ئاستی تۆپی دەست زۆر خراپە

ئاستی تۆپی دەست زۆر خراپە
گۆڤار خالید یاریزانی تۆپی دەستی ئەفرۆدێت
ئاستی تۆپی دەست زۆر خراپە
تۆپی دەستی یەکێک لەم یارییانەی کە لە پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان گرنگییەکی زۆر بە یارییە دەدرێت لەلایەن یانەکانی ئەو شارە، تیپی تۆپی دەستی کچانی یانەی ئەفرۆدێتیش یەکێک لەم یانانەی کە خزمەتێکی بەرچاوی بە بواری وەرزشی کردوە لە سلێمانی، تیپی تۆپی دەستی یانەکەش کە خاوەن پێکھاتیەکی بەھێزە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە کەداھاتوویەکی باش لە چاوەڕوانی ئەواندایە بتوانن لە داھاتوو خزمەت بەم یارییە بکەن و ئەنجامی گەورە بەدەست بھێنن بۆ شارەکەیان یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانیش گۆڤارخالیدە ئەو لە قوتابی دواین قۆناخی ئامادییە و لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٦ی شاری سلێمانیە پێشووتریش بۆ یانەی سیروانی نوێ کردووە ماوەی سێ ساڵیشە ھاتۆتە ریزی یانەی ئەفرۆدێت،ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی ؟
-لە ڕاستیدا ئاستی تۆپی دەست زۆر خراپە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بە ڕادەیەکی زۆر کار دەکاتە سەر ئاستی تۆپی دەست و بەڕەووپێش نەچوونی بە شێوەیەکی بەرچاو.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-گرنگی بدرێن بە یاریزانانی کچ و کار ئاسنیان بۆ بکرێت لە گشت ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنایی ئەم یارییە بن و نەتوانن دەستبەرداری وەرزش ببەن.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-نەبوونی کەسانی ئەکادیمی و ڕێگەپێنەدانی خێزانەکان و کەمی پاڵەوانیەتی و نەبوونی یاریگای پێویست کە ئەمانە ھەمووی کێشەن بۆ بەڕەووپێشنەچوونی تۆپی دەست بە تایبەتی لە ئاستی کچان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-لە ئێستادا نەخێر لە ھیچ یانەیەک گرێبەستم پێشکەش نەکراوە بۆ یاری کردن، وە بە نیازیش نیم ھیچ کاتێک یانەی ئەفرۆدێت جێبھێلم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- وەکو کچە یاریزانێک ھیوای من ئەوەیە ھەموو ھەولێک بدەم کە لە داھاتوودا بتوانم ببمە ڕاھێنەرێکی سەرکەوتوو تیپێکی تایبەت بە خۆم درووست بکەم بۆ خزمەت کردنی وەرزش.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر چونکە ھەر ئەم ھۆکاریە وای کردووە ئاستی یاریزانانی کوردستان بەڕەووپێش نەچێت بۆیە ھیچ کات لەگەڵ ئەوە نیم پشت بە یاریزانانی دەرەوەی کوردستان ببەسترێ.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری؟
-نەخێر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لە خێزانێکی وەرزشی لە دایک بوویمە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-پشتگوێ نەخستنی یاریزانان و لایەنی کارگێری یانەکان و گرنگی دانی زیاتر بە بەرنامە وەرزشییەکان بۆ ئاستەکانی تەمەن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی من ئەوەیە ببمە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق و درێسی ئەو ھەڵبژاردەیە بپۆشم.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ئەوە ئاواتی ھەموو یاریزانێکە ببێتە یاریزانی ھەڵبژاردەی کوردستان.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داواکراوی؟
-تاکو ئێستا نەخێر ، بەڵام بەو پەڕی توانامەوە ھەوڵ دەدەم ببمە یاریزانی تۆپی دەستی ھەڵبژاردەی عێراق.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بە لۆکا کاراباتیچ یاریزانێکی بەتوانایە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھیوادارم کە ھەموو یاریزانێک بگاتە ئاواتی ، داواکارم لەلایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە ئاورێک لە وەرزشی کوردستان بدەنەوە، زۆر سوپاس بۆ گۆزاری گوڵانیش پێشەنگی خۆی سەڵماندوە لە بەسەرکردنەوەی یاریزانانی یانەکانی کوردستان.

Top