ھەولێر ئەستێرەکانی دەگەرێنێتەوە
دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی ھەولێر دوای ئەوەی بڕیاریدا کەوا بەشداری یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی عێراقی بکات کە بڕیارە لە ماوەی داھاتوو بەرێوەبچێت، بە مەبەستی بەھێزکردنەوەی تیپەکە و ھێنانەوەی سەرجەم ئەو ئەستێرانەی کە وەرزی ڕابردوو بۆ یانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق یارییان دەکرد بە ھۆی پاشەکشەی یانەی ھەولێر لە خولەکە، ئەمساڵ یانەکە گفت و گۆی لەگەڵ سەرجەم ئەستێرەکان کردووە و دەیەوێت بە ھێنانەوەیان تیپەکە بەھێز بێتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش کارگێڕی یانەی ھەولێر بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ ھەردوو ئەستێرەی یانەکە میران خەسرۆ و کۆسرەت بایزی یاریزانانی یانەی شورتەی عێراقی مۆرکرد، بۆ ئەم مەبەستەش سەرچاوەیەک لە یانەی ھەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ھێنانەوەی ئەم یاریزانانە بۆ بەھێز کردنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەی ھەولێرە کە ئەمساڵ بەنیاوە بەشداری بکاتەوە لە خولی نایابی عێراقی ، بۆیە یانەکە دوای گەڕانەوەی ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی یانەکەی کە سەرجەم یاریزانەکانی کوردی شاری ھەولێر بوون، ئێستا بەفەرمی ھەردوو یاریزانان میران خەسرۆ و کۆسرەت بایزیان گەڕاندەوە ریزی یانەکە و گرێبەستی لەگەڵ واژوو کردن، سەرچاوەکەش ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەم دوو یاریزانە گرێبەستی زۆر باشتریان ھەبووە لەلایەن یانەکانی تری شارەکانی بەغدا و باشوری عێراقی ، بەڵام ئەوان بۆ خۆشەویستی یانەی ھەولێر بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ خزمەت کردن لە ریزی یانەکە و درێژدان بە خزمەت کردنی وەرزشی لە شاری ھەولێرو یانەی ھەولێر.
کارزان کانەبی
