تاکەی سوودمان بۆ ئەوان بێت!
تاکەی سوودمان بۆ ئەوان بێت!
ئێمە چ سوودێکمان لە عێراق دەستخستووە بە لایەنە وەرزشییەکەی جگە لە زەرەر نەبێت، کەچی ئەوان سوودمەندی یەکەمن لەھەموو رووێکەوە، لەوەتەی لەگەڵ وەرزش تێکەڵبوومە، بەبەردەوام دەستکەوتوو و قازانجەکانی ئەوان بەشێکی کاریگەری لەرێگەی وەرزشوانانی کوردەوە بووە.
لە تۆپی پێ ھەمیشە یاریزانی کورد ڕۆڵی لە دەستکەوتە وەرزشییەکانی عێراقەوە ھەبووە و، بەشداریکردنی ژمارەیەکی بێ شوماری یاریزانانی کورد لەگەڵ ھەڵبژاردەکانی عێراق
بەسە بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە شایەنی ئەوەین کە ببینە خاون ھەڵبژاردەیەکی نیشتیمانی تایبەت بە دەوڵەتی کوردستان بەتایبەتی لە ئێستادا خاوەنی چەندان یاریزانی کوردین کە لە یانە ئەوروپییەکانن و ئاستیان لە لوتکەدایە، ھەروەھا پیشەگەربوونی یاریزانانی کورد لە یانەکانی عێراق نموونەیەکیترە، بینیمان لە وەرزی رابردوو حەوت یاریزانی کورد پەیوەندییان بە یانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کرد.
لایەنێکی دیکە، بەشداریکردنی یانەکانی ھەولێر و دھۆک لە جامی یەکێتی ئاسیا، سودێکیدیکەی بە وەرزشی عێراق بەخشی، چونکە تەنھا کوردستان ناوچەیەکی ئارامی عێراق بوو ئەمەیش وایکرد یانەکانی دیکە بێ دوودڵی گەشت بۆ ئێرە بکەن ودوور لە ترس و تۆقاندن یاریی بکەن، ھاوکات ئەگەر ھەولێر نەبوایە ھەرگیز یاری کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا لە عێراق نەدەکرا و ئەگەر ئەو وڵاتە وێرانە نەبوایە بۆچی ئابلۆقەی وەرزشی ئێرەیش بگرێتەوە!.
دەستکەوتەکەی کۆڤان حەسەن لە ئۆڵمپیکی ریۆی ٢٠١٦ کاتێک مێدالیای زێڕی بۆ عێراق دەستخست، چەند چێژبەخش دەبوو ئەگەر بەناوی کوردستانەوە تۆمارکرابایە، تیپی باسکەی دھۆک لە ساڵی ٢٠١٢ وەک نوێنەری عێراق بەشداری لە پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیای کرد، دڵخۆشدەبووین ئەگەر بەناوی کوردستانەوە بوایە، ئەمانە لە کاتێکدایە، رێژەیەکی بەرچاوو لە وەرزشکارانمان لە یارییەکانی بالە و پاسکیسوای و گۆڕەپان ومەیدان و تۆپی دەست و فوتساڵ و تێنسی سەرزەوی لە ریزی ھەڵبژاردەکانی عێراق یارییان کردووە وپشکداری پاڵەوانیەتییە ئیقلیمییەکانیان کردووە و کچانیشمان پشکی شێریان لەمانە وەرگرتووە، ئیتر کاتی ئەوە نەھاتووە پشتمان لێیانبکەین و بیر لەخۆمان بکەینەوە وقۆڵی لێھەڵماڵین بەسەرجەم وەرزشکارانەوە دوور لەھەموو رەنگەکان ئایندەی وەرزشەکەمان دیاریبکەین و بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەبەڵێ دەنگبدەین و بەبەرگێکی نوێی وەرزشی دەربکەوین، دواتر، لەئەگەری سەربەخۆبوون، دەکرێت پێداچوونەوە بە سیستم و دامەزراوە وەرزشییەکانی کوردستان بکەین و پلانی نوێ دابرێژرێت.
لوقمان عەلی
