وەرزش لە کوردستان بە بارودۆخی خراپ دەڕوات

وەرزش لە کوردستان بە بارودۆخی خراپ دەڕوات

کوێستان حەمەدیاریزانی فوتساڵی یانەی رانیە
وەرزش لە کوردستان بە بارودۆخی خراپ دەڕوات
تیپی فوتساڵی یانەی ڕانیە یەکێک لەم تیپانەی کە ساڵانە چەندین کچە یاریزانی بەتوانا دروست دەکات لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و گرنگی تەواو بە یارییەکانی وەرزشی جۆراوجۆر دەدات لە تیپەکە ،تیپی فوستاڵیش یەکێک لەم تیپانەیە کەوا ھەردەم خزمەت کراوە بۆ ئەوەی کچانی تیپەکە کێبرکێ بکەن لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە لە ھەردوو خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان و عێراق، کوێستان حەمەد لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٦ی شاری رانیە و یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەیە لە خولی نایابی فوتساڵی یانەکانی کوردستان توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چون بوو ھاتیتە نێو ژیانی وەرزشیی؟
-ھەر لە منداڵیەوە حەز و ئارەزووم بۆ وەرزش ھەبوو سەرەتایی دەست پێکردنم ئەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کە لە یانەی سەرکەپکانەوە یاریم کرد و لە ھەردوو یاریی تۆپی پێ و بالە شارەزایی باشم ھەیە یاری تریش ئەکەم.
*وەرزشی کوردستان لە چ ئاستێکە؟
-وەرزش لە کوردستان بە بارودۆخی خراپ دەڕوات ھیوادارم کێشەکان چارەسەر بکرێ لە ھەموو روویەکەوە کەوا کەم و کورتی زۆریش ھەیە لە بەرێوەچوونی خولەکان.بەڵام دەست پێکی خولەکان لێرە لە بڕی ئەوەی چەند مانگێک پێشووتر تیپەکان ئاگادار بکرێنەوە چەند رۆژێک پێش خولەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆیە یاریزانان و تیپەکان ناتوانن خۆیان وەکو پێویست ئامادە بکەن.
* ئاستی یاری فوتسال و تۆپی پێی چۆن دەبینی کە ساڵانە خوڵتان بۆ دەکرێتەوە؟
-وەکو پێویستە، پێم باشە زیاتر یانەکان خزمەت بە یاری تۆپی پێ فوتساڵ بکەن.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
- ھۆکارێکی خراپە بۆ ئەوەی یاریزانان نەتوانن بەشدار بن لە خولەکان و ئاستیان بەرەوو پێش ناچێت، ھیوادارم زیاتر گرنگی بەتوانای کچە یاریزانان بدرێت.
* پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری فوتسال و تۆپی پێی ئاستی بەرز بێتەوە؟
-پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس ھەڵسن بە کردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەکانی کوردستان ، جگە لەوەش کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی بەردەوام بۆ یاریزانان ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ خزمەت کردن و بەرەوو پێشچوونی یارییەکە.
* گرفتی یارییەکانی تۆپی پێی لە چی دەبینی؟
-گرفت ئەوەیە وەرزش لە کوردستان زۆر گرینگی و بایەخی پێ نادرێ و ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ یەکێتیە وەرزشیەکان و بەرێوەنەچوونی خولەکان کەوا لە یاریزانان دەکات سارد بنەوە لە مەشقکردن،قەیرانی دارایی و کاریگەری کردۆتە سەر وەرزش و نەبوونی بودجەی یاریزانەکان و بەرێوەنەچوونی خولەکانیش ئەمەش بارودۆخێکی وەرزش بەرەوو خراپ ئەروات.
* لەھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکراوە؟
-لە دوای نەمانی یانەی سەرکەپکان یاریم بۆ چەند یانەیەک کردووە دواتر بەفەرمی پەیوەندیم بە یانەی وەرزشیی ڕانیە کردو چەندین یانەش پەیوەندییان پێوە کردوومە بەڵام ریزی یانەی رانیە جێ ناھێلم و زۆر دڵخۆشم لە یانەکە.
* بەنیازی چیت بۆ داھاتووی خۆت؟
- بەھیوای ئەوەم زیاتر پشت بەتوانای کچە یاریزانانی شارەکانی کوردستان بدرێت و لە داھاتووشدا بتوانم خزمەت بە وەرزشیی شاری رانیە بکەم.
*ئاستی وەرزشیی لە شاری رانیەی دەروازە چۆن دەبینی؟
-وەرزش لە شاری رانیە گرنگی پێ نادرێت زۆربەی یانەکان لەلایەن حیزب و دەسەڵاتداران یارمەتی دەدرێن، بەڵام یانەیەکی وەکو رانیە یارمەتی نادرێ کە رانیە دەروازەی راپەرینە لە کوردستان ،لە کچ و کوڕ یاریزانانی زۆر باشی ھەیە لە زۆربەی یانەکانی دەرەوەی رانیە یاری دەکەن .
* لەگەڵ ئەوەی یانەکانی پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- لەگەڵ ئەوەم پشت بە یاریزانی خۆماڵی بدرێت و خزمەتی یاریزانانی خۆمان بکرێ لە بڕی ئەوەی پشت بەتوانا و یاریزانی دەرەوەی ھەرێم ببەستین.
* خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزان؟
-بەلێ وەک یاریزانێک خەون بەوە ئەبینم ببمە یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی سەر ئاستی کوردستان و لەریزی ھەڵبژاردەی ولاتەکەم یاری بکەم.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داواکراوی؟
-بەلێ داواکراوم پێشووتریش داواکرابووم بەڵام بەھۆی کێشەی جەوازەوە نەمتوانی بەشداربم لەگەڵیان..
* ھیواو ئاواتت لەم یارییە؟
- ھیوادارم ئاستی وەرزشیی کوردستان بەرز ببێتەوە و بارودۆخی وەرزشیش قۆناخی باشتر بە خۆیەوە ببینی.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-سوپاس بۆ بنەماڵەکەم کە زۆر ھاوکارمن بەتایبەتی باوکم کە پاڵپشتی گەورەیە لە ژیانم سوپاس بۆ ڕاھێنەرەکەم کاپتن سۆران کە ئاستی منی بەرز کردۆتەوە ، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان.

Top