لە ئێستادا گرفتەکان نەبوونی پاڵەوانیەتییە
لە ئێستادا گرفتەکان نەبوونی پاڵەوانیەتییە
یاری تۆپی دەست جیاواز لە یارییەکانی تر مێژوویەکی زێرینی ھەیە لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان، ئەم شارە خاوەنی چەندین کوڕو کچە یاریزانی بەتوانایە لە یاری تۆپی دەستی لەسەر ئاستی عێراق ، یانەکانیش جیاواز لە یانەکانی تری شارەکانی کوردستان بایەخی زۆر بەم یارییە دەدەن و چەندین یاریزانی بەتوانایان درووست کردووە بۆ داھاتووی شارەکە یەکێک لەم یاریزانانەش کە خاوەن ئاستێکی بەرزە کچە یاریزانی و گۆڵپارێزی یانەی ئەفرۆدێت شانۆ محەمەدە ئەو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانی و پێشووتریش بۆ یانەی سیروانی نوێ یاری کردووە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە دیمانەیەکیش گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێکی ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی کە ساڵانە خوڵتان بۆدەکرێتەوە؟
- دەتوانم بلێم پێشووتر تا ڕادەیەک ئاستی یاری تۆپی دەستی باش بوو، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی قەیرانی دارییەوە خراپ بووە، بۆ دووساڵ دەچێت تەنیا یەک پاڵەوانیەتی کراوەتەوە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بێگومان نەبوونی پاڵەوانیەتی بەربەستە بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەست پێشنەکەوێت و لە شوێنی خۆی بوەستێت.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-ئەگەر بێت و بەرپرسانی وەرزشی پاڵپشتی مادی یانەکان بکەن و خوڵ و پاڵەوانیەتی بکەنەوە ئەوا تۆپی دەست و سەرجەم یارییەکان پێش دەکەوێت بەھیوای ئەوەم بەرنامەی زیاتر دابێنین بۆ خزمەت کردنی وەرزشکاران.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-لە ئێستادا گرفتەکان نەبوونی پاڵەوانیەتییە ، چونکە یاریزانی باش زۆرن بۆ ئەم یارییە بە نەبوونی پاڵەوانیەتیش گرفتێکی گەورەیان بۆ درووست دەبێت.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-تاکو ئێستا بۆم نەھاتووە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم لە داھاتوودا زیاتر خزمەت بە یارییەکانی تۆپی دەست بکەم لە کوردستان و شارەکەی خۆم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر لەگەڵ ئەوەم گرنگی بە یاریزانە خۆماڵییەکانی خۆمان بدرێت، چونکە ھیچیان لە یاریزانانی بیانی کەمتر نییە ئەگەر گرنگییان پێبدرێت.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری؟
-ئێمە زۆربەمان وەرزشکاراین بەڵام لە یارییەکانی تر.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواکارم وەرزشیش وەک لایەنێکی گرنگ سەیر بکەن ، چیتر بە شتێکی لاوەکی سەیر نەکەن و ئاوڕی جدی لێبدەنەوە چونکە پێیوستە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
- خەونی وەرزشیم ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان ببینم سەرجەم یارییە وەرزشییەکان وەک یەک بایەخییان پێ بدرێت، کە بەداخەوە ئێستا پارە ھەر بۆ تۆپی پێی سەرف دەکرێت و یارییەکانی تر زۆر کەمترە لە چاو ئەوان.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بێگومان ئەوە خەوەنی ھەموو یاریزانێکی درێسی ھەڵبژاردەکەی بپۆشێت.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داواکراوی؟
-بەلێ داواکراوم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-بە یاریزانانی ھەڵبژاردەی فەرەنسا کە خاوەن ئاستێکی بەرزن لە یاری تۆپی دەست.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەردەوام لە ھەموو لایەکەوە لە خزمەتی وەرزشی ناوەخۆیەوە و بەردەوام ھاوکار بووە بۆ ناساندنی یاریزانان، سوپاس بۆ ئەوانەش کە یارمەتیان داوم.
