بەھیوام وەکوناوبژیوانێکی کچ بەشداری لە پاڵەوانێتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان
بەھیوام وەکوناوبژیوانێکی کچ بەشداری لە پاڵەوانێتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان
یاری ناوبژیوانی یاری باسکە بەھۆی زۆری یاساکانی بۆ ئاستی کچان تاڕادەیەک زەحمەتە کە بتوانن بێنە نێو بواری ناوبژیوانی ئەم یارییە، تەلار بیلال تاکە کچە ناوبژیوانە لە کوردستان کە ئەم کارەی ھەڵبژاردووە ناوبراو دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سلێمانی یەکێک بووە لە یەکەمەکانی زانکۆی سلێمانی ئێستا بەردەوام لە یارییەکانی یاری باسکە کاری ناوبژیوانی دەکات و یارییەکان بەرێوەدەبات، ناوبراو ناوبژیوانی پلە یەکی عێراقە و لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی شاری سلێمانییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو بواری ناوبژیوانیت ھەڵَبژارد؟
-پێش کاری ناوبژیوانی خۆم یاریزانی باسکەبووم خوێندکاری کۆلێز بووم یەکێتی باسکە ھەستا بە کردنەوەی خولێکی ناوبژیوانی بۆ کچان و کوڕان توانیم بەشداری بکەم و بوومە ناوبژیوانی پلە سێ و لەدوای ئەوە برەوم بە کارەکەم دا و دواتر بەشداریم کرد لە چەندین خول و ڕاھێنانی تر ھەتا گەشتمە ئاستی ناوبژیوانی پلە یەکی عێراق.
* ھەست ناکەی یارییەکەی قورست ھەڵبژاردە کە ئەویش باسکەیە؟
- ھەرگیز ئەو بۆچونە بە مێشکمدا نەھاتووە چونکە بەڕاستی یارییەکەم خۆش دەوێت.
* بیرت لەوە نەکردۆتەوە تیپێکی باسکەی کچان درووست بکەی لە سلێمانی؟
- لە ئێستادا نەخێر چونکە مەبەستمە گرنگی زیاتر بەم کارەی خۆم بدەم و بگەمە ئەو ئاستەی مەبەستمە بەڵام ئەگەر ڕۆژێک پێویست بکات بۆ خزمەتی کچانی شارەکەم ئامادەم بیکەم ئەشمەوێت ئاماژە بەوە بدەم لە ئێستادا کەسانی زۆر بە توانا و خەم خۆر گرنگی بە تیپەکانی کچان دەدەن و دەست خۆشیان لێ دەکەم .
* ئاستی یاری باسکە چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- پێش ئەم بارودۆخەی کە رووی لە ھەرێمی کوردستان کردبوو ئاستی تیپەکان زۆر باش بوون و زۆربەی پاڵەوانێتیەکان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدران ،بەلام لە ئێستادا زۆر خراپ بووە و تیپەکان بە ھۆی نەبوونی پاڵەوانێتی زۆرینەیان مەشقەکانیان کەم کردۆتەوە ئەگەر بارودۆخ بەرەو باشی بروات بێگومان زۆر یاریزانی بە توانامان ھەیە و زۆربەشیان لە ئاستی عێراق یاری دەکەن و ناوبژیوانانی ھەرێـمی کوردستانیش بەشداری پاڵەوانێتی عێراق دەکەن ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گرنگی باشی پێدراوە و کەسانی زۆر بە توانامان ھەیە.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان بەرەوو پێش بچێت؟
-بودجەی تایبەتی بۆ دابین بکرێتەوە بۆ ئەوەی یەکێتی باسکە ی کوردستان بکەوێتەوە سەر رێچکەی کارەکانی و کردنەوەی خولی راھێنان و داوەری و کردنەوەی پاڵەوانێتی بۆ ھەموو ئاستەکان و باشترکردنی پەیوەندیەکان لە نێوان یەکێتی باسکە و زانکۆکان بۆ ئەوەی لە تازەترین توێژینەوە و بە دواداچونی وەرزشی بە ئاگا بن ۆورک شۆپ بۆ ناوبژیوان و راھێنەرو یاریزان ئەنجام بدرێت.
* بەرنامەت چییە بۆ خۆت وەکو کچە وەرزشکارێک؟
- بەردەوام کار بۆ ئەوە دەکەم بگەمە ئاستی نێو دەوڵەتی لە یاریەکەدا و برەوی زیاتر بە خوێندنەکەم دەدەم کە ئێستا خوێندکاری ماستەرم لە سکوڵی پەروەردەی وەرزش زانکۆی سلێمانی.
* ھیواو و ئاواتت وەکو کچە وەرزشکارێک؟
- وەک ناوبژیوانێکی کچ بەشداری لە پاڵەوانێتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە بکەم.
* چی بە کچان دەلێ بۆ بواری ناوبژیوانی؟
- ھیچ شتێک گران نییە گەر توانای تەواوت بە خۆت ھەبێت و ھیچ کات کۆڵ نەدەن لە و ناخۆشی و رێگریەکان کاری ناوبژیوانی دەبێت بەھێز بیت و بەردەوام ھەوڵ بدەیت وەک خۆم چی لە توانام ھەبێت دەیکەم بۆ ئەوەی کچانی زیاتر بێنە نێو بوارەکە.
* پێش نیار و داواکاریت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشیی؟
- گرنگی زیاتر بە وەرزشی کچان بدرێت و داواکارم لە بەرپرسانی وەرزشی ھەوڵی زیاتر بدەن و وەرزش فەرامۆش نەکەن چونکە خەریکە ئەوەی لە ساڵانی پێشوو بنیاد نراوە بە تەواوی لە ناو دەچێت.
* بۆ کچان بە زۆری نایینە نێو یاری باسکە و کاری ناوبژیوانی ئەم یارییە لە کوردستان؟
- بە پێچەوانەوە من خۆشحاڵم بەوەی کەلە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان تیپ و قوتابخانەی تایبەتمان بە یاری باسکە ھەیە بۆ کچان بۆ نمونە لە شاری سلێمانی یانەکانی (ئەفرۆدێت و دەربەندیخان و رێکخراوی ژیما ) وە لە دھۆک قوتابخانەی تایبەت بە یاری باسکە بەڵام وەک کاری ناوبژیوانی لە نێو یەکێتی باسکەی سلێمانی بە تەنھا منم کە ئەمە زۆربەی کات بۆ من جێگەی دڵ گرانیە .
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتاییدا؟
- سەربەرزی بۆ سەرجەم شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان سوپاسم بۆ دیمانەی بەڕێزتان و سوپاسی تایبەتم بۆ باوکی خۆشەویستم (بیلال مولود ) کە بەردەوام پاڵ پشت و ھاوکارمە و بەڕێزیان سکرتێری یەکێتی باسکەی سلێمانین وە سوپاسی ھەموو مامۆستایان و ھاور ێیانم دەکەم کە بەردەوام پاڵپشتی منن و ھاوری داوەرەکانم کە بە پێویستی دەزانم ناویان بھێنم چونکە وەک یەک خێزانین مامۆستایان (دارا قادر - ئارام سمیر - بۆکان حسن - رێبین تۆفیق - زمکان عوسمان - کارزان عمر ).
