وەرزشکاران دەنگ بە ریفراندۆم دەدەن

وەرزشکاران دەنگ بە ریفراندۆم دەدەن
وەرزشکاران دەنگ بە ریفراندۆم دەدەن
دوای ئەوەی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رۆژی گشتپرسی لە ھەرێمی کوردستان دیار کرد کە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵ بە رۆژی دیاری کردنی ریفراندۆم دیار کرا ، بۆیە لەئێستاوە کوردستانیان بۆ ئەم رۆژە گرنگە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی خەونی لە مێژینەیان لەم رۆژە چارەنووسازەدا دیاری بکەن ئەوەش بۆ ھەموو کوردێک رۆژێکی وەرچەرخان دەبێ لە ھزریان چونکە لەم رۆژە بڕیارە لەسەر خەونە لە مێژینەکەیان دێتە دێ کە گەڵی کوردستان زیاتر لە سەد ساڵە خەباتی بێ وەچانی بۆ کردووە جگە لە قوربانیدان و خاک داگیر کردن و ئەنفال کردن ، بۆیە وەرزشکارانی کوردستانیش لەم رۆژە گرنگە پشتگیری رۆژی گشتپرسی و ریفراندۆم دەکەن لە کوردستان لەم بارەشەوە گۆڤاری گوڵان ئەم ڕاپۆرتەی ئەنجامداوە و بۆچوونی بەشێک لە وەرزشکارانی وەرگرتووە لەسەر دەنگدان بە بەلێ.
ڕامیار ئازاد یاریزانی یانەی vfb lubeck ئەڵمانی بۆگوڵان گوتی"من وەکو یاریزانێکی کورد دەکەوێت لە رۆژی ٢٥/٩ دەمەوێت دەنک بە بەلێ بدەم بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو ھەموو وڵاتانی تر مافی تایبەتی خۆمان ھەبێت وەکو ھەر تاکێکی کورد ، من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی یەکگرتوو لە ناو سیاسەتی کوردا بە لەیەکتێگەیشتنی حزبەکان لەگەڵ یەکتری و تێکۆشانی جەماوەری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەوا ھیچ ووڵاتێک و ھیچ شتێک ناتوانێن ببێتە بەربەست، دەمەوێ لە رێگەی دەوڵەتی کوردییەوە ببینم وەکو ھەر یاریزانێکی تری نێودەوڵەتی کە فیفا دان بە یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەکەم دابنێت، ھەروەکو شاعیری بە ناوبانگ قانع دەلێ" بەدەستی خۆم نییە واللە لە دیوانی خودا کوردم لە ناو شێخ و بەگ و میلاو مەلا و شاگەدا کوردم تەماشای گەورھەری من کەی دەزانی ئاشکرا کوردن بە کوردی بووم و خوڵقاوم و ھەتا رۆژی جەزا کوردم.
بژان خۆشەوی یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی ھەڵبژاردەی عێراق گوتی" ریفراندۆم ھەلێکی مێژووییە بێ گومان کەم و کوری و قەیران بەردەوامن بەڵا نابێتە ھۆی ئەوەی بیرمان بچێت گەورەترین ئاواتی کورد دەوڵەتی کوردییە من وەکو یاریزان و تۆی قوتابی و وەکو ھەموو ھاوولاتێک داوا دەکەن دەنگ بە بەلێ بدەن بۆ ئەوەی ببین بە دەوڵەت، دڵنیابن لە ھێزی پێشمەرگە و دڵنیا بوون لە خۆڕاگری گەڵ خەونی منە بەشداری کردن لە ئۆلۆمپیاد بکەم بە ناوی کوردستان و ئاڵای کوردستان.
میران خەسرۆ یاریزانی یانەی شورتەی شاری بەغداد بۆ گوڵان گوتی"ئەو بریارەی کە سەرکردایەتی کورد لە سەر ئەنجامدانی گشتپرسی داوییەتی بریارێکی مێژووییە کە تەواوی گەلانی جیھان بە دریژایی میژووی خۆیان لە مەشەقەتی زۆرەوە پێیگەیشتوون وە یا خود لە چاوەروانی و ھاندان بەردەوامن بۆی, وەک ئەوەی کە دۆزی کورد بە درێژایی میژووی خۆی لە ھەوڵدان بۆ بەردەوام بووە و لە ئیستادا دەبینین کە جەنابی سەرۆک بارزانی پرسەکەی کە زۆرێک لە سیاستەڤانان بە خەونی شاعیران ناویان دەبرد, کردیە بە ئەمری واقیع و ئیستا مشتومڕی لەسەر دەکات. ئەگەر چاو بە میژوی باشوری کوردستان بخشێنین, دەبینین کە گەلی کوردی باشور بە سەرکردایەتی باوکی نەمری کورد, بارزانی نەمر, بەرپەرچی زۆریک لە شکەست ھینان بە شۆرشی داوەتەوە و تەنانەت جارێکیش کۆلنەدان نەبووەتە مەنھەجی کارەکەی و لە شۆرشەکانی ئەیلول و گوڵان و سەدان دژبەری تر لە سەرخستنی پرسی سەربەخۆیی بەردەوام بووە. کوردی باشور, کۆڕەوی سالی ١٩٧٥ی لە یاد ناچێ, انتفازەی سالی ١٩٩١ی لە یاد ناچێ, برسیتی و روبەروبونەوەی ھەزاران دژایەتی حکومەتی بەعسی عێراقی لەیاد ناچێ, ئەمانە پاڵنەرن بۆ بەھێزکردنی ھۆکاری دەنگدان بە بەلی بۆ ریفراندۆم و دوبارەنەبونەوەی روداوەکانی رابردوو لە.میژوی کوردایەتی.
