامبەرەکەت هیچ زانیارییەکی نییە.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-دەمەوێت ئەم هەلە بەکاربهێنم بۆ سوپاس و ستایش کردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی هاندەر، ڕێنوێنیکەر و یارمەتیدەرم بوون بۆ گەیشتن بەم ڕۆژە، بەتایبەت بەڕێز (پشتیوان سەعید)ی ڕاهێنەر، کە بەشێکی گەورەی توانا بەدەستهاتووەکانم لەنەوا و سایەی ئەودا بووە، بەدڵنیاییەوە سوپاس بۆ بەڕێزیشتان بۆ ڕێکخستنی ئەم چاوپێکەوتنە وكولانیش به رده وام بیشنكه.


Top