ئاستی یاری بالە چەند سالێکە لە پاشەکشەدایە
ئاستی یاری بالە چەند سالێکە لە پاشەکشەدایە
پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید یەکێک لەو شارانەی کە ژمارەیەک یاریزانی کوڕ و کچی بەتوانایی تێدایە لە وەرزشە جیاجیاکان کە پاشەرۆژێکی زۆر باش چاوەڕوانی ئەوان دەکات، تیپی بالەی کچانی سیروانی شارەزووریش یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەنی کۆمەلێک کچە یاریزانی بەتوانان لەسەر ئاستی کوردستان پاشەرۆژێکی باشیش چاوەڕوانی دەکات بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنن، یەکێک لە کچە یاریزانەکانیش پەیمان زیندەدینە ناوبراولە دایک بووی ساڵی ١٩٨٩ی پارێزگای ھەڵەبجەیە پێشوتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی ھەڵەبجەی شەھید و کۆیە و سیروانی شارەزوور یاری کردووە دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی ؟
-ئاستی یاری بالە چەند سالێکە لە پاشەکشەدایە ئەم پاشەکشەییەش بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر یەکێتی تۆپی بالەی کوردستان کە چەند سالێکە خول لەسەر ئاستی کوردستان نەکراوەتەوە لە کاتێکدا ھەندێک لە یەکێتیە وەرزشیەکان خولی خۆیان بەرێوە دەبەن.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-دیارە ئەنجامدانی خول و پاڵەوانیەتی کەنالێکە کە یاریزان تواناکانی خۆی و ئاستی خۆی تێدا دەبینێتەوە و شەوق و زەوقێکی تر پەیدا دەکات بۆ یارییەکە، چ ئەو خولانە فەرمی بن یان دۆستانە بن ، بەڵام نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی تواناکانی یاریزان دەکوژێت و یارییەکە بەرەوو دواوە دەبات وەکو کە ئێستا دەیبینن.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالەی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-کردنەوەی خول و سەرف کردنی پارە بۆ یانەکان ئاستی یاری بالەی کچانیش پێش دەخات لە شارەکانی کوردستان.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
-نەبوونی یاریگای تایبەت بە یاری بالە ئاستەنگی لەبەردەم یاریزانەکاندا لە رێگەنەدانی ماڵەوە یاخود درووستبوونی ھەر ئاستەنگیەکی دیکە قەیرانی دارایی کە گرفتێکی سەرەکییە لەم یارییە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-سەرەتا لە نادی ھەڵەبجە گرێبەستم کردووە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ یانەی کۆیە یاریم کردووە ە ئێستاش لە یانەی سیروانم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- بە نیازم پەرە بە ئاستی خۆم بدەم بەرەوو باشتر بڕۆم وە بەردەوامیشین لە مەشق کردن بتوانم خزمەتی یانەکەم و وەرزشی کچان بکەم لە ھەڵەبجە وە زیاتر کچ بێنمە ئەم بوارە لە خودا بە زیاد بێت دەڤەرەکەمان کچی باشی تێدایە کە توانای وەرزشی باشیان ھەیە کۆمەڵگەش لە جاران بەرەوو پێشتر چووە.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-بەلێ چونکە دەبێتە ھۆی پێشکەوتنی یاری بالە و ئاشنا بوون بە شێوازی یاری کردنی بیانی و ئەزموون و شارەزایی زیاتر دەبین.
*چۆن بوو یانەی سیروانت ھەڵبژاردووە؟
-بەھۆی ھاورێکانمەوە سیروانی شارەزوورم ھەڵبژارد ھەر چەندە من پێشتر لە یانەی ھەڵەبجە یاریم کردووە، بەڵام نە من نە ھاورێکانم ناتوانین لە یەک داببرێن پەیوەندیەکی زۆر پتەومان ھەیە سوپاس بۆ خودا یاریزانەکانمان ھەیە لە یانەکانی تر بانگ کراوە لەبەر ئێمە نەچووە ئەوە وی کردووە واز لە یاری کردن نەھێنین.
*خەونی وەرزشیت چییە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی من سەرکەوتن و ناوبانگە ببمە باشترین یاریزان ، خەونم ئەوەیە ببینم کچان بە ئازادی بینە ھۆڵەکانی وەرزش ھیچ خەمێک لە دڵیان نەبێ ترس نەبێت کاتێک دەچنە خولێک نەپارێنەوە لە کەس و کارییان.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-ھیوادارم گرنگی بدەن بە یاری بالە وەک چۆن گرنگی ئەدرێت بە یاری تۆپی پێی بە کردنەوەی خولی بەردەوام ئەوەندەی بە تۆپی پێی گرنگی دەدرێت خول دەکرێتەوە بە گرنگ بە یاری بالە بدرایە سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەھات.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ھەموو کەسێک ئارەزووی ئەو دەکات کە بۆ ھەڵبژاردەی ووڵاتەکەی یاری بکات منیش ئارەزوو دەکەم یەکێک بم لە یاریزانانی کە یاری بۆ ھەڵبژاردەی کوردستان بکەم.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داوا کراویت؟
-نەخێر
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-شیلایا یاریزانی ھەڵبژاردەی بەرازیل
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ سەرکردنەوەی یاریزانانی شارەکانی کوردستان ھیوادارم لەم پشتگیرییە بەردەوام بن چونکە پێویستیەکی زۆر گرنگە.
