رووداوە وەرزشییەکانی ساڵی ٢٠١٧ تایبەت بە تۆپی پێ
رووداوە وەرزشییەکانی ساڵی ٢٠١٧ تایبەت بە تۆپی پێ
ریال مەدرید ناسناوی لالیگای بەدەستھێنا
لە وەرزی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ی لالیگا یانەی ریال مەدرید توانی ناسناوی لالیگا بباتەوە، دوای ئەوە ٩٣ خاڵی کۆکردەوو و بە جیاوازی ٣ خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای رکابەری.
یانە مەدریدییەکە ئەمە سی وسێیەمین جارە ناسناوەکە دەباتەوە.
بارسێلۆنا ناسناوی ٢٩یەمینی جامی شای ئیسپانیای بردەوە
یانەی بارسێلۆنا جامی شای ئیسپانیای بەرزکردەوە دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی ئالاڤێسی بردەوە.
ریال مەدرید جامی سوپەری ئیسپانیای دەستەبەر کرد
لە جامی سوپەری ئیسپانیا یانەی ریال مەدرید توانی ناسناوەکە بۆ جاری دەیەم لەمێژوویدا دەستەبەربکات دوای ئەوەی بە ئەنجامی یاری چوون و گەڕانەوە لە یانەی بارسێلۆنای رکابەری بردەوە.
چێڵسی بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ
لە ئینگڵتەرا یانەی چێڵسی توانی ناسناوی پریمەرلیگ لە وەرزی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ بباتەوە دوای ئەوەی توانی ٩٣ خاڵ کۆبکاتەوە و بەجیاوازی ٧ خاڵ لەگەڵ یانەی تۆتێنھام ھۆتسبێری رکابەری.
بلوز شەشەمین جارە ناسناوەکە دەستەبەر دەکات.
مانچێستەر یونایتد جامی یانە پیشەگەرەکانی ئینگلتەرای بردەوە
یانەی مانچێستەر یونایتد ناسناوی جامی یانە پیشەگەرەکانی بەدەستھێنا دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی ٣ گۆڵ بەرانبەر بە ٢ گۆڵ لە یانەی ساوسھامبتۆنی بردەوە.
ئەمە پێنجەمین جارە مان یو ئەو ناسناوە دەباتەوە.
ئارسیناڵ ناسناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرای بەرزکردەوە
یانەی ئارسیناڵی لەندەنی ناسناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرای بەدەستھێنا دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی ٢ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی چێڵسی بردەوە و سێزدەمین ناسناوی دەستخست.
یۆڤێنتۆس ناسناوی کالچیۆی بردەوە
لە ئیتاڵیا و لە وەرزی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ی کالچیۆ، یانەی یۆڤێنتۆس بۆ جاری شەشەم لەسەر یەک و سی و سێیەمین لەمێژوویدا خولی پلە یەکی ئیتاڵیای بردەوە، دوای ئەوەی توانی ٩١ خاڵ کۆبکاتەوە و بەجیاوازی ٤ خاڵ لەگەڵ رۆمای دووەم.
یۆڤێنتۆس بووە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا
لە وەرزی رابردوو یۆڤێنتۆس ناسناوێکی دیکەی بردەوە ئەویش ناسناوی جامی ئیتاڵیایە، خانمەپیرەکە لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی لازیۆی بردەوە و بۆ جاری دوازدەمین جامەکەی بەرز کردەوە.
لازیۆ جامی سوپەری ئیتاڵیای بەرزکردەوە
لازیۆ تۆڵەی لەدەستدانی جامی ئیتاڵیا لە یۆڤێنتۆس کردەوە و لە یاری جامی سوپەری ئەو وڵاتە بە ئەنجامی ٣ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی خانمە پیرەکەی بردەوە، ئەمە چوارەمین جارە لازیۆ ناسناوەکە دەباتەوە.
بایرن میونشن ناسناوی بۆندس لیگای بەدەستھێنا
لە ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشن ناسناوی خولی یانە پلە یەکەکانی بردەوە، دوای ئەوەی ٨٢ خاڵی کۆکردەوە و بەجیاوازی ٢٥ خاڵ لەگەڵ لایپزێگی نزیکترین رکابەری و بۆ جاری بیست و حەفتەمین یانە باڤارییە جامەکە بەرز دەکاتەوە.
