نوێنەرەکەی کوردستان خۆی بەھێز دەکات
تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ نوێنەری یانەکانی ھەرێمی کوردستان لە خولی نایابی یانەکانی عێراقی کە ئەمساڵ جیاواز لە تیپەکانی تری خولەکە پارەیەکەی زۆری سەرف نەکردووە و زیاتر پشتی بە یاریزانانی شارەکەیان بەستووە و دەیانەوێ بەم یاریزانە لاوانە بتوانن ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەست بھێنن بتوانن کێبرکێ لەگەڵ سەرجەم تیپە گەورەکانی خولەکە بکەن، بەڵام یانەکەش پلانی خۆی ھەیە بۆ ئەوەی تیپەکە بەھێز بکات، لە بارەی بەھێزکردنەوەی تیپەکەش محەمەد یوسف ڕاھێنەری تیپی تۆپی پێی زاخۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" تیپی تۆپی پێ یانەکەمان تیپێکی تەواو لاون و توانای ئەوەیان ھەیە کە بتوانن کێبرکێ لەگەڵ تیپە بەھێزەکانی تری عێراق بکەین، ئەمساڵیش خولی نایابی یانەکانی عێراقی بەھێزە چونکە تیپەکان ژمارەیان کەمە و ھەمووی یاریزانی باش و پیشەگەریان ھێناوە ئامادەکاری پێویستیان کردووە، ئێمەش وەکو یانەی زاخۆ ھەوڵدەدەین لە کاتی گواستنەوەی یاریزانان چەند یاریزانێکی باش بھێنین بۆ ریزی تیپەکەمان بۆ ئەوەی لە ھەر ھێلێک گرفتمان ھەبێت یاریزانی تر بھێنین و کێشەکانمان چارەسەر بکەین، ئومێدی زۆریشمان بە خۆمان ھەیە کە دەتوانین ئەنجامەکانمان باش بکەین.
کارزان کانەبی
