بەھیوام ببم بە یەکێک لە ئەستێرەکانی وەرزش و جێگای شانازیی وڵاتەکەم بم

بەھیوام ببم بە یەکێک لە ئەستێرەکانی وەرزش و جێگای شانازیی وڵاتەکەم بم
ئەوین عەلی یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی:
بەھیوام ببم بە یەکێک لە ئەستێرەکانی وەرزش و جێگای شانازیی وڵاتەکەم بم

تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی یەکێکە لەو تیپانەی کە خاوەن مێژووییەکی پرشنگدارە لە یارییەکانی تۆپی سەرمێز لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، یانەکەش خاوەن چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە کە دەتوانن لەگەڵ تیپە بەھێزەکانی عێراق و کوردستان کێبڕکێ بکەن لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە، یەکێک لەم یاریزانانە کچە یاریزان ئەوین عەلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ی پارێزگای سلێمانی ،‌ یاریزانی پێشووی یانەی ئەفرۆدێت و ئێستای یانەی سلێمانییە. گۆڤاری گوڵان لە نزیکەوە چەند پرسیارێکی لێ کردو ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری تۆپی سەرمێز لە کوردستان چۆن دەبینی؟
- ئاستی یاریزانەکانی تۆپی سەرمێز بە شێوەیەکی گشتی باشە، بەڵام بەھۆی ئەم قەیرانە داراییەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، بۆتە ھۆکاری ئەوەی یاریزانان کەمتر مەشقەکانیان ئەنجام بدەن، ئەمەش ھۆکارە بۆ دواکەوتنی ئاستی یاریزانان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
- ھۆکارێکی گەورەیە بۆ بەرەوپێش نەچوونی ئەم یارییە، چونکە وا لە یاریزانان دەکات کەمتر گرنگی بە راھێنانەکان بدەن، راھێنانەکانیش بەبێ بوونی پاڵەوانیەتی سوودی نییە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی لەو یارییە کچانیش بەرەو پێش بچن؟
-بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی کچان، سەرەتا پێویستە پشتگیری بکرێن لە ھەموو روویەکەوە، ھانی کچان بدەن و راھێنانیان لەگەڵ بکرێ، ئەمە ھۆکارێکی باشە تاوەکو کچان زیاتر متمانەیان بەخۆیان ھەبێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی سەرمێز زیاتر لە چیدا دەبینی؟
-سەرەکیترین گرفت لە یاری تۆپی سەرمێز نەبوونی ھۆڵی تایبەتە بەم یارییە.
* لە چ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش کراوە؟
- بەھۆی کەمیی یاریزانی کچ لە یاری تۆپی سەرمێز ، زۆر کات یانەکان داویان کردووە کە یارییان بۆ بکەین.
*بەنیازی چیی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- وەکو کچە یاریزانێک بە نیازم زیاتر گرنگی بە وەرزشەکەم بدەم و زیاتر ھەوڵێ بۆ بدەم، تاوەکو بتوانم ئاستێکی زۆر باشم ھەبێت و بتوانم رکابەری یاریزانانی دەرەوەی وڵات بکەم.
*لە خێزانەکەت بەتەنیا وەرزشوانی؟
-من و خوشەکەم وەرزشکارین کە بەیەکەوە زیاتر ھەوڵی بەرەوپێشچوونمان داوە لە ئاستمان.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟
- داواکاریم لەلایەنی وەرزشی ئەوەیە کە زۆر گرنگی بدەن بەم یارییە، چونکە بەڕاستی یاریزانانی ئاست بەرزی تێدایە لە کوردستان کە دەتوانن جێگایان دیار بێ.
*خەونی وەرزشیت وەکو یاریزانێک چییە ؟
-خەونم وەکو کچە وەرزشکارێک ئەوەیە ببم بە یەکێک لە ئەستێرەکانی وەرزش و جێگای شانازیی وڵاتەکەم بم.
*بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بێگومان ھیوای ھەموو یاریزانێکی کوردە کە وەکو ھەڵبژاردەی کوردستان، بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکی دەرەوەی وڵات بکات و ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە.
*بە چ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بە یاریزانی جیھانی timoball
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست کە بەبێ جیاوازی بەردەوامە لە بەسەرکردنەوەی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستان، سوپاسی خێزانەکەم و راھێنەرەکەشم دەکەم کە زۆر ھاوکارم بوون لە بواری وەرزشی.
Top