لە ئێستادا کێشەو گرفتەکان کەمترن

لە ئێستادا کێشەو گرفتەکان کەمترن
ئاڵا سەعد یاریزانی تۆپی بالەی یانەی تەقتەق
لە ئێستادا کێشەو گرفتەکان کەمترن
ناحیەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە لە یاری تۆپی بالە یەکێک لەم یاریزانانەش کە خاوەن ئاستێکی بەرزە لە یاری تۆپی بالە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، ئاڵا سەعد یاریزانی تیپی بالەی یانەی تەقتەق یەکێکە لە کچە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەی ، ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٧وە پەیوەندی بەم یانەیەوە کردوە و رۆڵیی گرنگی بینیوە لە یانەکە ،چەندین ئەنجامی ئەنجامی گەورەی لەگەڵ تیپەکەی بەدەستھێناوە لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی بالەی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی ناحیەی تەقتەقە و دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە پێشووتریش یاریزانی یانەی پێشمەرگە و ھەڵبژاردەی عێراق بووە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی ؟
- بەگشتی باشە لە چاو ساڵانی پێشووتر دا ،بەڵام بەھۆی ئەم قەیرانە بە داخەوە لە ھەندێ شوێن و شارۆچکەی کوردستان یاری بالەی کچان نەماوە.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق کە تۆ لە ھەردوو خولەکە بەشداری؟
-لە سەر ئاستی عێراقیش بەم شێوەیە نییە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧ پاڵەوانیەتی بالەی عێراق لە شاری بەغداد بەرێوەچوو زۆرێک لە یانەکانی کوردستان بەشدارنەبوون.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالەی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
- باشترین شت بۆ باشتربوونی ئاستی ئەم یارییە ، ساڵانە شوێن و کاتی پاڵەوانیەتیەکان دیاری بکرێت لێژنەی ئۆلۆمپی بایەخی زیاتر بدات بەم بوارە ، پێداویستی ئەم یارییە بۆ یانەکان فەراھەم بکرێت.
*بۆچی یانەکەتان گرنگی زۆر بە یاری بالەی کچان دەدات لە چاو یارییەکانی تر؟؟
- وەکو یانەی تەق تەق لە ساڵی ١٩٩٧وە دامەزراوە ئەم تیپەش ھەر لەم ساڵەدا لەسەر خواستی کچە یاریزانان وا کراوە کە گرنگی بەم یارییە بدرێت بە درێژایی تەمەنی.
*گرفتەکانی کچان لەبەردەم بەردەوام بوونیان لە وەرزش؟
- لە ئێستادا کێشەو گرفتەکان کەمترن ئەوەی کە ھەیە ئەگەرێتەوە بۆ نەبوونی بودجەی پێویست ھەر چەند ڕاھێنەر و یاریزانانەکانی ئێمە لە دڵسۆزییان بۆ وەرزش و یاری بالە بە بە خۆبەخشانە چەند ساڵێکە لە ھەموو لایەکەوە بەردەوامن .
*ئاستی یاری بالەی کچان بەرەوو پێشچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە لە ماوەی ڕابردوو؟
- یارییەکە زیاتر خۆشی لێ دەبینرێ وماندوو بوونی زۆر کەمە.
*ھیواو و ئاواتت وەکو کچە وەرزشکارێک؟
-پێشووتر ھیوام وابوو لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی وەربگیرێم سوپاس بۆ خوا سەرکەوتوانە قۆناخەکانی کۆلێژم بڕی ،ئێستاش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆشەویستیم بۆ پیشەکە زیاتر دەبێت بەو ھیوایەم توانیبم خزمەتێکم بە بواری وەرزش گەیاندبێ لە ھەر لایەک بێ.
*لە ستافی تازەی کارگێڕی یانەکەتان ڕازی؟
- بەداخەوە بەھۆی دەستەی کارگێڕی ڕابردوو من دوو ساڵ دوورکەوتمەوە لەم یانەیە بەداخەوە دەیانویست وەرزش تەنیا بۆ چەند کەسێک بێت، لە ستافی تازەش بەم ماوەیە کورتە کە خۆشم بەشێکم لەم ئیدارە کاری باش کراوە بۆ بالەی کچان و کوڕان بتوانم لە ماوەی داھاتوو بە روحێکی وەرزشی کاری باش بکەم بۆ تیپەکەم .
*داواکاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟
-لە ھەموو کاتێکدا ڕوو دەکەیتە بەرپرسانی وەرزشی کە ئەوان لە گرفتەکانی وەرزش بگەن، ھیوادارم ئەگەر بچووکترین کەل و پەلیش بێت بەسەر یانە وەرزشیەکان دابەش بکەن دەستی یانە وەرزشیەکان بگرن.
*بەنیاز نین فێرگەی تۆپی بالەی کچان بکەنەوە؟
-خۆزگە ئەخوازم رۆژێک لە ڕۆژان فێرگەیەکی تۆپی بالە بکەمەوە ، بەڵام بە حکومی ئەوەی من یازدە ساڵە لە ھەولێر دادەنیشم ئەم کارە بۆ من زۆر ئەستەمە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھیواخوازم پەرەی زیاتر بەم بوارە بدرێت و کچان و ژنان بەتایبەت دانەبڕێن، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش کە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشکارانی کوردستانە.
Top