داواکارم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت

داواکارم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت
زریان عومەر یاریزانی تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
داواکارم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت
تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێک لە تیپە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیە، ئەم تیپە بەردەوام لە مەشق وئامادەکاریدایە لەسەر دەستی ڕاھێنەری یانەکەیان کە رۆلێکی کارا دەگێری لە درووست کردنی چەندین کچە یاریزانانی بەتوانا بۆ یانەکە ، یەکێک لە کچە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان زریان عومەرە ئەو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٩ی شاری سلێمانیە و قوتابی زانکۆی گەشەپێدانە لە سلێمانی ناوبراو خاوەن ئاستێکی بەرزە و خەونی یاری کردنە لە ریزی ھەڵبژاردەی کوردستان و تەنیا یاری بۆ یانەی پێشمەرگە کردووە گۆڤاری گوڵانیش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکی ئاراستە کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی سەرمێز چۆن دەبینی ؟
-یاری تۆپی سەرمێز لە ئاستێکی باشدایە و ئەنجامدانی پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێز دەبێتە ھۆی ئەوەی یارییە کە بەرەووپێش بچێت.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-ئەنجام نەدانی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکە بۆ ئەوەی کە ئەم یارییە گەشە نەکات و یاریزانانیش پاشەکشە بکەن لەم یارییە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی سەرمێزی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-کردنەوەی خولی بەردەوام و بەرەووپێشبردنی ئاستی کچ و کوڕە یاریزانان و کردنەوەی فێرگەی تایبەت بەم یارییە ھۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بچێتە قوتاخێکی باشتر.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی سەرمێز لە چی دەبینی؟
-ھەموو یارییەک و وەرزشێک گرفتی تایبەت بە خۆی ھەیە، ئەم یارییەش جگە لە کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی بەردەوام پێویستمان بە ھۆڵی وەرزشی تایبەت ھەیە بۆ ئەوەی لە سەرجەم شارەکان ھۆڵ بکرێتەوە و پێداویستی وەرزشی دابین بکرێ بۆ یاریزانان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-تا ئێستا نەخێر ھیچ گرێبەستێکم بۆ نەھاتووە ، لە یانەکەی ئێستا کە بەردەوامم لە مەشق دەمێنمەوە لەگەڵ ڕاھێنەرەکە و ھاورێکانم بۆ ئەوەی ڕاھێنانێکی باش ئەنجام بدەم و ھەوڵی باشتر بدەم بۆ ئەوەی بتوانم ئاستی خۆم بەرز بکەمەوە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-ھیواخوازم بتوانم ببمە یەکێک لە یاریزانە ھەرە بەتواناکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر لەگەڵ ئەوە نیم پشت بە یاریزانانی دەرەوە ببەسترێ ، پێویستە زیاتر پشتی یاریزانانی کورد بگیرێ بۆ ئەوەی پەرە بەتواناکانی خۆیان بدەن.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری؟
-بەلێ بەڵام زۆریش ھاوکاری دەکرێم لەلایەن خانەوادەکەم.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواکارم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت و پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان زیاتر پێشڤەچوون بە خۆیەوە ببینێ.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-ھیوادارم بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنم و بگەمە بەزرترین ئاستی وەرزشی.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ئەوە خەونی ھەموو وەرزشکارێکە باوەڕیشم وایە ئەوە خەونی ھەموو وەرزشکارێکە کە یەکێک بێت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەی ووڵاتەکەی.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی عێراق داواکراوی؟
-نەخێر تاکو ئێستا داوا نەکراوم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە بەردەوام لە بەسەرکردنەوەی یاریزانانە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموولایەک دەکەم سوپاس بۆ کارگێڕی یانەکەم و ڕاھێنەرەکەم کە ھاوکاری بەردەوامانن.

Top