وەرزشکاران دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی سەرۆکی ھەرێم
وەرزشکارانی کوردستان لە ئێستاوە ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژی ٢٥/٩ بکەنە رۆژێکی مێژوویی و نیشتیمانی بۆ ئەوەی خەونی لە مێژینەی خۆیان بەدی بھێنین و ئەو مافە سروشتیەی چەندین ساڵە کوردستانیان و سەرکردایەتی کورد و خەباتی سەدان ساڵەی میللەتی کورد بەدێ بھێت ئەویش بە دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆ خاوەن ووڵات و ئاڵایەکی تایبەت بەخۆمان ھەبێت بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش لە رێگای ئەو رۆژە مێژووییە کە رۆژی دیاری کردنی چارەنووسی میللەتێکی خاوەن سەد ساڵ خەبات و تێکۆشان و خاوەن ھەزاران شەھید و تێکچوونی ھەزارن گوند دەربەدەری و ئەنفال و کیمیا باران کردنە بۆیە لە رۆژی گشت پرسی ھەرێمی کوردستان کە بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رۆژی ٢٥ی ئەیلولی وەکو رۆژی گشتپرسیەکە دیاری کردووە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ، وەرزشکارانیش دەیانەوێ ئەم رۆژە بکەنە کەرنەڤالی سەرکەوتن لەم بارەشەوە وەرزشکاران قسەی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان کردووە.
ئارام ساڵح یاریزانی زۆرانبازی سەربەستی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان گوتی" دەنگدان بە بەلێ لە رۆژی ٢٥/٩رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ تەواوی کوردستانیان لە ھەرکوێیەکی جیھان بن، منیش وەکو کوڕە کوردێک و پاڵەوانێکی یاری زۆرانبازی جیھانی بە دڵنیاییەوە ئەوە خەونی لە مێژینەی منە وەکو یاریزان کە لە چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی بە ئاڵای کوردستان بەشداریم کردووە، بۆ ئەو رۆژەش ئامادەکاریی تەواوم ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەلێ دەنگ بۆ سەربەخۆی کوردستان و ریفراندۆم بدەین بۆ ئەوەی خەونی ملیۆنان کوردی وەکو من بێتە دیتە ببینە خاوەن ولاتێکی سەربەخۆ و ئاڵایەکی تایبەت بەخۆمان ھەبێت بتوانین لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان بشکێتەوە،ھیواداریشم وەرزشکارانی کوردستان ئەم رۆژە بکەنە رۆژێکی مێژووی بۆ ئەوەی بە دەنگدانمان بە بەلێ مافی ھەموولایەک بدەست بھێنێت ، ئاواتەکەمان بێتەدێ.
فوئادعومەر ناوبژیوانی پلە یەکی کوردستان لە بارەیەوە بۆ گوڵان گوتی"من وەکو پێشمەرگەیەک و ناوبژیوانێکی پلە یەکی کوردستان و عێراق ، دەنگ دەدەم بە بەلێ بۆ ئەوەی لەو ژێردەستیەی چەند سالەی حوکمی عێراق رزگارمان بێت ببین بە وولاتێکی سەربەخۆ ، خزمەت بەناوی دەولەتی کوردستان بکەین ،ھەرگیز عێراق نابێتە دۆستی کوردستان کە وەکو ھەرێمێکی خۆی چاودێریمان بکات و سەرپەرشتیمان بکات ، بەلکو لەوەتەی عێراق ھەبووە ھەمیشە دژایەتی کوردی کردووە ، ئیتر ئێمەی میللەتی کوردیش مافی خۆمانە دەنگ بدەین بە بەلێ ھیچمان کەمتر نیە لەگەل ئەو ھەرێمانەی چەند سالی رابردوو سەربەخۆیان وەرگرتووە ، من وە کو وەرزشوانێک پەیامێکم بۆ ھەموو کوردێک ھەیە دەولەت بوونی کوردی نەبەسترێتەوە بە سەرکردەیەکی حیزبی دەولەت بوون مافی خۆمانە ئینجا ھەر کەسێک رای بگەنێت دەبێ شانازی پێوە بکەین ، کەسیش لەوە نەترسێت لەدوای پرۆسەی ریفراندۆم کوردستان دەکەوێتە دۆخێکی مەترسیدار لە رووی قەیرانێکی قولتر، دلنیابن ئەم ووتانە ووتەی سەر شەقامی ناحەزانە ، چونکە رێفراندۆم بە پشتیری گەورە وولاتانی جیھان ئەنجام دەدرێت لەبەرژەوەندی کورد، ئیتر بەسە خوێن مژینی یەکتری دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و بەرەو دەوولەتێکی سەربەخۆ ھەنگاو بنێین ،
