بەداخەوە لە شاری کەرکووک گرفتمان زۆرە

بەداخەوە لە شاری کەرکووک گرفتمان زۆرە
ھاڤی نیزال یاریزانی نیشانە شکێنی یانەی سۆلاڤ
بەداخەوە لە شاری کەرکووک گرفتمان زۆرە
یانەکانی شاری کەرکووک بەردەوام گرنگی بە یاری نیشانە کشێنی دەدەن و شارەکەش خاوەنی چەندین کچ و کوڕە یاریزانی بەتوانایە لەم یارییە کە ئەنجامەکانیان پێویستە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، یەکێک لە کچە یاریزانەکانی ئەو شارەش کە ئەو ھێشتا تەمەنێکی کەمی ھەیە ، بەڵام چاوی لەوەیە بتوانێ ئەنجامی گەورە بەدەست بھێنێت لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان و دەرەوەش ئەویش کچە یاریزان ھاڤی نیزاڵە و یاریزانی یانەی سۆلاڤە لە شاری کەرکووک لە پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان و عێراق ئەنجامی باشی بەدەستھێناوە، ھاڤی لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٨ ی شاری کەرکووکە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ھاتنت بۆ نێو دونیای وەرزشی بە پێشوەختە بوو یاخودھەر لە ناکاو ڕووت لەم جیھانە کرد؟
- ھەر لە منداڵیەوە دەستم بە وەرزش کردن کردووە بە یاری جیمناستیک و دواتری یاری بالە لە ساڵی ٢٠١٤وەش ڕووم لە یاری نیشانە شکێنی کردووە لە یانەی سۆلاڤ.
*بۆچی لە ناو ھەموو یارییە وەرزشیە سەڕنجت بۆ یاری نیشانە شکێن بوو؟
-چونکە یاری نیشان شکاندن یارییەکی تاکە و ھەروەھا حەز وو ئارەزووی خۆم بوو کە ئەو یارییە ئەنجام بدەم و بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکان بکەم، ھەر لە سەرەتایی دەستپێکردنیشم بەم یارییە ئاستێکی زۆر باشم ھەبووە ئەوەش زۆر ھانی داوم بۆ بەردەوامم بوونم.
*وەکو یاریزان ئاستی یاری نیشانە شکێن لەچ ئاستێکەلە شاری کەرکووک؟
- بە بەراورد بە شارەکانی کوردستان ئاستی ئەم یارییە مام ناوەندە ھیوادارم کە ھەڵمان بۆ بڕەخسێت کە ئێمەش بتوانین لە داھاتوو بگەین بە ئاستی باشتر، ئەمەش ھاوکاری ھەمووانی دەوێت لە خێزان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
* ئەی لەسەر ئاستی کوردستان چۆنی دەبینی؟
-لە ئاستی کوردستان ئاستێکی زۆر باشی ھەیە و بەھۆی ھەبوونی ھۆڵ و ڕاھێنەری شارەزا لەم بوارەدا، ھیوادارم خولی زیارتیش بکرێتەوە بۆ یاریزانان.
*گرفتی ئەم یارییە لە چیی دەبینی؟
٠بەداخەوە لە شاری کەرکووک گرفتمان زۆرە بۆ نموونە ڕاھێنەری شارەزا و ھەوەھا بودجە و بایەخنەدانی تەواو بەم یارییە ،ھەروەھا نەبوونی کچە یاریزانان لەم یارییە تاکانە کە ھیچ بایەخێکی پێ نەدراوە من تەنیا یاریزانم بەڵام لە ھەمان کاتدا دوویاری ئەنجام دەدەم بەھۆی کەمی رێژەی ئافرەت لە وەرزشدا.
*بۆ ئەوەی یاری نیشان شکێنی لە کوردستان پێشبکەوێت چی بکرێت باشە؟
-خولی بەردەوام بکرێتەوە و گرنگی بە یاریزانان بدرێت ھۆڵی پێویست و کەلوپەلی پێویست ھەبێت بۆ یاریزانان خزمەتیان بکرێ.
* یانەی سۆلاڤ چۆن ھاوکاری دەکرێن؟
-بەڕاستی وەکو یانە زۆر ھاوکاریمان دەکەن ھەر چەندە قەیرانی دارایی زۆر کاری لە یانەکەمان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەستخۆشیان لێ دەکەم کە تا ئێستا ھاوکارمانن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو کچە یاریزانێک؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە کە ببینم رۆژێک لە رۆژان لە وەرزش لە شارەکەم و لە ھەموو کوردستان بایەخێکی زۆر زۆری پێ بدرێت وەکو ھەموو وڵاتانی جیھان ببینم کچانی زۆر ھەن وەرزش دەکەین لە یارییە جیاوازەکان.
* ئامانجت چیە لە وەرزش کردنت؟
-بەھیوای ئەوەم بتوانم باشترین ئەنجام بەدەست بھێنم و خزمەتی وەرزش بکەم.
* بە چ یاریزانێک سەرسامی لەم یارییە؟
-بە یاریزان شاخەوان غەفور کە ئاستێکی بەرزی ھەیە پاڵەوانی کوردستان و عێراقە حەز دەکەم بگەمە ئاستی ئەو.
* کاتت چۆن بۆ وەرزش داناوە؟
-کاتەکانم دابەشکردووە بۆ ھەردوو لایەن، ھەفتەی دوو رۆژ مەشقەکانم دەکەم لەبەر قوتابی بوونم.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کەوا بەردەوام لەسەرجەم شارەکانی کوردستان خزمەتی بەرچاوی کردوە بە بەسەرکردنەوەی یاریزانان، زۆر سوپاسی باوکم و کاک شاخەوان غەفور دەکەم زۆر پاڵپشتی منن و بەردەوام ھاوکاریم دەکەن.
Top