ئەم یارییە پێداویستی پێویستە

ئەم یارییە پێداویستی پێویستە
ڕاژان حەسەن یاریزانی بادمنتۆنی یانەی ئافرۆدێت
ئەم یارییە پێداویستی پێویستە
یاری بادمنتۆن ئەو ئاستەی نییە لە شارەکانی کوردستان کە جێگای دەست خۆش بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین یاریزان ھەیە بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە لەم یارییە دەڕوانن بۆ ئەوەی بتوانن ئەم یارییە ھەر بمێنیتەوە و ئەوانیش ھۆکاربن بۆ بەرەوو پێشچوونی، بەڵام نەکردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی یاریزانەکانیش سارد دەکاتەوە لە یاری کردن، ڕاژان حەسەن کچە یاریزانی یاری بادمنتۆنە یانەی ئافرۆدیتە لە شاری سلێمانی و لە بەرنامەی دایە ئاستی ئەم یارییە زیاتر بەرەوو پێش ببات لە داھاتوو، ڕاژان لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٠ لە شاری ڕانیە قوتابی ماستەر لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی و لە ساڵی ٢٠٠٨وە لە یانەی ئافرۆدێتە و ئەندامی لقی سلێمانی یەکێتی بادمنتۆنە لە ساڵی ٢٠٠٨وە یاریزانی زانکۆی سلێمانی بووە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەشداری چەندین خولی ڕاھێنەر کردووە لەسەر ئاستی عێراقیش بەشداری چەندین خولی کردووە و ئەنجامی باشی بەدەستھێناوە بە ناوی ھەڵبژاردەی سلێمانی و یانەی ئافرۆدێت ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری بادمنتۆن چۆن دەبینی ؟
-ئاستێکی باشی ھەیە لەسەر ئاستی عێراق یاریزانانی کورد بە تایبەتی کچان ھەمیشە لە ھەڵبژاردەی عێراق خۆیان دەبینەوە یارییەکەش لە کوردستاندا لە (١٠)ساڵی کۆتایدا بەرەووپێش چوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەتریش لە ئاستی کچان ، وە ئەمەش بۆ سەرۆکی یەکێتیەکە و یانەکانی کوردستان کە گرنگی بە یارییەکە دەدەن.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بەلێ کاریگەری زۆر خراپی دەبێت چونکە یاریزانان لەر ێگای خولی بەردەوام و ڕاھێنان پێشدەکەوێت ئەگەر خوڵ نەبێت پێشکەوتن نابێت ، بەدڵنیایەوە ئەوە قسەی من نییە زانست و وەرزش وادەلێت.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری بادمنتۆنی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
- یانەکان گرنگی و پشتگیری یارییەکە بکەن بەتایبەتی ئەو یانانەی کەوا باری داراییان باشە و شوێنی یارییەکەیان باشە ، بەڵام بەداخەوە ھیچ یانەیەک شوێنی تایبەتی بۆ ئەم یارییە نییە.
*گرفتی یارییەکانی بادمنتۆن لە چی دەبینی؟
-خۆتان دەزانن ئەم یارییە پێداویستی پێویستە ، پێداویستیەکانیشی تایبەتن و گرانیشن وەکو یارییەکانی تر نییە، ھەر لە ڕووی جۆری یاریگاکان تا دەگاتە رێکت و تۆپ و بەرگی دەبێ ئەسڵ بی و چوونکە جل و بەرگی تایبەتی خۆی ھەیە، جگە لەوەش نەبوونی ڕاھێنەری تایبەت بە یارییەکە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-ئێمە جاری وا ھەیە لەسەر گیرفانی خۆمان بەشداری پاڵەوانیەتیەکان دەکەین ئینجا گرێبەست.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-خۆی خەون زۆرە بەڵام تا چەند ئەوانەی پەیوەندییان ھەیە بە وەرزش و بەتایبەتر بلێم یاری بادمنتۆن ھاوکار دەبن بۆ دابین کردنی شوێنی گونجاو پێویست بۆ یارییەکە ودرووست کردنی بناغەیەکی پتەو بۆ یارییەکە لە ھەردوو ڕەگەز لە منداڵی سەرەتاییەوە دەستپێ بکەین شتی تریش زۆرن ناووترێن چونکە باری دارایی باش نییە جارێک لە ھەرێمی کوردستان.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن بۆ ئەوەی یارییە زیاتر بناسرێ؟
-بۆ نا باشتریشە، بەڵام ئەو ڕاھێنەر و یاریزانە لە خزمەتی نەوەکانی خۆشمان بن نەک تەنیا بۆ ناو بێت من پێم باشە لە ووڵاتی مالیزیا و چین و ئەندەنوسیا ڕاھێنەری باش بینین بناغەی باش بۆ یارییەکە دابنێن.
*چۆن بوو یانەی ئەفرۆدێتت ھەڵبژاردووە؟
-لە بەر ئەوەی سەرۆکی یانەکە مامۆستا و ھاورێم بووە بۆیە حەزم کردووە خزمەتێکی بچووکی ئەوانیش بکەم لەگەڵ ئەوەشدا شاری سلێمانی لەم یارییە پشتگوێ نەخەین ھەرچەندە خۆشم خەڵکی قەزای ڕانیەم.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-لە ئێستادا ناتوانین ھیچ بلێن چونکە دەمی ھەر بەرپرسێکی وەرزشی دەکەیتەوە دەلێ پارە نییە لەبەر ئەوەش ھیچ ناوترێ باشترە با قسەی زڵ نەکەین ، چاوەڕێ باشبوونی دۆخەکە دەکەین.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی وەرزشیم بەدەستھێنانی بەرزترین بڕوانامەی وەرزشییە کە ئێستا قوتابی ماستەرم لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی، ئاواتی منە قوتابخانەیەکی بادمنتۆن بکەمەوە ببم بە سەرپەرشتیاری ئەو قوتابخانەیە بتوانم چەند رۆلەیەکی ئەم نیشتیمانە بەم یارییە ئاشنا بکەم کە ئێستا بەرەوو دەوڵەت بوون دەچین دەبێ ئامادەکاری بۆ ھەموو شتێک بکەین.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-لە ساڵانی پێشووتر پاڵاوتنەکانی یاریزانان بۆ ھەڵبژاردنی یاریزانی بۆ ھەڵبژاردەی کوردستان و عێراق بووە وە جارێکیش بۆ ھەڵبژاردەی عێراق پاڵێوراوم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-کارولینا مارینی ئیسپانی
*ھەستناکەی ئەم یارییە زۆر گرنگی پێنەدراوە لە ھەموو روویەکەوە؟
-بەلێ دەتوانم بلێم کەمتەرخەمی لەسەری سەرەوە تا خوارەوە ھاتووە لەم یارییە پشت گوێ خراوە لە ھەموو ڕوویەکەوە ئەویش ھۆکاری یانەکانن.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ھیوادارم کوردستان بەرەوو دەوڵەت بوون بچێت کە خەونی باپیرانمانە وە خۆم بە ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی کوردستان ببینم خزمەتێکی باشی یارییەکە بکەم، لە رێگای خوێندنەکەمەوە خزمەتێکی بچووکی یارییەکە بکەم بتوانین پاڵەوانیەتی ساڵانە رێک بخەین لە پاڵەوانیتیەکانی دەرەوەش بەشداربین.
Top