بۆرووسیا دۆرتمۆند جامی ئەڵمانیای بەرز کردەوە
لە پاڵەوانییەتی جامی ئەڵمانیا، یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند جامەکەی بەدەستھێنا دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا لە یانەی ئینتراخت فڕانکفۆرتی بردەوە و بۆ چوارەم جار لە مێژوویدا جامەکەی بەرز کردەوە.
بایرن میونشن جامی سوپەری ئەڵمانیای بەدەستھێنا
لەیاری جامی سوپەری ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشن ناسناوەکەی دەستەبەرکرد دوای ئەوەی بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە خاڵی سزا لە یانەی بۆروسیا دۆرتمۆندی بردەوە و باڤارییەکان بۆ شەشەم جار جامەکەیان بەرز کردەوە.
مۆناکۆ بۆ ھەشتەم جار لە مێژوویدا خولی فڕانسای بردەوە
یانەی مۆناکۆ بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا خولی پلە یەکی ئەو وڵاتەی بردەوە دوای ئەوەی ٩٥ خاڵی کۆکردەوە و بەجیاوازی ٨ خاڵ لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی دووەم.
پاریس سان جێرمان جامی فرانسای دەستەبەرکرد
لە جامی فرانسا یانەی پاریس سان جێرمان جامەکەی بەرزکردەوە دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا لە یانەی ئانگێی بردەوە و بۆ جاری یازدەیەم لەمێژوویدا ناسناوەکەی دەستەبەرکرد.
پاریس سان جێرمان ناسناوی جامی یانە پێشەگەرەکانی بەرز کردەوە
لە جامی یانە پیشەگەرەکانی فرانسا یانەی پاریس سان جێرمان ناسناوەکەی بردەوە دوای ئەوەی بە ئەنجامی ٤ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی مۆناکۆی بردەوە، پی ئێس جی حەوتەمین جارە ئەم جامە دەباتەوە.
ریال مەدرید بۆ جاری دوازدەیەمین چامپیۆنزلیگی بردەوە
لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بەیەک گەیشتن و لەم یارییەدا ریال مەدرید توانی بە ٤ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بۆ جاری دوازدەیەمین ئەم جامەی بەرزکردەوە.
ئافرەتانی ئۆڵۆمپیک لیۆن بوون بە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ
لەسەر ئاستی ئافرتان، یانەی ئۆڵۆمپیک لیۆنی فرانسی ناسناوی وەرزی رابردوویان دەستەبەر کرد دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا و بەرانبەر بە پاریس سانجێرمان ھاونیشتیمانی بەلێدانی یەکلاکەرەوە لەخاڵی سزا سەرکەوتنیان تۆمار کرد و بۆ جاری چوارەم لە مێژوویاندا ناسناوەکەیان دەستخست.
مانچێستەر یونایتد بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا بوو پاڵەوانی یۆرۆپا لیگ
لە یۆرۆپا لیگ، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا ناسناوەکەی بردەوە، دوای ئەوەی لە فایناڵی پاڵەوانیەتییەکە بە ئەنجامی ٢ گۆڵی بێ بەرانبەر لە ئەجاکس ئەمستردامی ھۆڵەندی بردەوە.
ریال مەدرید جامی سوپەری ئەوروپای بردەوە
لە یاری جامی سوپەری ئەوروپا یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناسناوەکەی دەستەبەرکرد دوای ئەوەی بە ئەنجامی ٢ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بردەوە و بۆ جاری چوارەم لەمێژوویدا جامەکەی بەرز کردەوە.
ئەڵمانیا یەکەم ناسناوی جامی کیشوەرەکانی بردەوە
لە یاری کۆتایی جامی کیشوەرەکان کە پاڵەوانیەتییەکە لە رووسیا بەڕێوەچوو، ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا ناسناوەکەی بەدەستھێنا دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە ھەڵبژاردەی چیللی بردەوە.
کامیرۆن ناسناوی جامی ئەفریقیای بەرز کردەوە
لەجامی نەتەوەکانی ئەفریقیا بۆ ھەڵبژاردەکان، ھەڵبژاردەی کامیرۆن بۆ جاری پێنجەم لەمێژوویدا ناسناوەکەی دەستخست، رەش پێستەکانی کامیرۆن لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی ٢ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ھەڵبژاردەی میسڕی بردەوە.
ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا جامی جیھانی لاوانی بەرز کردەوە
لە جامی جیھانی لاوان کە لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا ناسناوەکەی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە ھەڵبژاردەی فێنزوێلای بردەوە و بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا جامەکەی بەرز کردەوە.
ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا جامی جیھانی تازەپێگەیشتووانی بەرز کردەوە
لە جامی جیھانی تازە پێگەیشتوان کە لە ھیندستان بەڕێوەچوو، تازەپێگەیشتوانی ئینگلتەرا ناسناوەکەیان بەدەستھێنا.
ئینگڵاند دوای گەیشتنی بەیاری کۆتایی رووبەرووی ئیسپانیا بوەوە ولە ئەنجامدا ھەڵبژاردەی سێ شێرەکە بە ئەنجامی ٥ گۆڵ بەرانبەر بە ٢ گۆڵ سەرکەوتنی تۆمار کرد.
ئینگلتەرا یەکەم جارییەتی ئەم جامە دەباتەوە.
ئافرەتانی ھۆڵەندا بوون بە پاڵەوانی ئەوروپا
لەجامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ئافرەتانی ھۆڵەندا بۆ یەکەم جار لە مێژوویاندا جامەکەیان بەرز کردەوە، دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی ٢ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ھەڵبژاردەی ئافرەتانی دانیماڕکی بردەوە.
راکێشانی تیروپشکی مۆندیالی ٢٠١٨ی رووسیا
لەساڵی ٢٠١٧ تیروپشکی مۆندیالی دووھەزاروھەژدەی رووسیای راکێشرا، تیروپشکەکەیش لە ھۆڵی کرملینی شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا راکێشرا.
مۆندیالی داھاتوو بەبەشداری ٣٢ ھەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت و ھەڵبژاردەکانیش دەبەشی سەر ٨ کۆمەڵە کراوون.
ریال مەدرید سێیەم ناسناوی جامی جیھانی یانەکانی بردەوە
لە یاریی کۆتایی جامی جیھانی یانەکان یانەی ریاڵ مەدرید بە گۆڵێکی رۆناڵدۆ کە لە یانەی گریمیۆی برازیلی تۆماریکرد، بۆ جاری سێیەم لەمێژوویدا ناسناوەکەی دەستەبەر کرد
قوەی جەویە بووە پاڵەوانی جامی فیدڕاسیۆنی ئاسیا
یانەی قوەی جەویەی عێراقی بۆ جاری دووەم لەسەر یەک و دووەمیش لە مێژوویدا ناسناوی جامی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی ئاسیای بردەوە دوای ئەوەی لە فایناڵی پاڵەوانیەتییەکە بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە ئیستیقلال دۆشمبەی تاجیکستانی بردەوە.
کریستیانۆ رۆنالدۆ لەلایەن فیفا و فڕانس فوتبۆڵەوە وەک باشترین یاریزان دیاریکرا
ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیا فیفا و گۆڤاری فڕانس فوتبۆل خەڵاتەکانی تایبەت بە باشترین یاریزانی جیھان دەستنیشانکرد،
فیفا خەڵاتی تۆپی زێڕینی بە کریستیانۆ بەخشی و لەلایەکیدیکەوە بە ھەمان شێوە لەلایەن گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵەوە کریستیانۆ رۆنالدۆ وەک باشترین یاریزانی ساڵی ٢٠١٧ دەستنیشانکرا.
دوو ئەستێرەی جیھانی بەیەکجاری وازھێنانی خۆیان راگەیاند
ھەردوو ئەستێرەی جیھانی و یاریزانانی پێشووی ئیتاڵیا ئاندریا پیرلۆ و فرانسیچکۆ تۆتی بەیەکجاری وازھێنانیان لە یاری کردن راگەیاند.
ئاندری پیرلۆی ٣٨ ساڵ، لە کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ یانەکان و ھەڵبژاردەکەی ٦٩١ یاری ئەنجامداوە و ٧٤ گۆڵی کردووە، ٩٠ ئاسیستی ھەبووە و و ٢١ ناسناوی بەدەستھێناوە.
