پێم باشە سەرەتا ڕاستگۆیی و عەدالەت دیاری بکرێت
پێم باشە سەرەتا ڕاستگۆیی و عەدالەت دیاری بکرێت
شاروشارۆچکەکانی کوردستان خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانان لەسەر ئاستی عێراق کوردستان، قەزای ئاکرێ سەر بەپارێزگای دھۆکیش خاوەنی چەندین کچ و کوڕە یاریزانی بەتوانایە و پاشەرۆژێکی باشیان لێ چاوەڕوان دەکرێ، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی ئەو قەزایەش یاریزان خەڵات ئەسعەدە خاوەن ئاستێکی بەرزی یاری کردنە گۆڵپارێزکی بەتوانایە و بۆ چەندین یانە یاری کردووە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٦ی شاری ئاکرێیە و قوتابی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی ئاکرێ و پیشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی ئافرەتانی ھەولێرو قەڵا وپیرەمەگروونە و ئێستاش لە یانەی گازی باکور و ھەڵبژاردەی عێراقە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی ؟
-ئاستی ئەم یارییە تاڕادەیەک باشە بەڵام زۆریش نا، لە بەر ئەوەی سەرپەرشتیارانی ئەم خولە تا ھەندێک لە ناوبژیوانانیش بە ڕاستی کاری خۆیان بەرێوەنابەن و تاک لایەنن.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر یاریزانان و تیپ بە گشتی بەرەووپێشیان نابات و تا وای لێ دێت ئاستی یارییەکەش نزم بێت .
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی تۆپێی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پێم باشە سەرەتا ڕاستگۆیی و عەدالەت دیاری بکرێت بۆ گشت تیپەکان بەبێ جیاوازی تا گشت لایەک خۆشەیەکی ململانێ بینێت لە نێوان ئاستی تیپەکان.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی پێی کچان لە چی دەبینی؟
-جیاوازی ناعەدالەتی کردن و گرنگی نەدان بە وانەی وەرزشی کچان بە بەراورد لەگەڵ وەرزشی کوڕان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-بەلێ چەندین یانە ھەبووە داوای منیان کردووە ئێستاش ھەیە ، بەڵام خۆم لەگەڵیان رێکنەکەوتوومە،پێشووتر لە ئافرەتانی ھەولێر بووم، ئێستا لە گازی باکوورم بۆ یاریگای گەورەو فوتساڵ.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-ھەوڵدەدەم گرنگیەکی زیاتر بە ئاست و توانای خۆم بدەم وەکو گۆڵپارێزک.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر چونکە ڕاھێنەر و یاریزانانی کوردی خۆمان ھیچیان لەوان کەمتر نییە، بەڵام پێویستیان لە مەشقی زیاتر و کردنەوەی خول بۆ زیاتر بەرەووپێشبردنی ئاستیان ھەیە .
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری تا چەند پاڵپشتیت دەکەن؟
-بەلێ بەتەنیا وەرزشکارم بەڵام خانەوادەکەم ھەموویان حەز بە وەرزش دەکەن و بینەری وەرزشین و یاریش دەکەن وەکو گۆڵپارێز بەڵام شانسی ئەوەیان بۆ رێکنەکەوتووە بچنە یانەکان ، زۆریش پشتگیری من دەکەن وەکو وەرزشکار.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-ھیواخوازم بە چاوێکی پێشکەوتوو تر و بەبەھاتر بڕواننە پیشەی وەرزش لە کوردستان بە گشتی و بەتایبەت کچان ، لەبەر ئەوەی ئێستا زۆر کچی خاوەن بەھرەمان ھەیە ، بەڵام لەبەر گرنگی نەدان پێیان و لایەنی کۆمەڵایەتی ، ئەگەر لایەنە بەرپرسەکان گرنگی بە وەرزشکارانی خۆمان بدەن پێویستیمان بە یاریزانی دەرەوە نامێنێت.
*چۆن بوو یانەی گازی باکورت ھەڵبژارد لە کاتێک تۆ لە ئاکرێ؟
-پێش ئەوەی بچمە یانەی گازی باکور چەند یاریزانێکی ھاورێم لەم یانەیە بوون ، ئەم یانەیەش لەگشت ڕوویەکەوە خۆشەویستەیەکی زۆر لە نێوانیان ھەیە پێشکەوتووبوون لەگشت لایەک ، سوپاسی مامۆستا مەزنیش دەکەم کە پێشووتر ڕاھێنەرم بووە لە یانەکانی ئافرەتانی ھەولێر و قەڵای تورکمانی و پیرەمەگروون ڕاھێنەرم بووە چوونیشم بۆ کەرکووک بۆ ئەوبوو کە یانەکە یەک خێزان یەک رووح یەک خۆشەویستی کۆیان دەکاتەوە.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق بەردەوامی دژایەتیت ناکرێ وەکو کچە کوردێک؟
-بەلێ بەردەوامم ، نەخێر تاکو ئێستا ئەوە ڕووینەداوە.
*خەونی وەرزشیت چییە؟
-خەونی من ئەوەیە وەرزش لە کۆمەڵگای ئێمە وەکو دەرەوە گرنگییەکی زۆری پێ بدرێت زیاتر پێشکەوتوو دیار بێت، ئاستی منیش وەکو گۆڵپارێز لە باشترین بمێنم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.
*بەچ گۆڵپارێزکی جیھانی سەرسامیت؟
-لە ئاستی دەرەوە بە گۆڵپارێزی ئیتالی بۆفۆن و لە ئاستی ناوەخۆش بە سەرھەنگ موحسین.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو درەفتەی بەمنتداوە بۆ قسە کردن لە سەر بارودۆخی وەرزشی ھیوادارم گرنگی زیاتر بە یاریزانانی کچ بدەن بۆ ئەوەی زیاتر پێشبکەون.