ئازاد حەمزە پاڵەوانی پاڵەوانانی یاری لەشجوانی کوردستان بۆ گوڵان گوتی" وەکو پاڵەوانێکی کوردستان بە بەلێ دەنگ بە ریفراندۆم دەدەم ئەمە باشترین ھەنگاوە بۆ یاریزانان و وەرزشکارانی کوردستان کەوا ریفراندۆم ببێتە باشترین ھەڵ کەوا بتوانین زۆر بە ئازادی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە نێو ھەموو ئاڵاکانی جیھان بەرز بکەینەوە، جگە لەوەش کوردستان دەتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ھەموو یەکێتیەکانی جیھانی وەرزشی ئەندام بێت ئەمەش وادەکات لە رێگای وەرزش زیاتر کوردستان بە جیھان بناسێنین ، داوای لە ھەموو لایەک دەکەم دەنگ بۆ سەربەخۆی کوردستان بدەن.
ئاکار شێرزاد یاریزانی ڕاکردنی ماوە درێژ بۆ گوڵان گوتی"وەکو وەرزشکارێک دەنگ دەدەم بە بەلێ و بە سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیش شان بە شانی ئاڵای ووڵاتانی تر بشەکێتەوە لە ئۆڵۆمپیاد و پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان ناوی کوردستانیش وەکو وڵاتانی جیھان لە نێو ووڵاتان بێت، بۆیە داوا لە ھەموو وەرزشکاران دەکەم ئەو رۆژە بکەنە رۆژیچکی پڕشنگداری مێژووی و بیکەنە کەرنەڤاڵی سەرکەوتنی یەکجاری لە ھەموو ھەرێمی کوردستان.
دیدار حامد گۆڵپارێزی یانەی ھەولێر بۆ گوڵان گوتی"وەکو وەرزشوانێکی کورد لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆمم و دەنگیشم بە بەلێ یە چونکە دوا رۆژی ئایندەی ئێمەی وەرزشوانان گەشتر و جوانتر دەکات، وەکو تاکێکی کورد زیاتر ھیواو و ئارەزووم وایە وەکو ھەموو وڵاتانی جیھان بەشدار بین لە بۆنە وەرزشیەکان و تا زیاتر کورد بە دونیا بناسێنین ھیوای من زیاتر ئەوەیە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ببێتە ئەندام لە فیفا بۆیە داواکارم سەرجەم وەرزشکارانی کوردستان دەنگ بە سەربەخۆی و بەلێ بدەن.
مەتین ئیدریس یاریزانی وشووساندای یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بۆ گوڵان گوتی"ئەمە ھەنگاوێکی گەورە و بە دەوڵەت بوونی کوردستانە ئەم رێگایە بەرەوو سەربەخۆیمان دەبات، تاکە شت کە چاوەڕی بکەین رۆژی ریفراندۆمە کە وەکو یاریزانێک دەچمە سندوقی دەنگدان و دەنگ بە بەلێ دەدەم، من وەکو یاریزانێک کە بەشداری لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکان دەکەن لە وڵاتە جیاجیاکانی جیھان بەڵام ھەمیشە کێشەمان بۆ درووست دەکەن کە نابێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان بڵند بکەم کە گوایە من خاوەنی ووڵات نیم ، بۆیە دەمەوێت بەشداری بکەم لە رۆژی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان تا منیش بلێم وەکو ھەموو گەڵانی جیھان خاوەن خاک و ووڵات و ئاڵای خۆمم و چیتر ناچار نەبم لە ژێر ئاڵای بێگانە یاری بکەم بۆیە دەلێم وەرزشکاران ھەمووتان دەنگ بە بەلێ بدەن.
ڕاپۆرتی: کارزان کانەبی
Top