وەرزشکاران بە دەنگی بەلێ ، رۆژی گشتپرسی دەکەنە رۆژێکی نیشتیمانی
رۆژ بە رۆژ لە رۆژە گرنگ و مێژوویەکە نزیک دەبینەوەو پاڵپشتی کردنیش بۆ سەربەخۆی کوردستان لە زیاد بوونە لە لایەن ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی، چینی وەرزشکارانیش بەیەکێک لە چینە گرنگ وکاریگەرەکان دادەنرێت، بۆیە وەرزشکارانی کوردستان لە ئێستاوە ئامادەکاری باشیان بۆ ئەو رۆژە گرنگو چارنووسازە بکەن بۆ ئەوەی بە بەلێ دەنگیان پرۆسەی ھەڵبژاردن زیاتر بەرەوو پێش ببەن و لە خەونی سەربەخۆیی زیاتر نزیک ببەنەوە، رۆژی ٢٥/٩ رۆژێک تەواو جیاواز دەبێت بۆ وەرزشکاران چونکە وەرزشکاران چیتر نایانەوێت لە ژێر ناوی ھیچ ئاڵایەک بچینە نێو کێبرکێییەکانی نێودەوڵەتیەکان ، بۆیە بە دەنگدانیان بەلێ ئەو رۆژەیان بۆ دیتە دی، ئەو رۆژەش جگە لە دیاری کردنی چارەنووسی میللەتێکی خاوەن سەد ساڵ خەبات و تێکۆشان و خاوەن ھەزاران شەھید ، وەرزشکاران دەبنە توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆی و بەدی ھێنانی خەونەکان کە وەکو سەرۆکایەتی ھەرێمیش رۆژی ٢٥ی ئەیلولی وەکو رۆژی گشتپرسیەکە دیاری کردووە وەرزشوانانیش ئەم رۆژە دەکەنە رۆژێکی نیشتیمانی لەم بارەشەوە وەرزشکاران قسەی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان کردووە.
ھەلالەفیسەل یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان و ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەنتەری چیا بۆ وەرزش و لاوان بۆ گوڵان گوتی"وەکو کچە وەرزشوانێک و وەکو ھەموو کوردێک حەزدەکەم و ئاواتم ئەوەیە کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ببینم ئێمەش وەکو وڵاتانی جیھانی بتوانین ئەو خەونە لە مێژینەمان بەدی بھێنین، بتوانین خۆشگوزەرانی بۆ ھاوولاتیان دابین بکەین، لە ئێستادا ئەرکی ھەموو تاکێکی کوردە کە ئەم دەرفتە لە دەست نەدەین و بتوانین وڵاتێکی ئارام بنیان بنێن ، وە ببێتە ھۆی چارەسەری ھەموو کێشەو و قەیرانەکان و ئارامی بۆ کوردستانمان بۆیە ئێمەی وەرزشوانانیش لەسەرمان پێویستە کە پشتگیری پرۆسەی یەکەمی ریفراندۆم و گشتپرسی ببین لە پێناو ئازادی خۆمان و داھاتووی خۆمان بۆیە لەم رۆژە بە بەلێ دەنگ بۆ ریفراندۆم و بۆ سەربەخۆی کوردستان دەدەین داواکاریشم لەسەرجەم وەرزشکارن بە بەلێیەکانیان پرۆسەکە گرنگتر بکەن و روحی شەھیدانمان شاد بکەین.
ئازاد عەبدولرحمان ناوبژیوانی نێودەوڵەتی یاری تۆپی باسکە بۆ گوڵان گوتی" دەنگدان بە ریفراندۆم و گشتپرسی ئەوە رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ سەرجەم ھاونیشتمانیانی کوردستان، چونکە ئەوە جگە لەوەی کە سەربەخۆیی وڵاتەکەمانە و بڕیارێکی چارەنووسازیشە بۆ میللەتی کورد کە لە ژێر ئەو ھەموو زولم و ستەم رزگاری ببێت، من وەکو ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی تاکە ھیوای من سەربەخۆییە و رۆژێک لە رۆژان یەک فیکە بۆ سەربەخۆی لە یارییەکی نێودەوڵەتی لێبدەم، بۆیە وەکو وەرزشکارێک دەنگ بە بەلێ و سەربەخۆیی دەدەم و ئەو رۆژەش داواکام وەرزشکاران بیکەنە جەژنێک بۆ ئەوەی بتوانین گەورەترین مافی سەرەتایی خۆمان بەدەست بھێنین و ھاوڵاتیانی کوردستانیش بە تێکرای دەنگیان پرۆسەکە سەربخەن و دەنگ بە گشتپرسی بدەن.
