ئاواتخوازم بڕوانامەیەکی بەرز بەدەست بھێنم

ئاواتخوازم بڕوانامەیەکی بەرز بەدەست بھێنم
ھوناس جەمال یاریزانی تۆپی فوستاڵی یانەی سەورە
ئاواتخوازم بڕوانامەیەکی بەرز بەدەست بھێنم
وەرزش لە پارێزگای سلێمانی لە ئاستی کچان بەرەووپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە کچە وەرزشکارانی ئەو شارەش بە تایبەتی لە یارییەکانی تۆپی پێی ھەنگاوی باشیان ناوە لە ئێستادا کچانی ئەو شارە بۆ تیپەکانی دەرەوەی شارەکانیان یاری دەکەن ، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی کچە یاریزان ھوناس جەمالە ئەو پێشووتر لە یانەی ئافرۆدێت یاری دەکرد ، بەڵام ماوەیەکە وازی لە ریزی یانەکە ھێناوە ئەمساڵ بۆ وەرزی نوێ خولی نایابی فوتساڵی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ یانەی سەورە کردووە، ناوبراو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی فوتساڵ کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠١ی شاری سلێمانیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
-تاڕادەیەک پێم باشە و بەھیوای ئەوەم زیاتریش گرنگی پێ بدرێت لە شارەکانی کوردستان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێش نەکەوێت؟
- ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم پێم وایە دەبێتە ھۆی ساردبوونەوەی یاریزانان و ھەست کردنیان بە گرنگی نەدان بە وەرزشیەکەیان ئەوەش کاریگەری خراپی دەبێت بۆ یاریزانان.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی لەو یارییەش کچان بەرەوو پێش بچن؟
-پێم باشە گرنگی زیاتر بدرێت بە یاریزانان و ھاوکاری بەردەوام بکرێن، ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ مەشق کردن و گرنگی پێدانیان لە دابین کردنی پێداویستیەکان.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی فوتساڵ زیاتر لە چیدا دەبینی؟
-گرفتی ئەم یارییە دابین نەکردنی پێداویستی پێویست بۆی و ھیواداریشم رێز لە ماندوو بوونی ڕاھێنەر و یاریزانان بگیرێت.
*لە چ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش کراوە؟
-تا ئێستا نەخێر.
*بەنیازی چیی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-ئاواتخوازم بڕوانامەیەکی بەرز بەدەست بھێنم لە بواری خوێندنەکەمدا و بەردەوامبوونم لە بواری وەرزش و ھونەردا.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر ھەرگیز، پێم وابێ لە نێو شارەکانی کوردستاندا چەندین کچ و لاوی بەتوانامان ھەن کە گرنگیان پێ بدرێ باشترین ئەبن .
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟
-داواکارم لە لایەنی بەرپرسی وەرزشی کە گرنگیەکی زیاتر بدەن بەم وەرزشە و قازانجی ھەق بدرێ بە ڕاھێنەر پاشان یاریزانان لە ڕووی داراییەوە رێز لە ماندووبوونیان بگیرێت.
*خەونی وەرزشیت وەکو یاریزانێک چییە؟
-گەیشتن بە ئاستی لیونێل میسی و بوون بە یایزانێکی جیھانی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە دەرەوە.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-زۆر بە پەرۆشم ئەوە یەکێکە لە خەونەکانم کە بتوانم ببمە یاریزانی ھەڵبژاردەی کوردستان.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی فوتساڵی عێراق داواکراوی؟
-نەخێر تاکو ئێستا بانگەشت نەکراوم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-یاریزانی فوتساڵی بەرازیلی فالکاو.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھیوادارم زیاتر گرنگی بە وەرزشکاران بدەن و خزمەتی بەردەوامی یاریزانان بگرێت، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە خزمەتی بەردەوام دەکەن لە نێو وەرزش.

Top