کچانی ئافرەتانی ھەولێر چاوییان لە پاڵەوانییە
تیپی فوتساڵی یانەی ئافرەتانی ھەولێر ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بە تیپێکی تۆکمە و بەھێز چۆتە نێو کێبرکێیەکانی خولی نایابی فوتساڵی یانەکانی کوردستان، کارگێڕی تیپەکەش بۆ بەدەستھێنانی نازناوی خولی نایابی یانەکانی ئەم وەرزە کۆمەلێک یاریزانی بەتوانای لەشاری سلێمانی و کەرکووکەوە ھێناوەتە ریزی یانەکەی بۆ ئەوەی نازناوی خولی نایابی یانەکانی کوردستان بەدەست بھێنێت، بەڵام تیپەکە سەرەڕای ئەنجامی باش بەڵام گرفتی نەبوونی یاریگاو مووچەی ھەیە لەم بارەشەوە مەزن محەممەد ڕاھێنەری تیپی تۆپی پێی فوتساڵی ئافرەتانی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئەمساڵ خولی فوتساڵی نایابی کوردستان خولێکی بەھێزە و ئێمەش دەمانەوێ بتوانین تیپێکی بەھێزبین بۆ ئەوەی نازناوەکە بۆ خۆمان یەک لای بکەینەوە، ھەرچەندە لە ئەنجامەکانمان ڕازین ، بەڵام چاومان لە ئەنجامی گەورە ترە، لەبارەی گرفتەکانی تیپەکە گوتی " دوو گرفتی سەرەکیمان ھەیە لە تیپەکە نەبوونی یاریگا کە بۆ ئێمە زۆر پێویستە کە بۆتە گرفت بۆمان کێشەی بۆ درووست کردووین، جگە لەوەش نەبوونی مووچە و توانای دارایی باش بۆ ئەوەی بتوانین تیپەکەمان مووچەیان بۆ دابین بکەین منیش وەکو خۆم کە ڕاھێنەری تیپەکەم ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە ھیچ مووچەیەکم وەرنەگرتووە تەنیا بە شێوەی خۆبەخش کار دەکەم ،لەبارەی کێبرکێ کردنیش لەگەڵ تیپەکانی تر گوتی " حیسابێکی تایبەت بۆ سەرجەم تیپەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە نازناوەکە ئامانجی ئێمەش نازناوەکە و لە ھیچ تیپێک ناترسین و چاومان لەوەیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم یاریزانان نازناوەکە بگەرێنینەوە شاری ھەولێر.
کارزان کانەبی