کاژین خوزندە یاریزانی تۆپی دەستی یانەی قەلای ھەولێر بۆ گوڵان گوتی"من وەکو یاریزانێک زۆر سەر بەرزی و تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاوەڕوانی رۆژی ریفراندۆم دەکەم تا بە دەنگێکی بەرز و پڕ ھەستی نەتوایەتی بلێم بەلێ ئەوە مافی منە کە خاوەن دەوڵەتی خۆم بم و ھەڵبژاردەیەکی تایبەت بە خۆمان ھەبێت وەکو کوردستان ئیتر با بەس بێت ژێردەستەیی ، ھیوداریشم ئەوە رۆژە وەرزشکاران بیکەنە کەرناڤالێکی گەورەی نیشتیمانی ھەموومان بەیەکەوە ئەو پرۆسەیە سەرکەوتووبکەین، ھیواداریشم لە ھەموو تاکێکی کورد ئەو خەونە گەورەیان بھێنە دێ بە بەدەستھێنانی خەونەکانمان ئەویش بە دەنگدانمان بە بەلێ لەسەر سندوقەکانی دەنگدان.
دیار جومعە گۆڵپارێزی یانەی کەرکووک بۆ گوڵان گوتی" ئەوە خەونی ھەموو کوردێکە بۆ ئەوەی بتوانێ بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە بەلێ بدات، منیش وەکو یاریزانێکی شاری کەرکووک دەنگ بە بەلێ دەدەم چونکە دەمێکە ھەوڵ بۆ ئەوە رۆژە دەدەین چاوەڕوانی ئەوە رۆژین ، ھیواداریشم بە دەنگدانمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت و بتوانین ئەو رۆژەکارێکی گەورە بکەین بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسە گرنگە، بەھیوای ئەوەشم وەرزشکاران دەنگ بە گشت پرسی و بەلێ بدەن بۆ دیاری کردنی چارەنووسی میللەتەکەمان.
جگەرخوێن عەلی یاریزانی تیپی باسکەی یانەی زاخۆ بۆ گوڵان گوتی"من وەکو یاریزانێک بەھیوای ھاتنی ئەو رۆژە گرنگ و مێژوییەم بۆ ئەوەی بتوانین بە دەنگدانمان بە بەلێ ئەو خەبات و قوربانیدانی میللەتەکەمان و روحی شەھیدانمان شاد بکەین ، داواکارم لە ھەموو لایەک ئەو رۆژنە بکەنە کەرنەڤالێکی گەورەیی نیشتیمانی بۆ دیاری کردنی چارەنووسی یەک میللەت کە خاوەنی سەدان ساڵەی خەبات و قوربانیدان و دەربەدەرییە، دڵنیاشم گرنگترین پرۆسەیە لە کوردستان کە چارەنووسمان وەکو نەتەوە بە دیار دەکەوێت ئەگەر سەربەخۆیشمان بەدەستھێنا ئیتر بە ناوی کوردستان بەشداری کێبرکییە نێودەوڵەتیەکان دەکەین ئەوەش خەونی ھەموو وەرزشوانێکە لە کوردستان.
راندی مەتێ ڕاھێنەری تیپی بالەی یانەی ئەکاد بۆ گوڵان گوتی"وەکو ڕاھێنەرێک و وەرزشکارێک لە رۆژی ٢٥/٩ بە بەلێ دەنگدەدەم بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ گشت خەڵکی کوردستان بە تایبەت وەرزشوانان من وەکو کرستیانێکی خەڵکی کوردستان و ڕاھێنەر لە تیپێکی کچان لە شارۆچکەی عەنکاوە خۆم ئامادە کردووە بۆ سەربەخۆ بوونی وەرزشی کوردستان و درووستکردنی ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی کوردستان و نوێنەرایەتی کردنی کوردستان لە پاڵەوانیەتیە جیھانی و نێودەوڵەتیەکان دەنگ دەدەین بە دیاری کردنی چارەنووسی ھەموومان بۆیە ئەو رۆژە دەبێتە رۆژێکی گرنگی نیشتیمانی، ھیواداریشم ھەموو وەرزشکارانی کوردستان دەنگ بەبەلێ بدەین لەم رۆژە گرنگە.
