کردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێ تا چەند سوودمەندە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان

کردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێ تا چەند سوودمەندە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان
کردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێ تا چەند سوودمەندە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان
یاری تۆپی پێی لە کوردستان پێگەیەکی بەھێزی جەماوەری ھەیە، لە ئێستاشدا کردنەوە ئەکادیمیا بۆتە دیاردە لە شارەکانی کوردستان لەلایەن یانەکان گرنگی زۆری پێ دەدرێت، شاری ھەولێری پایتەختی کوردستانیش پشکی شێری بەرکەوتووە لە کردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێی بۆ ئاستەکانی تەمەن، ئەکادیمیای تۆپی پێی دڵکورد ماوەی چەند ھەفتەیەکە ئەکادیمیایەکی تۆپی پێی کردۆتەوە بۆ ئاستەکانی تەمەن رۆژانەش ھەوادارێکی زۆری وەرزشی ڕوو لەم ئەکادیمیا دەکات لەسەر یاریگای یانەی بروسک لە چەنک کاتژمێرێکی جیاواز مەشقی خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەکادیمیایەکەش بە شێوەیەکی زانستی مەشق بە یاریزانە بەھرەمەندەکان دەدەن، گۆڤاری گوڵانیش لە نزیکەوە لە یەکەیەکی مەشقی ئەکادیمیای دڵکورد ئامادەبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی مەشقی ئەم ئەکادیمیایە بێت دەستەی ڕاھێنەران و یاریزانانیش قسەی دڵی خۆیان بۆ گوڵان کرد.
ڕاپۆرتی: کارزان کانەبی
ئامانجیان پێگەیاندنی یاریزانانی کوردە
شاخەوان عارف ڕاھێنەری ئەکادیمیای تۆپی پێی دڵکورد بۆ ئاستی ١٣بۆ١٦ساڵی لەبارەی کردنەوەی ئەم ئەکادیمیایە بۆ گوڵان گوتی" ئامانجمان پێگەیاندنی یاریزانانی کوردە چونکە لە شاری ھەولێر یاریزانی کوردی بەھرەمەندمان زۆرە ، لەم ئەکادیمیایەش کۆمەلێک یاریزانی بەھرەمەند لە دەرەوەی ھەولێر ھاتووتنە و کە چاوەڕوانی شتی باشیان لێ دەکرێت، بە نیازی ئەوەین لەگەڵ ھەریەک لە مامۆستا بێستون و مامۆستا ئامانج و کاپتن ھێمن درێژە بەم ئەکادیمیایە بدەین بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی کورد، چونکە نامانەوێ تەنیا بۆ کۆکردنەوەی پارە نەبێت و بۆ چەند رۆژێکیش نەبێت، رێکەوتنی من لەگەڵ ئەو ئەکادیمیایە ئەوەیە کە بەردەوامی ھەبێت بۆ ئەوەی یاریزانانی خامە لە ئاستی ھەشت بۆ دە ساڵ ئەگەر مەشق و ڕاھێنانی بەردەوامی ھەبێت تەمەنەکانیان جیاواز بکرێتەوە و خول و پاڵەوانیەتی بۆیان بکرێتەوە بێگومان تا دەگاتە قۆناخی ١٨بۆ ٢٠ساڵ یاریزانێکی تۆکمەی لێ درووست دەبێت ، بۆ یاریزانە تەمەنە ١٢ ساڵیەکانیش بەسەرەووە ئەگەر کاری بەردەوامیان لەگەڵ بکرێت یاریزانانی باشی تێدایە کە دەتوانن سوودی زۆریان ھەبێت بۆ داھاتوو، ئێمەش ئەوپەری تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین یاریزانانی بەھرەمەند درووست بکەین و زۆرترین سوودیان بە شێوەی زانستی پێ بگەینین.
دەبوایە ئەم کارە زووتر بکرابوایە
ھێمن مامەندڕاھێنەری ئەکادیمیای دڵکورد لە شاری ھەولێر بۆ گوڵان گوتی" دەبوایە کردنەوەی ئەم ئەکادیمیایە زۆر زووتر ئەنجامبدرایە لە شاری ھەولێر و شارەکانی تری کوردستان، پێگەیاندنی یاریزانانیش بۆ ڕاھێنەرێکی کارێکی خۆشە ، من وەکو ڕاھێنەریش دەمەوێت زۆرترین یاریزانان لەسەر دەستی ئێمە وەکو ستافی ڕاھێنەر بەرھەم بھێنین چونکە خۆشترین سات لای ئێمە درووست کردنی یاریزانانە، لەبارەی ساڵانی داھاتوو کە شاری ھەولێر بچێتە قۆناخێکی تر کاپتن ھێمن گوتیشی " من متمانەم بە خۆمان ھەیە کە بتوانین یاریزانانی بەتوانا بەرھەم بھێنین بۆ شاری ھەولێر داواوکاریشم شارەکانی تری کوردستان شوێنی تری وەرزشی ھەڵبستن بە کردنەوەی فێرگەی تۆپی پێی بۆ ئەوەی زۆرترین یاریزانان لە کوردستان بەرھەم بھێنین بۆ یانەکانی کوردستان و بۆ خۆشمان سوودی لێ ببینین، دڵکورد سوودێکی زۆری ھەیە بۆ یاریزانان و ئێمەش وەکو ئەکادیمیا گرفتێکی ئەوتۆمان نییە.
دەمەوێت ببمە ئەستێرەیەکی کوردی
ئەڵەند ئەبوبەکر تەمەن ٩ ساڵ یاریزانی ئەکادیمیای دڵکورد بۆ گوڵان گوتی" ھاتومەتە ئێرە بۆ ئەوەی لە بارەی ئاستی وەرزشیم پەرە بەتواناکانی خۆم بدەم و یاریزانێکی باشم لێ دەربچێت لە داھاتوودا ، لەم ئەکادیمیایە سوودێکی زۆرم لێ بینوە وەکو یاریزان کە رۆژانە مەشقی بەردەوام دەکەم لێرەبە شێوەیەکی زۆر زانستی مەشق دەکەین، ھیواداریشم لە داھاتوودا ببمە ئەستێرەیەکی وەرزشی و یاریزانێکی گەورە خزمەت لە وەرزشی کوردستان بکەم.
بەھیوای ئەوەی ئەکادیمیای زیاتر بکرێتەوە
موھەند نزار تەمەن ١٣ ساڵ یاریزانی ئەکادیمیای دڵکورد بۆ گوڵان گوتی" کردنەوەی ئەم ئەکادیمیایە گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ئێمەی یاریزانان بۆیە ھیوادارم بەردەوام بێت و سوودی زیاتریشی دەبێت بۆ ئێمە ، چونکە لێرە بە شێوەی زانستی فێری یاری تۆپی پێی دەبین ، ھیواداریشم لە داھاتوودا ئەکادیمیای زیاتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی زۆترین یاریزانان درووست بێت لە شارەکانی کوردستان لە داھاتووشدا پێویستمان بە یاریزانی دەرەوە نەبێت.


Top