یانەی ھەولێر ھیچ یاریزانێکی دوورنەخستۆتەوە

یانەی ھەولێر ھیچ یاریزانێکی دوورنەخستۆتەوە
یانەی ھەولێر ھیچ یاریزانێکی دوورنەخستۆتەوە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی ھەولێر ئەمساڵ بە کۆمەلێک یاریزانی لاوی کوردی یانەکەی بەشداری کێبرکێیەکانی خولی تۆپی پێی نایابی یانەکانی کوردستانی کرد، کە ھەم وەکو ئامادەکارییەک بوو بۆ یارییەکانی پالاوتن و سەرکەوتن بۆ خولی نایابی یانەکانی عێراقی کە ماوەیەکی زۆرە کارگێڕی یانەی وەرزشی ھەولێر کار لەسەر سەرخستنی تیپەکە دەکات بۆ خولی نایابی عێراق، یانەی ھەولێر دوو وەرزە لە خولە گەورەکەی عێراق ناوی نەماوە ھاندەران و کارگێڕی تیپەکەش ئەمساڵ دەیانەوێ تیپەکە یەکێک بێت لە تیپە گەورەکانی خولەکە، لە شەقامی وەرزشی کوردستان دەنگۆی دوورخستنەوەی ١١ یاریزانی کوردی یانەکە بلاوبۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دکتۆر تەھا قادر یاریدەدەری راھێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" وەکو دوورخستنەوە ھیچ یاریزانێک لە یانەی وەرزشی ھەولێر دوورنەخراوەتەوە و ھەولێر دەستبەرداری ھیچ یاریزانێکی نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەم پۆلە یاریزانە لە سەر داوای راھێنەر بۆ خولی عێراقی بانگەشت نەکراون ئەگەر نا ھەر یاریزانی یانەی ھەولێرن و ھەولێریش لە خولی نایابی کوردستان پشتیان پێ دەبەستێ، لەبارەی ھێنانی ئەو پۆلە یاریزانەش لە یانەکانی تری کوردستان، تەھا گوتیشی " ئێمە ئامانجمان گەورەیە لە خولی عێراقی دەمانەوێ ئەمساڵ بە ھەر نرخێک بێت جارێکی تر ھەولێر بگەرێنەوە سەردەمی زێرینی و بچینەوە خولی نایابی یانەکانی عێراقی، ھێنانی ئەو یاریزانانەش ھەمووی یاریزانی بە توانان و پێشووتریش بەشێکیان لە خولی عێراقی یارییان کردووە و ئەزموونی باشیان ھەیە و ھیچیان لە یاریزانانی تیپەکانی تر کەمتر نییە، بەھیوای ئەوەین ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەست بھێنین بۆ شاری ھەولێر.
کارزان کانەبی
Top