بەھۆی نەبوونی شەفافیەت لە کارکردندا

بەھۆی نەبوونی شەفافیەت لە کارکردندا
بەھۆی نەبوونی شەفافیەت لە کارکردندا
ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی باڵای ماراسۆنی ھەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە
رێکان کەمال
لە پەیامێکدا ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی باڵای ماراسۆنی ھەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە، کە لە سەرەتادا لە سەرۆکێک و چوار ئەندام پێکھاتبوو.
ئەندامانی دەستەی باڵای رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی و ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر، ھەریەکە لە کاکە ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و دلێر ئیبراھیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن، دەستیان لە کارکێشایەوە، کە دوو لە چالاکترین ئەندامانی ماراسۆنەکە بوون.
لە پەیامی دەست لەکارکێشانەوەکەدا ھاتووە: (وەرزشوانان و چالاکوانانی مەدەنی و گشت ھاوڕێیانی ئازیز ئاگاداردەکەینەوە، کە دوای زیاتر لە ١٢ ساڵ کارکردن لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر- دەستەی باڵاو دامەزراندنی ئەو ماراسۆنە، ھەروەھا ئەنجومەنی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان، دەستمان لەکارکێشاوەتەوە، ھیچ پەیوەندییەکمان بە رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن و ئەنجومەنی ڕێکخراوەکان نەماوە و بەرپرس نین لە ھیچ کەموکوڕییەکی دارایی و کارگێڕیی ماراسۆنەکە).
بەگوتەی ئەم دوو ئەندامەی ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر، ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەیان بۆ نەبوونی شەفافیەت لە کارکردنداو، نەبوونی ھەڵبژاردن بۆ گۆڕینی سەرۆکایەتی رێکخراو و مانەوەی سەرۆک بۆ زیاتر لە ١٥ ساڵ وەک رێکخەری گشتی ئەنجومەنی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان، کە سەرەتا کاری رێکخستنی ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێری لە ئەستۆ گرتبوو و ھێنانی ئەندامانی تر بۆ نێو دەستەی باڵا، بەبێ پرس و ڕاکردن پێیان، دەگەڕێتەوە.
شایانی باسە ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەکی تر لە ناوبژیوانان و رێکخەرانی ماراسۆنی ھەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، بەھۆی ھەمان ھۆکار وازیان ھێناو رێکخراوی ماراسۆنی ئاشتی کوردستان-یان دامەزراند.
Top