بەھیوای ئەوەم ئەم قەیرانە داراییە چارەسەر بێت

بەھیوای ئەوەم ئەم قەیرانە داراییە چارەسەر بێت
شلێر کەرەمی یاریزانی تۆپی دەست لە رۆژھەڵاتی کوردستان
بەھیوای ئەوەم ئەم قەیرانە داراییە چارەسەر بێت
شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان چەندین یاریزانی بەتوانای لە خۆی گرتووە کە دەتوانن سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت یاریزانەکان زۆربەیان لە ریزی ھەڵبژاردەی ئێرانن ، یەکێک لەم کچە یایزانانەی کە توانایەکی بەرزی یاری کردنی ھەیە ئەویش کچە یاریزان ھەلالە محەممەدە کە ناسراوە بە شلێر کەریمی ئەو لە دایک بووی ساڵی١٩٨٤ سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان ئەو لەگەڵ تیپی سەقز ئەنجامی شایستەی لەگەڵ بەدەستھێناوە لە خولی پلە نایابی ئێرانی جگە لەوەش یاریزانی ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی ئێران بووە پێشووتر بۆ یانەکانی ھەولێرو قەلای تورکمانی وئافرەتانی ھەولێر و ئافرۆدێت یاری کردووە لە باشوری کوردستان ئێستاچ جگە لە تۆپی دەست کاری ناوبژیوانیش دەکات ئێمەش لە نزیکەوەی چەند پرسیارێکمان لێ کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
* چۆن بوو تێکەلی وەرزش بوویت؟
-لە قوتابخانەکانەوە لە رێگای مامۆستایەکم تێکەڵی ژیانی وەرزشی بووم ھەر لەوێشەوە چوومە یانەکان بۆ یاری تۆپی دەستی.
* ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی لە کوردستانی رۆژھەڵات؟
-ئەم یارییە لە رۆژھەڵاتی کوردستان ئاستێکی زۆر بەرزی ھەیە ، ئێمە تیپی تۆپی دەستی سنەمان ھەیە پلە نایابی ووڵاتی ئێرانە لە خولی ئێرانیش ھەموو سالێک لە نێوان پلەکانی دووەم و سێ یەمین و چەند یاریزانێکمان لە ریزی ھەڵبژاردەی ئێرانین.
* بڕیاری ئەوەت نەداوە یاری بۆ یانەیەکی باشوری کوردستان بکەی؟
-بۆ ھەردوو یانەکانی ھەولێرو ئافرۆدێت یاریم کردووە لەگەڵ ھەولێر پلەی یەکەمی عێراقمان بەدەست ھێناوە لەگەڵ ئافرۆدێتیش پلەی یەکەمی کوردستان و سیێ یەمی عێراق بووینە بۆیە بەردەوام لەگەڵ تیپەکانی کوردستان بوویمە، لەگەڵ ئافرەتانی ھەولێر بەشداری پاڵەوانیەتی ئەبو زەبیم کردووە لە ئیمارات.
* بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-لە ئێستادا لە ووڵاتی ئێران لە شاری سنە خەریکی کاری ناوبژیوانی تۆپی دەستم خاوەنی بڕوانامەی ناشناڵم لە تۆپی دەست کە بەرزترین پلەیە لە ووڵاتی ئێران، ئێستاش دەمەوێ وانەی تۆپی دەست بلێمەوە وەکو مامۆستایەک.
* ئەگەر یانەیەکی کوردستانی باشور داوات بکات یاری بۆ دەکەی؟
-بەلێ من ھەر کاتێک پاڵەوانیەتی ھەبووبێت یاری بۆ تیپی یانەی ئافرۆدێت دەکەم لە شاری سلێمانی.
* ھیچ گرێبەستێکت پێشکەش کراوە لەلایەن یانەکانی جیھانی؟
-دوای ئەوەی لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئێران بەشداری پاڵەوانیەتی ووڵاتانی عەرەبیمان کرد یانەی جەزیرەی ئیماراتی داوایان کردم بۆ یاری کردن ، بەڵام بە ھۆی ماڵەوە و چەند ھۆکارێکی تایبەت بە خۆم نەمتوانی بەشداری بکەم بۆیە گرێبەستم لەگەڵ یانەی ئافرۆدێت کرد.
* ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی لە شارەکانی رۆژھەڵات بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی باشوری کوردستان؟
-ئاستی ھەردوولا باشە ، بەڵام ئەم قەیرانی داراییە زیانی زۆری بە وەرزشی کوردستان گەیاندوە بۆیە ئاستی وەرزشی زۆر دابەزیووە ، ئێستا تەنیا چەند تیپێک مەشق دەکەن.
*تۆ بەشداری یاری شاخەوانیت کردووە و ئێستا بەردەوامی ئەمە چۆنە؟
-کاتێک گرێبەستم ھەبوو لەگەڵ تیپی ئافرۆدێت لە سلێمانی ئیتر لە ماڵەوە دوور بووم و وەکو روحیش نا ئاسودە بووم بۆیە بەشداری ئەم یارییەشم کردو توانیم سەرکەوتووش بم ئەوەش بۆ من کارێکی باش بوو لە دووری خێزانەکەم تێکەڵی ئەم یارییە بووم بۆ ئەوەی ئەو فەراخە رووحیەم نەمێنێ، لە شاری سلێمانی نزیکەی ١٠گرووپی شاخەوانی ھەیە لە شارەکانی کوردستانیش ئەم گروپە لە زیاد بوونە دەچنە شاخەکانی کوردستان.
*جگە لە تۆپی دەست چەند یاریت کردووە؟
- من جگە لە تۆپی دەست و شاخەوانی یاری تایکواندۆ و مەلەشم کردووە بڕوانامەی ڕاھێنەریشم ھەیە ئێستاش بەردەوامم لە وەرزش کردن بەبێ جیاوازی .
*ھیواو ئاواتت چییە ؟
- بەھیوای ئەوەم ئەم قەیرانە داراییە چارەسەر بێت بۆ ئەوەی وەرزشی کوردستان ببوژێتەوە ھەموو لایەک سەرکەوتووبن.
* تۆ جگە لە تۆپی دەست یاری شاخەوانیش دەکەی لەکامەی زۆر سەرکەوتوویی؟
- لە ھەردوو یاری توانیومە سەرکەوتووبم و ھەردوو یاریش بۆ من گرنگە و خۆشەویستە لای من دەمەوێ باشترین ئەنجام بھێنم.
* داوا وتەت ئەگەر شتێکت ماوە؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ھیوام سەرکەوتنی ئێوەیە ، بەھیوام گرنگی بە ھەموو وەرزشی شارەکانی کوردستان بدەن.
Top