سلێمانی پایتەختی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقییە

سلێمانی پایتەختی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقییە
رێناز سەعید کچە یاریزانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی ھەڵبژاردەی عێراق
سلێمانی پایتەختی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقییە
شاری سلێمانی ھەموو کات بەوە ناوی دەکردوە کە لە یارییەکانی گۆڕەپان ومەیدان پێشەنگ بووە لە دروست کردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش، یانەی سیروانی نوێش یەکێکە لەو یانانەی کە بەردەوام ھەوڵی پێگەیاندنی یاریزانانی داوە و پێشەنگ بووینە لە درووستکردنی یاریزانانی کوڕو کچ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەی سیروانی نوێ رێناز سەعیدە ئەو ماوەیەکە لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان بەشدارە و خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٦ی شاری سلێمانیە قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیاریکمان لێ کرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دبمانە: کارزان کانەبی
*لە جیھانی وەرزشیی بۆچی رووت لە یاری گۆڕەپان ومەیدان کرد؟
- سەرەتا لە فیستیڤاڵی ساڵانەی گۆڕەپان و مەیدانی قوتابخانەکان خولیای ئەو یارییە بووم ، دواتریش حەزو توانای خۆم بۆ ئەم یارییە وەکو یارییە تاکەکان زیاتر بوو بۆیە ئەو یارییەم ھەڵبژارد.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لە شارەکانی کوردستان ؟
-بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو باشترە ، بەڵام ھێشتا کەم و کوری زۆری ھەیە وەکو یاریگای تایبەت و نەبوونی پرۆگرامێکی تۆکمەی ساڵانەی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدان بۆ پاڵەوانیەتیەکان و نەبوونی پاڵپشتی مادی کە یاریزانان دووردەخاتەوە لە کاری دووەم نەبوونی کەش وھەوای کوردستان و نەبوونی ھۆڵی داخراو کەمی کادیری پسپۆرو چاڵاک و زۆر کێشەی تریش.

*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە شار سلێمانی لە چ ئاستێکەدا دەیبینی کە سلێمانی ھەموو کات خاوەن یاریزانانی بەتوانا بووە ؟
- سلێمانی بە پایتەختی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقی ناودەبرێت ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بوونی دوو یانەی بەھێزی وەکو(پێشمەرگەی سلێمانی و سیروانی نوێ) لەم شارە و بوونی چەندین پاڵەوان کە لە ھەڵبژاردەی عێراقین.
*پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەڕەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان ؟
- باشتر کردنی ژیانی یاریزانان لە رووی دارایی و دابین کردنی کەل و پەلی پێوست و بوونی یاریگای باش و بەردەوامی کردنەوەی پاڵەوانیەتی ئەمانە ھەمووی ھۆکار دەبن بۆ باشتر بوونی ئاستی ئەم یارییە لە تەواوی شارەکانی کوردستان.
* لە ئەنجامەکانی خۆت ڕازیت وەکو یاریزان بە تایبەتی لە ڕاکردنەکانت ؟
- لە سەرجەم پاڵەوانیەتیەکانی عێراق عێراق و کوردستان و لە زۆربەی ڕاکردنەکانی ناوەخۆ و دەرەوەش بەشداریم کردەوە ئەنجامەکانیشم ھەمووی پلەی یەکەم و دووەمە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراقیشم.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەکو یاریزانێک ؟
- بەردەوامم لە ئامادەکاری و مەشقدام بۆ ئەوەی بتوانم لە سەرجەم پاڵەوانیتیەکانی ھەڵبژاردەی عێراقی بەشداری بکەم و بەردەوامیش خۆم ئامادە دەکەم بۆ ئەوەی زۆرترین ئامادەکاریم تێدا بێت بۆ پاڵەوانیەتی عەرەبی .
* خێزانەکەت تا چەند ھاوکاریت دەکەن ؟
- ئەوان وەرزشکار نیین بەڵام بەردەوام ھاوکارو پاڵپشتی بەردەوامی منن.
* ھیواو ئاواتت وەکو کچە وەرزشکارێک ؟
- تا زیاتر پێش بکەویت ئاەرزووت زیاتر دەبێت منیش ئاواتم ئەوەیە بەشداری لە پاڵەوانیەتیە گەورەکان بکەم.
*یانەی سیروانی نوێ ھاوکاریتان دەکەن ؟
- یانەکەمان ئەوپەری ھاوکاریمان دەکەن، بەڵام ھێشتاش بێ کێشە نین.
* بەچ یاریزانێک سەرسامی؟
- یاریزانی جامایکی شیلی ئان ئەوە نموونەیە بۆ من.
*جگە لە یاری گۆڕەپان و مەیدان چ یارییەکی تر ئەنجام دەدەی؟
- نەخێر تەنیا کاتی خۆم بۆ ئەم یارییە تەرخان کردووە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو بەردەوامیەی کە خزمەت بە تەواوی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستان دەکەن بەبێ جیاوازی ھیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم، سوپاس بۆ ڕاھێنەرەکەشم دکتۆر سیروان حامد کە بەردەوام ھاوکارمانە.
Top