تۆتییش کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، ٧٨٦ یاری بۆ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامداوە ٣٠٧ گۆڵی تۆمارکردوە و خاوەنی ٦ ناسناوە.
رووداوە وەرزشییە جۆراوجۆرەکانی ساڵی ٢٠١٧
پیاوانی فڕانسا مۆندیالی تۆپی دەستیان بردەوە
لەمۆندیالی تۆپی دەست بۆ ھەڵبژادەکان لەسەر ئاستی پیاوان، ھەڵبژاردەی فڕانسا بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا ناسناوەکەی بردەوە دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی ٣٣ گۆڵ بەرانبەر بە ٢٦ گۆڵ لە ھەڵبژاردەی نەرویجی بردەوە.
ئافرەتانی فرانسا بوونە پاڵەوانی مۆندیالی تۆپی دەست
ئافرەتانی فڕانسا توانیان ناسناوی مۆندیالی تۆپی دەست بەدەستبھێنن دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا لە ھەڵبژاردەی ئافرەتانی نەرویج ببەنەوە، ئەنجامی یارییەکەیش ٢٣ بەرانبەر بە ٢١ بوو، ئەمە دووەمین جارە ئافرەتانی فڕانسا ئەو ناسناوە دەبەنەوە.
لویس ھامیلتۆن بووە پاڵەوانی فۆرمولا وەن
لە پاڵەوانیەتی فۆرمولا وەن، لویس ھامیلتۆنی بەریتانی و شۆفێری ئۆتۆمبێلی مارسیدیس ناسناوی ساڵی رکابەرییەکەی لەساڵی ٢٠١٧ بردەوە، دوای ئەوەی پێشەنگی دەستەبەر کرد وپێش سیباستیان ڤیتێلی ئەڵمانی کەوت کە پلەی دووەمی دەستخست و بۆ جاری سێیەم ئەم پاڵەوانیەتییە دەستەبەرکرد.
وەشانی ژمارە ١٦ی پاڵەوانیەتی جیھان بۆ گۆڕەپان و مەیدان بەڕێوەچوو
لەساڵی ٢٠١٧ پاڵەوانیەتی جیھان بۆ گۆڕەپان و مەیدان بەڕێوەچوو.
ململانێکان لە بەریتانیا بەبەشداری ٢٠٣٨ وەرزشوان لە ٢٠٥ وڵات ئەنجامدرا، ھاوکات ژمارەی رکابەرییەکان ٤٨ رکابەری بوە و دابەشی سەر پیاوان و ئافرەتان کران.
یوسان بۆڵت وازی ھێنا
پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی جیھانی کە لە بەریتانیا بەڕێوەچوو دوایین وێستگەی وەرزشی یۆسان بۆڵتی راکەری جامایکی بوو، ئەم وەرزشکارە لەتەمەنی سی ویەک ساڵیدا وازھێنانی خۆی راگەیاند.
بۆڵت لەماوەی رابردوودا ١٣ میدالیای زێڕی لە ئۆڵۆمپیادەکان و پاڵەوانیەتیە جیھانییەکانی بردۆتەوە و، ئەم راکەر بە خێراترین پیاوی سەر زەمین ھەژمار دەکرا.
پاسکیلسواری..کریس فروم بووە پاڵەوانی خولانەوەی فڕانسا
لە پاسکیلسواری و لەپاڵەوانیەتی ئەمساڵی خولانەوەی فرانسا کە گرنگترین پاڵەوانیەتییە لەسەر ئاستی جیھان و تێیدا لە لۆکسمبۆرگ و بەلجیکا و ئەڵمانیا وفرانسا بەڕێوەدەچێت، لەپاڵەوانیەتی ئەمساڵدا کریس فرومی بەریتانی توانی ناسناوەکە بباتەوە بە بڕینی درێژی سێ ١٥٤٠ کیلۆمەتر.
رالی.. سیباستیان ئۆجێ بووە پاڵەوانی جیھان
لەپاڵەوانییەتی رالی جیھانی بۆ ساڵی ٢٠١٧ سیباستیان ئۆجێی فرانسی بۆ جاری پێنجەم لە مێژوویدا ناسناوەکەی بردەوە دوای ئەوەی پێشەنگی پاڵەوانیەتییەکەی گرت وپێش ئالڤین ئیڤانزی وێڵزی کەوت کە توانی پلەی دووەم بگرێت.
