بەچکە شێرانی شەترەنجی خانزاد بوونە پاڵەوانی یانەکانی عێراق بۆ تازەپێگەیشتووان
دوای بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتی شەترەنجی یانەکانی عێراق بۆ خوار تەمەنی ١٤ ساڵان, شاندی یانەی خانزاد بە میدالیای زێڕِ لە بەغداوە بەسەلامەتی گەڕانەوە ھەولێری پایتەختی کوردستان.
پاڵەوانێتی شەترەنجی عێراق بۆ خوار تەمەنی (١٤) بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی شەترەنجی عێراق لە ھۆڵی بورجی سەلام لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو, یانەی خانزادیش بە پێنج شەترەنجزان بەشدارییان کرد و توانیان ھەموو یارییەکان ببەنەوە پلەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بەدەست بێنن و میدالیای زێر و نازناوەکەِ بھێننەوە کوردستان.
لەم پاڵەوانێتییەدا کە ٥٤ شەترەنجزانی کوڕو کچ لە زۆربەی شارەکانی عێراق بەشدارییان کردبوو, یانە بەشداربووەکانیش بریتی بوون لە یانەکانی خانزاد، ئیتساڵات، قادسیە، سەماوە، نەھرەین، رافدەین، ھەدەف، نەفتی ناوەراست, دوای رکابەرییەکی بەھێز دواجار تاکە نوێنەرەکەی کوردستان یانەی خانزاد سەرباری ئەو بارودۆخە خراپەی دارایی و مەترسی پاڵەوانێتییەکە لە بەغدا توانیان پلەی یەکەم بەدەست بھێنن و نازناوەکە ببەنەوە.
شاندی یانەی خانزاد پێکھاتبوون لە : ئازاد سابیر سەرۆکی شاند, کەمال جەلالەدین سەرپەرشتیاری تیپ, شەترەنجزانەکانیش بریتی بوون لە ( پۆڵا ئازاد, مستەفا کەمال, ئەحمەد جەزا, ھیشام نەمیر, عومەر نەمیر).
کارزان کانەبی
