ڕاھێنەری شارەزاو بە ئەزموون یاری بالە زۆر پێویستە

ڕاھێنەری شارەزاو بە ئەزموون یاری بالە زۆر پێویستە
ھێرۆجەمیل یاریزانی پێشووی بالەی برایەتی
ڕاھێنەری شارەزاو بە ئەزموون یاری بالە زۆر پێویستە
ناحیەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە لە یاری تۆپی بالە یەکێک لەم یاریزانانەش کە خاوەن ئاستێکی بەرزە لە یاری تۆپی بالە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی تەقتەق و برایەتی یاری کردووە ، بەڵام ماوەیەکە ریزی یانەی برایەتی جێھێشتووە ئێستا بۆ ھیچ یانەیەک یاری ناکات تەنیا لەگەڵ تیپێکی شاری تەقتەق خەریکی مەشقدانەوەیە، خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی پێشووی بالەی برایەتی بووە و ئەنجامی گەورەی لەگەڵیان بەدەستھێناوە ئەویش ھێرۆ جەمیلە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی بالەی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٨ی ناحیەی تەق تەقە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی کۆیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی ؟
-پێشتر لە ئاستێکی زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا بەھۆی ئەم بارە داراییەی کوردستان ئاستی یاری کچان بەرەوو خراپ رۆیشتووە لە یانەکان لە وەرزش کردن سارد بوونەتەوە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-خولی عێراق باشترە ئەمەش لەبەر ئەوەی یانەکانی عێراقیش ئاستیان بەرزە خۆم لە ھەردوو خول بەشدارم ، یانەکانی کوردستان ئاستیان بەرزە بەڵام ھەر تیپی عێراقی یەکەم بووە نەکردنەوەی خوڵیش بێگومان کاریگەری دەبێت.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالەی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-ڕاھێنەری شارەزاو بە ئەزموون لە بواری یاری بالە زۆر پێویستە ، چونکە ئێستا سەردەمی پێشکەوتنە دەبێت ڕاھێنەر بەکاری بێنێت بۆ ئەوەی بەرەوو پێش بچێت یاری بالە لە ئێستا ئەم ئامێرانە کەمە.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
-کێشەو گرفتی یاری بالە زۆر زۆرە ھۆڵی داخراو کەمە پێداویستیەکانی یاری بالە کەمەگرنگی دان بەم یارییە کەمە ، زۆر لە ڕاھێنەرانەکانیش تاکو ئێستا نەیانتوانیوە گرفتی یاری بالە چارەسەر بکەن.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-بەلێ پێشووتر لە یانەی تەق تەق بووم بەڵام بەھۆی داواکردنم لەلایەن یانەی برایەتی ئێستا یاریزانی برایەتیم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-پێشووتر ھیوام زۆر بوو، بەڵام ئێستا بەداخەوە ئاواتەکەم نییە چونکە لەم وڵاتە رۆژ لە دوای رۆژ وەرزش بەرەوو دواوە ئەروات.
*ئێستا لەگەڵ چ یانەیەکەیاری دەکەی؟
- ئێستا لە ھیچ یانەیەک نیم ، بەڵام ئەگەر باسی پێشووتر بکەم کە حەوت ساڵ یاریزان بوومە ھیچ ھاوکارییەک نەبووە ، چونکە ئەوان تەنیا لەبەر حزب ئەم یانانە بەروە ئەبن ئەگەر نا ھیچ شارەزایەتیەکیان نییە لە وەرزش.
-بەرنامەت بۆ داھاتووی خۆت چیە؟
-بەرنامەم ئەوەیە کە ئەمساڵ لە قۆناخی چواری وەرزشم لە کاتێکی ھەستیارم ئەمەوێت خوێندنەکەم تەواو بکەم، ئینجا یانەیەک بدۆزمەوە بۆ یاری کردن.

*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-تەنیا دەلێم با ئاورێک لە وەرزش و یاری بالەی کچان بدەنەوە بەڕاستی بارگاوی کراوە با ماف بەم یارییە بدەن وەکو یاری تۆپی پێی.
*ھەوڵت نەداوە تیپێک درووست بکەی لە داھاتوو لە شاری تەق تەق؟
-من خۆم ھەوڵد نەداوە لەبەر خوێندنەکەم لە زانکۆ، بەڵام بۆ ماوەیەک لە تیپی تەق تەق مەشقم بە کچانی ئەم تیپە کردووە ، پەنا بەخوای گەورە لە دوای تەواو بوونی خوێندنەکەم بەردەوام دەبم لەگەڵیان ، چونکە نەوەی داھاتووی کوردستان و تەق تەقن.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی عێراق داواکراوی؟
-نەخێر داوا نەکراوم تا یانەکانی عێراقی ھەبێت ئاوڕ لە یاریزانانی کورد نادرێتەوە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە کە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشکارانن لە شارەکانی کوردستان.
فۆتۆ: دانا بەگزادە

Top