تیپی باسکەی فێنەرباخچە ناسناوی خولی ئەوروپی بردەوە
لە خولی باسکەی ئەوروپا یانەی فێنەر باخچەی تورکی ناسناوی پاڵەوانیەتییەکەی بردەوە دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا سەرکەوتنی بەسەر یانەی ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی تۆمار کرد بە ئەنجامی ٨٠ خاڵ بەرانبەر بە ٦٤ خاڵ، بەمەیش بۆ یەکەم جار ئەم یانە تورکیە ئەم پاڵەوانیەتییە دەستەبەر دەکات.
گۆڵدن ستەیت ناسناوی ئێن بی ئەی ئەمێرکی بردەوە
لەخولی باسکەی ئەمێریکا تیپی باسکە گۆڵدن ستەیت ناسناوی ئێن بی ئەی بردەوە دوای ئەوەی لەکۆی ٥ یاری کۆتایی خولە بەرانبەر بە کلیڤلاند کافالێرز ٤ یاری بردەوە و بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولەکە.
پاڵەوانیەتییەکانی تێنسی سەر زەوی جیھانی
لە پاڵەوانیەتییەکانی گراندسلام تێنسی سەر زەوی لە ساڵی ٢٠١٧ وسەرەتا لە وەشانی ژمارە ١٠٥ی ئۆستورالیای کراوە لەسەر ئاستی پیاوان رۆجێر فێردرێری سویسری ناسناوکەی بردەوە دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا لە رافائیل نادالی ئیسپانی بردەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، سیرینیا ویڵیامی ئەمریکی لە ڤینۆسی خوشکی و ھاونیشتیمانی بردەوە.
لەپاڵەوانییەتی دووەمی گراند سلام، لەسەر ئاستی پیاواندا رافائێل نادالی سویسری ناسناوەکەی دەستخست دوای ئەوەی لە یاری فایناڵدا لە ستان فافرینکای سویسری بردەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیشدا، یلینائۆستابینکۆ دوای بردنەوەی بەرانبەر سیمۆناھالیبی رۆمانی توانی ناسناوەکە بباتەوە.
لە پاڵەوانیەتی ویمبڵدۆن کە سێیەم پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەویە، رۆجێر فێدرێری سویسری پاڵەوانیەتییەکەی بردەوە، دوای ئەوەی لە مارین سیلیچی کرواتی بردەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، گاربینی مۆگۆرۆزای ئیسپانی پاڵەوانیەتییەکەی بردەوە دوای ئەوەی لە ڤینۆس ویڵیامزی ئەمێرکی بردەوە.
لە دوایین پاڵەوانییەتی گراند سلام کە پاڵەوانییەتی ئەمێرکای کراوەیە، لەسەر ئاستی پیاواندا، رافئیل نادالی ئیسپانی دوای بردنەوەی لە کیڤن ئەندرسۆنی ئەفریکای باشوور توانی پاڵەوانیەتییەکە بباتەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیشدا، سلۆن سیڤینسی ئەمێرکی ناسناوەکەی بردەوە دوی ئەوەی لە مادیسۆن کیزی ھاونیشتیمانی بردەوە.
لە پاڵەوانیەتییە گرنگەکانی تری تێنسی سەر زەوی، رۆجێر فیدریری سویسری سێ ناسناوی تری بردەوە کە بریتین لە ئەندیاناوێڵز و میامی و شەنگھای کە سەرجەمیان ھەزار خاڵین.
رافائێل نادالی ئیسپانی ھەر یەکە لە ناسناوەکانی مۆنتیکارلۆ و مەدریدی بردەوە، ئەلیکسەندەر زڤیریڤی ئەڵمانیش ناسناوەکانی رۆما و مۆنتریالی بردەوە، گریگۆفی بولگاریش پاڵەوانیەتی سینسیناتی ئەمێرکی بردەوە و جاک سوکی فڕانسیش پاڵەوانییەتی پاریس پێرسی بردەوە. ئامادەکردنی : لوقمان عەلی