چاڵاک عەلی یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی ھەڵبژاردەی عێراق پاڵەوانی ئاسیا بۆ گوڵان گوتی" من وەکو کوڕە وەرزشکارێکی کورد لە ئێستاوە ئامادەکاریم کردووە بۆ ئەو رۆژە مێژوویە بۆ ئەوەی بچمە سەر سندوقی دەنگ دان و دەنگ بە سەربەخۆیی و ریفراندۆم بدەم، ئامانجیشم لە دانگ دان بە بەلێ بۆ بوون بە دەوڵەت و گەیشتن بە ئاواتەکانمانە و ھیواداریشم تەواوی وەرزشکارانی کوردستان ئەم رۆژە مێژووییە بکەنە رۆژێکی نیشتیمانی بۆ ئەوەی خەونی لە مێژیینەی گەلەکەمان بەدی بھێت،دڵنیاشم لە لایەنی وەرزشیەوە وەرزشکاران سوودێکی زۆری بۆیان دەبێت کاتێک بەناوی ووڵاتی خۆیان و لە ژێر ئالای پیرۆزی خۆمان دەچینە کێبرکێیە نێودەوڵەتیەکان و دەتوانین ببینە خاوەن چەندین مەدالیای زێرو زیو.
ھەندرێن عەلی یاریزانی یانەی ھەندرێن بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی"وەکو یاریزانێکی کورد لە تامەزرۆیەوە چاوەڕوانی ئەو رۆژە مێژووییەم بۆ ئەوەی بچمە سەر سندوقی دەنگ دان و دەن بە بەلێ بدەم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئازاد بوونمان و ببین بە خاوەن ووڵاتی خۆمان و ئاڵای خۆمان ، بە دڵ و بەگیان دەلێم بەلێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی چونکە ئەو ریفراندۆمە پرسێکی نیشتیمانییە ھیچ پەیوەندی بە کێشە سیاسی و ئابورییەکان نییە، بەھیوای ئەوەشم سەرجەم ھاونشتیمانانی کوردستان ئەم رۆژە بکەنە کەرنەڤاڵی سەرکەوتن و بەدی ھێنانی خەونی لە مێژیینەی نەتەوەکەمان.
جەوادجەعفەر پاڵەوانی یاری لەشجوانی و ڕاھێنەری یارییەکە بۆ گۆڵان گوتی" وەکو پاڵەوانێک دەنگ دەدەم بە بەلێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، لەبەر ئەوەی ئێمەی کورد ئەو ھەموو ساڵە ئێش و ئازار دەکێشین بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو ھەموو ووڵاتانی جیھان سەربەخۆ بین و ماف و پەنایی و ئاڵا و پاسەپۆرت و ڕەگەزنامەی تایبەت بە خۆمان ھەبێت، دوور بین لە دەستی رژێمی بەعس کە ئێستا و ئێستاش کۆمەلێکی شۆڤین باسی رژێم دەکەن داواکارم لە گشت وەرزشکاران دەنگ بە بلێ بدەن بۆ سەربەخۆی کوردستان بۆ ئەوەی لە پاڵەوانیەتیەکان بە ناوی کوردستان و ئاڵای خۆمان بەشداربین و سەربەخۆبین، بە ھەر دە پەنجەی دەستم دەلێم بەلێ بۆ گشتپرسی و بەلێ بۆریفراندۆم.
گوڵستان تەحسین یاریزانی تۆپی پێی یانەی گازی باکوور بۆگوڵان گوتی" وەکو کچە وەرزشکارێک چاوەڕوانی ئەوە رۆژم بۆ ئەوەی بتوانین بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە بەلێ بدەم تا ببین بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆمان بۆ ئەوەی لە رووی وەرزشیشەوە ھەڵبژاردەی کچانی کوردستن لە تۆپی پێی دابمەرزێ ئێمەش یەکێک بین لە یاریزانەکان و بە ئاڵای خۆمان بەشدار لە کێبرکێیە نێودەوڵەتیەکان بکەین کە مافێکی سروشتی ھەموو کوردێکە بە بوونمان بە دەوڵەت باوەڕدەکەم وەرزشیش لەم چەق بەستوویە دەربچێت و بتوانین ئامانجی خۆمان بپێکین بۆیە وەکو کچە کوردێک داواکارم لە ھەموو وەرزشکاران دەنگ بە بەلێ بۆ ریفراندۆم بدەن.
