یاری فوتساڵ ساڵ لە دوای ساڵ بەرەووپێش دەڕوات
یاری فوتساڵ ساڵ لە دوای ساڵ بەرەووپێش دەڕوات
ساڵانە یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی کوردستان چەندین خوڵ و پاڵەوانیەتی بۆ کچانی یانەکانی کوردستان دەکاتەوە، کچە یاریزانانی یانەکانیش لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان کێبرکێ لەسەر نازناوەکان و خولەکان دەکەن، یەکێک لە کچە وەرزشکارە بەتواناکانیش کە ئەو خولیایەکی زۆری ھەیە بۆ یاری تۆپی پێی ئارەزووی ئەوەی ھەیە ھەم وەکو ڕاھێنەر و ھەم وەکو یاریزانیش لەگەڵ تیپەکەی دەربکەوێ، خۆزی حەمید ڕاھێنەری تیپی فوتساڵی کچانی گارە لە دایک بووی ساڵی ١٩٩١ی شاری دھۆکە وپێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی دھۆک و زاخۆ و گارە و سەنحاریب یاری کردوە ئێستاش ڕاھێنەری تیپی گارەیە ناوبراو دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە و مامۆستایە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی دھۆک ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەوەیش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
* ھاتنت بۆ نێو دونیای وەرزشی بە پێشوەختە بوو یاخودھەر لە ناکاو ڕووت لەم جیھانە کرد؟
-ھەر لە منداڵیەوە حەزم لە وەرزش بوو تا ئەو کاتەی گەیشتمە قۆناخی ناوەندی دەستم بە وەرزش کرد، دوایش لەگەڵ قوتابخانە بەشداریم کرد لە چەندین قارەمانیەتی لەسەر ئاستی پەروەردەی دھۆک ، تا گەیشتمە ئەو ئاستەی کە ببمە یاریزانی یانەکان.
*بۆچی لە ناو ھەموو یارییە وەرزشیە سەڕنجت بۆ تۆپی پێی بوو؟
-لە سەرەتا تۆپی پێی و تۆپی دەستم دەکرد لە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام خۆم زیاتر لەتۆپی پێی بینیوە بۆیە ئەوم ھەڵبژارد و زۆرتریش خوڵیام لە تۆپی پێی بوو.
*وەکو ڕاھێنەرێک ئاستی تۆپی فوستاڵ لە ئاستێک لە شاری دھۆک؟
-لە سەر ئاستی وەرزشی کچان دەتوانم بلێم تۆپی پێی فوتساڵی کچان بەر بڵاوترین وەرزشە لە شاری دھۆک و لە ڕووی ئاستی یارییەکە دەبینم ئاستی ئەم یارییە و یاریزانەکانی ئەو شارە بەرزترین ئاستی ھەیە نەک لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لە سەر ئاستی ھەموو عێراق، بەڵگەشم لە سەر ئەوە زۆربەی یاریزانەکانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی عێراق یاریزانانی دھۆکن.
* ئەی لەسەر ئاستی کوردستان چۆنی دەبینی؟
-لە ئاستی کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ بەرەووپێش دەڕوات، بەڵام جێگای داخە خولی فوتساڵی کچان بەردەوامی نییە لە کوردستان، ئەگەر ھەموو سالێک بە شێوەیەکی رێک و پێک خول بەرێوەچوو بوا بێگومان ئێستا تۆپی پێی کچان لە ئاستێکی زۆر زۆر بەرزتر دەبوو.
* ماوەیەکە دوورکەوتیتەوە لە وەرزش کردن ھۆکاری چییە؟
- ھۆکاری دوورکەوتنەوەم بەھۆی ئەوەی کە تووشی پێکانێکی قورس بووم لە ئەژنۆم بۆ ماوەی سالێک و شەش مانگ دوورکەوتمەوە لە یاری کردن، بەڵام ئەو کاتەی لە پشوو بووم لە وەرزش کردن بۆ خۆم بە دەرەفەتم بینی بەشداربم لە خولێکی ڕاھێنەرانی ئاستی C نێودەوڵەتی.
*بۆ ئەوەی یاری تۆپی فوتساڵ پێشبکەوێت چی بکرێت باشە؟
-یەکەم ھەنگاو دەبێت خولی فوتساڵ ھەموو سالێک بەردەوامی ھەبێت، دووەم یانەکان گرنگی بەم وەرزشەی کچان بدەن ھەر وەکو چۆن گرنگی بە تۆپی پێی کوڕان دەدەن، ھەروەھا ڕاھێنەرانی تیپەکان نابێت بە بێ بڕوانامەی ڕاھێنەرایەتی پەسند بکرێن لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، ڕاھێنەران دەبێت خۆیان پێشبخەن لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی وەرزش و رێک و کەلوپەلی سەردەمانە بەکار بێنن بۆ یاریزانەکان و واز لە ڕاھێنانی کلاسیکی بێنن.
*گرفتی ئێوە لە یانەی گارە لە چی دەبینی؟
-وەکو یانەی گارە ھەبوونی قەیرانی ئابوری بووە ھەر ئەمەش بوو ھۆکاری ئەوە کەم یاریزانمان ھەبێت و زۆر دڕەنگ دەستمان کرد بە ڕاھێنان لەگەڵ وەستانی خولی فوتساڵ ئێمەش بە ناچاری مەشقەکانمان وەستاندییە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو کچە یاریزانێک؟
-ھەموو خەونێکم ئەوەیە ھەڵبژاردەی کوردستان ببینم و لە ژیر ئاڵای کوردستان بەشداربین لە قارمانیەتیەکانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ، ببینم خولی تۆپی پێی فوتساڵ و یاریگای گەورە بەردەوامی ھەیە لە سەر ئاستی کوردستان.
* ئامانجت چیە لە وەرزش کردنت؟
- لەسەرەتا تەنھا حەزێک بوو لەلام بۆیە بە بەردەوامی وەرزشم دەکرد،بەڵام ئێستا بوویتە کاروپیشەم بۆیە جگە لە وەرزش کردن ھەموو ھەولێک دەدەم خۆم پێش بخەم لەم بوارە بە تایبەتی لە ڕووی زانستی و بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دیسان بە پێ توانای خۆم وەرزش پێش بخەم لە شارەکەم و لە کوردستان بە گشتی
* بە چ یاریزانێکی ناوەخۆی و جیھانی سەرسامی؟
-ئێستا زۆر یاریزانی باشمان ھەیە لە یانەکانی کوردستان کاتێ یارییەکانیان دەبینم پێیان دڵخۆشم،لە جیھانیش بە یاریزانی ھەڵبژاردەی کچانی بەرازیل مارتاو یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەمریکا ئەلکاس مورگان و باشترین یاریزانی مێژووی لیونێل میسی.
* کاتت چۆن بۆ وەرزش داناوە؟
-مامۆستام لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بۆیە زۆربەی کاتم بۆ وەرزش کردنە لە کۆلێژ و لە یانەش.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-بە ھیوای سەرکەوتن و بەرەووپێشچوونی وەرزشی کوردستانم بەھیوای سەرکەوتنیش بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەبێ جیاوازی وەرزشکارانی ھەموو شارەکانی کوردستان بەسەردەکاتەوە.
