بەھیوای ئەوەم لە پاڵەوانێتی جیھانی بەشداری بکەم
بەھیوای ئەوەم لە پاڵەوانێتی جیھانی بەشداری بکەم
یارییەکانی سیانی لە کوردستان تاکو ئێستا نەبۆتە یارییەکی جێگای بایەخی وەرزشکارانی کوردستان ، چونکە یارییەکە خۆی لە ھەریەک لە یارییەکانی مەلەوانی و ڕاکردن و پاسکیلسواری دەبینێتەوە بۆیە بۆ کچە یاریزانانیش زەحمەتە بتوانن بوونی خۆیان لەم یارییە تاڕادەیەک ببینن، بەڵام کچانی شاری سلێمانی پێشەنگی ئەم یارییەیان گرتووە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقی، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی کوردستان و پاڵەوانی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی کچە یاریزان شاجوان بەھرۆزە ئەو خاوەن ئاستێکی بەرزی ئەم یارییە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ٢٠٠٢ی شاری سلێمانییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری مەلەوانی چۆن دەبینی ؟
-ئاستی یاریزانی مەلەوانی زۆر باشە سەڕەرای ئەوەی کە زۆر بێ خزمەتە و ھیچ کەس لایان لێ ناکاتەوە .
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-یەکێتیە وەرزشیەکەی ئێمە لاوازە من ماوەی شەش ساڵە یاریزانی مەلەوانیم و ئێستا یاریزانی سیانیم توانیم ببمە پاڵەوانی عەرەبی و ئەفریقی، بەڵام خول کەم دەکرێتەوە کاریگەری لەسەر یاریزانان ھەیە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری مەلەوانی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-وەکو خۆم ھیچ ھیوایەکم نییە کە یارییەکانی مەلەوانی و سیانی بەرەوو پێش بچێت، مامۆستا گۆرانی ڕاھێنەرمان ماوەی ھەشت ساڵە لەسەر ئەرکی خۆی ڕاھێنان بە ئێمە دەکات، منیش وەکو یاریزانێک تاکو ئێستا باوکم ھاوکاریم دەکات ھەموو مەسروفاتێکم لەسەر ئەوە.
*کێشەو گرفتی ئەم یارییە لە چیدایە؟
-سەرەڕای ئەوەی یەکێتیەکەمان یاریزانی مەلەوانیان پشتگوێ خستوە ، لە مەڵەوانی درێژی ٥کم پلەی یەکەم من خاوەنی بوویمە دووەم کچێکی تری کورد بووە، عەرەبیک پلەی سێ یەم بووە ، عێراقیەکان کچانی خۆیان مووچەیان پێ دەدەن و کەمپی مەشقی بۆ دەکەنەوە دەیابەن بۆ دەرەوەی ووڵات، جگە لەوەش لەسەر ئاوی دەریاش لە ٢کم ھەر من یەکەم بووم کەچی خزمەت کردن نییە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بەتواناکانی خۆم بدەم و بتوانم لە داھاتوو لە پاڵەوانیەتێکی جیھانی بەشداری بکەم ئەنجامم ھەبێت.
*چۆن بوو یانەی سلێمانیت ھەڵبژاردووە؟
-یانەی سلێمانی یەکێکە لە یانە ھەرە بەتواناکانی عێراق و خزمەتی زۆری یاریزانان دەکەن ،بۆیە ئەو یانەیەم ھەڵبژاردووە کە ڕاھێنەرەکەی خۆم لەم یانەیە بەڵام لە یانەیەکە ھیچ ھاوکارییەک نەکراوم
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-تەنیا یەک جار داوای لە بەرپرسانی وەرزشی دەکەم کە ئیتا لەمە زیاتر پشتگوێمان نەخەن ئێمە زۆر بە تواناین کەچی یاریزانی عێراقی ھەندەی ئێمە بە ھێز نین خزمەتی بەردەوامیان دەکرێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم ئیتر بیر لە یاریزانانی کورد بکەنەوە ، ئێمەش رۆژێک لە رۆژان بتوانین ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەست بھێنین.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ھیوادارم ھەڵبژاردەی کوردستان درووست بکرێت ، بەڵام بۆ یاریزانان نەک بۆ گیرفانی خۆیان .
*لە ھەڵبژاردەی عێراق دژایەتیت ناکرێ وەکو کچە کوردێک؟
-نەخێر ھیچ دژایەتیم نەکراوە ، من سوپاسی مامۆستا سەلام دەکەم کە زۆر یارمەتیمان دەدات.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-مایکل فلیپس و بۆلت جامایک
*یاری مەلەوانی ترسنک نییە بۆ ئاستی کچان؟
-یاری مەلەوانی ترسناکە، بەڵام ئەگەر بتەوێت خەونەکەت بەدی بێنی ھیچ کات کۆڵ نادەی، وە بەسەر ترسیش زاڵ دەبێ من خەونی گەورەم ئەوەیە ببمە پاڵەوانی جیھانی و کورد بە ھەموو جیھان بناسێنم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە خزمەتێکی زۆری وەرزشی کوردستانی کردەوەبە ناساندنی یاریزانانی شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی رۆڵتان بەرز دەنرخێنین، سوپاسی باوکیشم دەکەم کە بۆ من ھەموو شتێکە.
